| تاريخ: ۲۴ آذر ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۵۶ | بازدید: 57 نظرات: 0 کد مطلب: 25544 |
پێشەکی
زمانی کوردی، زمانێکی لقی هێندوئێرانی و ئەوەش خۆی لقێکی زمانی گریمانکراوی هێندوئورووپاییە. لە زمانەکانی ئەو گروپە زمانییەدا، وشەکان بە چەند شێوازی سەرەکی ڕۆدەنرێن کە گرینگترینی ئەو شێوازانە بریتین لە: لێکدان، داڕشتن یان هەردووکی ئەو دووانە پێکەوە.
داڕشتنی وشە، بە یارمەتیی لکاندنی گیرەک یان مۆڕفیمە ناسەربەخۆیەکان (bound morpheme)دێتە ئاراوە. گیرەکەکان بە پێچەوانەی مۆڕفیمە ئازادەکان (free morpheme) بە جوێ کەڵکیان لێوەرناگیرێت و بە پێی ئەوەیکە لە چ شوێنێکی وشە زیاد دەکرێن، دابەش دەبن بە: پێشگر (لە پێش مۆڕفیمی سەربەخۆ یان ئازاد)، نێوگر (لە نێوان دوو مۆڕفیمی سەربەخۆ یان ئازاد) و پاشگر (لە پاش مۆڕفیمی سەربەخۆ یان ئازاد دەکار دەکرێت.)
گیرەکەکان دەکرێ لەبوارەکانی کۆنی و نوێیی، چالاکی و سڕی، سادە و ناسادە بوون و زۆر ڕوانگەیتریش دابەش بکرێن. مۆڕفیمە ناسەربەخۆیەکان لە مەودای زەماندا وەکوو وشەکان، ئاڵوگۆڕی جۆراوجۆریان بە سەردا هاتووە. هێندێک تێداچوونە و نەگەیشتوونەتە سەردەمی ئێمە و زۆریان بە چەشنێک لە وشەکاندا قاڵ بوونە و تواونەتەوە کە ئەوڕۆکە گیرەک بە ئەژمار نایەن و هێندێکیش تەرح و تووز و بێژەیان تا ڕادەیەک گۆڕدراوە کە لەگەڵ سەرەتای خۆیان، جیاوازیان زۆرە.
زۆریەک لە گیرەکەکانی ئەوڕۆکە بە تایبەت پاشگرەکان، لە ڕابردووی کۆندا یان وشەیەکی سەربەخۆ بوونە یان وشەیەکی داڕێژراو کە ئەوڕۆکە گیرەک بە ئەژماردێن؛ وەکوو: دان (پاشگری شوێن لە ڕەگی "دا" بە مانای دانان)، ستان (پاشگری شوێن لە ڕەگی "ستا" بە مانای مانەوە و ڕاوەستان)، بان، وان، پان (پاشگری پاراستن و ئاگاداری لێکردن لە ڕەگی "پا" بە مانای پاراستن(وندهای پارسی، بخش پسوندهای دیرین، ص: ۱۲)) کە لە شوێنی گونجاو بە تێر و تەسەلی لە سەریان دەدوێم.
زانیاریی تەواو و گشتگیر و بێکموکوڕی لە سەر ئەو گیرەکانە لە هەر زمانێکدا بۆ تاکێکی ئاسایی و تەنانەت زمانناس و زمانەوانێکیش زۆر ئەستەمە یان ڕەنگە نەلوێ و نەگونجێ چوونکە زاڵبوون بە سەر ئەو زانستەدا، پێویستیی بە ئاگاداری لە زمانە کۆنەکان و زمانە سەرچاوەکانی زمانی مەبەستە کە ئەو هەلەش تەنیا بۆ ڕیشەناسانی پسپۆڕ و زانا و لێهاتوو دەڕەخسێ و ئاگادار بوون لەو بەشەی زمان فاکتەری سەرەکییە بۆ ڕیشەناس بوون. بۆ وێنە لە زمانی کوردیدا، زاڵبوون یان ئاگادارییەکی زۆر لە زمانەکانی پەهلەوی، ئەوێستایی (بە تایبەت)، سانسکریت، هێندێک زمانی ئورووپایی و زمانی فارسی و زمانە هاوسێکانی ناهاوڕەچەڵەکی وەکوو تورکی و عەڕەبی، لە ڕادەبەر پێویستە کە پێموایە تاکێکی بەو تایبەتمەندییانە، هێشتا لە نێو گەلی کورد هەڵنەکەوتووە و کەسێک کە بتوانین ناوی ڕیشەناسی بە تەواو مانای لێبنێین، هێشتا بەدی نەهاتووە.
پێشتر ئاماژەم کرد کە هێندێک گیرەک بە چەشنێک لە وشەکاندا قاڵ بوونە و تواونەتەوە کە ناسینەوەیان ئەستەمە و وەکوو بەشێکی وشەکە بە ئەژمار دێن کە پێشگری "ئا"، یەکێک لەو گیرەکانەیە.
ئا a': پێشگرێکی سڕ و کۆنی زمانە هێندوئێرانییەکان و لە وانیش کوردییە کە ڕەنگە لە زمانە هێندوئورووپاییەکانیشدا بەدی بکرێت کە ماناکانی: ئەنجامدان، بەڕێوە بردن، هەبوون و خاوەن بوون دەدا. ئەو پێشگرە لە زمانەکانی سانسکریت و ئەوێستاییدا "a/â" بووە کە لە ڕەگی apo=off ـی هێندوئوروپایی بە مانای "ئەنجامدان و بەڕێوەبردن وەرگیراوە (مسیر اشتقاق، ص: ۱). بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زۆرتر ئاماژە بە چەند وشە دەکەم کە خاوەنی ئەو پێشگرەن: ئاوس (ئا: هەبوون، خاوەن بوون + وس: پس، پز، کوڕ کە لەسەریەک دەبێتە کەسێک منداڵ یان کوڕی لە زگدایە)، ئاکار ("ئا": ئەنجام دان، هەبوونی دۆخ یان حاڵەتێک + "کار": کردن، سازکردن، ئەنجام دان)، ئامادە ("ئا": پێشگری بەڕێوەبردنی کار یان هەبوونی حاڵ و دۆخێک + "ما": پێوان، ئەندازە گرتن + "دە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار)، ئارام ("ئا": پێشگری بەڕێوەبردنی کارێک یان هەبوونی دۆخێک + "رام": حەسانەوە و وچاندان)، ئازار ("ئا": پێشگری بەڕێوەبردن، هەبوون + "زار": توڕە بوون)، ئاخوند (ئا: پێشگر بە مانای خاوەن بوون و هەبوونی حاڵ و تایبەتمەندییەک + خوند: گۆڕدراوی "hvantat": خوێندوو کە پێکەوە مانای خاوەنی خوێندەواری دەدا)، ئاواز (ئا: پێشگر بە مانای بەجێ هێنان، بەرەو پێش بردن + واز: دەنگ، گوتن). ئەگەر پێشگری "ئا" لە بێژە و گۆدا کورت بکرێتەوە، دەبێتە "ئە" کە ئەویش مانای شوێن و خاوەن بوون دەداتە وشەکان. بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بە دوو وشەی ئەوک و ئەدەب بکەم کە پێکهاتەکانیان بەو چەشنەیە: " ئەوک" (ئە: پێشگری شوێن، خاوەن بوون + وک: دەنگ، ئاواز؛ بەو پێیە وشەی "ئەوک" مانای "شوێنی دەنگ و ئاواز" دەدا). "ئەدەب" (ئە: پێشگرێک بە مانای شوێن و هەبوون و ئەنجامدان + دەب: تەختە، لۆحە، نووسراوە کە پێکەوە مانای "خاوەنی نووسراوە بوون" دەدا بەڵام ئەوڕۆکە، زۆر مانایتری لێوەردەگیرێت. ڕەگی "دەب" لە زۆر وشەی کوردی، فارسی و ئوروپاییدا بەدی دەکرێت؛ وەکوو: دەبیر، دەبیرەستان، دەبستان، دیوان (کتێبی شێعر)، تابڵۆ، table ـی ئینگلیسی (فرهنگ ریشەشناسی انگلیسی، سەروشەی table) و زۆر وشەیتریش.)
جاریوایە پیتی "ئـ" لە زمانی کوردیدا بە پیتەکانی "ع،ح" دەگۆڕێتەوە (وەکوو ئاسمان کە دوو بێژەی عاسمان و حاسمانیشی هەیە). ئەو دیاردەیە لە پێشگری "ئا"ـشدا وەبەر چاو دەکەوێ. بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بەو وشانە بکەم: "حەسانەوە" کە لە بنەڕەتەوە "ئاسانەوە" بە مانای "ئاسوودەبوون" بووە. بەو پێیە سەرچاوە و پێکهاتەی وشەی حەسانەوە بەو چەشنەیە: "حە": سواو و گۆڕدراوی "ئا": پێشگری هەبوونی حاڵەت، خاوەن بوون و ئەنجام دان + "سا": ڕاکشان، پاڵدانەوە، ڕەحەت بوون + "نـ": سواوی "ان": پاشگری چاوگ ساز + "ـەوە": پاشگری دووپات بوونەوە. کەرتی دووهەم لە ڕەگی say ـی ئەوێستایی بە مانای ڕاکشان و پاڵدانەوە وەرگیراوە کە لە هێندوئوروپاییدا kēi بووە (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٥-٦٤). پێشتر ئاماژەم کرد، ئەو وشە دەکرێ سواوی "ئاسانەوە" بێت کە لە چاوگی "ئاسان" بە مانای ئاسوودە بوون وەرگیراوە و لە وشەی "تَن آسان"ـی فارسی بە مانای "ئاسوودە" بوون وەبەر چاو دێت. وشەیەکیتر کە لەودا پیتی "ئـ"، بووەتە "ع/ح"، وشەی "ئەزنەوەر" بە مانای "گیانلەبەری دزێو و زەلامی ناقۆڵا"ـیـە کە لە زۆر شوێنی کوردەواری و شێوەزاری کوردیدا بە چەشنەکانی "حەزنەور، حەزنەوەر، عەزنەور و عەزنەوەر" بە کار دەهێندرێ. وشەی "عەزنەوەر"، لە بواری سەرچاوە و پێکهاتەوە، وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە کە بەو چەشنە پێکهاتووە: "عە": گۆڕدراو و کورتکراوەی "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی کار یان هەبوونی دۆخ و حاڵەتێک + "زنە": لە ڕەگی zan ـی ئەوێستایی بە مانای بەدیهێنان، بە دونیا هێنان، لە دایک بوون + "وەر": بێژە و بیچمێکیتری "بەر" بە مانای هەڵگرتن، خاوەن بوون (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٦-۱۸٥). کەوایە ئەو وشە لە بواری ڕیشەییەوە مانای "لە دایک بوو"ـی هەیە کە لە بواری ماناوە لەگەڵ وشەی "ئازاد" بەرابەرە. جگە لەو چەند نموونەیە، زۆر وشەیتریش هەیە کە بەو چەشنە پێشگری "ئا"ـیان لەگەڵە و مانای هەبوون و ئەرێنییان لێوەردەگیرێت. پێشگری "ئا" جگە لە کوردی و فارسی لە زمانە کۆنەکانی ئەوێستایی، سانسکریت و پەهلەویشدا بەدی دەکرێت. وەکوو بەڵگە و وێنە، بڕواننە وشەی "ئازاد" کە خاوەنی پێشگری "ئا"ـیە و لەو زمانانەدا وەبەر چاو دەکەوێت. دەکرێ ئەو پێشگرە، لەگەڵ پێشگری "a" ـی ئینگلیسیش هەڵسەنگێندرێ کە مانای نزیک لە یەکیان هەیە؛ بۆ وێنە وشەی "wake" بە مانای وەخەبەربوون، شەونشینی، پێشگری "a" دەگرێ و دەبێتە ئاوەڵناو: awake: وەخەبەر، ئاگادار؛ foot: پێ، لاق، کە دوای زیادبوونی پێشگری "a"، دەبێتە afoot بە مانای بە پێیان؛ fire: ئاگر کە دوای پێشگری "a" دەبێتە afire: لە سەر ئاگر، گڕ گرتوو؛ sleep: نووستن کە دوای زیادبوونی پێشگری "a"، دەبێتە asleep: نووستوو.
لێکدانەوەی چەند وشەیەک کە پێشگری "ئا"ـیان تێدا بەدی دەکرێت
ئاوەدان awedan': ئاوان، ئاوا، شوێنێک کە مرۆڤەکان لێی نیشتەجێ بوونە. دوو بۆچوون لە بارەی ڕەگ و پێکهاتەی ئەو وشە، بەرچاو دەکەون. یەکێکیان ئەوەیە کە وشەیێکی داڕێژراوە و لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوە بردن + "وەد": سواو و گۆڕدراوی "پاد/پات" بە مانای پاراستن و ئاگاداری لێکردن + "ان": پاشگری شوێن. بەو پێیە مانای وشەکە دەبێتە "شوێنی پارێزراو" (سەرچاوەی پێشوو، ص: ۱). بۆچوونی دووهەم ئەوەیە کە وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە و لەو چوار کەرتە پێکهاتووە: "ئاو": توخم و ماکی ژیان + "وە": سواو و گۆڕدراوی "پا" بە مانای "خواردنەوە (ئەو ڕەگە لە وشەی potion ـی ئینگلیسی بە مانای خواردنە بە بیچمەکانی pō و pī بەدی دەکرێت) + "د": سواو و گۆڕدراوی "دە/ تە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار + "ان": پاشگری شوێن (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، صص: ٤-۳). بە پێی بۆچوونی هەوەڵ، ڕەگی هێندوئورووپایی و ئەوێستایی ئەو وشە pa ـیە کە لە زمانی پەهلەویدا بووەتە pay (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱). هێندێک هەمبەر و هاوڕەچەڵەکی وشەی "ئاوا" (هەمبەرە فارسییەکەی "آباد"ـە) لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ ئەوێستایی: ā-pāta: پارێزراو؛ پەهلەوی: āpāt: ئاوەدان؛ ئەرمەنی: apat: ئاوەدان؛ anapat: وێرانە (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٤-۳.)
ئامۆژگار amojgar': ئامۆژیار، مۆژیار، مۆچیار، ئامووچیار، پەندێر، مۆچیاریکەر، نسحەتکەر، فێرکار. ئێستە وشەیێکی داڕێژراو بە ئەژمار دێت بەڵام لە بنەڕەتەوە وشەیێکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لە سێ کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجام دان و بەڕێوەبردن و هەبوونی دۆخ و حاڵەت + "مۆژ": فێر کردن، فێر بوون + "گار: پاشگری کار و پیشە، پێکهاتووە. سواوی ئەو پاشگرە، "گەر"و شێوەمۆڕفێکیتری "کار" بە مانای ئەنجام دان و بەڕێوە بردن و ئافراندنـە. کەرتی دووهەم واتا "مۆژ" لە ڕەگی هێندوئوروپایی mauč بە مانای فێربوون (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۸) و mauča ـی ئەوێستایی لە ڕەگی mauk بە مانای شل کردن، ڕەها کردن و لەکیسدان وەرگیراوە (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ۱۱٤) کە ئێستاش لە زاراوەی هەورامیدا لە وشەکانی: موچن، موچنە (فێرکەر، ڕاهێنەر)، موچنای (فێر کردن، ڕاهێنان)، موچیا، موچی (فێرکراو، ڕاهێنراو)، موچیار (ئامۆژگار، پەندێر)، موچیاری (ئامۆژگاری)، موچیاری کریا، موچیاری کریێ (ئامۆژگاری کراو)، موچیاری کریای (ئامۆژگاری کران)، موچیاری کهرڎەی (ئامۆژگاری کردن)، موچیاریکەر، موچیاریکەرە (ئامۆژگاریکەر)، موچیای (فێرکران، ڕاهێنران) و موچیایەنە (لە فێرکردندا) وەبەر چاو دەکەوێ.
ئافەرین aferîn': خۆش ویستن، پاراستن، ئاگالێبوون، ڕازی بوون، پێخۆش بوون، پەسند کردن، دوعای خێر کردن. وشەیێکی داڕێژراوە کە لە سێ کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجامدانی کار، هەبوونی دۆخێک و خاوەن بوون + "فەری": خۆش ویستن، پێدا هەڵگوتن + "ن": سواوی "انە"ـەی ئەوێستایی، پاشگری ئاوەڵناوی کارا، پێکهاتووە. کەرتی دووهەم واتا "فەری" لە زمانی هێندوئورووپاییدا prī/ prāi بە مانای خۆشەویستن، پاراستن و ئاگا لێبوون و لە ئەوێستاییدا frī/ frāi بە مانای ڕازی بوون و پێخۆش بوون بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۷). وشەی "نەفرین" بە مانای تووک و دوعای خراپ، نەرێنیی وشەی ئافەرین و سواوی ئەوە (نەئافەرین). وشەی فریا/فریاد (فریا سواوی فریادە)ـیش ڕەگی "فری" بە مانای خۆشەویستن و ئاگا لێبوونی تێدا بەدی دەکرێ (ئەو وشە لە دوو کەرتی فری: خۆشەویستن + اد: سواو و گۆڕدراوی داتە؛ کە مانای گشتیی وشەکە دەبێتە "دۆستانە پێدراو). ڕەگی "فری" لە وشەی friend ـی ئینگلیسیشدا بەدی دەکرێ. ئەو وشە، داڕێژراوە و لە دوو کەرتی frie: خۆشەویستن و nd: پاشگری ئاوەڵناوی کارا پێکهاتووە. ئەو پاشگرە لە زمانی کوردی و فارسیشدا چالاکە و زۆر وشە بە یارمەتیی ئەو داڕشتراون کە ئاوەڵناوی کاران؛ وەکوو: بڵند، کەمەند، سەهەند، ڕەوەند، ڕەهەند، چەرەند، پەرەند، ڕێکەوەند و ... . لە وشەی "ئافەرین"ـدا، کەرتی سێهەم واتا "ن"، هەر ئەو جۆرەی ئاماژە کرا، سواوی "ئەنە"ـی ئەوێستاییە کە یەکێک لە ڕۆڵەکانی سازکردنی ئاوەڵناوی کارایە. ئەو کەرتە ئەوڕۆکە بە شکڵ و بیچمی "ان" لە زمانەکانی کوردی و فارسیدا ماوەتەوە؛ وەکوو: ڕەوان= ڕەوەندە، کەسێک یان شتێک کە دەڕوا، گوزەران= گوزەرەندە، کەسێک یان شتێک کە دەگوزەرێ و ... . وشەی ئافەرین و هێندێک هەمبەر و هاوڕەچەڵەکی ئەو لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ پەهلەوی: āfrīn / āfur: پێداهەڵگوتن؛ ئەوێستایی: āfrīnā: دوعای خێر، پێداهەڵگوتن؛ سانسکریت: prīnāti: ڕازی کردن؛ práyas: خۆشەویستی، دڵداری؛ prīti: شادی، دڵخۆشی؛ prrtár: دۆست، هاودەم؛ گوتی: frijōn: خۆشەویستن؛ frijōnds: دۆست، هاودەم؛ ئاڵمانیی کۆن: friunt: دۆست، دڵدار؛ ئاڵمانیی نوێ: freund: دۆست، دڵدار، دڵبەر؛ ئینگلیسیی کۆن: frēond/ ئینگلیسیی نوێ: friend: دۆست، دڵدار، دڵبەر؛ ئەوێستایی: frāy: ڕازی کردن؛ āfrāy: داوای شتێک بۆ کەسێک کردن، ئارەزووی شتێک بۆ کەسێک کردن؛ friθa: دڵخۆش، شاد، لەبەردڵان؛ āfrī: دوعای خێر، پێداهەڵگوتن، نەفرین، جنێو؛ āfrīti: دوعای خێر، بارەقەڵڵا؛ āfrītar: ئافرێنەر؛ āfrīna: دوعای خێر، بارەقەڵڵا؛ āfrivana: دوعای خێر، پێداهەڵگوتن، ئەفسون، جادو؛ ئاسی: arfæ: سپاس، پێداهەڵگوتن؛ arfæjag: پیرۆز، خوجەستە، ڕۆمانیایی: aferim. وشەکانی ئافەریم (بارەقەڵڵا)، ئافراندن (خوڵقاندن، بەدیهێنان)، ئافرێنەر (خوڵقێنەر، بەدیهێنەر)، ئافران (بەدیهاتن، چێبوون، درووس بوون)، ئافراو (خوڵقاو، درووس کراو)، ئافەریدە (ئافراو، خوڵقاو) و ... ، لەگەڵ ئافەرین هاوڕەچەڵەکن.
ئامادە amade': ساز، تەیار، حازر. وشەیێکی داڕێژراوە کە لە سێ کەرتی "ئا": پێشگری بەڕێوەبردنی کار یان هەبوونی حاڵ و دۆخێک + "ما": پێوان، ئەندازە گرتن + "دە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار پێکهاتووە. بە پێی پێکهاتەکانی ئەو وشە، مانا سەرەکییەکەی دەبێتە "پێوراو". کەرتی دووهەمیش واتا "ما" لە زمانی هێندوئوروپاییدا "me": پێوان، ئەندازە گرتن (ئەو کەرتە بە ئاشکرا لە وشەی "میتر"ـدا وەبەر چاو دەکەوێ کە لە دوو کەرتی "میـ": پێوان + "تر": سواوی "ترە": پاشگری ئاوەڵناوی کارا) و لە ئەوێستاییدا "ما": پێوان، بووە. وشەکانی "مادَر"ـی فارسی و زمانەکانیتر، فەرموون، ئەزموون، نواندن، پێوان و زۆر وشەیتریش کەرتی دووهەم واتا "ما"ـیان تێدا بەدی دەکرێ کە لە زمانە ئوروپاییەکاندا زۆرتر بە "می" و لە کوردیدا بە "وا" بێژە دەکرێ؛ چوونکە لە پێواژۆی گۆڕانی پیتەکان بە یەکتر، پیتی "م"ـی زمانەکانیتر لە کوردیدا دەبێتە "و"، وەکوو وشەکانی پێوان و نواندن (نیشاندان). هێندێک هەمبەر و هاوڕیشەی وشەی "ئامادە" لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ ئەوێستایی: āmāta: ئامادە، ئەزموونکراو؛ framāta°: ئامادە، ئەزموون کراو، لێهاتوو؛ ئاسی: (ئیرونی): amajyn: amad (دیگوری): amajun: amad: ئامادە کردن، سازکردن (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، صص: ۹-۱۰۸.)
ئابلۆقە abloqe': ئابڵۆقە، گەمارۆدان، دەورەدان و نەهێشتنی پێوەندیی شوێنێک لەگەڵ دەوروبەری. ئەو وشە لە ڕێگەی زمانی ئیتالیاییەوە پێی ناوەتە نێو زمانی کوردی. وشە ئیتالیاییەکە a-blocco بووە (فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی، ل: ۳٤) کە وشەیێکی داڕێژراوە و لە دوو کەرتە پێکهاتووە: "a/ ئا": پێشگری بەڕێوەبردنی کار یان هەبوونی حاڵەت و دۆخێک + "بلۆقە": blocco ـی ئیتالیایی کە هەر block ـی ئینگلیسیە و مانای کۆلکەدار، بەربەست و لەمپەر، دەدا. کەرتی دووهەم واتا "بلۆقە"، هەر ئەو جۆرەی پێشتر ئاماژە کرا، blocco ـی ئیتالیاییە و ئەوەش هەر block ـی ئینگلیسییە کە مانا سەرەکییەکانی "کۆلکەدار، پێشگرتن و بەربەست"ـە. زمانی ئینگلیسی وشەی block ـی لە زمانی فەڕانسەویی کۆن وەرگرتووە بەڵام وێدەچێ سەرچاوە سەرەکییەکەی ئاڵمانی بێت. زمانی فەڕانسەویش ئەو وشەی لە blok ـی هولەندیی ناوەڕاست وەرگرتووە کە مانای "کۆلکەدار"ـی هەیە. کرداری block بە مانای "بەربەست و لەمپەر سازکردن" لە زمانی ئینگلسیدا، هەوەڵ جار لە سەدەی پازدەی زایینی لەپڕ بەدیهات و تا سەدەی شازدە سەقامگیر نەبوو. ئەو وشە لە سەرەتاوە مانای "دانانی کۆلکەدار یان بەربەست لە سەر ڕێگا"ـی هەبووە (فرهنگ ریشهشناسی انگلیسی، ص: ۱٤٦). ڕەنگە وشەی "بلوک"ـیش کە ناوی کەرستەیەکی دیوار سازکردنە، لەگەڵ ئابلۆقە هاوڕیشە بێت و هەر لە block ـی ئینگلیسی وەرگیرابێت. هۆی ئەو ناونانە ئەوەیە کە بە دانانی ئەو چەشنە کەرستە و دیوار سازکردن، جۆرێک لەمپەر و بەربەست لە بەرامبەر شتی نەخوازراودا چێ دەکرێ.
ئاهەنگ aheng': گۆرانی، هەوای گۆرانی. وشەیەکی داڕێژراوە و لە دوو بەشی "ئا": پێشگری خاوەن بوون، بەجێهێنان و بەڕێوە بردن + "هەنگ": گۆرانی و ستران، پێکهاتووە کە مانای ڕیشەیی پێکهاتەکانی دەبێتە "گۆرانی گوتن". وشەی ئاهەنگ لە زمانە باستانییەکاندا "ahanga" بووە. "هەنگ" لە ڕەگی هێدوئوروپایی "songųh" بە مانای "ئاواز" وەرگیراوە. "هەنگ" لە زمانی ئاڵمانیدا "sang": سرود، گۆرانی و لە زمانی ئینگلیسیشدا "song" ـە کە مانای گۆرانی گوتن دەدا (فرهنگ ریششناختی زبان فارسی، ص: ۱۳٦). لە پێواژۆی گۆڕانی پیتەکان بە یەکتر، "s"ـی سەردەمی باستان، بە "h"ـی ئێستا، دەگۆڕدرێتەوە کە لە وشەی ئاهەنگدا بە ڕوونی وەبەر چاو دەکەوێت و دیارە کە "sang" بووەتە "hang". ڕیشەی "sang" بێجگە لە وشەی "song" لە ئینگلیسیدا کە وشەی زۆری لێکەوتۆتەوە، بە شێوەی کرداریش لە وشەی "sing" بە مانای گۆرانی گوتن، وشەگەلی زۆری لێ بەدیهاتووە.
ئاواز awaz': گۆرانی، ستران، لاوک، دەنگ. وشەیێکی داڕێژراوە و لە "ئا" : پێشگر بە مانای نزیک بوونەوە، ئەنجامدان، بەجێ هێنان، ڕاپەڕاندن، بەرەو پێش بردن، هەبوونی حاڵەتێک و ... + "واز": گوتن، پێکهاتووە. وشەی ئاواز لە پەهلەویدا هەر بەو چەشنە بە کار هێندراوە و لە سەردەمی باستاندا "vak" و لە سانسکریتدا "vaká" بە مانای سرود و گۆرانی بووە (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، ص: ۱۲۲) و ئێستاش لە هەورامیدا بە شێوەی "vaç" ماوەتەوە. کەوایە مانای سەرەکی و ڕیشەیی "ئاواز"، دەنگ لە خۆدەرکردن و وتن و بێژتنە. کەرتی دووهەمی وشەی ئاواز واتا "واز" دەگەڕێتەوە بۆ wekw ـی هێندوئورووپایی (فرهنگ ریشە لغات فارسی، ص: ۱٥۷).
ئاسوودە asûde': ڕەحەت، بێخەم، ئاسووە. وشەیەکی داڕێژراوە کە لە سێ کەرتی "ئا": پێشگری هەبوونی حاڵەت و خاوەن بوون و ئەنجام دان و بەڕێوە بردن + "سوود": ڕەگی ڕابردووی "ئاسوودەن" + "ـە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار، پێکهاتووە. کەرتی دووهەم لە ڕەگی say ـی ئەوێستایی بە مانای ڕاکشان و پاڵدانەوە وەرگیراوە کە لە هێندوئوروپاییدا kēi بووە. هێندێک هەمبەر و هاوڕەچەڵەکی ئەو وشە لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ سانسکریت: śī ؛ پەهلەوی: wisāy ؛ فارسیی تورفانی: wysُy ؛ سەکایی: śśä ؛ ئاسی: sæjyn , sæjun، (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، ص: ٥-٦٤.)
ئارام aram': ئۆقرە، قەرار، هێواش، بە ئارامی، بە ئەسپایی، بە نەرمی، بێپەلە. وشەیێکی داڕێژراوە کە لە دوو کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجامدان، بەڕێوەبردنی کارێک یان خاوەن بوون و هەبوونی دۆخێک + "رام": حەسانەوە و وچاندان پێکهاتووە. کەرتی دووهەم واتا "رام"، لە زمانی هێندوئوروپاییدا rem بە مانای حەسانەوە و وچاندان بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۹۳). هێندێک هەمبەر و هاوڕیشەی وشەی "ئارام" لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ پەهلەوی: āram: حەسانەوە، وچان؛ rāmēn: rāmēnīdan: شادکردن؛ سانسکریت: rámate: وچاندان؛ ārāmá: شایی، خۆشی؛ فارسیی تورفانی: rُm: شادبوون؛ rُmyšn: شادی؛ سەکایی: ram: شادی کردن؛ سوغدی: ptrُms: هێور بوونەوە؛ خارەزمی: rm: شاد کردن، دڵگەرم کردن؛ pcrm: حەسانەوە، هێور بوونەوە؛ ئاسی: ræmun: ڕاوەستاو بوون، هێور بوونەوە؛ ūromyn / oramun: ڕاگرتن، ئارام کردنەوە؛ romyl/ rombæl: لەسەرەخۆ، هێور؛ تەخاری: ram , rām ؛ یونانی: erema ؛ گوتیک: rimis ؛ ئیسلەندیی کۆن: rimi ؛ ئاڵمانیی کۆن: rama ؛ ئینگلیسیی کۆن: rima ؛ ئینگلیسیی: rim ؛ نۆڕوێژی: rande ؛ لیتوانی: ramtis, rimti, ramditi ؛ لێتۆنی: rams ؛ ئیرلەندیی کۆن: rim (فرهنگ ریشههای هندواروپایی زبان فارسی، ص: ٥۳.)
ئاخوند axund': مەلا، پێشەوای ئایینی. ئەو وشە داڕێژراوە و لە "a": پێشگر بە مانای خاوەن بوون و هەڵگر و هەبوونی حاڵ و تایبەتمەندییەک + "hvantat" : خوێندوو پێکهاتووە کە ئەوەش بۆ خۆی لە ڕەگی "hvan" بە مانای خوێندن وەرگیراوە (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، ص: ۲٥). لە زمانی کوردیدا گۆڕانی پیتەکانی "هـ" و"خ" بە یەکتر، لە زۆر وشەدا وەبەر چاو دێت؛ وەکوو: بوختان > بوهتان؛ خەمیر < هەویر. لە ڕەگی "hvan" وشەی "hvantar" ڕۆنراوە کە بە مانای خوێنەرە. کەوایە وشەی "ئاخوند" بە مانای "خاوەنی خوێندن" یا کەسێکە کە خوێندوویەتی.
ئاسان asan': هاسان، کارێک کە ماندوو بوونی تێدا نەبێت. ئەو وشە لە پەهلەویدا "āsān" بووە. دوکتۆر "حەسەن دوست" لای وایە ئەو وشە لە ڕەگی "āsu": بە مانای "توند ڕۆیشتن و خێرا بوون"ـی ئەوێستایی و "āśú" ـی سانسکریت + "an": پاشگری ناوی کارا، ناوی مانا و چاوگ، وەرگیراوە. کەوایە لە سەریەک مانای "خێرا و توندڕەو" دەدا (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، ص:٥۷) بەڵام ئیبڕاهیم پورداوود ڕای وایە کە ئەو وشە لە بەشەکانی "ئا": پێشگری خاوەن بوون و هەبوونی دۆخێک، بە ئەنجام گەیاندن و... + "سای/ سی": سانەوە یا حەسانەوە + "ان": پاشگری ئاوەڵناو، ناوی کارا و ناوی مانا، پێکهاتووە کە ماناکەی پێکەوە دەبێتە "ماندوو نەبوون، حەسانەوە،حەساوە و ..
ئامار amar': سەرژمێری، ژمێریاری، کاری بژاردن، مەزرێنگەی سەرژمێری. وشەیەکی داڕێژراوە کە لە دوو کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی کارێک یان هەبوونی دۆخێک + "مار": لەبەرکردن، وەبیرهێنانەوە، پێکهاتووە. ڕەگی "مار" لە زمانی هێندوئورووپاییدا mer و لە ئەوێستاییدا smer/mer بووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۸)کە بێچمەکانیتری ئەو لە زمانی کوردیدا "وار/وێر"ـە. ئەو وشانەی کە لەو ڕەگانە بەدیهاتوون، ئەوڕۆکە لە زمانی کوردیدا ماناکانی: بژاردن و جوداکردنەوەیان بەدی دەکرێت. ڕەگی "مار" لە سانسکریتدا smŗ و لە هێندوئوروپاییدا smer / mer / hmar بە مانای "وەبیرهێنانەوە" و لە ئەوێستاییدا mar ـە کە لە زمانی کوردیدا بووەتە "ژمار". وشەی "ئامار" بە مانای بژاردن و جوێکردنەوە، دەکرێ لەگەڵ ئەو وشانەی زمانەکانی خوارەوە هەڵسەنگێندرێ؛ سوغدی: ptšmُr: بژاردن، فکرکردنەوە، حیسێبکردن؛ سەکایی: patämar: هەواڵ پێدان، ئاگادارکردنەوە؛ خارەزمی: mُrÿ: پیشخواردنەوە، ئاخ هەڵکێشان، ناڵاندن؛ ئاسی: fæsmærun: زانین، ناسین، وەبیرهێنانەوە؛ ئورمەوی: amar: بیستن، ئاگادار بوون؛ ئارامی: hmrkr: حیسێبڕەس، ئامارگر؛ سۆریانی: hmrُgr: ئامارگر؛ ئەرمەنی: hamar: ئامار، ژمارە، حیسێب؛ hamarakar: ئامارگر؛ hamaril: حیسێبکردن، بژاردن، ئامارگرتن (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، صص: ۹-۱۰۸). وشەکانی: ئاوار، ئاوارتە،ئاوارتن، هاوێر، هەڵاوێردن و ... ـش لە ڕەگی "مار/وار/وێر" وەرگیراون کە شێوەمۆڕفی یەکترن و ماناکەیان هەریەکە.
ئاوارتە awarte': دوورخراوە، جیاکراوە، هەڵاوێردراو. وشەیەکی داڕێژراوە کە لە سێ کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجام و بەڕێوەبردنی کارێک یان هەبوونی دۆخێک + "وارت": بیچمێکیتری "مارت": قەدی چاوگی "مارتن" بە مانای لەبەرکردن، وەبیرهێنانەوە، بژاردن + "ـە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار، پێکهاتووە. مانای ڕیشەیی ئەو وشە بە پێکهاتەکانییەوە دەبێتە "جوێ کراوە" کە بەزمانی عەڕەبی دەبێتە "مُستَثنی". ڕەگی "وار" کە شێوەمۆڕف و بیچمێکیتری "مار/وێر"ـە، لەو وشانەی کە لەو ڕەگانە بەدیهاتوون، ئەوڕۆکە لە زمانی کوردیدا ماناکانی: بژاردن و جوداکردنەوەیان هەیە. بیچمێکیتری وشەی "ئاوار" لە کوردی و فارسیدا وشەی "ئامار"ـە. ڕەگی "مار" لە سانسکریتدا smŗ و لە هێندوئوروپاییدا smer / mer / hmar بە مانای "وەبیرهێنانەوە" و لە ئەوێستاییدا mar ـە کە لە زمانی کوردیدا بووەتە "ژمار". وشەی "ئاوار" بە مانای بژاردن و جوێکردنەوە، دەکرێ لەگەڵ ئەو وشانەی زمانەکانی خوارەوە هەڵسەنگێندرێ؛ سوغدی: ptšmُr: بژاردن، فکرکردنەوە، حیسێبکردن؛ سەکایی: patämar: هەواڵ پێدان، ئاگادارکردنەوە؛ خارەزمی: mُrÿ: پیشخواردنەوە، ئاخ هەڵکێشان، ناڵاندن؛ ئاسی: fæsmærun: زانین، ناسین، وەبیرهێنانەوە؛ ئورمەوی: amar: بیستن، ئاگادار بوون؛ ئارامی: hmrkr: حیسێبڕەس، ئامارگر؛ سۆریانی: hmrُgr: ئامارگر؛ ئەرمەنی: hamar: ئامار، ژمارە، حیسێب؛ hamarakar: ئامارگر؛ hamaril: حیسێبکردن، بژاردن، ئامارگرتن (فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، صص: ۹-۱۰۸). پێشتر ئاماژە کرا کە وشەکانی: ئامار، ئاوار، ئاوارتن، هاوێر، هەڵاوێردن و ... ـش لە ڕەگی "مار/وار/وێر" وەرگیراون کە شێوەمۆڕفی یەکترن و ماناکەیان هەریەکە.
ئاژیر ajîr: زیرەک، تێگەیشتوو. وشەیەکی داڕێژراوە و لە دوو کەرتی "ئا": پێشگری ئەنجامدان، خاوەنبوون و هەبوونی دۆخێک + "ژیر": بەهۆش، زیرەک، پێکهاتووە. کەرتی دووهەم لە ڕەگەکانی Gwei/ jai هێندوئوروپایی بە مانای زیندوو و žîra ـی ئەوێستایی بە مانای زیرەک و بەهۆش، پێکهاتووە (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص٤). وشەکانی ژیر و زیرەک و زرنگ یان زیرەنگیش هەر لەو ڕیشە وەرگیراون.
ئازار azar': ئێش، ژان، دەرد، ڕەنج، نەخۆشی. وشەیەکی داڕێژراوە کە لە دوو کەرتی "ئا": بەڕێوەبردن، خاوەن بوون، هەبوون + "زار": توڕە بوون، پێکهاتووە. کەرتی دووهەم لە gher ـی هێندوئوروپایی بە مانای گرتن و گەمارۆدان وەرگیراوە (سەرچاوەی پێشوو) کە دەکرێ لەگەڵ hŗ ـی سانسکریت بە مانای توڕە بوون هەلسەنگێندرێ. لە ئەوێستاییدا وشەکانی hv-āzāra: پیس (چاک، بەتوندی) توڕەبوون، a-zāra: ئازار، ڕەنج دیتن و an-āzāra: ئازار نەدراو، بەدی دەکرێن (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ٤۷). لەو ڕەگە، ئەو دەستەواژە و زاراوانە بەدیهاتوون؛ ئازار دان (ئێش پێگەیاندن)، ئازار گرتن (تووشی نەخۆشیی تووش و ناخۆش بوون)، ئازارخوازی (مازوخیسم)، ئازاردەری (سادیسم)، ئازاردراو (دڵشکاو)، ئازاردەر (زیاندەر)، ئازارناسی (ئاسیوناسی)، ئازارەباریکە (دەردەباریکە، دەردێک کە دەبێتە هۆی لاوازی و باریکی، سیل)، ئازارەمریشک (ئانفڵۆئانزای مریشک). وشەی "بێزار"ـیش لەگەڵ "ئازار" هاوڕیشەیە. ئەو وشە بە مانای وەڕەز و جاڕزە کە وشەیەکی داڕێژراوە و لە دوو کەرتی "بێ": پێشگری دوور بوون و جوێ بوون؛ بەڵام لێرەدا بە مانای بە توندی + "زار": توڕە بوون، پێکهاتووە (سەرچاوەی پێشوو، ص:٥٦۷). کەرتی دووهەم کە لە وشەی "ئازار"ـیشدا وەبەر چاو دەکەوێ، لە gher ـی هێندوئوروپایی بە مانای گرتن و گەمارۆدان وەرگیراوە (مسیر اشتقاق، ص: ٤.)
ئاخنین axnîn': تێپەستاوتن، بە زۆر تێڕاکردن، بە شێلان پڕ کردن. وشەیەکی داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی کارێک یان هەبوونی دۆخ و حاڵەتێک + "خن": گۆڕدراو و سواوی "کەن": ڕەگی ڕانەبردووی چاوگی "کەندن" (بۆ وێنە لە هڵکەندندا) + "ین": پاشگری چاوگساز. گۆڕانی پیتی "ک" بە "خ" لە زۆر وشەدا بەدی دەکرێت کە گۆڕانێکی ئاسایی و باوە. بۆ وێنە لە وشەکانی: کەندەک < خەندەق ؛ ئوکتاپوس (ئۆکتا/ئۆکتۆ: هەشت لە وشەی "ئۆکتۆبر"ـیشدا کە مانگی هەشتەمی ساڵی ڕۆمییە، بەدی دەکرێت + پوس: پێ، قاچ) < ئۆختاپوس ـیشدا ئەو گۆڕانە بەدی دەکرێت. زۆر کەس بە هەڵە پێیانوایە "خەندەک /خەندەق"، وشەیەکی عەڕەبییە. کەرتی دووهەم واتا "خن" ( > کن > کەن)، لە زمانی هێندوئورووپاییدا ken و gwhen بە مانای هەڵکەندن بووە (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ٦۱). ڕەگی ڕابردووی چاوگی ناوبراو بێ ئاڵوگۆڕ یان بە ئاڵوگۆڕێکی کەمەوە لەگەڵ ناوی زۆریەک لە ئاوایی و شارەکاندا بەدی دەکرێ؛ وەکوو: سەمەرقەند (سەمەرکەند)، حاجیاڵی کەند، وسووکەند، حاجی کەند. هەمبەری وشەی "ئاخنین" لە زمانی فارسیدا "آکَندَن" بە مانای پڕکردنەوەیە.
ئاژن ajn': تێچەقێن، تێوەکەر. وشەیەکی داڕێژراوە کە لەو دوو کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردن، هەبوونی دۆخ یان حاڵەتێک + "ژن": ڕەگی ڕانەبردووی چاوگی "ژەنین" بە مانای لێدان و تێڕۆکردن. کەرتی دووهەم واتا "ژن" لە ڕەگەکانی gwhen و jan ـی هێندوئورووپایی بە مانای لێدان و žata / jan/ jaiti ـی ئەوێستایی بە مانای ڵێدان و zin ـی پەهلەوی بە مانای "دروون یان دوورین" وەرگیراوە کە لە زمانی فارسیدا بە بیچم و بێژەکانی "آزدَن، آژدَن، آجدَن" بەدی دەکرێت (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ٤.)
ئاوەدانی awedanî': شوێنێک ژیانی تێدایە و خەڵک لێی نیشتەجێنە، ئاوایی، گوند، دێ، ئاواهی، ئاوانی. وشەیەکی داڕێژراوە کە لەو چوار کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوە بردن + "وەد": سواو و گۆڕدراوی "پاد/پات" بە مانای پاراستن و ئاگاداری کردن + "ان": پاشگری شوێن + "ـی": پاشگری نیسبەت. بەو پێیە مانای وشەکە دەبێتە "شوێنی پارێزراو" (مسیر اشتقاق، ص: ۱.)
ئاراستە araste': ڕازاوە، ئامادە، پێشکێش. دوو بۆچوون لە بارەی سەرچاوە و پێکهاتەی ئەو وشە هەیە. یەکێکیان بۆچوونی "بێیلی"ـیە کە پێیوایە ئەو وشە لە ڕەگی raz بە مانای ڕێکوپێک کردن و هەڵسوڕاندنی کار و بارە. بۆچوونی دووهەم، بۆچوونی "هۆڕن" و "سێیلمەن"ـە کە پێیانوایە لە ڕەگی ar* ـی هێندوئورووپایی وەرگیراوە کە دوای چەند قۆناخ ئاڵوگۆڕ کردن، rad ـی ئێرانی کۆنی لێ بەدیهاتووە کە ماناکانی: ئامادە کردن، ڕێکوپێک کردن و ڕازاندنەوەی هەیە (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ۳۲). بە پێی بۆچوونی دووهەم، وشەیەکی داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدان و بەڕێوەبردن و هەبوونی دۆخ یان حاڵەتێک + "ڕاست: ئامادە، ڕێکوپێک، ڕیزکراو + "ـە": پاشگری ئاوەڵناوی بەرکار. وشەی "ئاراستە" لە ڕەگی ar ـی هێندوئورووپایی بە مانای "شیاو و بەجێ" وەرگیراوە (فرهنگ ریشە لغات فارسی، ص: ۱٦). پاشان هەر ئەو ڕەگە بووەتە rō* و rē* و وشەکانی rōdh* و rēdh* ـی لێکەوتۆتەوە کە مانای ڕازاندنەوە و تەرتیبدانیان هەیە. لەو وشانەش وشەی rād ـی ئێرانیی کۆن بەدیهات کە ئەویش مانای ئامادە کردن و تەرتیبدانی هەیە. هێندێک هەمبەر و هاوڕیشەی وشەی "ئاراستە" لە زمانەکانیتردا بەو چەشنانە بەدی دەکرێن؛ ئەوێستایی: rād: ئامادە کردن، ڕێکوپێک کردن؛ raδa: ئاگاداری لێکردن؛ فارسیی ناوەڕاستی تورفانی: rُy: ئامادە کردن، ڕێکوپێک کردن؛ سەکایی: rāstai: ئامادە، تەیار (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، ص: ۳۲.)
زۆر وشەی کوردی و زمانەکانیتریش لە ڕەگەکانی ar* ـی هێندوئورووپایی و rād ـی ڕابردووی کۆنی ئێرانی بەدیهاتوون کە هێندێکیان بریتین لە: ئەردەڵان (سەرزەویی موقەدەسی ئاریاکان)، ئەردەوان (پارێزەری ڕاستی و عەداڵەت)، ئەردەشیر (پاشا)، ڕاد (بوێر، جوامێر)، ویراستار (کەسێک کە دەقێک لە هەڵە و پەڵە خاوێن دەکاتەوە و ئامادەی خوێندنەوە و بڵاو بوونەوەی دەکات)، ئۆردیبەهەشت (مانگی دووهەمی ساڵی ئێرانی). ئێستا بۆ ڕوون بوونەوەی زۆرتر، چەند وشەیەک لەو هاوڕەچەڵەکانە لێکدەدەمەوە:
ئەردەوان: ناوی کوڕ و پیاو. ئەوڕۆکە وشەیێکی داڕێژراوە بەڵام لە بنەڕەتەوە، لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئەردە/ئەرد": ڕاستی، درووستی، بوێری + "وا": پاراستن، ئاگاداری لێکردن کە شێوەمۆڕفەکانیتری "با، پا"ـیە + "ن": سواوی "ئەنە"ـی ئەوێستایی (وندهای پارسی، بخش وندهای دیرینە، ص: ۱۲) کە پاشگری ئاوەڵناوی کارایە. مانای ڕیشەیی وشەکە بە پێی پێکهاتەی کەرتەکانییەوە دەبێتە "پارێزەری ڕاستی و درووستی و هەقیقەت و بوێری".
ئەردەڵان: ناوی کوڕ و پیاوان لە زمانی کوردیدا؛ ناوی عێلێکی گەورەی کورد لە ڕۆژاوای ئێران؛ ناوی ناوچەیەکی کوردستان لە ڕۆژاوای ئێران کە ناوەندەکەی شاری "سنە"ـیە. وشەیەکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئەرد": عەداڵەت، ڕاستی، موقەدەس کە زمانی هێندوئورووپاییدا ar بە مانای شیاو و لێکهاتنەوە، بووە + "ئەڵ" سواوی "اڵ"، ئەوەش گۆڕدراوی "ار" (aryo/ario: حاکم، دەسەڵاتدار) + "ان": پاشگری شوێن. مانای ریشەیی ئەو وشە بە پێی پێکهاتەکانی دەبێتە "سەرزەویی موقەدەسی ئاریەکان" (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۳).
وشەیەکیتر کە لەگەڵ "ئاراستە"، هاوڕیشەیە، وشەی ویراستارە بە مانای: کەسێک کە بە زیادکردن و سڕینەوە و ڕاستکردنەوەی وشە و ڕستەکان، هەڵەچنیی دەقەکان دەکا. لە بواری پێکهاتەوە، وشەیەکی لێکدراو-داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "وی": بەش، جوێ + "راست": ڕاستکردنەوە، ڕێکوپێک کردن، شیاو و لێکهاتوو کردن + "ار": پاشگری ئاوەڵناوی کارا. کەرتی دووهەم واتا "راست"، لە ڕەگی ar ـی هێندوئورووپایی بە مانای "شیاو و بەجێ"، وەرگیراوە (فرهنگ ریشە لغات فارسی، ص: ۱٦). پاشان هەر ئەو ڕەگە بووەتە rō* و rē* و وشەکانی rōdh* و rēdh* ـی لێکەوتۆتەوە کە مانای ڕازاندنەوە و تەرتیبدانیان هەیە. لەو وشانەش وشەی rād ـی ئێرانیی کۆن بەدیهات کە ئەویش مانای ئامادە کردن و تەرتیبدانی هەیە و لە کوردی و زمانە ئێرانییەکانی ئەوڕۆکەدا بووەتە "ڕاست" بە مانای درووست، ڕازاندنەوە و ڕێکوپێک کردن (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۸۸). وشەیەکیتر کە لەگڵ "ئاراستە"، هاوڕەچەڵەکە، وشەی ئەردەشیرە کە ناوێکی کوڕانە یان پیاوانەی کوردی و زمانە ئێرانییەکانیترە. ئەو وشە لێکدراو-داڕێژراوە و لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئەردە": عەداڵەت، ڕاستی، موقەدەس + "شی": دەستەڵاتدار بوون، دەستەڵاتداری، توانا و لێهاتوو بوون + "ر": سواوی thra/tra ـی ئەوێستایی کە پاشگری ئاوڵناوی کارایە. ئەو پاشگرە لە زۆر وشەی ئەوڕۆکەدا ماوەتەوە؛ وەکوو: برادەر، "پِدَر و مادَر"ـی فارسی. دوو کەرتی دووهەمی وشەی ئەردەشیر واتا "شیر"، بیچمێکیتری وشەی "شار"ـە کە مانا ڕیشەییەکەی دەبێتە "دەسەڵاتدار و حاکم". بەو پێیە، مانای ڕیشەیی وشەی "ئەردەشیر/ ئەردشیر" دەبێتە "پاشای عادڵ و لێهاتوو" (مسیر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۲). کەرتی هەوەڵی وشەی ئەردەشیر واتا "ئەردە/ئەرد" لە ڕەگی ar ـی هێندوئورووپایی بە مانای "شیاو و بەجێ"، وەرگیراوە (فرهنگ ریشە لغات فارسی، ص: ۱٦). پاشان هەر ئەو ڕەگە بووەتە rō* و rē* و وشەکانی rōdh* و rēdh* ـی لێکەوتۆتەوە کە مانای ڕازاندنەوە و تەرتیبدانیان هەیە. لەو ڕەگانە، arta و areta ـی ئەوێستایی بە مانای "عەداڵەت و موقەدەس" بەدیهاتوون و پاشان بوونەتە "rād/ڕاد". کەرتی دووهەم واتا "شی"، لە زمانی هێندوئورووپاییدا ksei بە مانای "توانا و ڵێهاتوو بوون" بووە کە لە ئەوێستاییدا بووەتە xša بە مانای "شا، دەستەڵاتدار" (مسر اشتقاق لغات فارسی، ص: ۱۲.)
ئازاد azad': ڕزگار، سەربەست. لە بارەی سەرچاوە و پێکهاتەی ئەو وشە، دوو بۆچوون هەیە. "نیبێرگ" پێیوایە کە لە ڕەگی zan بە مانای لە دایکبوون وەرگیراوە و بۆچوونی "بارتۆلۆمە"ـش ئەوەیە کە سەرچاوەی ئەو وشە دەگەڕێتە بۆ zāy بە مانای دەرفرتاندن، ڕەها کردن و هێشتن (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، صص: ٥-٤٤). بە پێی هەردووک بۆچوون، وشەی "ئازاد"، وشەیەکی داڕێژراوە کە لەو سێ کەرتە پێکهاتووە: "ئا": پێشگری ئەنجامدا، بەڕێوەبردن و هەبوون + "زا": لە دایکبوون + "د": سواو و گۆڕدراوی "ta" ـی سەردەمی باستان کە پاشگری ئاوەڵناوی بەرکارە. بە پێی بۆچوونی "نیبێرگ"، کەرتی دووهەم واتا "زا"، دەگڕێتەوە بۆ ڕەگەکانی ĝen/ gene هێندوئورووپایی (فرهنگ ریشه لغات فارسی، ص: ٤۷) و zan ـی ئەوێستایی (فرهنگ واژەهای اوستا، ص: ٥٦۳). لە ڕابردوو بە تایبەت ڕابردووی کۆن، لە کۆمەڵگاکاندا مرۆڤەکان بە دوو چینی سەرەکیی "کۆیلە" و "ئازاد" دابەش دەکران. ئەوانەی ئازاد بوون، شا و شازادە و دەوروبەریانی ئەوان بوون و هەر کەس لەو چینە نەبوایە، دەکەوتە بازنەی چینی بەردە و کۆیلە و نۆکەرەکان. هەر لە بەر ئەوە بوو کە لە زمانە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ئەو دوو چینە، دوو وشەی دژبەر ڕۆنراوە؛ وەکوو: شا // گەدا؛ ئاغا // ڕەعیەت؛ شەریف//وەزیع (هەردووک وشە عەڕەبین کە شەریف مانای گەورە و وەزیع/"وَضیع" مانای "کەوتوو"ـی هەیە لە ڕەگی "و،ض،ع" بە مانای "دانان"). ئێستاش وشەی "نەجیب/نەجیم" بە مانای مرۆڤی باش و بەخلاق لە زمانی کوردیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت کە لە بنەڕەتەوە بە مانای "شَریف"ـی عەڕەبی بووە کە لەگەڵ وشەی "اَشراف"ـی عەڕەبی هاوڕیشەیە. لە زمانی ئینگلیسیشدا وشەکانی gentle ( لە بەرەی و تۆرەمەی گەورەکان)، gentiity ( نەجیب بوون)، gentle man/woman (پیاو یان ژنی نەجیب و دلۆڤان) و زۆر وشەیتریش لە ڕەگی gen ـی هێندوئورووپایی وەرگیراون کە لە ئەوێستاییدا بووەتە zan . پێشتر ئاماژە کرا کە وشەی "ئازاد" لەو ڕەگانە وەرگیراوە کە مانای ڕەها و دایک بووی هەیە. دەکرێ وشەی "ئازاد" لەگەڵ ئەو وشانە لە هێندێک زمانیتردا هەڵسەنگێنین کە تاقمێکیان هەمبەر و هاوڕەچەڵەکی وشەی "ئازاد"ـن؛ پەهلەوی: āsn: سروشتی؛ سەکایی: aysāta: نەجیب، ئازاد، شەریف؛ ئەرمەنی: azat: ئازاد، ڕەها، نەجیب، شەریف؛ azatel: ئازاد کردن؛ gentle: لە بەرە و تۆرەمەی گەورەکان (فرهنگ ریشەشناختی زبان فارسی، صص: ٥-٤٤)؛ ئەوێستایی: āzāta ؛ پەهلەوی: āzāt/ āzād ؛ سانسکریت: ajanata: ئازاد؛ بەلوچی و ئەفغانی: āzād ؛ یونانی: gnōtos ؛ لاتین: gignō ؛ گوتیک: kunds؛ ساکسۆنیی کۆن: kind ؛ ئیسلەندیی کۆن: kundr ؛ ئاڵمانیی کۆن: kind ؛ ئاڵمانی: kind ؛ ئینگلیسیی کۆن: kund ؛ ئیسلاویی کۆن: zēt/zetū ؛ لیتوانی: zhéntas ؛ گاڵی: gnātus ؛ وێڵزی: geneth (فرهنگ ریشەهای هند و اروپایی زبان فارسی، ص: ٥۸). لەو چەند زمانەی دواییدا بە پێی ئەوەیکە وشەکان لە ڕەگی gen ـی هێندوئورووپایی بەدیهاتوون، لە بواری بێژەوە، جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ وشەی "ئازاد" هەیە.
سەرچاوەکان کوردییکان
ـ مەردۆخ ڕۆحانی، ماجد (۱۳۹۷)، فەرهەنگی زانستگای کوردستان، سنە، پەخشانگای زانستگای کوردستان چاپی هەوەڵ.
ـ نانەوازادە، عەلی (۱۳۹٦)، فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی، تاران، پەخشانگای "همصدا"، چاپی هەوەڵ.
سەرچاوە فارسییەکان
ـ آرشپور، منوچهر ، فرهنگ ریشههای هند و اروپایی زبان فارسی، ؟
ـ آیتو، جان (۱۳۸٦)، فرهنگ ریشهشناسی انگلیسی، ترجمه حمید کاشانیان، تهران، انتشارات معین، چاپ نخست.
ـ بهرامی، احسان (۱۳۹٦)، فرهنگ واژههای اوستا، تهران، نشر بلخ، چاپ نخست.
ـ حسندوست، محمد (۱۳۹۳)، فرهنگ ریشهشناختی زبان فارسی، تهران، فرهنگستان زبان و ادب فارسی، چاپ دوم.
ـ حسندوست، محمد (۱۳۹۹)، فارسی باستان (کتیبهها، واژهنامه)، تهران، چاپ نخست.
ـ فرهوشی، بهرام (۱۳۸۸)، فرهنگ فارسی به پهلوی، تهران، انتشارات دانشگاه تهران، چاپ چهارم.
ـ فرهوشی، بهرام (۱۳۸۱)، فرهنگ زبان پهلوی، تهران، انتشارات دانشگاه تهران، چاپ چهارم.
ـ فرشیدورد، خسرو (۱۳۹۲)، فرهنگ پیشوندها و پسوندهای فارسی، تهران، انتشارات زوار، چاپ دوم.
ـ لوائی، محمدعلی (۱۳۱٦)، وندهای پارسی، تهران، چاپخانه مجلس، ؟
ـ معینی، سام و محمدی آوندی، سارا (۱٤۰۱)، سرگذشت دگرگونی آواهای زبان فارسی، تهران، انتشارات آوای خاور، چاپ نخست.
ـ منصوری، یدالله (۱۳۹٦)، فرهنگ ریشهشناختی افعال زبان فارسی، تهران، انتشارات آوای خاور، چاپ نخست.
ـ نورائی، علی، ؟، فرهنگ ریشه لغات فارسی، ؟
ـ نورائی، علی، ؟، مسیر اشتقاق لغات فارسی، ؟
|