تاريخ: ۱۲ آبان ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۲۴ بازدید: 695      نظرات: 0      کد مطلب: 25255
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان

یادەوەریی بەرنامەی کەلتووری-هونەری و زانستی-ئەدەبیی "گوڵستان" لە تلەڤیزیۆنی مەهاباد

بە بۆنەی دەهەمین ساڵوەگەڕی دەسپێکی ستایلی نوێباوی بەرنامەی "گوڵستان"


بەرنامەی گوڵستان، بەرنامەیەکی کەلتووری، ئەدەبی، هونەری و زانستیی کاناڵی تەلەویزیۆنیی مەهاباد بوو کە خولی هەوڵی ئەو بەرنامەیە، لە سەرەتای دەیەی نەوەدی هەتاوی بۆ ماوەی چوار ساڵ بە پێشکەشکاریی بەڕێز لەتیف عادڵخانی بەڕێوە دەچوو. لەم بەرنامەیەدا بانگهێشتی کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی مەهاباد و ناوچە دەکرا، بۆ ئەوەی لە بابەت ژیان و ئاسەواری کەسایەتییە ناودارە کۆچکردووەکانی کورد لە بواری وێژە و هونەر و ڕۆشنبیڕی‌دا بۆ بینەران و بەردەنگانی تامەزرۆی بەرنامەکە لێدوان و شڕۆڤە بکردرێ؛ یان لە بابەت چالاکیی هونەری و ئەدەبی و کەلتووریی کەسایەتییە بانگهێشت‌کراوەکان‌دا باس و دیالۆگ بکردرێ. لە مانگی جۆزەردانی 1394، کاتێکی وەک میوانی بەرنامەی گوڵستان بە پێشکەشکاریی ڕێزدار لەتیف عادڵخانی بانگهێشت کرام و دوای پەسندبوونی تایبەتیی لێدوانەکەم له بابەت ئاستی کواڵیتە و پڕۆفێشناڵ‌بوونەکەی لە لایەن کارناسانی بەرنامە و دەرهێنەری بەرنامەکه، حەوت جاری تر و بۆ حەوت بابەت و بەرنامەی تر دوابەدوای یەکەم بانگهێشت و یەکەم بەرنامە، سەرلەنوێ بانگهێشت کرام و سەرجەم هەشت‌جار بەشداریم کرد لەم بەرنامەیە و هەر جارەی وەک میوانی بەرنامە، بابەتێکی دیاریکراو و پێشنیارکراوی نوێ و جیاوازم تاوتوێ کرد و وەبەر تیشکی شڕۆڤە و لێدوان و ڕەخنەی ئەدەبی و زانستیم‌دا. بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەشت بەرنامەیە، بابەتەکان و لێدوانەکان و شێوازی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەدەبی و زانستیی بەرنامەکانم، بوو بە هۆی ڕەزامەندیی لەڕادەبەدەر بەرپرسانی فەننی و زانستیی بەرنامەکە؛ بە جۆرێک کە هاوکات هەم سەرەنجی بەرنامەداڕێژەران و کارناسانی تەلەویزیۆنی ناوەندی مەهابادی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هەم بوو بە هۆی ڕەزامەندیی لەڕادەبەدەری بینەران و بەردەنگانی تامەزرۆی ئەم بەرنامەیە. هەر بەم بۆنەیەوە و، هەروەها بەبۆنەی ئەوەوە کە کاناڵی تلەویزیۆنیی ناوەندی مەهاباد ڕێک لەم ڕێکەوتەدا، ببووه کاناڵێکی جیهانی و بەرنامەکانی لەمەودوا لە تەواوی دونیادا بڵاودبووەوە و دەبوو چۆنیەتی و ئاستی کواڵیتەی بەرنامەکان هەتا دەکرێ و دەلوێ بەرزبکردرایانەوە؛ بەم دوو هۆکارانەوە، لە لایەن بەرهەمهێنەر و پێک‌هێنەری بەرنامەی  گوڵستان، خاتوو بەشیری، داوام لێکرا کە وەک پێشکەشکاری بەرنامەی گوڵستان هاوکارییان بکەم.

دوای پەیجۆری و بەدواداچوونی جیددی و شێلگیرانەی ئیشەکانی ئیداری و کارگێڕی، بۆ بانگهێشتی من وەک پێشکەشکاری بەرنامەی گوڵستان لە لایەن خاتوونی ناوبراو کە وەک پێک‌هێنەری بەرنامەکە و بەرپرسیاری سەرەکیی بەرنامەکە دەبوو مشووری لێ‌خواردبایه و وەدوای کەوتبایە، ئینجا لە ڕۆژی سێ‌شەممۆ ڕێکەوتی 12ـی خەزەڵوەری 1394ی هەتاوی‌دا هەوەڵ بەرنامەی گوڵستان بە شێوازی نوێ و ستایلی نوێباو، لە بابەت ژیان و بەسەرهات و ئاسەواری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی عەللامە ئەحمەدی تورجانی‌زادە بە بەشداریی ڕێزدار دوکتۆر محەممەد عەبدولی(خاوەن مۆڵەت و سەرنووسەری ئێستای گۆڤاری تایبەتمەند و پسپۆڕیی «کەشکۆڵ»؛ تایبەت بە دەستنووسەکان و بەڵگەنامەکانی ناوچە کوردنشینەکان)، تۆمار کرا و لە شەوی پێنج‌شەممۆ لەسەر هەینی، ڕێکەوتی 14خەزەڵوەردا بڵاوکرایەوە و هەروەها دووپاتەی بەرنامەکە لە شەوی هەینی لەسەر شەممۆ، ڕێکەوتی 15ـی خەزەڵوەردا بڵاوکرایەوە.

بەشێک لە تایبەتمەندییە جیاواز و نوێباوەکانی خولی نوێی بەرنامەی گوڵستان، بە پێشکەشکاری و نووسەری و کارناسیی من، بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:

1. بەربڵاوکردنەوەی جەغزی بەرپرسیاریەتییەکانی پێشکەشکار، لە پێشکەشکاری تەنیاوە، بۆ: 1.نووسەری بەرنامە؛ 2. لێکۆڵەر و کارناسی بەرنامە؛ 3. پێناسەکاری کتێب لە بەشی ناساندنی کتێب؛ 4. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پێوەندیدار بە بانگهێشتی میوانانی بەرنامە؛ 5. نووسین و بەڕێوەبردنی بەشی ڕووداوە مێژوویی‒فەرهەنگییەکانی بەرنامە.

جیا لەم ئاڵوگۆڕییە، هەروەها لە بابەت بەرفراوان‌کردنی جەغز و پانتای جوغڕافیایی بۆ بانگهێشت‌کردنی میوانەکانی بەرنامەکەش‌، پێشنیاری ڕاشکاوانەم دا و داکۆکیم کرد کە دەبێ میوانەکانی بەرنامەکە(کە پێشتر تەنیا لە مەهاباد و ناوچە بانگهێشت دەکران)، لە هەموو شوێنە جوغڕافیاییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانەوە بانگهێشتی بەرنامەکە بکرێن. ئەم پێشنیارەشم، دوای بەڵگەهێنانەوە و سووربوون و مکوڕبوون و پەیجۆری و بەدواداچوون بۆ بەکردەوەکردنی، بە ڕەزامەندییەوە پەسند کرا؛ بە جۆرێک کە لە تێکاب و سەڵماس و ورمێ و شنۆ و پیرانشار و نەغەدە و مەهاباد و بۆکان و سەقز و سەردەشت‌ڕا هەتا مەریوان و سنە و هەورامان و کرماشان و سەلاسی باوەجانی و ئیلام و کەلاردەشت‌ـی باکوور و تەنانەت خوراسان، میوانانی زانا و توانا و لێزان و شارەزا و دەستەبژێر و ڕۆشنبیر و شوناسخواز، میوان و بەشدار و هاریکاری ئەم بەرنامەیە دەبوون. ئەوە بۆ هەوەڵین و(وێدەچێ بۆ)ئاخرین جار بوو کە بە پێشنیار و پەیجۆری و مشوورخۆری و پێداگری و بەدواداچوونی شێلگیڕانە و ماندوویی‌نەناسانەی پێشکەشکارێکی بەرنامەیەکی فەرهەنگی، هونەری، ئەدەبی، لە کاناڵێکی تلەویزیۆنی شارێک(نەک ناوەندی پارێزگایەک)، لە ئەوسەرئەوسەری ئێران‌ڕا میوانی زانا و توانا و لێزان بانگهێشت دەکرا بۆ دەنگ‌وڕەنگی مەهاباد، بۆ باس و لێدوان لە بابەت مژارگەلی هونەری و ئەدەبی و زانستی و هزری و ڕووشنبیری، بە ناوەرۆک و ناوئاخن و تام و چێژێکی کوردانە و شوناسخوازانە و خۆماڵییانە و خۆمانەوە. هەروەها پێشنیارم کرد کە چون ئەم میوانانە لە دوورڕا دێن بۆ مەهاباد، دەبێ حەتمەن ماشێنێکیان بۆ تەرخان کرێ و ڕانەندە و لێخوڕی تایبەت بچێ لە دوویان و بەئەوپەڕی ڕێزەوە بیانهێنێ بۆ مەهاباد/ئیستۆدیۆی دەنگ‌وڕەنگ. هەروەها ئەگە شوێنی نیشتەجێ‌بوون و ژیانی ئەوان زۆر دوور بێ و نەکرێ بە ماشین لەدوویان بچن، وەک کوردەکانی باکوور و باکووری خوراسان، کارئاسانییان بۆ بکرێ و تێچووی هاتوچۆیان، بە وەسیلەی هاتوچۆی شیاو، بۆ بگەڕێننەوە. هەروەها، ئەو کەسانەی لە شوێنی زۆر دوورڕا دێن بۆ مەهاباد، وەک کوردەکانی باکوور و باکووری خوراسان؛ جیا لەم ئاسانکارییە ئاماژەپێکراوە، دەبێ هەروەها بۆ شوێنی مانەوە، میوانسەرای دەنگ و ڕەنگی مەهابادیان لە ئیختیار بنێن و هەر لەوێ هەموو پێداویستییەکیان بۆ مسۆگەر بکەن، وەک جەمی شیاوی بەرچایی و فراوێن و شێو و... ئەوجار، من وەک پێشکەشکار، نووسەر، لێکۆڵەر، کارناس و هاوئاهەنگی‌کەری بەرنامە، لەگەڵ تێکڕای مێوانەکان، دە ڕۆژ پێشتر یان لانی کەم حەوتوویەک پێش ئەوەی بێن بۆ ئیستۆدیۆ، هاوئاهەنگیم دەکرد، لە بابەت مژاری بەرباسی بەرنامەکە؛ جۆرێک کە میوانەکان سەرپشک بوون و سەربەخۆ بوون بۆ هەڵبژاردنی مژاری بەرباسی بەرنامەی تایبەت بە خۆیان. دوای ئەوە، میوانەکانم سەرپشک دەکرد و لێم دەپرسین کە ئاخۆ پێتان خۆشە کە بەرنامەکە چەڵنج و کێشمەکێشمی تێدابێ یان بە ڕەوتی ڕووتین و ئاسایی بەڕێوە بچێ؟ هەر کامێکیان هەڵبژاردبایە، دیسان لەبابەت تایبەتمەندییەکانی جۆراوجۆری هەرکام لەم دوو چەشنە بەڕێوەبردنە ئاگاداری و زانیاری و ڕوونکروونەوەی پێویستم بۆ باس دەکردن. گەر هەر کام لە میوانەکان، پێیان خۆش‌بایە کە پێش بەرنامەکە، پرسیارەکانیان پێ ڕاگەیێنم و ڕادەستیان بکەم، ئەو ئاسانکارییەشم بە وردەکارییەوە بۆ دەکردن. تەنانەت گەر میوانەکان، بۆ ئاگاداری پتر لە شێوەی بەڕێوەچوونی بەرنامەکە، داوای ویدئۆی بەرنامەکانی پێشوویان بکردایە، چەند بەرنامەی بڵاوکراوەی پێشووی گوڵستانم بۆ دەناردن لە ڕێگەی تێلێگڕام یان واتسەپەوە کە لەگەڵ شێوازی بەڕێوچوونی بەرنامەکە پتر ئاشنا ببن؛ بەڵام زۆربەی هەرە زۆری میوانەکان، بەهۆی بەربڵاویی پانتایی لەڕادەبەدەری ڕێژەی بەردەنگانی ئۆگر و پەیجۆر(لە بەراورد لەگەڵ بەرنامەی هاومژار و هاوشێوەی خۆی)، چ لە ژوورەوەی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات‒کە دیارە ئەو میوانانەش بەشێک بوون لەم پانتاییە بەربڵاو و داگرە‒ تا ئەم کاتەی بانگهێشت دەکران بەشێکی زۆر لەم بەرنامانەیان بینیبوو؛ بەم هۆیەوە ئاگاداری شێوازی بەڕێوەچوون و ستایلی نواندنی بەرنامەکە بوون. دەی ئەوجار، گەر ڕادە و ڕێژەی پسپۆڕیی ئەم میوانانە لە بابەت مژاری بەرباس، لە ئاستێکی بەربڵاو دابایە و یان لە چەند بواری تایبەت‌دا پسپۆڕییان هەبایە و ئاسەوار و بەرهەمی جیاجیایان هەبایە، بۆ کەڵک‌وەرگرتنی هەرچی پتر لە زانیاری و زانست و توانستی ئەم میوانانە، یەکێک لەم دوو کارە دەکرا:1. ئەگەر میوانی بەرنامەکە لە شارە نزیکەکان‌ڕا بانگهێشت کرابایە، ئەوە داوامان لێ‌دەکرد کە سەرلەنوێ وەک میوانی بەرنامە بێتەوە؛ 2. ئەگە میوانی بەرنامە له شارێکی دوورڕا بانگهێشت کرابایە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دەکرد کە کاتی هاتنی بۆ ئیستۆدیۆ، 2 یان 3 بەرنامەی جیاوازی لێ تۆمار بکرێ.

بەرنامە گوڵستان، لە خولی دووهەمی خۆی‌دا و بەم مشوورخۆری و پەیجۆری و بەدواداچوون و حەول و تەقەلا بێ‌وچان و شێلگیرانەیەی بەندەوە وەک پێشکەشکار و نووسەر و لێکۆڵەر و کارناسی بەرنامە و بە هاوکاری و هاریکاریی تاقمێکی زۆر لە نووسەران و لێکۆڵەران و شاعیران و داهێنەڕان و زانایانی جیددی و ناسراو و بەئەزموون و خاوەن‌بەرهەمی سەرانسەری ڕۆژهەڵات، لە بوارگەلی جواروجۆری زانستی و ئەدەبی و هونەری، بووبوو بە مەکۆیەک بۆ باس و لێدوان لە بواری هونەر و ئەدەب و بیر و هزر و داهێنانی هونەری و ئەدەبی و مێژوو و کەسایەتی‌ناسی؛ لەم بەرنامەیەدا بابەت‌گەلی جواروجۆری وەک: مێعماری، خۆشنووسی، وێنەگەری، نیگارگەری، سینەما، شانۆ و دڕاما، ئینیمەیشێن، وەرگێڕان، زمانناسی، فەرهەنگ‌نووسی، فەلسەفە، مێژووی کورد، مێژووی ڕوژهەڵات، ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕەخنەی ئەدەبی، پێشکەشکاریی هونەری، داروێنەگەری(معرق‌کاری)، شێعری نوێ و شێعری پۆست‌مۆدێڕن و شێعری کلاسیک، چیرۆک و ڕۆمان، تەنز و کاریکاتۆڕ، ئەدەبی مناڵان و مێرمناڵان و زۆر بابەتی تر دەهاتە بەر تیشکی لێکدانەوە و لێدوان و شڕۆڤە و ڕاڤەی زانستی.

جێی خۆیەتی بۆ بیرەوەری، ناوی هێندێک لەم هاوڕێ و میوانە ئازیز و بەڕێزانەی وا لە ماوەی 4ساڵ‌ونیودا، لە 188 بەرنامەی جیا جیادا، لە خەزەڵوەری 1394 هەتا خاکەلێوەی 1398، به بەشداریی هونەری، ئەدەبی، زانستی، شوێن‌دانەر، دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و دەروەستیان، یارمەتیدەر و پشتیوان و داڵدە و داشداری ڕاستەقینەی بەرنامەی گوڵستان‌ـیان دا، وەبیر خۆمانی بێنینەوە؛ ئازیزان و ڕێزداران:

خوالێخۆشبوو فەتاح‌خان ئەمیری، خوالێخۆشبوو عومەر فاڕووقی، خوالێخۆشبوو ناسر ئاغابرا(ژاکاو)، خوالێخۆشبوو عەزیز نیعمەتی، خوالێخۆشبوو برایم قادری، سەید محەممەد سەمەدی، سەید عەبدوڵڵا سەمەدی، عەلی ئیسماعیل‌زادە(ڕێبوار)، قاسم موئەییەدزادە(هەڵۆ)، ئەمین گەردیگلانی، محەممەد ڕەمەزانی، ئەمجەد غوڵامی، دوکتۆر ئەحمەد غوڵامی، ئەمیر غوڵامی، وریا غەفووری، ئەحمەد چاک، دوکتۆر سەعید قادری، دوکتۆر ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، دوکتۆر شەهباز موحسێنی، دوکتۆر بەیان کەریمی، فائیزە عەزیزی، لەیلا بەهرامبەگی(لاولاو)، سەعید حەسەن‌زادە، ئازاد سەید ئیبڕاهیمی(هۆگر)، خالید عەلیزادە، ڕەزا شەجیعی، فەرهاد ئەمین‌پوور، دوکتۆر ئیبڕاهیم محەممەدحوسێنی، دوکتۆر سەعید حاجی ڕەشیدیان، موحسین جڵدیانی، کەماڵ حەسۆ، سەلاح پایانیانی، سوارە فتووحی، شۆڕش عابید، سەید کەماڵ قوڕەیشی، ئازاد مەحموودی، سەدیق ئیسلامیان، محەممەد ئەحمەدیان، مەلا عومەر ئیمام، مەلا غەفوور کەسنەزانی(ژاکاو)، مەلا کامیل شەریف‌پوور، لوقمان نادرپوور، دوکتۆر شلێر ئیبڕاهیم شەریفی، دوکتۆر مەهدی ئیسماعیلی موود، حەمەساڵە سووزەنی، دوکتۆر محەممەد ڕەحیمیان، دوکتۆر ئیبڕاهیم مورادی، دوکتۆر محەممەد عەبدولی، ناسر عەلیار، موژگان کاووسی، مستەفا بەیگی(ڕوودووس فەیلی)، سولێمان پیرۆتی، عەزیز ئالی، شەهباز شاهین‌پوور، تاهیر میرسەیدی، کەژاڵ فەرهادی، ئیبڕاهیم سەعیدی، بەختیار پەنجەیی، دوکتۆر ڕحیم عەبدوڕڕەحیم‌زادە، دوکتۆر حوسێن محەممەدزادە، دوکتۆر عەلیڕەزا عەزیزی، هاشم سەلیمی، یۆسف فازیلی، فەریدوون حەکیم‌زادە، لوقمان ڕەحیمی بۆکانی، ڕێبین حەیدەری، موراد ئەعزەمی، فریا یوونسی، سەید یاسین قوڕەیشی، سەید محەممەدئەمین قوڕەیشی، شەپۆل مەجیدی، دوکتۆر هەتاو خورشیدی(حوسنا)، کاوە فەقێ‌زادە، شۆڕش مەحموودی، عەبدولکەریم سرووش، کەماڵ ڕەشیدپووری، پێژمان عەلی‌پوور، شەوبۆ محەممەدیانی، دوکتۆر زاگڕۆس حەسەنیانی، سەید کەماڵ عەبدوڵڵاهی و هەروەها پتر لە 80 میوانی بەرز و بەڕێز و ئازیزی تر.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم بەرنامەیە جیا له ژوورەوەی وڵات کە بێنەر و بەرەدەنگێکی زۆری لە چینی بژادردە و ئێلیتی کۆمەڵگای کوردەواری لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، هەروەها لە دەرەوی وڵاتیش، لە زۆریک له وڵاتەکانی دونیا کە کورد لەوان‌دا نیشتەجێن، چ لە ئورووپا و چ لە ئاسیا و چ لە ئوستڕاڵیا، بینەران و بەردەنگانێکی زۆر تامەزرۆ و شیلگیر و مکوڕی لە چینی دەستەبژێر و ئێلیت و ڕۆشنبیری بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، کە بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ پێشکەشکار و کارناس و نووسەری بەرنامە و هەروەها لەگەڵ باقی بەڕێوەبەرانی بەرنامە لە پێوەندیی بەردەوام دابوون و ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لە بابەت بەرنامەی گوڵستان و مژارەکانی بەرباس لەم بەرنامەیەدا، ڕادەگەیاند.

یادی دەساڵەی ئەو بەرنامە ڕەنگامە و ڕەنگین و زەنگینە و هەروەها بیرەوەریی ئەو کات و ساتە دڵگر و دڵحەسێنە بەخێر کە زۆرێک لە نووسەران و شاعیران و وێژەران و توێژەران و لێکۆڵەران و هونەروەران و زانایانی دەروەست و شوناسخوازی ڕۆژهەڵات پشتیوان و یارمەتیدەرم بوون بۆ پێک‌هێنان و چێ‌کردن و تەتەڵەکردنی ئارشیوێکی لەڕادەبەدەر بەوەج و بێ‌میناک و هەرماو، کە داگر و لەخۆگری دەنگ‌وڕەنگ و هەست‌وهەڵوێست و ئافران‌وداهێنان و ڕوانین‌ونەرین و تێفکرین‌وهزرینی کوردانە و شوناسخوازنە و خۆمانە و خۆماڵییانەی چینی دەستەبژێر و ئێلیت و ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردەواری بوو.

 لە کۆتایی و بۆ وەبیرهێنانەوە، جێی خۆیەتی هاوکارانی بەشی تەکنیکی و فەننیی ئەم بەرنامەیەش ناو بێنم، ئەوەندەی ناوم لەبیر مابن؛ بەڕێزان و ڕێزداران:

 1.خاتوو پڕشنگ بەشیری(پێکهێنەری بەرنامە)؛  2.خوالێخۆشبوو خاتوو بەهار ئەرسەلانی(دەستیاری پێکهێنەر)[بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەم خاتوونە هێژا و ئەرکناس و پەیجۆر و ڕووحسووکە، لە خاکەلێوەی 1399دا، بە هۆی پەتای کڕۆناوە کۆچی‌دوایی کرد؛ ڕۆحی بەرزی شاد بێ]؛ 3. ڕێزدار حوسێن عەزیزی (دەرهێنەر)؛ 4. ڕێزدار شەهرام میکائیلی (دەرهێنەر)؛ 5. ڕێزدار کاوە دەبباغچی موکری (فیلم‌هەڵگر و دەنگ‌هەڵگر)؛ 6. ڕێزدار لوقمان عەلیزادە (فیلم‌هەڵگر)؛ 7. ڕێزدار خەلیل موهاجیری (فیلم‌هەڵگر)؛ 8. ڕێزدار سەلاح ئێرەمی(فیلم‌هەڵگر)؛ 9. ڕزگار یووسفی (یاریدەدەری فیلم‌هەڵگر)؛ 10. ڕێزدار یۆسف مێهرجوویان (دەنگ‌هەڵگر)؛ 11. ڕێزدار ئومێد لاڵ(دەنگ‌هەڵگڕ)؛ 12. مەنووچێهر مەعسوومی (دەنگ‌هەڵگر)؛ 13. ڕێزدار جەمشید شێخ‌ئاغایی (بەرپرسی بەشی هاتوچۆ/ڕانەندە)؛ 14. ڕێزدار سوارە بایەزیدی(ڕانەندە)؛ 15. ڕێزدار بایەزید ڕەش‌ئەحمەدی(ڕانەندە)؛ 16. ڕێزدار عەلی عەلی‌دوخت (بەشی خزمەتگوزاری).







ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد