تاريخ: ۲۴ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۱:۴۵ بازدید: 125      نظرات: 0      کد مطلب: 25025
پەروین دانش‌پەژووهـ

مرۆڤ لە سەردەمی دیجیتاڵدا


من مرۆڤ بووم، ڕەنگە ئێستاش بم. بەڵام لەم ڕۆژانەدا کە سەیری دەروونی خۆم دەکەم، لە بری دڵ، تەنها لەرینەوەی گوشی، لە بری خەون و خەیاڵ، نۆتیفیکێشێن دەبینم.

دەزانی؟

 ئێمەی مرۆڤ هەرگیز بەو ڕادەیە دەستمان بە یەکتر نەگەیشتووە، لە هەمان کاتدا هەرگیز ئەوەندە تەنیا نەبووین. مێشکمان بە ڕووناکی دەستکرد ڕێکدەخرێ، خەوتنمان تا دوایین سکڕۆڵ دوا دەکەوێ، لە تاریکیدا تاکە شتێک کە بە ڕووناکی دەمێنێتەوە، شاشەی شینە.

ئێمە ئازارەکانیشمان فیلتێر دەکەین، جێگەی غەم و پەژارە بە ئیمۆجی دەگۆڕینەوە و گریانەکانمان بە کەپشەنەکان دەردەبڕین. نازانم کەی دەستی پێکردووە؟ ڕەنگە لەو کاتەوە بووبێت کە لەمس کردن گۆڕاوە بۆ کێشانی پەنجە بە سەر سەفحەی گوشیدا، یا لەو کاتەوە کە بۆ سەلماندنی هەر هەستێک دەبوو بەڵگەنامەیەکی دیجیتاڵی بدۆزینەوە. هەر شتێک پۆست نەکرابێت، مانای وایە هیچ ڕووی نەداوە. ئێمە لە چاوی

ئەوانی ترەوە خۆمان دەبینین، ئاوینەیەکمان دروست کردووە کە وێنەکەمان کاتێک بە ڕاستەقینە دەزانێن کە لایکی پێویست کرابێت.

بەڵام کامیان منی ڕاستەقینەیە؟ ئەو کەسەی بە تەنیا لە ژوورەکەدا دانیشتووە، یان ئەو کەسەی کە زەردەخەنە ساختەکەی لە ئیستۆرییەکدا بەجێهێشتووە؟ کاممان هێشتا ئازار دەچێژین؟ کاممان تەنها کاردانەوەی هەیە؟

ئێمە لە سەردەمی دیجیتاڵدا دەژین کە بیرەوەرییەکان، نەک لە مێشکدا، بەڵکوو لە سێرڤەرەکاندا پاشکەوت دەبن، کە باکیان لە مردن نییە و لەناو ناچن.

ڕۆحمان لەنێو هەورەکاندا پارچە پارچە پرش و بڵاو بۆتەوە، نە فریشتەیەک لە ژوور سەرمانە و نە خودایەک لە دڵماندا، تەنها چاوەدێرێکی بێ ناو بە چاوی بێ ڕوخسارەوە شیکاری ڕەفتارەکانمان دەکات بۆ ئەوەی پێشنیارەکانی خۆیمان پێ بکات.

ئێمە ئیتر بەردەنگی خودا نین، بەڵکو بەردەنگی ئەلگۆریتمەکانین. هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە ڕەنگە «جڕجاڵ» وەک دەڵێن بوونەوەرێکی یەکچاو نەبێت، بەڵکو کامێرایەکی هەمیشە کراوە بێت کە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە و ئێمەش خۆبەخشانە تەسلیم بووین.

من ون بووم، تۆ چی؟ چیتر نازانم من بە ڕاستی هەست بە چی دەکەم و باوەڕم بە چی کردووە، تەنها لەبەر ئەوەی لە شاشە بینیومە؟ لە جیهانی دیجیتاڵ هیچ شتێک نامرێت، بەڵام هیچ شتێکیش بە ڕاستی زیندوو نییە. ئایا ئەمە ژیانە، یا هاوشێوەکردنێکە کە تەنها پێویستە جارجارە بەڕۆژ بکرێتەوە؟

من...

ڕەنگە هێشتا مرۆڤێک لە مندا مابێتەوە، ئەگەر بتوانم بەرگەی بێدەنگی بگرم، ئەگەر بتوانم بەبێ ئینتێرنێت بخەوم، ئەگەر بتوانم خۆم لەو دەمامەک و فرەڕووخسارییە بپارێزم و ڕوویەکی نەگۆڕ و شێوازێکی یەکجۆرەم هەبێ، ئەگەر بتوانم عاشق بم بەبێ ئەوەی پۆستی بکەم، ئەگەر بتوانم چیتر تەمتەمان و تەپوتۆز لە دەوری خۆم دروست نەکەم بۆ ئەوەی کەس بە دروستی نەزانێت کێم و چۆن دەژیم.

هیچ شتێک بەوجۆرەی کە دەبێ، بوونی گرینگ نییە، تەنانەت خۆم، ئەگەر نەشبم، شەبەکە هەر بەردەوام دەبێ، نامیلکەکان بەبێ منیش دەبینرێن، وێنەکان لایک دەکرێن، خەڵک پێدەکەنن و نەبوونی من ڕەنگە تەنیا یەک نوتیفیکیشن بێت:

"...Last seen a long time ago"

 

حەقیقەتەکەی ئەوەیە ئێمە ئیدی نامرین، وردە وردە لەدەست دەچین، وەک لاپەڕەیەک لە وێبگەردیدا.

ئێمە پەیوەندی پێکەوە دروست ناکەین، بە یەکدی وەسڵ دەبین، سەیری یەکتر ناکەین، ئێسکەن دەکەین. هەست ناکەین، تۆمار دەکەین، حەز بە یەکتر ناکەین، لایک دەکەین. خۆمان دروست ناکەین، خۆمان دادەپۆشین و وێنەی خۆمان بڵاو دەکەینەوە و لە کۆتاییدا ئەو ئاوێنەیەی دروستمان کردووە، نامانناسێتەوە و نازانێ کام یەک لەو کاراکتەرە جیاوازانەین کە لە ڕیگای ئەوەوە خۆمان نەمایش کردووە و ناو و شوناس و شێوەی خۆمان وەها گۆڕیوە هێج کەس بە درووستی نازانێ لە کوێوە هاتووین و ناوی ڕاستەقینە و ئیشی ڕاستەقینەمان چییە.

 

ڕەنگە ڕۆژێک بێت، لە تەنیایی ڕەهادا، کاتێک کەس نەمبینێت، لەم قەفەسە ڕووناکەوە دەرباز بم، لەم نمایشە دەرباز بم کە بۆ ئەوانی تر نمایش دەکرێت، بەڵام چۆن؟ کاتێک بۆخۆشم  لەبیرم چووتەوە کێم.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد