| تاريخ: ۲۰ آذر ۱۴۰۴ ساعت ۱۷:۱۹ | بازدید: 45 نظرات: 0 کد مطلب: 25524 |
لە چەرخ و چاخی ئەوڕۆکەیی ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە کە مرۆڤی کەونارا، خاوەن بیر و زەینێکی زۆر بەهێز و بەپێز بووە کە توانیوێتی سات بە سات و کات بە کاتی ژیان و ژیاری خۆی بەرەو تێگەیشتن و پێگەیشتن هان بدات. یەک ڕۆژەی، دوو ڕۆژە بێت و بەرە و بەرژەوەندی خۆی و هاونەوعانی، کەند و لەند و هەوراز و نشیوی مێژووی بەباشی ببڕێ و لە ژیانی نێو ئەشکەوتەکانەوە، ئەمڕۆکە لەبیری داگیرکردن و ژیان لە ئەستێرە گەڕۆکەکانی وەک مانگ و مێریخ و... دابێ.
یەکێ لەو کەلەپوورانەی کە لە ژیانی پێشینیان بۆ ئێمە بە میرات ماوەتەوە، نەخش و نیگارەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکان، تەختە بەردەکان و گاشەبەردە نوسراوەکان و بینا و قەڵا و قەسرەکانن. وەنەبێ مرۆڤی کەونارا لە بێکاریان و بۆ گوزەرانی کات و ساتی، سەری خۆی گەرم کردبێ، نەخێر! ئامانجی، بەجێهێشتنی نیشان و هێما لەخۆی و کۆمەڵگاکەی بووە کە نەبنە تۆزی نێو دڕکان!
میراتی جیهانی یۆنسکۆ بە شۆن یان چاوئەندازێک دەگوترێ کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاوەنی بەهای مێژوویی، عیلمی و فەرهەنگی بیت. ئەو شۆنانە بۆ بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگای مرۆڤی، چاوەدێریان لێ دەکرێ و خاوەنی گرینگی زۆرن.
لە ڕۆژی 29/4/1402 هاوڕێی چەند کەس لە دۆستان بۆ دیتنی حەمامی مێژوویی لەجێ بەرەو ئەو گوندە وەڕێکەوتین.حەمامی لەجێ 7/7/1381 بە ژمارە ۶۱۸۸ لە نێو ڕیزبەندی ئاسەوارە نەتەوەییەکانی ئێران تۆمارکراوە.
خوایە، لە گوندێکی ۲۱ کیلۆمیتر دوورکەوتوو لە مەهاباد وەها شۆنەوارێک و وەها مێعمارێک؟ بۆم نەدەچۆوە سەریەک؟!
دار و دیوار و دەرک و بان و گونبەزەکانی ئەو حەمامە لە لایەن مەزرینگەی میرات و کەلەپووری فەرهەنگی نۆژەن کرابۆوە.
ئەم حەمامە سەر بە دەورانی سەفەوییەکان و سەردەمی سارم بەگی موکری نەوەی بوداق سوڵتانە و لە ساڵەکانی ۱۰۵۰ تاکوو ۱۱۰۰ق لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە درێژەی چۆمی جانداران بە بەردی ناوچە و خشتی سووری چوارگۆشە بینا کراوە. مێعماری ئەو شۆنە ڕێک لەشێوەی دانان و ڕازاندنەوەی مزگەوتی سوور و پردی سوور دەچێت!
ڕێکی و پێکی، جوانی و تەرزی،دەستەبوونی میعماری دار و دیوار، نەخش و نیگاری نەریتی و کەونارای حەمامەکە چاوی هەر بینەرێک مۆڵەق دەکا!
پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە ئاخۆ بۆ دەبێ ۲ ساڵ و ۵ مانگ دوای نۆژەن کردنەوەی تا ئەوڕۆکە دەرکی ئەو حەمامە مێژوییە لەسەر خەڵکی دابخرێ و لە دیتنی وەها مێژوو و کەلەپوورێک بێ بەش کرابن؟
بە سرنج دان بەوەیکە لە سەری ساڵی تازە و دەسپێکی گەشت و سەیرانی مسافیرانی نەورۆزی نیزیک دەبینەوە، داوا دەکەم بەڕێز فەرماندار و نوێنەری پارلەمان و مەزرینگەی میرات و کەلەپووری مەهاباد بۆ کردنەوەی دەرکی ئەو شۆنەوارە ناوازەیە بەڕوی جەماوەری خوازیار،ئەرکی پێویست بەڕێوەبەرن.
کردنەوەی دەرکی ئەو شۆنە مێژووییە دەتوانێ بە هەزاران گەشتیار و خوازیار بەرەو حەمامی لەجێ ڕابکێشێت، کەلەپووردۆستان خەنی کا و کار و کەسابەتی ئاوایی لەجیش ببووژێنێتەوە و هەلی کار بۆ دەیان و سەدان لاوی ئەو گوندە و دەوروبەر بڕەخسێنێت.
|