تاريخ: ۲۳ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۹ بازدید: 388      نظرات: 0      کد مطلب: 25021
دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دیان

قزڵجی؛ پێشەوای چاکخواز، بیرمەندی گۆڕانخواز، ڕووناکبیری نەتەوەخواز و ڕۆژنامەوانی شوناسخواز

بە بۆنەی ٦٦ـەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی بیرمەند و زانای هەڵکەوتە، عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی


وەرگێڕ لە فارسییەوە: شه‌هلا ئه‌حمه‌دی‒سەرپێڵی زەهاو

زانای بێ‌هاوتا و بلیمەت عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی (١٢٧۵، مەهاباد‒١٣٣٨/٦/٢٣، بەغدا) کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا محەممەدحوسێن و نەوەی مەولانا عەلی قزڵجی، یەکێک له پرشنگدارترین ئەستێرەکانی ئاسمانی زانست، بیریاری، مەعریفه، ڕووناکبیری و چاکسازیی جیهانی ئیسلام بەهەژمار دێت.

بەڕێزیان جگه لەوەی به عیلم و زانستی خۆی ئاسمانی کوردستان و خاکی ئێرانی ڕووناک کردبۆوه‌، وڵاتانی عەڕەبیشی وەکوو حیجاز و شام و میسر و عێڕاق چراخان کردبوو، هەروەها تەقوا و له‌خواترسی و دینداری و ئەمانەتداری و چاکە و زانایی مامۆستا قسەی سەرزاری جەماوەری خەڵکی بە گشتی و به‌تایبەتی بوو.

ئەم زانا گەورەیە له ساڵی ١٢٧٥ھ.ش له سابڵاغی موکری له دایک بوو؛ دوای فێربوونی زانستەکانی ئایینی له لای باوکی زانای و مامۆستایانی دیکه، دەستی‌کرد بە وانه‌وتنەوەی زانستەکانی عەقڵی و نەقڵی و قوتابی و خوێندکاری بلیمه‌ت و لێهاتووی پێشکەش‌کرد به دونیای زانست و هزر له ئێران و جیهانی ئیسلام‌دا.

له ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی بە مەبەستی سەفەر بۆ حیجاز و میسر، به‌ره‌و وڵاتی عێڕاق که‌وته‌ڕێ و لەوێوە به بۆنەی وانه‌بێژی له زانکۆی ئەلئەزهەری میسر ڕۆیشت بۆ وڵاتی میسر، جا چونکه حکوومه‌تی ئێران بە نیشتەجێ‌بوونی لەوێ ڕازی نەبوو، گەڕایەوە بۆ عێڕاق و بەهۆی بارودۆخی تایبەتیی ئەو کاتی ئێران، له عێڕاق مایەوە و له زانکۆی نائیلەخاتوون و زانکۆی شەریعەت و زانکۆی بەغدا و له مزگەوتی بیشرولحافی له گەڕەکی ئەعزەمییەی بەغدا دەستی‌کرد به وانەگوتن و تا کۆتایی ژیانی لەوێ نیشتەجێ بوو؛ تاوەکوو له ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. مردنی ئەو زانا مەزنە کارەساتێکی گەورە بوو بۆ ئەهلی زانست و مەعریفه له جیهانی ئیسلام‌دا و گڵکۆکەیشی له «غەزالی« بووە بە زیارەتگەی ئەهلی دڵ.

 

ئەو مامۆستا بلیمەتە کاتێک بەڕێ‌کەوت بەرەو میسر، تەواوی قوڕئانی له‌بەربوو و بەر له هیجرەتیش له مەهاباد له مەدرەسەی علوومی دینیی مزگەوتی حاج سەید بایەزید، زانایان و پیاوچاکان پەپوولەئاسا له دەوری کۆ دەبوونەوە و له مەحزەری موبارەکی عیلم و زانستییان وەردەگرت، لەوانە دەکرێ ئاماژه‌ به‌:

1. ئەدیب و نووسەری بە ناوبانگی کورد، عەلائەددین سەججادی؛ 2. مامۆستای خوالێخۆشبوو ئەحمەد تورجانی‌زادە، مامۆستای ناودار و بلیمەتی زانستگای تەورێز؛ 3. زانای بلیمەت مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە؛ 4. مامۆستا شه‌کور موستەفا، وەرگێڕی لێزان و خاوەن‌شێوازی کورد؛ 5. مامۆستا مەلا مەلا موحەممەد خزریی شنۆیی(قازی شنۆ)؛ 6. زانای هەڵکەوتە و بیرمەندی بلیمەت، عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و... بکه‌ین.

مامۆستا مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە یەکێک له خوێندکارانی مامۆستا قه‌زڵجی، له دەقی نامەیەک دا کە بە بۆنەی سەرەخۆشیی کۆچی دوایی بەڕێزیان بۆ براکه‌ی مامۆستا ئەحمەد تورجانی زادە نووسیویه‌تی، ئاوا دەڵێت:

«تکا دەکەم کە ژیاننامه و خزمەت و بەرهەمەکانی بۆ هۆگران بخەنە بەرچاو، تاکو لانیکەم (جارێ) مەهابادی و موکری‌یەکان، ئاگاداری دژایەتیی هەندێک لە خۆبەزانازانانی لە هەموو شت بێئاگا، لەگەڵ لایانگرانی ڕاستییەکان و شوێنکەوتوانی قوڕئان بگەن و لە کۆچ و واوەیلانبوونی کەسایەتییەکی بەمجۆرە بێ‌وێنە، بۆ خاکی غەریبایەتی، ئەزموون وەربگرن و بێنەوە سەرخۆ، تاکوو لە ناسینی کەسایەتییەکانی خزمەتکاری دین و کۆمەڵگە بەخۆداچوونەوە بکەن.»

هەروەها عەلامه قه‌زڵجی له گەورەترین مامۆستایانی فەلسەفە و حیکمەت بە ئەژمار هاتووە و له گۆڤارە بەنرخەکانی زانستیی عێڕاق و میسر وتارگەلێکی پڕبایەخی نووسێ و زۆر کتێبی نووسیوه و بڵاوی کردۆتەوە. لەوانه: «التعریف بمساجد سلیمانیه»، «شەرحێک له‌سەر ربع مجیب»(له عیلمی هەیئه‌ت)، کۆمەڵێک پەڕاوێز له‌سەر "لباب الاشارات"ی ئیمام فەخری ڕازی.

عەللامه ئەحمەد تورجانی زادە سه‌باره‌ت به‌ پێگەی زانستیی مامۆستا بلیمه‌ته‌كه‌ی خۆی، مامۆستا قه‌زڵجی دەفەرموێت: ئەو زانا هەڵکەوتوو و بلیمەتە خاوه‌ن تەبعێكی وریا و وشیار و زەینێکی ڕەخنەگرانه بوو و له كاتی غوربەت و کۆچکردن‌دا بەهۆی پێناره‌ و ڕاهێنان و گۆشەنشینی و گەڕان و کونج‌وکۆڵی و کۆڵینەوە و هاتوچۆ له‌گەڵ زانایانی هەڵکەوتە و کۆمەڵێک بیرمەند له عێڕاق و شام و حیجاز و میسر چەندهێندە لێهاتووتر ببوو و شارەزایی له‌سەر زانستە جیاواز و جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت له‌سەر  مێژوو و ژیاری دەورەی ئیسلامی هێندە زۆر بوو که دەکرێ بەبێ زیادەڕۆیی بڵێم: کەماڵاتی زانستی و مەعنەویی ئەو بەڕێزەم له هیچ کام له زانایان و مامۆستایانی ئەلئەزهەر، کە ناودارترین و دیارترین مەکۆ و زانکۆی علومی ئیسلامییه، نەبینیوە.

جگە لەوەش له پلەی تەقوا و ڕەوشت و ئەخلاق‌دا به ڕادەیەک بەرز ببووە کە لەڕاستی‌دا فریشتەیەک بوو له‌سه‌ر دیمەن و ڕوخساری مرۆڤ‌، که بە تەواوەتی له دونیای ماددە و پەستییەکان خۆی پاراستبوو و له هەرا و هوریای ململانێ بۆ مانەوە و بەقا و دژبەری خۆی به‌دوور گرتبوو. هەموو کات و سات و هەناسەکانی خۆی بۆ ڕێنوێنیی خەڵک تەرخان کردبوو و جگه له‌ یادی خودا و موتاڵای کتێب و تەزکیە و خاوێن‌کردنەوەی نەفس و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەخلاق و ڕەوشت و خۆوخدەکانی، سەرقاڵی هیچ شتێکی دیکه نەبوو.

مامۆستا ئەحمەد تورجانی‌زادە له شوێنێکی ‌تردا له‌بارەی مامۆستا و کاکی خۆی دەڵێت: چونکە براکەم یا مامۆستاکەم پیاوێکی ڕۆشنبیر بوو، له ڕێگەی گۆڤارەکان و ڕۆژنامه فارسی و عەڕەبییەکانەوە له ڕووداوەکان و ڕەوتی ڕۆژگار و ژیار و زانستەکان زۆر بەقووڵی ئاگادار بوو؛هەروەها له‌سەر زانستە فەلسەفی و شەرعییەکان و هه‌یئه‌ت و ئه‌ستێره‌ناسیی كه‌ونارا. زۆرێک له بیرۆکەکان و زانستە نوێیەکان له بەڕێزیانه‌وه‌ فێر بووم و له‌ژێر چاودێریی مامۆستای دڵۆڤان و دڵسۆز و عیلم‌دۆستم، کەوا به‌سەر هەموو زانستێکی دەورەی ئیسلامیدا شاره‌زایی تەواوی هه‌بوو، گوڵبژێرێك له‌ خەرمانی زانست و فەزڵی ئەم زانا پسپۆڕەم به‌ده‌ست هێنا که له ڕاڤەکردن و شیکاری و وردەکارییەکان و ناسکكاری و وردبینی و تێبینیی جۆراوجۆردا، گەلێک لێهاتوو و شارەزا بوو و بایەخی زۆری پێ دەدا.

 عەللامه مەلا محەممەد قزڵجی، دامەزرێنەری دوو دیاردە و ڕەوتی زۆر پیرۆز و گرنگ و پڕبایەخ بوو له کوردستانی ئێران‌دا:

١) دامەزرێنه‌ری ڕۆژنامەوانیی کوردی بوو، وەک بەرپرسیار و سەرنووسەری ڕۆژنامەی «کورد»، کەوا ژمارەی یەکەمی له ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی له ورمێ بڵاو بووە و ئێستاش تەنها چوار ژمارەی له‌بەردەست‌ دایە.

٢) هەروەها دامەزرێنەری ڕووناکبیری و نوێبیریی ئایینی له کوردستانی ئێران و له سەردەمی نوێ بوو ؛ هەروەها دەستی کرد به چاکسازیی بەرنامە و پڕۆگڕامی پەروەردەی ئایینی لە فێرگه ئاینییەکان و تەدریسی فەلسەفە و حیکمەت و تەفسیر و مێژووی وەبرەو خست که له‌وەپێش باو نەبوو.

عەللامە قزڵجی له‌گەڵ خوڕافات و کۆنەپەرستی بەڕاشکاوی و بەچڕی خەباتی دەکرد، له ڕاستیا ئەو بەڕێزه زیندووکەرەوە و چاکسازێکی دینیی مەزن بوو کە بزاڤێکی گەورەی پێک هێنا، کەوا دواتر ئەو بزووتنەوەیە له ڕێگەی قوتابیانی هەڵکەوتووی کە هەرکامیان له زانایانی گەورەی کوردستان به هەژمار دێن، پەرەی سەند و گەشەی کرد و تا ئێستاش هەر بەردەوام بووە؛قوتابییانێکی وەکوو:

1: مامۆستای بلیمەت و هەڵکەوتە، مەلا ئەحمەد تورجانی‌زاده؛ 2: عەللامە مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە؛ 3: عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان؛ 4: مامۆستا مەلا موحەممەد خزری شنۆیی و هتد...

مامۆستا مەلا محەممەدی قز‌ڵجی جگه له‌وه‌یكه له لای باوکی زانا و پسپۆڕی خۆی خوێندی، له خزمەتی چەند مامۆستای دیكه وەکوو مامۆستا محەممەد حەسەن قه‌ز‌ڵجی (مامی خۆی) مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان سابڵاغی (فازیلی) و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا بوڕهانی، کەڵکی وەرگرتووە و فەقێیەتی کردووە و له كۆڕی وانه‌ و کۆزیلکەی زانستیی ئه‌واندا بەشداریی کردووە.

هەروەها جگە لەو قوتابییانه‌ی کە پێشتر ناوبران، ئەم کەسایەتییانەش له قوتابیانی مامۆستا قز‌ڵجی هه‌ژمار دەکرێن و له خزمه‌تیدا عیلم و زانست و مەعریفەیان وەرگرتووە:

1.خاڵەمین بەرزه‌نجی، شاعیری به ناوبانگی موکریان(١٢٨٤_١٣٧١)؛ 2. مەلا محەممەد جەریحی(١٢٨٥_١٣٢٣)؛ 3. مامۆستای نەمر مەلا محەممەد قازی، کوڕی قازی عەلی(١٢٧٩_۱۳۲٦)؛ 4. پڕۆفیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید كه‌ركووكی(بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی كورد و كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌وڵكه‌وته‌ی جیهانی ئیسلام)؛ 5. پڕۆفیسۆر تاها جابیرولعه‌لوانی، زانا و بیرمه‌ندی عه‌ڕه‌ب و نووسه‌ری به‌نێوبانگی جیهانی ئیسلام؛ 6. بانگخواز و چاکخواز و نووسەری ناوداری تازەکۆچکردووی عێڕاقی محەممەد ئەحمەد ڕاشید(١٣١٧_۱٤۰۳).

 

مامۆستا مەلا محەممەد قزڵجی کەسایه‌تییەکی به‌تەواوی مانا ڕووناکبیر و نیشتمانپه‌روه‌ر و نەتەوەخواز بوو و هەمیشه خاوەنی داڵغه و دڵبەستەی ئامانجگەلی شوناسخوازانە و نەتەوەپەروەرانە و هەروەها ئۆگری بزاڤ و جموجۆڵی کۆمەڵایەتی-ڕۆشنبیری بوو.ئەمەش له چەند شێعرێکدا که له بەڕێزیان بەجێ ماوە بە ئاشکرا دیارە، وەکوو چۆن له شێعرێکا دەڵێت:

هه‌ی تازه جه‌وان هه‌سته له غه‌فڵه‌ت ببه بێدار

ده‌ستێ بده‌ره ده‌سته‌یی شمشێری شه‌ره‌ردار

ئـه‌و مـه‌وته‌نی واڵایـه کـه چـاکتـر له به‌هه‌شتـه

قـوربانــی بـکه ڕۆح و حه‌یـات و زه‌ڕ و دینـار

 

له بواری بیر و هزردا مامۆستا مەلا محەممەد قزڵجی له شاگردانی مەکتەب و ڕێبازی ڕێفۆرمخوازی و چاکسازی و بووژێنەریی سەید جەماڵەددینی ئەفغانی و بەتایبەت چاکساز و بیرمەند و ڕاڤەکاری پێشەنگی جیهانی ئیسلام، ئیمام شێخ محەممەد عەبدە بەهەژمار دێت و له سەفەرەکەی بۆ میسر و زانکۆی ئەلئەزهەر له‌گەڵ تەواوی قوتابییه‌ گەورە و لێهاتووەکانی ئەو بلیمەتە مەزنەی جیهانی ئیسلام گفتوگۆ و باس و لێدوان و دۆستایه‌تی و هاوفیکری و هاوکاری هەبووه‌؛ دەکرێ بڵێین هیچ کام له کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکییە و سوورییە هێندەی مەلا محەممەد قه‌ز‌ڵجی شارەزایی و ئاشنایی له نێوەرۆک و قووڵایی و حەقیقەت و جەوهەری هزر و ئەندێشەی ساف و بێگەرد و بێخەوش و ڕوانگەی چاکخوازی و داڵغەی زیندووکەرەوەی ئیمام شێخ محەممەد عەبدە، نەبووه‌.

هەروەها هەرکام له قوتابییانی ئەم بەڕێزه به نۆڕەی خۆیان، ببوونە ڕێخۆشکەر و برەوپێده‌ری ئەندێشه و فیکر و کلوورەی بوژێنەرانە و ڕێفۆرمخوازانەی سەید جەماڵه‌ددینی ئەفغانی و ئیمام شێخ محەممەد عەبدە؛ هه‌م قوتابییانی کوردی ئێرانی و هه‌م شاگردانی کورد یان عەڕەبی عێڕاقیی ئەم زانا بلیمەت و بەڕیزە. مامۆستا مه‌لا محەممەد قز‌ڵجی له برەوپێدەران و وانەبێژان و ڕاڤەوانانی پێشەنگ و بێ‌ جێگرەوەی فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی بوو و کارامه‌یی و لێهاتوویەکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی له فەلسەفەی مه‌ششا و فەلسەفەی ئیشڕاق و حیكمه‌تی كرده‌یی و حیكمه‌تی هزری هەبووە و بە ڕاستی وانە‌بێژ و ڕاڤەکارێکی خاوەن‌ڕا و بێ‌هاوتای دەقە فەلسەفییەکان بووە.

کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم دووسەدەیەی دواییدا کەسایەتییەکی وەها بیرمەند و ڕووناکبیر و زانایەکی ئاوەها داهێنەر و دەسپێشخەر و ئافرێنەر و ڕچەشکێن و نوێخواز، کە له فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی خاوەن ڕوانگە و بیروکە بێ و پسپۆڕ بێ له وانەگوتنەوەی ئەم بوارە و لە برەوپێدانی بێ، بەخۆیەوە نەبینیبوو. له ڕاستییا ئەم مامۆستا پایەبەرزە گەیشتبووە پله و پێگه‌ی فەیلسووفی و ئەگەر کورد له سەردەمانی پێشوو و لە سەدەکانی پێشوو‌دا فەیلەسووفێکی وەکوو شێخی ئیشڕاقی هه‌بووە و فەخری پێوە کردووە، لەم چاخی دواییشدا مامۆستای بێ وێنە مەولانا محەممەد قزڵجی هەمان پێگە و جێگە و پلەی عیلمی و زانستی و ڕووناکبیری و مەعریفی و هزرڤانی هه‌بووه‌...





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد