تاريخ: ۱۵ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۲:۷ بازدید: 890      نظرات: 0      کد مطلب: 24976
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، نووسەر و توێژەر

«سروە»؛ لە هەڵکشان و گەشانەوەوە بەرەو داکشان و کووژانەوە

دیسان: بە بۆنەی 40ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزران و وەشانی گۆڤاری «سروە»وە


«سروە»، قوتابخانەیەکی پێشڕەوی ڕۆژنامەوانی بوو کە بە چەندین گوژمی شەپۆل‌ئافرێن و پڕتەوژم و گوتارخولقێن، مێژووی درەوشاوەی یەک‌سەدساڵەی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دابەش کرد بە دوو وارگەی سەرەکی: 1.قۆناغی ڕۆژنامەوانیی پێش«سروە»؛  2. قۆناغی ڕۆژنامەوانیی دوای«سروە». «سروە» گوتارێکی ڕۆژنامەوانیی پێشڕەو و جیاوازی ئافراند؛ گوتارێکی ڕۆژنامەوانیی وەچەهێنەر، زاوزێ‌کەر، نوێباو و گەڕیان‌خولقێن.

شوێن و دەوری مامۆستا قازی لەم گوتارخولقێنی و گەڕیان‌سازییەدا، بە دڵنیاییەوە لە هەموو کەسایەتییەک بەرچاوتر و بەرهەست‌ترە. مامۆستا قازی جیا لەم هەموو تایبەتمەندییانەی وا ئاماژەی پێکرا، سەرنووسەرێکی کادرخولقێن و ڕاهێنەر و پەروەردەکار بوو؛ بۆ وێنە گووران و بیچم‌گرتنی کەسایەتیی تەرز و بەرزی ڕێزدار مارف ئاغایی، گەر بەشێکی بە هۆی مرخ و لێهاتوویی خۆی و خۆڕاهێنان، خۆپێگەیاندن و خۆپەروەردکردنەوە بووبێ، بە دڵنیاییەوە بەشێکی بەرچاو و بەرهەستی بە هۆی خەمخۆری، دڵسۆزی، ڕاهێنان، بارهێنان و فێرکاریی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە، داهێنەرانە، پەروەردەکارانە و کادرپەروەرێنەرانەی مامۆستا قازی‌یەوە بووە؛ ئەم ڕاستییە لە خوێندنەوەی بیروەریی یارانی «سروە» لە بابەت هۆی سەرکەوت، پێشکەوت، گەشە و نەشەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی مارف ئاغایی، بە چەشنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرچاوە؛ تەنانەت مامۆستا ئەحمەدی قازی لە بابەت ورەوەبەرنان، ڕاهێنان و فێرکاریی زمانی ئینگلیسی و وەرگێڕان لەم زمانەڕا بۆ کوردی لە لایەن نەمر مارف ئاغایی‌‌وە، دەوری سەرەکی هەبوو و بوو بە هۆی ئەوەوە کە نەمر مارف ئاغایی زۆر سەرکەوتووانە، چەندین چیرۆک لە ئینگلیسی‌ڕا بۆ کوردی وەرگێڕێ؛ هۆکاری ئەم هەمووە خۆپێوەماندووکردنەی مامۆستا قازی بە مارف ئاغایی‌یەوە ئەوە بوو کە هیچ کەس بە ڕادە و ڕێژەی ئەو، مارفی ئاغایی نەدەناسی و خۆشی نەدەویست؛ خۆشەویستیی نێوان ئەوان پتر لە خۆشەویستی باوک و کوڕ دەچوو تا خۆشەویستیی نێوان دوو هاوکار. بەپێی گێڕانەوەی ڕاستگۆیانەی مامۆستا قازی، کاتێک مارف ئاغایی ساڵی66 لە جیات سەربازی و بەهۆی ناساغیی گورچیلەوە، ناردبوویانە «سروە»، ڕادەی کوردیزانی وکوردی‌نووسی‌‌یەکەی لە ئاستێکی سەرەتایی و نزم دابووە و بە هۆی مرخ و لێهاتوویی خۆی و بە پەیجۆری، مشورخۆری، بەدواداچوون و ئۆگری لەڕادەبەدەری خۆی، هەر بەم ڕادەیەش بە هۆی خەمخۆری، دڵسۆزی، ڕاهێنان، بارهێنان و فێرکاریی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و پەروەردەکارانەی مامۆستا قازی، ئاوا پێشکەوت و ئاوەها سەرکەوت و بەروە بەرازییەکانی داهێنانی ئەدەبی و هونەری و هەروەتر بەرەو لووتکەکانی نەمری هەنگاوی هەڵێناوە و ڕێگەی بڕی و ڕچەی کوتا و بەشی بەوەجی «ڕێنوێنیی ئەدەبی»ـی «سروە» یادگاری هەرماوی پێنووسیی پێشڕەو، بەرپرسیارانە، زانایانە و دەروەستی ئەم نووسەرە مەزنەی کوردە.

  لایەنێکی تری کەسایەتیی مامۆستا قازی کە وەک تاکەکەس، زۆر بەرزی‌خواز و کەماڵگەرا بوو، ئەوە بوو کە لە ئیشی گرووپی‌دا زۆر لێبووردە و پلۆڕالیست و فرەخواز بوو، واتە تۆلێڕانس و پێکەوەحاوانەوە و بایەخ‌دانان بۆ ڕای جیاواز و تەنانەت «دژبەر»، ڕەوشی ژیانی ڕۆشنبیرانەی ئەو بوو؛ بۆ نموونە ساڵی 79، لە لایەن تاقمێک لە نووسەرانی لاوی «سروه»، پێشنیار درا سەبارەت بە کردنەوەی بەشێکی نوێ بە ناوی «ڕچە»، لە بارستایی و بیچمی فایلێکی هەمیشەیی‌، لە بابەت ئەدەبی مۆدێڕن و بەتایبەت پۆست‌مۆدێڕنەوە؛ هەرچەند هەڵوێستی تاکەکەسیی خۆی، لە ئاست پۆست‌مۆدێڕنیسمی ئەدەبی وەک جموجۆڵێکی ناسەرکەوتوو، کەف‌وکوڵ‌ئاسا و دژە-داهێنان، هەڵوێستێکی تەواو نەرێتی و سەلبی بوو؛ بەڵام دەروەست‌بوون بە بنەماکانی پلۆڕالیسم، فرەدەنگی و دێمۆکڕاسی بوو بە هۆی «مودارا»ـی ئەو لە ئاست ئەم پێشنیارە؛ چون ڕەخساندنی دەرفەت و دەرەتانی نوێ بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونە جیاوازەکانی بواری ڕۆشنبیری و ئەدب لە گۆڤارێکی پێشڕەوی کوردی‌دا، بە ئەرکی ڕووناکبیرانەی خۆی دەزانی؛ هەرچەند بەهۆی پێوەندیی لەگەڵ ڕووناکبیران و نووسەرانی پێشڕەوی ئێران، ئاگاداری ناسەرکەوتوویی ئەم جموجۆڵە بوو لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی ئێران‌دا؛ هەر لەم کاتەش‌دا دڵسۆزانی شارەزا و ڕێبین هەستیان بەم ڕاستییە کردبوو کە، بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵناسیی ئەدەبی، تاقیکردنەوەی سەرلەنوێی ئەم ئەزموونە نەگووراوە، لە کۆمەڵگایەکی مەیلەو-تڕادیشناڵ‌‌دا، دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی بەرهەم‌هێنەریی داهێنەرانەی بەردەنگ‌تەوەر و لە ئاکام‌دا دابەزین و داڕمانی ڕێژەی خوێنەران و بەردەنگان و تەنانەت نووسەران و یارانی دێرینی «سروە»! سەد مخابن «سروە»، هەر ئەم جۆرەی پێشبینی کرابوو و چاوەڕوان دەکرا، بەهۆی«ڕچە»وە تووشی «نسکۆ و دۆڕان»ـێکی مێژوویی هات!

 

مامۆستا ئەحمەدی قازی، هەر لەم پێوەندییەدا، لە کتێبی ئۆتۆبیۆگڕافیکی«دەگەڵ تێپەڕبونی زەمان»، کە لەخۆگری ژیاننامە و بیرەوەرییەکانییەتی، ئاوا باسی «ڕچە» دەکا:

«... پاش چەند ساڵ کارکردن لەسەر گۆڤاری «سروە»، ئەوەم بۆم ڕوون بۆوە کە زۆرێک لە «خوێندەوارانی تازەپێگەیشتوو» بە ناردنی نامە و لە دیدارەکانمان‌دا، ڕەخنە دەگرن کە بابەتەکانی «سروە» سەلەفین و دەگەڵ ڕەخنە و مەعریفە نوێ‌یەکان وەک مۆدێڕنیسم و پاش‌مۆدێڕنیسم و ڕوانگە تازەکان یەک ناگرنەوە و پێویستە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی گۆڤارەکەدا پێک بێ، تا بتوانێ هاوکاری و سەرنجی ئەوانەی لە ئەدەبیاتی مۆدێڕندا شارەزان بۆ لای خۆی ڕاکێشێ... لەسەر ئەم بیرۆکەیە بەشێکمان بە ناوی «ڕچە»[لە ژمارە 173ـی «سروە»وە و لە سەرماوەزی 1379ـەوە]، بۆ وتارە تازەکان دەبەرچاو گرت، کە لەوێدا باسی وتاری ڕەخنەیی، مۆدێڕنیسم و پۆست‌مۆدێڕنیسم و ساختارشکێنی و ئەم جۆرە بابەتانە بڵاو دەکرانەوە؛ کردنەوەی ئەم بەشە هەر وەک گوتم ڕەخنەی زۆر کەسی بەدوا داهات... ناکرێ ئەوەش نەڵێم کە وتاری ئەو نوێخوازانە زۆرتر تەرجەمەی وتارە فارسی‌یەکانی کەسانێکی وەک «بابەکی ئەحمەدی» بوون و زۆریان کەم‌وکووڕی تێدابوو؛ وتارەکان ئەغڵەب بە زبانێکی «سەقەت» و «قۆڕ» و «نوقوستان» بڵاو دەبوونەوە؛ ئەم وەزعە تەنانەت بوو بە هۆی گلەیی و گازندەی زۆرێک لە نووسەران و لایەنگرانی پێشوومان...»(سەرچاوەی ژمارە:[12]، لل: 350 و351).

3 ساڵ دوای کرانەوەی بەشی «ڕچە»، لە پووشپەڕی 1382‌دا و لە ژمارە 204ـی «سروە»دا، وتووێژێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاعیری هەرەناودار، ئاوانگارد و پێشڕەوی کورد، مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەکرێ و لەوێ‌دا لە بابەت ئەم نووسەر و شاعیرە مۆدێڕن و پۆست‌مۆدێڕنانە و لە بابەت ئەم تاقمە لە شاعیران و نووسەران کە مامۆستا ئەحمەدی قازی زمانەکەیان بە زمانێکی «سەقەت» و «قۆڕ» «نوقوستان» ناودەبا، ئاوا دەڵێ:

«...[لە کوردستانی ئێران] نموونەی شێعر و نووسینی وەها ئەبینم کە بریتین لە لاسایی‌کردنەوەی کت‌و‌متی فۆڕمالیستەکانی ئێران و خاوەنی کەسایەتیی ئەدەبیی خۆیان نین. دەنگدانەوەی دەنگی ترن. ئیدیعایان لە ئیبداعیان گەورەترە. هێشتا ئەزموونی دیوانێکیان نییە و کەچی کە قسان ئەکەن نە «بۆدلێر» و نە « سان جۆن بێرس» و نە « ئێلیۆت» بەو شێۆە لەخۆبایی‌بوونە نەدواون! ئەمە کارەساتە و ئەدەبی ئەم جۆرە کەسانەیش لە کەفەژیلکە زیاتر نین. ناتوانن بە زمانی کوردی چەند ڕستەیەکی ڕاست و ڕەوان بنووسن، کەچی خۆیان بە نوێنەری تازەگەری و ئەودیوی تازەگەری لە قەڵەم ئەدەن...»

ئێستا و دوای بیست‌وپێنج ساڵ لە کرانەوەی بەشی«ڕچە»، کە ئەم نووسەر و شاعیرانە، هەرکام  بیست‌وپێنج ساڵ، واتە چارەگەسەدەیەک ئەزموونی نووسین و شێعردانانی مۆدێڕن و پۆست‌مۆدێڕنیان تێپەڕکردووە و بەپێی سروشت و بەڕواڵەت نابێ وەک ئەودەمە وا مامۆستا ئەحمەدی قازی و مامۆستا شێرکۆ بێکەس وێنایان کردبوون، لە دۆخی تاسەبار و کارەسات‌خولقێنی کرچ و کاڵی (و بە وتەی خۆیان: «شێتی و شینی و بەتاڵی!») و ئەستێوربوونی ئەدەبی و هونەریی ئەودەم‌دا مابنەوە؛ بەڵام زۆر بەداخەوە و سەد مخابن ڕەخنەگری پێشڕەو و توانا و زانا و پسپۆڕ و لێزان و دڵسۆز و بۆێری سەردەمی کورد، مامۆستا دوکتۆر بیلال ئەمینی، بە نووسینی چەندین ڕەخنەی تێروتەسەل و چڕوپڕ و بەپێز و بەهێز و زانستی و شڕۆڤەکارانە و مێتۆدیک و شێوازمەند و بەڵگەمەند و بابەتییانە، تەنانەت دوای خوێندنەوەی هاوسۆزانە و هاودڵانەی بەرهەمی هەرکام لەم نووسەر و شاعیرانە، بە هەموو خوێندەواران و خوێنەرانی ئەم بابەتانەی نیشان دا و بۆ مێژووی داهاتووی ئەدەبیی کورد و بۆ بەرەکانی داهاتووشی تۆمار کرد کە نە تەنیا هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ئەوکاتی مامۆستا ئەحمەدی قازی و مامۆستا شێرکۆ بێکەس و جمبوورەی جەماوەری دڵسۆزانی ڕەخنەگری تێگەیشتوو و ڕووناکبیر و زانا و توانا و تێبین و ڕێبین و خوێندەواری بواری زمان و ئەدەب و کەلتووری کوردی لەم سەردەمەدا، لە بابەت بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی «ڕچە»نووس، زۆر ڕاستگۆیانە و بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە و تێگەیشتووانە و پێگەیشتووانە بووە و تەواو لە جێی خۆی‌دابووە و پڕبەپێستی دیاردەکە و بابەتەکە بووە، هەروەها لە بابەت دۆخی ئێستاشیان، ئەم چەشنە ڕەخنەیە نەتەنیا بە وێنە و نموونە و بەڵگەیەکی ئێجگار زۆر و زەوەندترەوە وەڕاست‌گەڕاوە، بەڵکوو دوای تێپەڕبوونی ئەم سەردەمە و ئەم بیست‌وپێنج‌ساڵە و ئەم چارەگەسەدەیە، ڕادەی ڕاستگۆیی ئەم هەڵسەنگاندنە و ئەم ڕەخنەیە، زۆر پتر لە پێشوو بۆ هەمووان وەڕاست‌گەڕاوە و زۆر ڕوونتر لە پێشوو وەدیار کەوتووە و ئاشکرا بووە!(بڕ. سەرچاوەکانی: [5]،[6]و[7])

لێرەدا، وەک سووکەئاوڕدانەوەیەکی تێپەڕ، بەهۆی پێوەندیی بە ڕەوتی هەڵکشان و داکشان و گووران و بیچم‌گرتنی «سروە»وە، ئەم باسەمان هێنایە گۆڕێ و، دەکرێ لەجێی خۆی‌دا  بەچڕوپڕی و بە تێروتەسەلی و بابەتییانە و بەڵگەمەندانە، باسی درم‌ناسی و هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە بکردرێ.

لە کۆتایی‌ ئەم باس و لێدوانەدا، با ئەم ڕاستەقینە مێژووییە و ئەم تێبینییەشمان لەبیر نەچێ و وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە بە هۆی کەش و بارودۆخی هەستیاری دەیەی شەستی هەتاوی، بەپێی بڕیاری فەرمیی خاوەن‌مۆڵەت و بەرپرسانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی سەلاحەددینی ئەییووبی، دەبوو تێکڕای ئەم وتارانەی بۆ «سروە» دەهاتن، دوای پەسندکردن لە لایەن دەستەی نووسەران، ئەوجار دیسان، سەرلەنوێ و جارێکی تر لە لایەن دەستەی نووسەرانەوە، وەرگێڕدرابانە سەر زمانی فارسی تا بۆ پەسندکردنی سەرلەنوێ، خوێندنەوە و موتاڵا و پێداچوونەوەیان بۆ بکردرابایە!؛ دەی دیارە کە ئەم پڕۆسە و پێواژۆ نەخۆزاراوە، جیا لەوەی چەندین کێشە و پەڕاوێزی جیاجیای پێک‌دەهێنا و لە ئاکام‌دا دەبووە هۆی گلەیی و گازندەی زۆران، هەروەها دەبووە هۆی بەفیڕۆچوونی کات و وزە و ورە و دەرفەتێکی ئێجگار زۆری دەستەی نووسەرانی «سروە» و وەدواکەوتنی پڕۆسەی پەسندکردنی کۆتایی و ئامادەکردنی بابەتەکان بۆچاپ و بڵاوکردنەوە؛ دەی گەر لە بابەت سەرکەوتوویی لەڕادەبەدەری «سروە» بە بۆنەی گرینگی‌دان بە نامە و وتار و بابەتی ناردراوی خوێنەران و بەردەنگانی «سروە» و تەرخان‌کردنی ئەم هەمووە کات و دەرفەت و وزەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئیشە حەستەم و هەستیار و تاقەت‌پڕووکێنە ‌دا، ئەم دیاردە نەخۆزراوەش ڕەچاو بکەین، ئەودەم دێینە سەر ئەم باوەڕ و بۆچوونە کە «سروە»، لە بابەت گرینگی‌دان بە بەرهەمی ناردروای تێکڕای خوێنەران و بەردەنگانی خۆی و وڵامدانەوەی شیاو و گونجاو و بەبێ‌هەڵاواردن بە نامەکان، بە چەشنی ڕاستەوخۆ و ناردنی نامەی تایبەت بۆ ئادرێسی خوێنەران و بەردەنگان و نووسەران و هەروەها لە بەشی«ئێمە و خوێنەر»(لە نووسینی مامۆستا قازی) و لە بەشی «ڕێنوێنیی چیرۆک»(لە نووسینی مامۆستا قازی) و لە بەشی «ڕێنوێنیی ئەدەبی»‌دا(لە نووسینی نەمر مارف ئاغایی)، بەڕاستی لە سەرانسەری مێژووی 127ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا، بەبێ پێداهەڵگوتنی زێدەڕۆیانە و بەبێ‌ هیچ دەمارگرژییەک، تاقانە و بێ‌هاوتا و بێ‌میناک و بێ‌ڕکابەر و بێ‌وێنە و بێ‌جێگرەوە بووە.

 

9. ئاکامی باس و لێدوان:

لە کۆتایی‌دا، لە زمان «پڕۆفیسۆر جۆیس بلاو»، کوردناسی هەرەناوداری فەرەنسی، ئێژین: «سروە بە سەرنووسەریی ئەحمەدی قازی، دەورێکی مەزنی لە پەرەسەندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئێران‌دا گێڕاوە»(سەرچاوەی ژمارە:[10])؛ ئەوەشی لێ زیاد دەکەین کە هەر تاکێکی ڕووناکبیری کورد، هاوڕێ و هاوزمان لەگەڵ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی، هەتا هەتایە پێناوداری ئەم ڕاژە و خزمەتە پیرۆز و جیاوازەی مامۆستا ئەحمەدی قازی‌‌ـن، لەم چاخ و قۆناغە مێژووییە هەستیارەدا.

  ئەوە ماوەتە کە بڵێین، هەر باس و لێدوانێک لە «سروە»، یادگاری هەرە ئازیزی مامۆستا هێمن، بەبێ وەبێرهێنانەوەی قەدرناسانە و ئەمەگناسانەی ناو و یادی پیرۆزی ئەم شاعیرە مەزن و تاقانەیەی کورد، بۆشایی و کەم‌وکووڕییەکی زەق و بەرچاوی پێوە دیارە؛ مامۆستا هێمن دوای دەرکردنی 4 ژمارەی [وەرزنامەی ئەوکاتی] «سروە» و دانان و ڕۆنانی ئەندازیارانە ودڵسۆزانە و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانەی بناغە و هیم و دارەڕای کۆشکی زێڕینی «سروە»ـی نازدار و ئازیز و بەوەج و مەزن، کاتێکی کە سەرقاڵی گەڵاڵەداڕشتن بۆ وەشاندن و بڵاوکردنەوەی ژمارەی 5ـی «سروە» بوو، زۆر زوو و ناباوەڕانە ماڵئاوایی لە نیشتمان و زمان و وێژەی کوردی و لە «سروە» و ناوەندی بڵاوکردنەوی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی کرد؛ بەڵام وادیارە ڕۆحی بەرزی هێمن‌ـی مەزن ئاگاداری ئەو ماڵئاواییەی زوویە و هەروەها ئەو ڕاستییه بوو کە دەبێ نەمامە شلک و تازەنێژراوەکەی «سروە» بداتە دەست باخەوانێکی بەئەزموون و لێهاتوو و دڵسۆز و مشوورخۆر و پەیجۆر و خەمخۆر و خاوەن‌هەڵوێست و پێشڕەو و بوێری وەک مامۆستا ئەحمەدی قازی؛ هەر بۆیە «هێمن»ـی نەمر فەرموویەتی:

سروە هات خونچەگوڵی باخی ئەدەب پشکووتن

باخـــــەوانی گەرەکە تازە جەوان، من چ بکەم ؟

 

ژێرنووس:

مامۆستا شێرکۆ بێکەس، لە شوێنێکی تر، لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ شاعیری ناسراوی کورد، مامۆستا فەریاد شیری، دیسان پێداگری دەکا لەسەر ئەم بۆچوون و هەڵوێستەی خۆی لەبابەت شاعیرانی پۆست‌مۆدێڕنی کوردی ڕۆژهەڵات؛ وتووێژەکە لە لایەن ڕێزدار مامۆستا فەریاد شیری، بە فارسی وەرگێڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە و لەوێ‌دا لە بابەت «رویکردهای پست‌مدرنیسم در شعر شاعران جوان...»، پرسیار لە مامۆستا شێرکۆ بێکەس کراوە و ئەویش ئاوا ئێژێ:

«این نوع شعر که از آن نام بردی، بیشتر بە هذیان شبیه است. شعری کە راستی من از آن راضی نیستم... این شعرها من را اصلا" بە خود جذب نمی‌کنند. نه از مضمون و محتوایِ آن لذت می‌برم و نه از موسیقیِ آن. فاقد فضای تکنیکی و فنی‌اند و در حقیقت بیشتر به بازی با کلمه می‌مانند: ریختن کلمه روی کاغذ. من با شعری که از آغاز جذبم نکند، نمی‌توانم همراه شوم. اکثر آنها را پیش از آنکه به آخر برسند کنار می‌گذارم...»(سەرچاوەی ژمارە:[9])

 

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست:

مامۆستا ئەحمەدی قازی، وەک سەرنووسەرێکی دڵسۆز و ڕووناکبیر و بیرمەند، بۆ هەموو بەشەکانی گۆڤاری «سروە»، بەبێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک، بایەخ و گرینگیی شیاو و یەکسانی دادەنا؛ بەڵام لەم وتارەدا، بۆیە پتر جەخت‌کراوە سەر بەشی «ئێمە و خوێنەر»، کە ئەم بەشە لە لایەکەوە لە زۆربەی هەرەزۆری گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات، وەک بەشێکی لاوەکی و بێ‌بایەخ/ کەم‌بایەخ سەیری کراوە و کات و وزە و هێز و زانست و توانستێکی ئەوتۆی بۆ تەرخان نەکراوە؛ بەگشتی ئەم بەشە، یان لە بنەڕەت‌دا قرت‌کراوە و سڕدراوەتەوە و وەلاندراوە، یان بە چەشنێکی سەیر و سەمەره وەپەڕاوێز خراوە و دیزەبەدەرخۆنە کراوە؛ ڕێک بەپێچەوانەی ئەم ڕەوتە باوە گشتییەی گۆرین، لە گۆڤاری «سروە»دا، بەشی «ئێمە و خوێنەر»‒هەر وەک لە وتاری بەردەست‌دا بەتایبەتی ئاماژەی پێکرا و نموونەی بۆ هێنرایەوە‒ بەشێکی لەڕادەبەدەر هەستیار بوو و ئێجگار بایەخی پێ‌دەدرا و کات و وزە و هێز و زانست و توانستێکی لەڕادەبەدەری بۆ تەرخان دەکرا؛ جیا لە هەمووی ئەوانە بەشی «ئێمە و خوێنەر»، هەوەڵ ڕۆچنە و دەربیجەیەک بوو کە خوێنەران و نووسەرانی لاو و/یا تازەکار خۆیان و بەرهەمەکانیان تێدادەدیتەوە و بەهێنددەگیران و گرنگیی تایبەت و شیاو دەدرا بەم چینە لە خوێنەران و نووسەران، کە ئەمە خۆی‌لەخۆی‌دا دەبووە هۆی ئۆگربوون و بەردەوام‌بوونی ئەوان بۆ درێژەدان بە نووسین و داهێنان، لە بەستێنی زمانی کوردی‌دا. وەک ئاماژەی بۆ کرا، مامۆستا ئەحمەدی قازی، وەک سەرنووسەرێکی ڕووناکبیر و بیرمەند و ڕێبین و تێبین، بەبێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک، گرنگیی شیاو و یەکسانی دەدا بە هەموو بەشەکانی گۆڤاری «سروە»، بۆ وێنە گەر سەیرێکی وردبینانەی بابەتەکانی پێوەندیدار بە بەشی ئایینیی «سروە»(«وتاری ئایینی» و «گازە- موناجات») بکەین‒کە بەڕواڵەت دەبوو، ئەم بەشە بەشێکی لاوەکیی «سروە» بووایە، چون «سروە» پتر گۆڤارێکی فەرهەنگی-ئەدەبیی گشتی بوو، نەک گۆڤارێکی پسپۆڕانەی ئایینی-، دەبینین ناسراوترین کەسایەتییە ئایینی‌یەکانی ڕووناکبیری ئەو سەردەمی ڕۆژهەڵات، کە هاوکات پسپۆڕ و زانا و ڕووناکبیر و کوردی‌زان بوون، لە «سروە»دا قەڵەمیان تاو داوە و وتارەکانیان، لاپەڕەکانی «سروە»ی پێ ڕازاوەتەوە؛ زانایانێکی ڕووناکبیر و پایەبەرزی وەک: عەللامە مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، مامۆستا مەلا محەممەد ڕەبیعی، مامۆستا مەلا سەید تاهیر هاشمی، مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم‌زادە، مامۆستا مەلا ڕەشید بورهانی، مامۆستا مەلا سابیر خودامرادی، دوکتۆڕ مەلا مستەفا مەحموودیان، دوکتۆر مەلا محەممەدساڵح ئیبڕاهیمی، مامۆستا مەلا ساحیب یۆسفی، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ناسری و...

 

✔️ ئەم وتارە لە ژمارە41ی گۆڤاری «بەیان»، پووشپەڕی 1404دا بڵاوکراوەتەوە. سەرچاوەکانی ئەم وتارە لە نووسینگەی «هاژە»دا پارێزراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد