تاريخ: ۲ شهریور ۱۴۰۴ ساعت ۲۱:۵۹ بازدید: 540      نظرات: 0      کد مطلب: 24890

پێشنیارێکی سرنجڕاکێش بۆ بەرپرسانی مەهاباد

حەسەن شەریفی


یەک لە گرفتەکانی هاتوچۆی مەهاباد ـ بۆکان، سەرەڕای باریکی جادەکە، سێ ڕێیانی مەهاباد میاندواو بۆکانە، کە زۆر جار پێی دەڵێن سێ ڕێی برهان. لێکدانی ماشێنان، زیانی گیانی و ماڵی، شەڕ و هەرای شۆفیران، مانەوەی ڕێبوار و مسافران، زاق و زوقی منداڵان. دەکرێ و دەبێ ڕێگای مەهاباد برهان بۆ بۆکان بە خەرج و موخارجی زۆر کەم بگۆڕن، کورت کەنەوە، پێش زۆر لەو ڕووداوانە بگرن، کەسانێکی بەو جادەیەدا ڕۆیشتوون، جادە بەر نیسێ باریکەکەی نێوان تیکانلوجە و زگدڕاویان دیتوە، ئەو جادەیە، زۆر باریکە، زستانان بەر نیسێ و بەستەڵەکە، ماشێن هەڵدەخلیسکێ، زۆر زستانان بەفر و باڕن دەگرن و دەگیرێن، ماشێن دەمێننەوە، ئەگەر نەگیرێ، تەگەری ماشێن دەیکێشێ، هەڵدەدێردرێ، دوور و درێژە، سەهۆڵی زستانێ زۆر دەخایەنێ هەتا بتوێتەوە و بیکاتەوە، هەتا ئێستا زۆر ڕووداوی ناخۆشی بەخۆوە دیتووە، ئەوەش بە جێگای خۆی، وابووە لەو جادە دوور و درێژ و تەنگ و تاریکەدا ڕێگر پێش ماشێنانیان گرتووە و... بەپێچەوانە جادەی پیربەلە کە لە دانشگای ئازاد و پردی سەیداوایە‌ڕا دەست پێدەکات، هەر لە دێی پیربەلەوە، بۆ ڕۆژهەڵات، هەتا ئاوایی بەسری و لەوێڕا هەتا قەڕەبڵاغ هەمووی بەر ڕۆژە، نە پردی دەوێ، نە زیرسازی، ئەو جادەیە نزیکەی سەد ساڵ و پترە هەیە، لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، پێی ڕانەگەیشتوون، بەڵام هەر هەیە، بۆ؟ چونکە بەر ڕۆژە، جادە بەر ڕۆژەکان پێویستی کەمتریان بە پێڕاگەیشتن هەیە، چونکە نە سەهۆڵ دەگرن، نە باڕن کاریان لێدەکا، نە دەگیرێن، ئەو جادە هەتیو ماوە ژێرسازی ناوێ چونکە سەد ساڵە هاموشۆی بەسەردا دەکرێ و پەستێوراوە، خەسارەتی کڕینی زەمینی جوتیارانی ناوێ چونکە بە بوورە و بەیاری میللی دادەڕوا، هەر ئێستا بە تراکتۆر لە بەشێکی کەلک وەردەگیرێ، هەموو خاکەکەی سەر بە جەنگەڵبانییە، دەردەسەری نییە، نزیک و لەبەر دەستانە، تەنانەت خەڵکەکەش یارمەتی ڕێگاکێشانەکە دەدەن، ئەگەر دەستێکی پێدا بێنن، لەباری متراژ و ماوەوە، کورت‌تر دەبێتەوە، دێهاتی سارەوانان و حەوتەوانان و ....ش ڕێگایان بۆ خۆشتر و نزیکتر دەبێ، لە هەموو شتێک بەرچاوتر بۆڕاگرتن (نگهداری و تعمیر) زۆر ماندوو بوونی ناوێ، چونکە بەرتاوە لەزۆر زیانان بەدوورە، بەڵام کەس نییە وەدوای کەوێ، بڵێی بتوانن ئەوکارە بکەن؟ بڵێی کەسانێ بۆ برەو(ڕەونەق)ی زەوی و زاری خۆیان پێش ئەو کارەیان نەگرتبێ؟ ئایا بڵێی نوێنەری مەهاباد لە تاران، یا شووڕای شاری مەهاباد، یا شووڕاکانی دێهات، یا جیهاد و فەرمانداری، یا ئیدارەی ڕێگاوبان، بەخشداری یا بەرپرسانێکی دڵسۆز بەو کارەیان زانیبێ، یا کەسێک هەیە ئەو بەڕێزانە ئاگادار بکا؟ ئەگەر بکرێ، سەرێکی بدەن و بەراوردی کەن. با ئەوەش بڵێم: ئەمن وخزم و دۆست و برادەر و تەنانەت ناسیاوانم هیچ کاممان بستە زەوێکمان لەو ناوچەیە و لەو وڵاتە نییە کە بڵێن بۆ وەبرەو خستنی زەوێکانی خۆی پێشنیاری داوە و تێدەکۆشێ.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد