تاريخ: ۱۴ مرداد ۱۴۰۴ ساعت ۱۰:۳۹ | بازدید: 346 نظرات: 0 کد مطلب: 24763 |
گەلاوێژی ١٤٠٤
لە ناوەندی لێڕێکی چڕ و پڕ، سەر چاوەی کانیاوێکی ڕوون و سارد و سازگار، لە نێوقەد و سینگی شاخێکی هەڵەمووت، بەر ڕێچکە ڕێی گوندی کاول کراوی سۆفیان، ئەو بەرەو بەری گۆڕی دیلانان و کۆلی کاوڕان، بە قەو و تیژ هەڵتۆقیوە، ڕوون و پاک، بێ غەوش و ڵێڵی، کەللە تەزێن، بە غوڕڕەم هەڵدەرژێ، جار، جار، دەنکە زیخ و خیزێکی ئاوەشۆر کراو وەدەردەخا، شین، کەسک، سوور، زەرد، سپی، رەش... ناخی چیا کانگەی ڕەنگەکانی سرووشتێ.
بە ئاودڕ و جۆگەیەکی داپۆشراوی لێڕەکە، تاو دەگرێ بەرەوخوار، تا ئێستا سەرچاوەی کانی نەبیسراوە تیشکی تاویی دیبێ، لەبەر لک و پۆپی، گێوژ، کەوت، و بەڕوان، تەنانەت پاییز و زستان، پاش گەڵارێزان، پشتووندەی قەدی ڵێڕێ وەک ئەنگووستەکانی لەپی دەستی قاپووچکەکراو، بۆ چۆڕەئاوێ، کەلێنیان لێبڕاوە و موویان دەبەر ناچێ، تەواوی وەرزی ساڵ سەرچاوە ون و نادیارە.
جۆگەی ڕاکشاو بەرەو دۆڵەنێ دەگاتە سەرما و سەختێکی، وەک دیوار، تا سۆلاڤ و لووس و ئاوهەڵدێرێک پێک دەهێنێ، شەماڵی بەهێز و تاقەت خافڵ نییە و باڵەکەوی پێدەکا و بەرەوژوورێی هەڵدەداتەوە، دیوارە و تات و ڕەوەز دەشواتەوە و دەیخووسێنێ، دستکردێکی سوور و زرد و کەسکی ناو قەدی ڕەوز سات بە سات دەپڕژێنێ، چەشنی بۆیاخچێکی لێزان دەیگەشێنێتەوە.
چۆمی بادیناوێ لە سێ لق پێک هاتووە، لقی چۆمە، لە مێرگژان و شەرگە و دوبڕان.
لقی قەندیل لە حەساری قەندیل و شیخ شەڕۆ.
لقی شێخ ئایشێ لە حاجی برایم، کەوگەز، پێک دێ و پاش تێکەڵ بوونیان بە دۆڵە نێ، دادێتە خوار و لە نیزیک گوندی گردشەیتان هەڵدەڕژێتە ناو زێیە.
بە سەدان کانیاو و دەیان کەوییە بەفر ڕووباری پاراوو دەکەن، بە بڕینی نیزیک بە ٣٠ km، بە سەر دار و بەرد و گاشە و خیزی چۆمێدا، هەزاران مەل، باڵدار، خزۆک، کێوی، کەوی و جڕ و جانەوەر و ڕەوک و داران تێرئاو و سەرچاوەی ژیانی سەدان هەزارکەس دابین دەکا.
دۆڵەنێ، دۆڵی بادیناوێ، دۆڵی قەندیلێ.
قەندیل بە بەفر و رنۆوە جوانە. دۆڵەنێ بە چۆم و کانیاو و تاڤگە. سەرچاوەی ئاوی قەندیلێ لەنێو ئەشکۆن و دڕی کەوە بەفر و سەهۆڵی ڕنوو بە رەنگی شینێکی کاڵ و ئاسمانی، شان لە شانی ڕەنگی ئاسمانی بێ هەوری بەهارێ دەدا، لە خوڕێن و گاپسێن، ڕەنگێکی زێوین و قاڵکراو، سپی لەبەر تیشکی تاوی چاوی مرۆڤ دەئەنگێویێ، لە مەند و گۆمان شینێکی تۆخ، ئاماڵ رەش، کەوەماری درێژەی هەییە.
سەددان گۆمی قووڵ، خوڕێنی بێ قەرار، بەستێنی هەرەس هاتوو، بواری هێور، کەند و لەندی سەر گاشە و تاوێر و جاڵەی بەجێ ماوی، لێزماو، سێڵاو، بارانی بەخوڕ، هەزاران دارەگوێز، ڕەزی خۆڕست، توودڕک، گێوژ، شەنگەبی و بەن و بەڕووی ئەوبەرەو بەری ڕووبار، بە بێ ژمار و کۆتایی ڕەنگەکانی تابڵۆی دۆڵەنێ دەخوڵقێنن.
بەدرێژای دۆڵ، سەدان لاخڕ و شێو، دەیان دەست ئاوێ ڕەگەڵ رووبارێ دەخەن.
ئاویی ڕوون، کەش و هەوای بێ هاوتا، ڕوانگە و دیمەنی بێ وێنە، سێبەری خەمڕەوێن، ئاوی ساردی خەمبەر و کەسەر شۆڕ...
لەوە زیاتر گەرەکتە جەنابی شێخ عالەمێکی تر
م. هێمن
نێعمەتی خودا، دیاری سرووشت، بۆ مرۆڤی پێنەزان.
دەیان و سەدان دار، لق و بژی بڕاوە، سوتاوە، یەختە و خاکبڕ کراوە، پاش خوان، بەرماو، زبڵ، تەواوی بەستێنی تەنیوە، ڕوو لە هەرکوێ دەکەی پاشەرۆک و چەوەڵی جەمی نیوە چڵی لێماوە، ئاورگ و کووچکان بە زبڵ و زاڵی نیوە سوتاو و قاڵ بوو ون و حەشار کراوون.
بە دەیان دەستە ژن و منداڵ، کوڕ و کچ، گەنج و پیر، ناوخۆیی و دوورە وڵات، میوان، خانەخویێ، رێچکەیان بەستووە، بە کۆڵ و کۆڵبارەوە ، قەنە(نێرگەلە )، مۆسیقا و باند و بڵندگۆی گەورە، هەرکەسە خواردنی ٤_٥ کەسی بۆ ژەمە نانێک لەخۆ ناوە، ملی ڕێگایان گرتووە، کانێ لۆسە بگرە هاتم...
![]() ![]() ![]() ![]() ![]() ![]() ![]() ![]() ![]() |