| تاريخ: ۲۷ آذر ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۳۱ | بازدید: 929 نظرات: 0 کد مطلب: 25563 |
بە بۆنەی کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر محەممەد فازیلی
1. پرۆفیسۆر فازیلی، بەرهەمی ڕاستەقینەی حوجرە:
پڕۆفیسۆر دوکتۆر محەممەد فازیلی (1317‒25ـی خەزەڵوەری 1404)، مامۆستای ناوداری زمان و وێژەی عەرەبیی زانستگای مەشهەد و یەکێک لە زاناترین مامۆستایانی ئەو لقە زانستییە بووە لە درێژایی مێژووی پەروەردی ئاکادێمیک لە ئێران دا، بە کۆدەنگیی زۆربەی هەرە زۆری خاوەنڕایانی ئەو بوارە. پڕۆفیسۆر فازیلی بەرهەم و دەرکەوتە و دەرچووی حوجرەیە و زانکۆ و زانستگا شوێنێکی لەڕادەبەدەر کەمی لەسەر کەسایەتیی زانستی ئەو هەبووە، هۆکارەکەش ئەمەیە کە ئەم مامۆستا پایەبەرزە، بە وتەی خۆی شوێندانەرترین مامۆستاکانی، لە درێژایی ژیانی خوێندەواریی خۆیدا، ئەم حەوت کەسایەتییە بوون و لە لای ئەم حەوت کەسایەتییانە خوێندوویەتی کە هەر هەموویان کەسایەتیی حوجرەیی و مەلای دوازدەعیلم بوون؛ سەرەتا لەلای: 1ـ باوکی کە زانایەکی گەورە و ئەهلی تەریقەت بووە؛ کە باوکی لای عەللامە مەلا عەبدوڵڵای بوڕهانی و عەلڵامە مەلا عەبدوڕڕەحمان فازیلی و عەللامە مەلا موحەممەد قزڵجی (باوکی ڕووناکبیریی ئایینی و باوکی ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات) خوێندوویەتی.
2ـ مامۆستا مەلا کامیل نەقشبەندی کە زانایەکی زۆر گەورە بووە و ئەهلی تەریقەت بووە کە مامۆستای زانای گەورە، مامۆستا مەلا حەسەن ئەدیب بووە.
3 ـ پڕۆفیسۆر فازیلی حەوت ساڵ لای مامۆستا مەلا سەید عیزەددین واژی خوێندوویەتی.
4 - ماوەیەکی لای عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان خوێندوویەتی، واتە ساڵی 1334ی هەتاوی، لە ئاوایی باغڵووجە؛ هەر ئەو ساڵە، کە مامۆستا موحەممەد ئەحمەدیان، نووسەری “فەرهنگی حوجرە”، لە باغڵووجە لەدایک بووە. دیارە جیا لە د. فازیلی، مامۆستا مەلا موحەممەد بانەییش لەوێ فەقێی عەللامە ئەحمەدیان بووە. ئەوکات تەمەنی مامۆستا ئەحمەدیان 22 ساڵ بووە. مەودای تەمەنی د. فازیلی لەگەڵ مامۆستا ئەحمەدیان پێنج ساڵ بووە. لاوترین مامۆستای د. فازیلی، چ لە حوجرە چ لە زانستگا، مامۆستا ئەحمەدیان بووە.
5ـ مامۆستا مەلا هادی ئەفخەمزادە، کە ئێجگار زۆری شوێن لەسەر داناوە؛
6- عەللامە عەبدولحەمید بەدیعووززەمانی کوردستانی لە زانستگای تاران، کە لە قوتابخانەی میری و لە زانستگا نەیخوێندووە، تەنیا لە حوجرەی خوێندووەیە. نابیغەی کورد و زانای دنیای ئیسلام بووە؛ کە د. فازیلی بە “اَبَراُستاد” ناوی دێنێ؛ کە وەک وترا ئەم زانایە دەرچووی حوجرە بووە و مەلای دوازدە عیلم بووە.
7ـ مامۆستا حاجی مەلا محەممەد شێخولئیسلام کوردستانی، مامۆستا و دامەزرێنەری ڕشتەی فیقهی شافیعی لە زانستگای تاران، کە د. فازیلی یادی لێدەکا وەک مامۆستای شوێندانەری خۆی لە زانستگا کە لە دەورەی لیسانس، کتێبی«جواهرالبلاغە»ـی لە لا خوێندووە.
کە ئەم حەوت کەسایەتییە، چ ئەوانی زانکۆ و چ ئەوانی حوجرە، هەر هەموویان لە بەرهەمگەل و دەرکەوتەکانی حوجرە بوون؛ کەوایە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین، پڕۆفیسۆر فازیلی پتر لە هەموو شوێنێکی تر، بەر هەمی حوجرەکانی کوردستان بووە.
2.تایبەتمەندییەکانی حوجرە:
باس لە حوجرەکردن بۆ خەڵکی ئەمڕۆکە باسێکی قورسە چون مەودایەکی زۆر لە سەردەمی زێڕین و چاخی شکۆداری حوجرە گوزەراوە، بەداخەوە ئێستا ئەم بارودۆخەی پێشووی نەماوە؛ بەڵام بە چەند بیرەوەری یا گێڕانەوە له هەندێ کەس، ئاستی حوجرەتان پێدەناسێنم:
ـ مامۆستا هەژار لە وتووێژێکدا کە گۆڤاری سروە، ژومارە 18، بەفرانباری 1366ی هەتاوی لەگەڵی کردووە و لە لاپەڕە 10 تا 13دا بڵاو بووەتەوە، دەفەرموێ: “مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی سەدجار لە من عەڕەبی چاتر دەزانێ، زۆر شارەزایە؛ مودەڕڕیسە، ئیجازەی مەلایەتی داوە، گاڵتە نییە...”؛ یانی مامۆستا هەژار ئەم ئاستەی واتە ئیجازەدانی مەلایەتی و مودەڕڕیسبوونی پێ شتێکی زۆر مەزن و سەیرە. مامۆستا هەژارێک وا دەڵێ کە مەشهوورە و هەموو کەس بیستوویەتی و دیتوویەتی کە یەکێک لە پڕگرێوگۆڵترین کتێبە زانستییەکانی عەڕەبی واتە زانستنامەی قانوونی بووعەلی سینای لە عەڕەبیڕا وەرگێڕاوەتەوە!! مەبەست لەو گێڕانەوەیەی مامۆستا هەژار، ئاستی هەرەبەرزی مامۆستایەکی دەورانی زێڕین و چاخی شکۆداری حوجرەیە کە دەگەیشتە ئاستێک کە مودەڕڕیس بێ و مۆڵەتی مەلایەتی بدا؛ چون ئەوکاتیش مامۆستای وا هەبووە کە تەنیا وتاروێژ(خطیب) بووە، یان تەنیا ئیمامـی جەماعەت و پێشنوێژ بووە(مەلایانی ئێستاکە زۆربەی هەرە زۆریان و نزیک بە هەموویان لەم دوو چینەی دوایین)؛ دیارە لە گێڕانەوە و بیرەوەرییەکانیاندا دەردەکەوێ کە مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن نەیانتوانیوە بگەنە ئەم ئاستە و ئاواتەخواز بوون کە بەم ئاستە گەیشتبایەن.
ئەمساڵ جەژنەواڵەی خەڵاتی مامۆستا هەژار لە سنە بەڕێوە چوو کە جەژنەواڵەیەکی زۆر گەورە بوو، لەوێ تایبەتنامەیەک لە 7و 8ی جۆزەردانی 1404ی هەتاوی بڵاو بۆوە، لە لاپەڕە 21 کەیدا، کورتەوتارێکی تێدایە کە دوکتۆر محەممەد هادی مورادی نووسیویەتی کە ئەویش مەلای دوازدە عیلمە و دیارە ئاگادارن ماوەیەکی زۆر لەگەڵ بەڕێز ماجید مەردووخی ڕوحانی هاوکار و دەستیار و ویراستار و پێداچۆرەوەی ئاسەواری مامۆستا هەژار بوون بە تایبەتی وەرگێڕانی قوڕئانـەکە کە کاری دوکتۆر موحەممەد هادی مورادی بووە؛ د. موحەممەد هادی مورادی لەم کورتەوتارەیدا لە ژێر سەردێڕی «هەژار، دارای خاکەسار»دا دەڵێ: خۆم بەختەوەر دەزانم، گەلێک شانازی پێ دەکەم کە دە ساڵان هاموشۆی مامۆستا هەژارم کردووە و لە زەریای زانستی گۆزەڵە و پیاڵەی خۆم پڕ کردووە. خدە و ئاکاری بەرزی ئەم کەڵەپیاوە بلیمەتە سەرنجمی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوم. یەکێک لە گرنگترین خدەکانی «خاکەساری و بێفیزی»بوو. خاکەساریی سرشتی و ڕاستەقینە نە سەرزارەکی و ڕواڵەتی.
زۆرم لێ ئەبیست:
«کاکە ئەمن کۆلکەمەلام!»
جارێکیان عەرزم کردن:
«جا ئەگەر ئێوە کۆلکەمەلان، ئەدی دەبێ مەلا کێ بێ؟»
پێمیان فەرموو: «کاکە! مەلا یانی مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی، یانی نالی، مەولەوی تاوگۆزی، مەحوی و... .» جارێکی تر لێمان پرسی: ئاواتگەلی ژیانت چین؟ فەرمووی: ئەمن تاقە دوو ئاواتم هەیە؛ یەکێکیان بۆ ئەم دنیایە و ئەوەیکەشیان بۆ ئەو دنیا.
تاقە ئاواتی ئەم دنیایەم: سەربەرزیی کوردستانە.
تاقە ئاواتی ئەولاشم، ئەمەیە کە لەو حوجرەدا کە وا خانی و مەلای جزیری و مەولەوی و نالی و مەحوی دەژین، جێم دەنێ و ببمە سوختەیان. منیش چایان بۆ لێنێم و گوێی بگرم بۆ قسەکانیان!
دیارە «سوختە» نزمترین پلەی خوێندەواریی نێو حوجرەیە. حوجرە ئاوا بووە لە دەورانی زێڕین و لە چاخی شکۆداری خۆیدا!
سەرنجتان بۆ تێبینییەکی سەیر ڕادەکێشم کە گرینگە و جێی خۆیەتی چەندین وتاری لەسەر بنووسرێ؛ ئەویش ئەوەیە کە حوجرە بۆیە گرینگە چونکە کاتێک باس لە مێژووی مەعریفە و زانست و پەروەردە لە کوردستان دێته گۆڕێ، باس لەم سەردێڕانەی خوارەوە، کە ئێستا ڕشتەی زانکۆیین و دیسیپلینی عیلمین، لە ڵێکۆڵینەوەییەکی چڕوپڕ و زانستانامەیی و ئینسایکلۆپیدیکیی هاوپێوەنددا، بەبێئاوڕدانەوەی لە حوجرە، هیچ واتایایەکیان نابێ و ئەستێور دەبن؛ ڕشتەگەل و دیسیپلینگەلی وەک:
1- مێژووی زانست: کە ڕشتەیەکی نوێبنیادە و لە ئێراندا دوکتۆراکەی تازە داندراوە و لە کەسایەتییە ناودارەکانی ئێران، پڕۆفیسۆر سەید حوسێن نەسر، بیرمەندی گەورە، پسپۆڕییەکەی لە ئەمریکا لەسەر ئەوەیە؛ هەروەها ناودارترین کەسایەتیی ئەم بوارە و ئەم ڕشتە عیلمییە لە سەرانسەری دونیادا، زانایەکی هەرەناودار و بلیمەت و هەڵکەوتەی مسوڵمانی میسرییە، کە بە هەڵکەوت لە باری فیکری و هزرییەوە، سەر بە قوتابخانەی ڕووناکبیریی ئایینیی ئیمام شێخ محەممەد عەبدەیە، ئەویش پڕۆفیسۆر ڕوشدی ڕاشید(1315ک.هـ ‒)ـە کە پەنجا ساڵی ڕەبەقە لە زانستگای سۆربۆن و دیدرۆ لە فەڕانسە، وەک گەورەترین زانای ئەم ڕشتە و دیسیپلینە عیلمییە لە سەرانسەری دونیادا، سەرقاڵی وانەگوەتنەوە و لێکۆڵینەوە و پێگەیاندنی زانایانی گەوەریە لە ئاستی جیهانیدا؛ یەکێک له گەورترین و ئەمەگناسترین قوتابییەکانی، پڕۆفیسۆر حوسێن مەعسوومیی هەمەدانی( 1326ک.هـ ‒)ـیە کە مامۆستای قۆناغی دوکتۆرای مێژووی زانست و فەلسەفەی زانستە لە زانستگای سەنعەتیی شەریف و کتێبێکی زۆر گرینگی مامۆستاکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و چەندین وتاری زانستی‒لێکۆڵینەوەیی لە بابەت ئەوەوە نووسیوە؛ بەپێی شێوازی لێکۆڵینەوەی زانستی-مەعریفیی ئەم زانستەوە، «مێژووی زانست» لە کوردستان -لەوەتی کوردستان هەیە- بەبێ ئاوڕدانەوە لە جێگە و پێگەی تەرز و بەرزی حوجرە لەم بوارەدا، بە هیچ شێوەیەک مانای نییە و نانووسرێ. مێژووی زانست لە کوردستان، بەبێ هیچ شکوگومانێک دەبێ لە حوجرەوە باس بکرێ و لە حوجرەوە دەست پێبکرێ. یەکێک لە قوتابییە ئەمەگناسەکانم، ڕێزدار جەلال عەبدوڵڵاهی، خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای ئەم ڕشتەیە لە زانستگای تارانە و پێشنیارم پێکردووه کە تێزی دوکتۆراکەی لە بابەت مێژووی زانست لە حوجرەدا بنووسێت!
2- مێژووی پەروەردە و بارهێنان: مێژووی پەروەردە و بارهێنان، بە بێ ئاوڕدانەوە لە حوجرە و بەبێ باس لە حوجرە ئەستێورە و هیچ مانایەکی نییە. ئەمانە هەروەک ئاماژەم پێدان ڕشتەی عیلمیی سەربەخۆن و دیسیپلینی زانستین؛ وتاری لێکۆڵینەوەیی‒زانستییان لەسەر دەنووسرێ.
3- مێژووی ئەندێشە: مێژووی بیریاری و هزریاری بە بێ ئاوڕدانەوە لە حوجرە هیچ مانایەکی نییە؛ هەر بۆیە حوجرە گەوریە. وەک کورتە ئاماژەیەک تەنیا ئەوە دەڵێم کە لەم پێوەندییەدا نووسراوە هاوپێوەندەکانی مامۆستا مەسعوود محەممەد بخوێننەوە و بەس!
4 ـ مێژووی ئەدەبیاتی کوردی: مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بەبێ باسکردن لە حوجرە، ئایا بەڕاستی هیچ مانای هەیە؟! زۆربەی هەرە زۆری سەر-چەشنەکان و پڕۆتوتایپەکان( پڕۆتۆتایپ بە هەردوو مانایەوە: هەم سەر-چەشن و هەم سەرەتا-وێنە) لە حوجرە سەریان هەڵداوە؛ وەک نالی کە هەم بنیاتنەری “قوتابخانەی بابان” بوو و هەم گەورەترین شاعیری ئەم قوتابخانەیە بووە؛ کە کەم هەڵدەکەوێ، کەسایەتییەک هەم بنیاتنەر بێ هەم گەورەترین بێ؛ “نیمایوشیج” بنیاتنەر بووە، بەڵام “ئەخەوانی سالیس” گەورەترین شاعیر بووە لە ڕێبازی نوێخوازیی شێعری فارسی. زۆربەی هەرە زۆری سەر-چەشنەکان و سەرەتا-وێنەکان (پڕۆتوتایپەکان) لە حوجرە بوون؛ یەک و دوو نین: بۆ وێنە “هێمن”ـی بەرهەمی حوجرە لە غەزەلی نوێدا؛ هێمن هەم سەر-چەشنە هەم سەرەتا-وێنەیە. مامۆستا گۆران بەرهەمی حوجرەیە؛ هەم سەر-چەشنە هەم سەرەتا-وێنەیە.
5ـ مێژووی ئاڵوگوڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی: ئاخۆ دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی مەزن لەم بارەوە بنووسرێ، بەبێ ئاوڕدانەوە لە حوجرە؟ وەک ئاماژەیەکی تێپەڕ دەڵێم تەنیا سەیری مێژووی شۆڕشەکانی کوردی عەلائەددین سەجادی بکەن و بەس!
6- مێژووی فەرهەنگنووسی: نووسینی مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی، بێئاوڕدانەوە لە حوجرە ناکرێ؛ خانی یەکەم کەس بووە فەرهەنگی کوردی نووسیوە: “نەوبەهارا بچووکان”. هەژار و زەبیحی و گیو، کە هەرسێکیان لە حوجریان خوێندووە، گەورەترین وشەنامەی کوردییان نووسیوە( وشەنامە، نەک فەرهەنگ). مامۆستا هەژار دەڵێ: قەت بە زەبیحی نەدەوێرام، فەقێیەکی بلیمەت بوو؛ هەر دەمگوت خودایە بیبەیەوە! زەبیحی فەقێیەکی بلیمەت بووە و هاوحوجرەی هەژار بووە. گیویش فەقێ بووە و لای خاڵی، عەللامە محەممەد سەعیدی سەدرولعولەما خوێندوویەتی؛ سێکوچکەی وشەنامەنووسیی مۆدێڕنی کوردی، واتە زەبیحی و هەژار و گیو، هەر سێکیان پەروەردەی حوجرە بوون!
هەرچەن دەمزانی گیو بەرهەمی حوجرەیە، بەڵام لەمشەوانەدا کە پڕۆفیسۆر کوردستان موکریانی بۆ دەربڕینی سپاسی تایبەتیی خۆی سەبارەت بە دوو وتار کە لەسەرگیو و حوزنی نووسیبووم پێوەندیی پێوە گرتم، لێمپرسی پێمخۆشە لە زمان جەنابتەوە گوێم لێبێ کە مامۆستا گیو لە لای کێ خوێندوویەتی؟ گوتی کە “گیو” و “حوزنی” هەردووکیان فەقێی خاڵیان، واتە“عەللامە مەلا موحەممەدسەعید سورونجداغی”(ناسراو بە “سەدرولعولەما”) بوون، کە باپیری بنەماڵەی تەوحیدیـیە لە مەهاباد. بە ناسناوی «سەدرولعولەما» دوو کەسایەتی هەبوون لە مێژووی مەهاباددا، هەوەڵیان دووسەدە لەوەپێشە و ناوی عەللامە مەلا ئەحمەدی سەدرولعولەمایە، کوڕەکەشی عەللامە موحەممەدسەعید، نزیک سەد ساڵێکە کۆچی دوایی کردووە، سەرەتای سەدەی چاردەی هەتاوی؛ کە خاڵی گیو و خاڵی حوزنی بووە(چون ئەو دوو کەسایەتییە دایکبرا بوون). دیارە ئەم بنەماڵەیە کەسایەتیی زۆر گەورەیان لێ هەڵکەوتووە، بۆ وێنە براگەورەی سەدرولعولەمای دووهەم، ناوی مەلا موحەممەدساڵح بووە و شاعیرێکی گەورە بووە؛ لە مەهاباد، کۆڵانی سەرەوەی چوارڕای ئازادی، کۆڵانی مەدرسەی گەلاوێژی قەدیم، بە نێوی ئەو کراوە.
دوای ئەو پەڕاوێزانە، با بێینەوە سەر باسی سەرەکیمان؛ لە فەرهەنگنووسیدا تەنانەت شێخ موحەممەدی خاڵ(وەک یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی حوجرە و کەسایەتییەکی سەر بە قوتابخانەی ڕووناکبیریی ئایینیی باشوور)، بنیاتنەری فەرهەنگنووسیی کوردی بە کوردی و نووسەری هەوەڵین فەرهەنگی کوردی بە کوردی بووە؛ بەر لەو فەرهەنگی خاڵ، فەرهەنگی کوردی بە کوردی نەبووە.
ئایەتووڵڵا مەڕدۆخ و مامۆستا شێخ مەعڕووفی نۆدیهیـش، بەڕاستی فەرهەنگەکانیان سەرچەشن بوون و هەردووکیان بەرهەمی هەرەناسراوی و ناوازەی حوجرە بوون. فەرهەنگنووسانی ئەوڕۆکەی کوردەواریش زۆریان پەروەردەی حوجرە بوون: مەلا خەلیل مشەختی، نووسەری فەرهەنگی مەرگ و ژین؛ حەمە کەریم عارف، نووسەری فەرهەنگی گۆڤەند و زنار؛ مەلا عومەر ئیمام، نووسەری فەرهەنگی ئاژەڵداری و خوالێخۆشبوو مەلا قادر شەریفی، نووسەری فەرهەنگی هەرەگەورەی گوڵ و گیا و ڕوەکەکان و...
7ـ مێژووی ڕێزمانی کوردی: هەوەڵین کەسایەتیی کورد کە ڕێزمانی بە کوردی نووسیوە “مەلا عەلی تەڕەماخی”یە؛ چوارسەد ساڵ لەمەو بەر نووسیویەتی. خەڵکی تەڕەماخێ بووە، کە دێیەکە لە تەنیشت وان و لە تەنیشت مووکس، ـ مووکس ئێستا نەماوە ـ. ناوی “الصرف الکردی”بووە، عونوانەکەی عەڕەبیە بەڵام ڕێزمانی عەڕەبییە و بە زمانی کوردی نووسراوە. دیارە نوێترین ڕێزمانی کوردی کە مەلایەکی بەرهەمی حوجرە نووسیبێتی، «دەستووری زمانی کوردی» لە نووسینی “دوکتۆر مەلا موحەممەد سدیق موفتیزادە”یە، کە مەلای دوازدە عیلم بووە و لەلای مامۆستا مەلا عەلی حەمامیان و مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی خوێندوویەتی، هەوەڵین مامۆستای زمانی کوردیی زانکۆی تاران بووە و ساڵەکانی 50 تا 58 بە داواکاری و مشوورخۆری و پەیجۆریی لەڕادەبەدەری پڕۆفسیۆر سەید حوسێن نەسر، سەرۆکی زانستکەدەی ئەدەبیاتی زانستگای تاران، لە وەزارەتی پەروەردە ڕا گوێزراوەتەوە بۆ وەزارەتی عولووم و بووەتە مامۆستای زمان و ڕێزمانی کوردی لە زانستگای تاران؛ پڕۆفیسۆر لە نامەیەکی کە بەم بۆنەوە بۆ وەزیری عولووم و وەزیری پەروەردی نووسیوە جەختی کردووە لەسەر ئەوەی کە چون دوکتۆر محەممەد سەدیق موفتیزادە، زاناترین کوردی زانی ئەوڕۆی ئێرانە کە لە سەر ڕێبازی زانستی و زمانەوانی توانای وانەگوتنەوەی زمانی کوردی هەیە، داواکارم لە زووترین کاتدا بیگۆزنەوە بۆ زانستگای تاران وەک مامۆستای زمانی کوردی لە ڕشتەی زمانناسی و باقیڕشتەکانی هاوپێوەند؛ دوکتۆر محەممەد سەدیق موفتیزادە ڕێزمانێکی کوردی نووسیوە بۆ ئەم مەبەستە واتە بۆ وانەوتنەوە لە زانستگای تاران، کە ڕێزمانێکی کوردیی زانستی و مۆدێڕن و ئەمڕۆییە؛ بە پەیجۆری و مشوورخۆری و پێشەکیلەسەر نووسینی دوکتۆر بێهرووز چەمەنئارا، لە لایەن وەشانگەی زانستگای کوردستان چاپ و بڵاو بووەتەوە؛ وەک دوایین کەسایەتیی ئەو بوارە دەکرێ ناوی مامۆستا دوکتۆر مەلا سەعیدی کەرەمی بێنین کە، هەم مەلای مودەڕڕیسە و هەم دوکتورای زمانناسییە و کتێبێکی زۆر زانستی و بەپێزی لە بواری مۆڕفۆلۆژی زمانی کوردی لەژێر ناوی «وشەناسیی زمانی کوردی» نووسیوە کە زانستگای کوردستان چاپی کردووە و براوەی چەندین خەڵاتی زانستی بووە تا ئێستا.
8ـ مێژووی مێژوونووسی: مێژووی مێژوونووسی بەبێ ئاوڕدانەوە لە حوجرە مانای نییە. حوزنی کە مێژوو نووسێکی پێشڕەوە و ڕچەشکێن بووە، شەڕفخانی بدلیسی و عەلائەدین سەججادی و مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی و مامۆستا مەلا محەممەدعەلی قەرەداغی(پسپۆڕی تاقانەی دەستنووسی کوردی و نووسەری: «ساغکردنەوەی مێژووی حوجرە لە ڕووی دەستنووسەکانەوە»، لە 10بەرگدا)، هەروەها مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس و شێخ محەممەد خاڵ، کە پتر لە 10 بەرهەمیان لە بواری مێژووی کەسایەتیناسی و مێژووی ژیانی کەسایەتییە کوردەکاندا نووسیوە.
|