تاريخ: ۸ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۱۷:۴۶ | بازدید: 808 نظرات: 0 کد مطلب: 24931 |
بە بۆنەی 40ـەمین ساڵوەڕەگەڕی دامەزران و وەشانی «سروە»وە
1. پێشەکی:
مامۆستا ئەحمەدی قازی، کەسایەتییەکی فرەڕەهەند و فرەدەنگ و فرەبواری گۆڕەپانی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردییە، کە لە لایەک وێژەر و وێژاوەر و وتاردەرەێکی کەمهاوتایە، لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی هەڵسووڕاو و پێشەنگی گۆڕەپانی ڕۆژنامەوانیی کوردییە، هەروەها بیرمەندێکی چاکخوازی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییە؛ هەروەتر لە لایەکی تریشەوە بەرگریکار و داکۆکیکەرێکی کەمهاوتای مافی ڕەوای فێرکاری بە زمانی زگماکییە، جیا لە هەمووی ئەوانەش، زمانزان و زمانناسێکی پەیجۆر و مشوورخۆری نۆژەنکردنەوە و داڕشتنەوە و بیناکردنەوەی سەردەمیانەی"خانوولەی زمان "ـە، وەک هیم و دارەڕا و هێما و هەوێنی شوناسی کەلتووری و نەتەوەیی، سەرەڕای تەواوی ئەوانەش چیرۆکنووس و تەنزنووس و شاعیر و مێژوونووسە و، لە هەمووانیش بەرچاوتر و دیارتر و بەرهەستتر، وەرگێڕێکی خاوەنشێواز، خامەڕەنگین، بلیمەت، پێشڕەو و پێشەنگ و داهێنەرە .
هەر بە پێی ئەو فرەرەهەندبوونەیەوە، سروشتییه که مامۆستا قازی سەرەڕای سەرجەم ئەو ناسناوانە هەڵگر و شیاوی ناسناوی «ڕووناکبیر»یش بێ چون بە پێی پێناسەی «بابەک ئەحمەدی» لە پەڕتووکی «کار روشنفکری»دا سەرەکیترین ئیشی ڕووناکبیر بریتییە لە «بەرفروانکردنەوەی پانتایی و جەغزی ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی و شەتەکدان و پێکەوەلکاندنی ئاسۆی گوتارەکان و دیسکۆڕسەکانی تر بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی»؛ دەی گەر لەو کڵاوڕۆژنەوە سەیری ئیش و چالاکی و بەرهەم و ئاسەواری بەپێزی مامۆستا ئەحمەدی قازی بکەین دەبینین کە ئەم کەسایەتییە پایەبەرزە، ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی کە گوتار و دیسکۆرسی«زمانەوانی_وەرگێڕان»ـە، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە، بەرفراوان و بەربڵاوی کردووەتەوە و شەتەکی داوە و لکاندوویەتی بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی «مێژوویی» و گوتار و دیسکۆڕسی «مافخوازی» و گوتار و دیسکۆڕسی «چاکخوازیی ڕامیاری_کۆمەڵایەتی»؛ لە هەموویانیش بەرهەستتر: گوتار و دیسکۆڕسی «ڕۆژنامەوانی پێشڕەو و پێشکەوتنخواز». هێما و ڕەمزی هەرماوی و نەمری ئەو کەسایەتییە فرەدەنگ و فرەڕەهەندانەش هەر لەو ڕاستەقینە دایە و بەس؛ ڕووناکبیرانی فرەڕەهەندی گەلویست و شوناسخواز و پێشڕەو و پێشەنگ نامرن و زیندوون و ناو و یاد و بیرەوەرییان لە زەین و بیر و بیرگە و بیرۆکەی بەرەکانی داهاتوو و جەمبوورەی جەماەردا و، بە درێژایی مێژوو زیندوو ڕادەگیرێت.
2. بیرەوەرییەکی تایبەتی، لە پێوەندیی لەگەڵ فرەڕەهەندبوونی کەسایەتیی مامۆستا ئەحمەد قازی:
لێرەدا بیرەوەرییەکی تایبەتی دەگێڕمەوە کە لایەنێکی تری فرەڕەهەندبوونی مامۆستا قازیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە: کاتێ خوێندکاری قۆناغی دوکتۆڕای زمانناسی بووم مامۆستایەکی زانام هەبوو بە ناوی«پڕۆفسیۆر محەممەد فەڕروخپێی»، کە قوتابیی «چامسکی» بوو لە قۆناغی دوکتۆرای زمانناسیدا؛ ڕۆژێکیان بە پرسۆکی و تامەزرۆیی، ساڵی لەدایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسیەکەیم پرسی، لە وڵامدا گوتی: لەدایکبووی 1315م و ساڵی 1337، لیسانسی زمانی ئینگلیسیم لە «دانیشسەرای عالیی تاران» وەرگرتووە؛ ئینجا وەبیرم هاتەوە کە ڕێک ساڵی لەدایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسی ئینگلیسیی مامۆستا ئەحمەدی قازی ئەم ڕێکەوتەیە؛ بۆیە لێم پرسی کە بڵێی جەنابت هاوپۆلی قۆناغی خوێندکاریی مامۆستا ئەحمەد قازی نەبووبی؟ دیتم بە سەرسوڕمان و گەشە و نەشەیەکی چاوەڕوان نەکراوەوە گوتی: «بەرێوەڵڵا! ئەحمەدی قازی هاوپۆل و هاوکلاسیم بووە و لە هەموو هاوپۆلەکانی ئەوکاتی ئێمە وریاتر و و زیرەکتر بوو و خوێندکاری پلەهەوەڵی پۆلەکەمان بوو!؛ بەڵام ئێمە ترسەنۆک بووین و ئەو چاونەترس و بوێر بوو و سەرقاڵی چالاکیی خوێندکاری و ڕامیاری بوو و دەستبەسەرکرا و کەوتە بەندیخانە و دوای وەدەرنانی لە ئیشی فەرمانبەری، لە «کانون ملی زبان ایران »، لە تاران سەرقاڵی وانەوتنەوە بوو و چەندین بەرهەمی بەپێز و بەهێزی لە ئەدەبیاتی ئینگلیسییەوە، لە کۆتایی چلەکان و پەنجاکان وەرگێڕا و لە لایەن پەخشانگە ناودارەکانی ئێران بڵاوبووە؛ دوایەش ئیدی ئاگاداری هەواڵی نەبووم تا ئێستا کە تۆ باسی ئەوت هێنایە گۆڕێ! ڕاستی ئەحواڵی چۆنە؟ چ دەکا و سەرقاڵی چییە؟» منیش کە بە تامەزرۆیی گوێبیستی ئەو بیرەوەرییانە بووم و لە ناکاو ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەی مامۆستاکەی ئێستای خۆم و هاوڕێ و هاوکلاسی دێرینی مامۆستا ئەحمەدی قازی بووم گوتم: «بەداخەوە جۆزەدانی ئەمساڵ [1394] دڵە گەورەکەی مامۆستا ئەحمەدی قازی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد»؛ خوێندکارەهاوپۆلەکانم کە بە منەوە 8 کەس بووین، دوابەدوای هاتنەخواری ئەسرینی بەکوڵ لە گۆنای مامۆستاکەمان، ئێمەش کوڵی گریانمان هەستا و...
3. چاوەدێریی هەمەلایەنەی سەرنووسەرێکی فرەڕەهەند:
لە ڕۆژنامەکان و گۆڤارە گشتییە پێشکەوتووەکانی سەردەمدا، بەپێی شێوازێکی سەردەمیانە، وا باوە ئەم بەشانەی هەمیشەیی و جیگیر و نەگۆڕن، لە ڕۆژنامە یان گۆڤارەکەدا، «دەبیر/بەرپرس» ێکی پسپۆڕی ئەم بەشەی بۆ دابین دەکەن تا دابەشکاریی پسپۆڕانەی ئیش و ئەرکەکان ببێتە هۆی ئاسانکاری و پێشەوەچوونی ساکار و سانا و شێوازمەندی ئەرکەکان؛ وەک «بەرپرسی بەشی هەواڵ»، «بەرپرسی بەشی وەرگێڕان»، «بەرپرسی بەشی مێژوو»، «بەرپرسی بەشی زمانەوانی»، «بەرپرسی بەشی تەنز»، «بەرپرسی بەشی وڵامەکان»، «بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی»، «بەرپرسی بەشی ڕەخنە» و...؛ لە گۆڤاری «سروە»دا، ئەم دابەشکارییە، بە چەشنێکی ڕێژەیی کرابوو و زۆربەی بەشەکانی گۆڤاری «سروە» بە پسپۆڕی تایبەت بەم بەشە سپێردرابوو؛ مامۆستا ئەحمەدی قازی جیا لە ئەرکی هەستیاری سەرنووسەریی گۆڤارێکی ئاوا بەڕمێن، بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی تایبەت و شارەزا، لە نێو ئەندامانی ستافی گۆڤاری «سروە»، لە چەندین بەشدا، بەهۆی ئەوەوە کە ئەم ستافە سەرجەم چەند کەس بوون و هەرکەسەی بەشێکی تایبەتی پێ سپێردرابوو کە لەم بەشەدا پسپۆڕی/ئۆگری هەبوو، ئیدی کەسی تر نەدەمایەوە کە ئەو چەند بەشەی تری پێ بسپێردرێ؛ ناچار مامۆستا ئەحمەدی قازی خۆی ئەرکی بەرپرسی و بەڕێوەبردنی ئەم بەشانەشی بەئەستۆ گرتبوو(جیا لە ئەرکی لەڕادەبەدەر هەستیار و تاقەتپڕووکێن و حەستەم و کاتگری سەرنووسەریی گۆڤارێکی لەگوێن «سروە»، کە لەو سەردەمەدا «تاقانە»ش بوو)؛ ئەم بەشانەی دی کە بەرپرسی پسپۆڕ و لێهاتوو و شارەزا و بەئەزموون بۆ ئەوان، لە نێو ستافی «سروە»دا بوونی نەبوو، بریتی بوون لە: «بەشی تەنز»، « بەشی وەرگێڕان»، « بەشی وڵامەکان»، «بەشی زمانەوانی»، « بەشی بژارکاری/پێداچوونەوە/ویراستاریی زمانزانانە و زمانەوانانە و پسپۆڕانە»، هەروەها «وتاربێژ و وتادەری زانا و زمانپاراو و لێزان و وێژاوەر بۆ کۆڕ و کۆبوونەکانی فەرهەنگی و ئەدەبی تایبەتی گۆڤاری «سروە» لە شارە کوردنشینەکان یان بۆنە و کۆبوونە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی دی، جیا لە هی خودی سروە.»
بەشی وڵامەکان، کە بەرپرسەکەی مامۆستا قازی بوو، بە بڕوای من بەشێکی ئێجگار هەستیار و گرینگ و شوێندانەر بوو و شێوازێکی زۆر پێشکەوتووانەشی هەبوو و خۆی دوو لقی لێ دەبۆوە:1.بەشی وڵامدانەوەی نامەی خوێنەران، واتە «ئێمە و خوێنەر»، لە دوو-سێ لاپەڕە، لە لاپەڕەکانی کۆتاییی گۆڤاری «سروە»دا؛ 2. بەشی وڵامی نامەکان، بە ناردنی نامەی تایبەت بە ئادرێسی پۆستیی خوێنەران و بەردەنگان.
4. بیرەوەرییەکی خۆم، لە وڵامدانەوەی دڵسۆزانەی مامۆستا ئەحمەد قازی بە نامەیەکم:
من خۆم هاوینی 1375، لە ڕێگەی پۆستەوە، وڵامی نامەیەکم بۆ هاتەوە کە بە خەتێکی خۆشی مامۆستا ئەحمەدی قازی نووسرابوو کە چەندین ڕێنوێنیی ڕوونکەرەوە و زانایانە و پەروەردەکارانە و فێرکارانەی بۆ نووسیبووم لەبابەت وەرگێڕانی چەندین شێعر کە لە ئینگلیسیڕا وەرمگێڕابوونەوە سەر زمانی کوردی و فەرمووبووی کە دەکرێ جیا لەو وەرگێڕانەی تۆ ئاواشیان وەرگێڕین؛ دوایە نووسێبووی: بە بڕوای تۆ لەم وەرگێڕانانە، کێهایان بەپێزتر و پاراوتر و ڕەوانتر و داهێنەرانەترن؟ دواتریش چەندین خاڵی سەرەکی و بنچینەیی و زمانەوانانەی لە بابەت وەرگێڕانی شێعر بە شێعر، لە دوو زمانی جیاوازدا، بۆ نووسیبووم. دیارە هەر بەم بەهێندگرتنەی وەرگێڕانەکانم لە لایەن «سروە» و لە لایەن سەرنووسەری ئەم گۆڤارە واتە مامۆستا ئەحمەدی قازی کە ئەم خاڵە ڕێنوێنیکەرانەی بۆی نووسیبووم، دوای ئەم نامەیە، چەندین وەرگێڕدراوی شێعر بە شێعری خۆم، لە ئینگلیسیڕا بۆ کوردی، بۆ «سروە» نارد، کە هەر هەموویان چاپ و بڵاوبوونەوە. دواتریش، هەر له سەر بنەمای ئەم ڕێنوێنییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانەی مامۆستا ئەحمەد قازی، چەندین شێعری ئینگلیسیی دیکەم وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و هەر هەموویان لە گۆڤاری مەهاباد و چەندین گۆڤاری تردا چاپ و بڵاوبوونەوە. دواتر و دوای خانەنشینبوونی مامۆستا ئەحمەد قازی لە «سروە» و لە ئینتشاراتی سەلاحەددینی ئەییووبی و نیشتەجێبوونیان لە مەهاباد، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە پتر لە پێشوو بە خزمەتی بگەم؛ لەم چاوپێکەوتنانەدا کە پتر لە ماڵە خۆی بە خزمەتی دەگەیشتم، هێندەی تر لە ڕێنوینییە بەکەلک و بەپێز و جیاوازەکانی، هەم لە بابەت وەرگێڕان بەگشتی، هەم لە بابەت وەرگێڕانی ئەدەبی بەتایبەتی، هەم لە پێوەندیی لەگەڵ وەرگێڕانی شێعر بە شێعر، لە ئینگلیسیڕا بۆ کوردی، ئەوپەڕی چێژ و بەهرە و سوودم لێ وەرگرتن و وەک وانەگەلێکی بایەخدار و بابەتییانە و تایبەت، بەردەوام سەرنجم داونەتێ.
5. بیرەوەریی نووسەرێکی دی لە پێوەندی لەگەڵ وڵامدانەوەی دڵسۆزانە بە نامەکەی، لە لایەن مامۆستا ئەحمەد قازییەوە:
بیرەوەرییەکی دی، دەقاودەق لە زمان ڕێزدار جەماڵەددین ئەحمەدیان، تەنزنووسی خاوەنشێواز و کاریکلیماتۆڕیستی پێشڕەو، دەگێڕمەوە کە ئەویش ئەزموونێکی لەم چەشنەی هەبووە:
«ساڵی 1381 بوو، یەک-دوو ساڵ بوو دەستم بە نووسین کردبوو، کورتەنووسراوەیەکی مەیلەوتەنزم نووسیبوو و هاوڕێی نامەیەکی چەنددێڕی ناردبووم بۆ گۆڤاری «سروە». دوای ماوەیەکی کورت-وابزانم مانگێک-لە بەشی «ئێمە و خوێنەر»دا، وڵامی کورتەنامەکەم وێڕای چەند دێڕێک لە نووسراوە مەیلەوتەنزەکەم چاو پێکەوت.
ئەوەی کە دەکرا وڵامێکی بەرپرسانە بایە (بەرانبەر کورتەنووسراوە مەیلەوتەنزەکەی من) ئەوە بوو کە بگوترێ: «یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تەنز، خۆپاراستن لە دەربڕینی ڕاستەوخۆ و بە گوتەیەکی دیکە پەنابردن بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆیە.»
ئەوە دەیتوانی ڕێنوێنییەکی جوان و گونجاو بێت؛ بەڵام کاک ئەحمەدی قازی لەگەڵ ئەوە کە خۆی تەنزناس بوو، وڵامێکی لەو چەشنەی نەدابۆوە.
- وەک لە دەقی وڵامەکەی کاک ئەحمەد دەردەکەوێ - بەڕێزیان زۆر دڵسۆزانە لەگەڵ خاوەنی نووسراوەکە (کە نووسەرێکی تازەکار و لاو بوو)، بەرەوڕوو ببۆوە و دیارە وای بە باش زانیبوو کە کەسێک کە لە قۆناغی سەرەتایی نووسین دایە، باشترین چەشنی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو، دڵگەرمکردنی ئەو بۆ نووسینە. بێجگە لە ئەوەش ناڕاستەوخۆ هەمان ڕێنوێنی (واتا: خۆپاراستن لە دەربڕینی ڕاستەوخۆ و لەکارکردنی دەربڕینی ناڕاستەوخۆ) لە وڵامەکەدا بوونی هەبوو؛ ئەو چەشنە بەرەوڕووبوونەوەیە لەگەڵ نووسەرێکی تازەکار و نووسراوەکەی، هەر لە دڵسۆزێکی زیرەک دەوەشێتەوە کە لە هەمان کاتدا کە خۆی بە ئەرکدار دەزانێت کە ڕێنوێنیی تازەنووسەرێک بکات، ئەرکەکەشی زۆر بە زرینگی جێبەجێ دەکات. ئەوە خۆی خۆبەکەمگرتنی کەسایەتییەکیش دەردەخات، کە بابەتێکی ئاوا، سووک و ئاسان لەسەر خۆی لا نابات و وەخت و هێزی بۆ دادەنێت تا وڵامێکی شیاو بداتەوە و ئەوەش ڕێزدانانێکە بۆ نووسەرێکی تازەکار و لەڕاستیدا بۆ نووسین. لێرەدا دەقی وڵامەکەی کاک ئەحمەد دەنووسمەوە:
مەهاباد - بەڕێز جەماڵ ئەحمەدیان
نامە و تەنزەکەت گەیشتە ئەم ناوەندە. پێشەکی سپاس لەو هەموو پێزانین و خۆشەویستییە. لە خوا دەپاڕێینەوە شیاوی ئەو لوتفە بین و بتوانین ویستی یارانی ڕێگا بەراورد بکەین. ئەو تەنزەی بۆت ناردبووین دژی ئافرەتان بوو. ئەوەتا لە بەشێک لەو تەنزەقوڵەدا نووسیوتە:
«هەر دەڵێی شۆڕش کراوە و پیاو کە جاران فەرمانڕەوا بوون کەچی ئێستا ژن ئاغایەتی دەکا. پیاو بێدەسەڵات بوون. هەر بینا وەک قسە لە مافی ژن (فیمینیسم) دەکرێ، چەند ساڵی دیکە قسە لە خورانی مافی پیاو بکرێ و...»
دەیجا چ دەبێ! خۆ دنیا ناڕووخێ، با ماوەیەکیش دەسەڵاتی دنیا بکەوێتە دەست ئافرەتان. لەو چەند هەزار ساڵەدا کە پیاو هەمەکارە بوون، بێجگە لە شەڕ و کوشتوبڕ و سووتاندن و تاڵانکردن و چەوساندنەوە، چ گوڵێکیان لە لاجانگی مرۆڤایەتی داوە!؟
ئێمە ئەندامانی بەشی «ئێمە و خوێنەر»، کە پاش تێپەڕکردنی دەورەی بەردەداری و ئاژەڵداری و وردەبۆرژوازی و بۆرژوازی و سوسیالیزمی شۆڕشگێڕانە و مۆدێڕنیسم و پۆستمۆدێڕنیسم، گەیشتووینە سەردەمی فیمینیسم، پێمان وایە دەبێ نۆبەی دەسەڵاتداریی لە ماڵ و کۆمەڵ و جیهاندا بدرێتە دەست ئافرەتان، بەڵکوو ئێمەی پیاویش هێندێک وەحەسێین و لە ماڵدا خەریکی قاپ ودەفر و ئامان شتن و لێنان و خاوێنکردنەوە بین و خوشکەکانمان لە مەزرا و کارخانە و مەعدەنی ڕەژی و سەربازخانە و... پاچ و پێمەڕە و تفەنگلەشان، بێن و بچن و بزانن دنیا چ باسە! جا کەوابوو، بێدەغدەغە هەر لەمڕۆوە دەژوورێ خزێ و دەستبکە بە گەسکلێدان و پیواز و یاڕەڵماسی پاککردن و هەرێمی دەسەڵات بدە دەست خێزان و دایک و خەسوو و...خاترجەم بە، پاش دەورەیەک دەسەڵاتداری دەگەڕێنەوە و دەڵێن: ئەیەڕۆ! بابانێکمە خۆ نەمانزانی دەسەڵات ئەوەیە! پیاوەکە گیان هەستە با گەسکێک لە ژوورەکان بدەم و بۆ نەهارێش کفتە و شۆرباوکەت بۆ لێنێم!!
ئەودەم دەورانی مێژوویی فیمینیسمیش وەک هینەکەی شووڕەوی، خۆی لە خۆوە، دادەڕمێ و دەچینەوە سەر حوللـەمەرەسێ و پرتەوبۆڵەی ئافرەتانیش کۆتایی پێ دێ!» (سەرچاوەی ژمارە:[4])
6. ڕەوشی بەشی «ئێمە و خوێنەر»، سەبارەت بە بابەت و نامەی ناردراوی خوێنەران و نووسەرانی تازەکار و/یا لاو:
لەم بیرەوەریانە و لە تێکڕای ئەزموونی هاوچەشنی ئەوان دەردەکەوێ گەر نووسەرێکی تازەکار و/یا لاو بابەتێکی ناردبایە بۆ «سروە»، دوای ماوەیەک لە لایەن «سروە»ڕا نامەیەکی بۆ دەهات و وێڕای سپاس، ئاگادار دەکرایەوە کە نامەکەی گەیشتووە و بابەتەکەش بەم زووانە دەخوێندرێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدرێ کە بڵاوبکرێتەوە یان نا. گەر بابەتەکە بڵاو کرابایەوە، ئیدی پێویست نەبوو کە لە بەشی«ئێمە و خوێنەر»دا، ڕێنوێنی بکرێ؛ بەڵام گەر بابەتەکە بڵاو نەکرابایەوە، لە بەشی«ئێمە و خوێنەر»دا، وێڕای ئەوەی بەشێکی کورت لە بابەتەکە چاپ دەبوو، ڕێنوێنیی پێویست و دڵسۆزانە و بابەتییانە و پسپۆڕانە، لە لایەن مامۆستا ئەحمەدی قازی، بۆ ئەم نووسەرە دەنووسرا. دیارە هەر نووسەرێکی لاو و/یا تازەکار بابەتی بۆ «سرو» ناردبێ، بەبێ هیچ هەڵاواردنێک، ئەم نامە و/یا وڵامانەی پێ گەیشتووە.
بەشی «ئێمە و خوێنەر»، بەشێکی دوو-سێلاپەڕەیی هەمیشەیی گۆڤاری «سروە» بوو کە لە دوایین لاپەڕەکانی هەموو ژمارەکانی «سروە»دا بڵاودەکرایەوە و ئەرکی نووسەریی ئەم بەشە، بە هۆی هەستیاریی لەڕادەبەدەری کە بەرپرسیار و عۆدەداری وڵامدانەوەی بابەتی ناردراوی نووسەرە لاو و/یا تازەکارەکان بوو، بە پێی ئەزموون و زانایی و توانایی و پسپۆڕیی فرەڕەهەندی مامۆستا ئەحمەدی قازی و هەروەها دڵسۆزیی بێمیناکی ئەو بۆ پەروەردە و ڕێنوێنیی لاوان و تازەکاران، کەوتبووە ئەستۆی ئەوەوە.
7. گرنگایەتیی جیاوازیی شێوازی بەرەوڕووبوونەوەی «سروە»، لەگەڵ بابەتی ناردراوی خوێنەران و نووسەران:
ئاخۆ بۆچی جیاوازیی شێوازی بەرەوڕووبوونەوەی «سروە»، لەگەڵ بابەتی ناردراوی بەردەنگان و خوێنەران، گرنگێکی ئاوەهای هەیە و ئەو هەمووە جەختی لەسەر دەکرێ؟
«کاتێک چەشنی ڕووبەڕووبوونەوەیەی «سروە» کە باسی لێکرا و شیکرایەوە و وێنە و نموونەی بۆ هێنرایەوە، لەگەڵ چەشنی ڕووبەڕووبوونەوەی زۆربەی هەرەزۆری بڵاوکراوە کوردییەکانی ڕوژهەڵاتی کوردستان پێکدەگرین و بەراوردیان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە «ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی»، بەڕاستی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەب بووە» (سەرچاوەی ژمارە:[4])؛ بە پێچەوانەی نزیک بە هەمووی ناوەندە بەناو-فەرهەنگییەکانی بڵاوکردنەوەی دیکە کە بەرەوڕووبوونەوەیەکی نابەرپرسیارانە، نادڵسۆزانە، ناحیرفەیی، نافەرهەنگی و، تەنانەت قەرزدارانە و منەتبارانە و دەستتێوەردەرانەیان هەیە!
جا ئەو چەشنە بەرەوڕووبوونەوەیە (بەرەوڕووبوونەوەی حیرفەیی و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە)ی گۆڤاری «سروە»، لە کاتێک دابوو کە «سروە»، خوێنەر و لایەنگریشی ئێجگار زۆر بوو و ڕمێنێکی لەڕادەبەدەری هەبوو و چون لە ڕۆژهەڵاتدا تاقانە بوو، نامە و بابەتگەلێکی زۆر و زەوەند و بێژماری بۆ دەناردرا؛ هەر بەو پێیە، تیڕاژی «سروە» لە ساڵەکانی 1364 هەتا سەرەتای ساڵی 1378 (ڕێک پێش دامەزرانی بەشی «ڕچە» لە سروەدا)، بە گوتەی بەرپرسانی «سروە» و مامۆستا ئەحمەدی قازی، نزیکەی 20هەزار نوسخە بوو و لە تێکڕای ئەو وڵاتانانەی دنیا کە کوردی لێ دەژیا، «سروە» ئابوونەی هەبوو و لە هەمووی ئەم وڵاتانە دەخوێندرایەوە و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەشڕا نامە و بابەتی نووسراوی بۆ دەهات.
سەرەڕای تەواوی ئەوانە، لە حەفتاکانی هەتاویڕا، تا نزیکەی چوار-پێنج ساڵ، تاقمێکی زۆر لە نووسەرانی باشوور کە بە هۆی کۆڕەوەکەی 1370 ڕوویان کردبووە ڕۆژهەڵات، ئەوانیش بەتایبەتی و زۆر پتر لە جاران، ببوونە خوێنەر و نووسەر و بەردەنگی چالاکی «سروە» و دەبوو لەوەبەدوا، نامە و بابەتی ئەوانیش بخوێندرێتەوه و وڵامیان بدرێتەوە و وتار و بابەتیان لێ بڵاو بکرێتەوە. هەر لەو ساڵانەدا وا هەبووە وتاری پوخت و پاراوا و چڕوپڕی نووسەرێکی ناسراو، بە هۆی ڕمێنی لەڕادەبەدەر و چاوەڕواننەکراوی «سروە» لەم چەند ساڵە ئاماژەپێکراوانەدا، دوای یەکسال یان پتر نۆبەی چاپ و بڵاوبوونەوەی دەگەیشتێ، بەڵام بە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی حیرفەیی و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەی «سروە» بە پێی پڕێنسیپەکانی بەرزی مۆڕاڵی ڕۆژنامەوانی، گلەیی و گازندەیەکی ئەوتۆ نەدەهاتە گۆڕێ.
هەر ئەوە وای کردبوو کە چاپ و بڵاوبوونەوەی وتار و بابەت لە «سروە»دا دەبووە هۆی بەخۆخوڕین و شانازی و ڕەواییپێدانی ئاست و پێگەی ڕووناکبیریی نووسەری وتارەکە لە لایەن کۆمەڵگاوە؛ بە شێوازێکی تایبەتیتریش لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکاندا، چەشنێکی ڕاستەقینە لە پڕستیژی کۆمەڵایەتی و هەروەها لەدرێژماوەدا و بە بەردەوامبوونی چالاکییەکانی لەم گۆڕەپانەدا، سێچەشنی سەرمایەی «فەرهەنگی» و «کۆمەڵایەتی» و «نەمادینی» ئاماژەپێکراوی بۆڕدێوی بۆ ئەو نووسەرە مسۆگەر دەکرد.
بە پێچەوانەی بڵاوکراوەکانی ئێستا، کە بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەشی خوازەیی و، هەروەها غیابی ئەم مۆڕاڵی حیڕفەیی و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەیەی وا لە بابەت «سروە»وە بوونی هەبوو و لە نێو زۆربەی هەرە زۆری بڵاوکراوەکانی ئێستای ڕۆژهەڵات بوونی نییە، هەروەتر زۆر کێشەی لاوەکی تر وەک وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک، بۆ ئامانجێکی ناڕۆشنبیری و ناکەلتووری و هەلپەرستانە و، قۆستنەوەی ئەم پێگەیە وەک هەل و دەرفەت و پەیژەیەک بۆ خۆهەڵکێشان و بۆ دەسکەوتی کەسی و تاکی و دەسکەوتی کۆتاماوەی خۆمانە و تاقمچیانە_ بەم هۆکارگەلە و لە هەمووشیان گرینگتر کێشەی «غیاب»ـی دڵسۆزی و بەرپرسیاری_ بەردەنگ و خوێنەریان تا ئاستێکی تەواو قەیراناوی دابەزیوە و بە هیچ چەشنێک نالوێ و ناگونجێ و ڕێی تێ ناچێ کە لەم ڕۆچنەوە، لەگەڵ «سروە» بەراورد بکرێن؛ ئەوە وای کردووە، کە بڵاوبوونەوەی وتار و بابەت لە هیچ کام لە بڵاوکراوە کوردییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵات، تەنانەت بە ڕادە و ڕێژەی یەک لە سەر بیست، لە بەراورد لەگەڵ گۆڤاری «سروە»دا، نەبێتە هۆی بیچمگرتن و مسۆگەربوونی جێگە و پێگەی «فەرهەنگی» و «کۆمەڵایەتی» و «نەمادین» بۆ نووسەرەکانیان.
![]() ![]() ![]() ![]() |