تاريخ: ۳ مرداد ۱۴۰۴ ساعت ۲۳:۳۵ | بازدید: 689 نظرات: 0 کد مطلب: 24694 |
ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و نووسەر و لێکۆڵەر
[هۆی نەناسینی ناودارانی کورد لە لایەن قوتابییان، مێرمناڵان و لاوانی کورد]
لە کاناڵێکی تێلێگڕامیدا، چاوم بە کورتەنووسراوەیەکی فێرکارێکی مەهابادی کەوت بە ناوی :«بیرەوەری[ـی] تاڵ»؛ لەم کورتەنووسراوەیەدا، فێرکارێک(ڕەیحانی) گلەیی خۆی دەربڕیبوو لە بابەت نەناسینی هیچکام لە ناودارانی کورد و ناودارانی شاری مەهاباد و تەنانەت نەزانینی ناوی هیچکام لەم ناودارانە(جیا لە هەژار و هێمن؛ ئەویش تەنیا لە ئاستی زانینی ناوی ئەم دوو کەسایەتییە و بەس)، لە لایەن تێکڕای قوتابییانی کچی یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەیەکی مەهاباد.
با پێکەوە دەقی «بیرەوەری[ـی] تاڵ»ـی ئەم فێرکارە بخوێنینەوە:
«جارێکی لە کلاسی ۱۱ ، بە قوتابێکانم کوت ، کچینە کێ گیو موکریانی دەناسێ ؟؟
هەموو بە سەیری چاویان لێکردم و دایان لە قاقای پێکەنین
خانم چی؟ گیو چییە؟
هەر قەتیان نەبیستبوو، کردیانە ورتە ورت و دەنگە دەنگ!
دوایە بیرم کردەوە تا بزانم لە کەسایەتییەکانی کورد کێ دەناسن؟
کوتم باشە ئێوە چەند کەسایەتی کورد دەناسن
کوتیان : هێمن و هەژار.
کوتم: دەی کێی دی؟
بیریان کردەوە ، کەسیان پێ شک نەهات.
کوتم: باشە یەک پرسیار، کەسایەتێکمان لە مەهابادی هەیە کە زۆربەی ڕۆمانە گەورەکانی جیهانی بە فارسی وەرگێڕاوەتەوە، شەقامێکیش لە مەهابادی بە نێوی ئەو گەورە پیاوە، ناودێرکراوە، ئەو کێیە؟
هەر کەس نێوێکی دێنا سەر زمان؛
با نێوەکانتان پێ بڵێم:
خانم : حافزە؛
خانم : سەعدییە؛
خانم : فردوسییە؛
خانم : مەلکوشوعەرای بەهارە؛
خانم : ئا خانم زانیم مەولەوییە.
[کوتم:] باشە کچینە مەگەر ئەوانە وەرگێڕن؟ کوردن ؟
ئەمن چیتان پێ دەڵێم: کوردە ، وەڕگێرە ، خەڵکی مەهابادییە .
ئەنگۆ چ دەڵێن ؟!
یەکیان کوتی: ئا خانم هەر ئەو کابرایەی کە پێشێ باست کرد( مەبەستی گیو موکریانی بوو )»
دوای خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییە تاڵە، بزانین ئاخۆ هۆکاری ئەم نەزانین و بێئاگاییەی قوتابییان، لاوان و مێرمناڵان لە ئاست ناو و یادی ناودارانی کورد‒تەنانەت ناودارانی شارەکەی خۆیان‒ چییە؟
بۆ ڕوونبوونەوەی هەرچی پتری بابەتەکە و هۆکارەکانی، بەپێویستی دەزانم جارێ منیش چەند بیرەوەریی خۆم لەم پێوەندییەدا بگێڕمەوە، دوایە دەگەڕێینەوە سەر شڕۆڤە و شیکاریی هۆکارەکانی ئەم بێئاگایی و خەمساردییە کەلتوورییەی وا بەرۆکی تێکڕای ئەندامەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەواری گرتووەتەوە.
1. دەساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی مەهاباد، فێرکارێک کە فەوقی لیسانسی لە زانستگایەکی دەوڵەتی وەرگرتبوو و 26 ساڵ ئەزموونی دەرسگوەتنەوە و فێرکاری لە قوتابخانە دواناوەندییەکان هەبوو، لێی پرسیم: ئەرێ تۆ کە تامەزرۆی بواری کەسایەتیناسی و ناودارناسی، تۆخوا پێم بڵێ کە ئەو مەلای جزیری کە وادیارە هەر بەم زووانە و لەم چەندساڵەی دواییدا کۆچیدوایی کردووە[!!] و دیارە خەڵکی مەهابادیش بووە[!!]، ئاخۆ ماڵەکەی هەر ڕێک لەم گەڕەکە بووە، بۆیە ئەم شەقامی مەلای جزیرییان بەناو کردووە؟[!!].
2. هەشتساڵ لەمەوبەر، فێرکارێکی قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکان، کە ئەوکات 30 ساڵ بوو ئەزموونی دەرسگوتنەوە و فێرکاری هەبوو و خۆی وەک فێرکارێکی خولیای زانیاری دەناساند، لێی پرسیم: ئاخۆ ئەو شێخ ڕەزای تاڵەبانی، کە دیارە شاعیرێکی خەڵکی مەهابادە[!!] و لەمێژ نییە کۆچی دوایی کردووە[!!]، بۆچی لە شاری خۆی، واتە مەهاباد شەقامێکی بەنێو ناکەن[!!]؟ تۆ کە سەرت لەو شتانە دەخورێ و خولیای ئەم باس و بابەتانەی بۆ بە شووڕای شار ڕاناگەیێنی کە لە جیات ئەوەی گەڕەک و کووچە و شەقامی مەهاباد بە نێو کەسێکی وەک سارمبەگ بکەن کە ئەوجۆرەی بیستوومە خەڵکی کوردستانی تورکییەیە نەک ئێران[!!] و تەنانەت ئەوجۆرەی ئاگادارم کوردی ڕەسەنیش نییه و کوێرەسونییە[!!]؛ لە جیات ئەو سارم بەگە، شەقام و گەڕەک و کۆڵانی مەهاباد بە نێوی شاعیری قسەخۆشی مەهابادی، شێخ ڕەزا [!!] بکەن!
3. پێنج ساڵ لەمەوبەر، هاوڕێیەکی هێژای مەهابادیم کە فێرکاری قوتابخانە داواناوەندییەکانە و هەڵگری شەهادەی دوکتۆرایە و خوداهەڵناگرێ لەبوارگەلی جیا لە کەسایەتیناسی و ناودارناسی، تامەزرۆی موتاڵا و خوێندنەوە و زانیاریکۆکردنەوەیە، زۆر بە جیددی پێوەندیی تەلیفونی لەگەڵ گرتم و گوتی: ئەرێ برالە چەندجارم کورتەنامە بۆ ناردووی، بۆ وڵامی پرسیار و داخوازییەکەم نادەیەوە؛ دیارە چاوم بە پرسیارەکەی کەوتبوو بەڵام پرسیارەکەی هێندە سەیر و چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە وام بە مەسڵەحەت زانی کە خۆمی لێ گێل کەم و وڵامی نەدەمەوە. گوتم: داوای لێبووردن دەکەم چاوم پێی نەکەوتووە، پرسیارەکەت دووپاتە کەوە تا وڵامت دەمەوە؛ زۆر بە تێڕادیوی پرسیاری کرد: تکایە هەرچی زووتر ژمارە موبایلی مامۆستا «ئەنوەر ئیرانزادە»ـی نووسەر و ڕۆماننووسم بۆ بنێرە[!!]، خزمێکم داوای لێ کردووم و منیش لە تۆ بەدەر
کەسی دیکەم پێشک نەهات کە پرسیاری لێ بکەم و داخوازییەکەمی پێ ڕابگەیێنم.
منیش لە وڵامدا گوتم: سوێند بە ماڵەخودای و بە کابەتوڵڵا و بە ئیسمی ئەعزەم، من ژمارە موبایلی هیچکام لە خەوتووەکان و ئارامگرتووەکانی ناو گڵکۆی ناودارانی مەهاباد و «مەقبەرەتوششوعەڕا»ـم پێ نییە و لەخۆڕا لێی مەگەڕێ، خاترجەم و دڵنیا و دڵئەرخەیان بە گەر ئەم ژمارە موبایلە لە لای من دەستنەکەوێ، لە هیچ کوێی دی پەیدا نابێ و دەستناکەوێ!!
4. بیستساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە زانستگاکانی مەهاباد لە دیوی حەسانەوەی مامۆستاکان، هاوڕێکەوت لەگەڵ ئەوەی کە وتارێکم لەبابەت عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادەی مەهابادی، مامۆستای ناودار، بلیمەت و هەڵکەوتەی زانستگای تەورێز، لە یەکێک لە گۆڤارەکاندا بڵاوببۆوە، یەکێک لە مامۆستا کوردەکانی زانستگا، کە هەڵگری دوکتۆرای یەکێک لە لقەکانی زانستە مرۆییەکان بوو، گوتی: وتارەکەتم چاو پێکەوت، دەستت خۆش بێ، بەڵام تۆ بۆ باسی مامۆستایەکی تەورێزیت نووسیوە[!!] کە مامۆستای زانستگای تەورێز بووە و هەر لە تەورێزیش ئەسپاردەی خاک کراوە؟ بە بڕوای من لەجیات ئەو کەسە، دەبوو لە بابەت دکتر سەید حەسەن ئیمامی وتارت نووسیبایە، کە نوێنەری مەهاباد بووە لە مەجلیس و بەپێچەوانەی تورجانیزادە، هەم خەڵکی مەهاباد بووە[!!] و هەم دوکتۆر و هەم مامۆستای ڕشتەی ماف بووە لە زانستگای تاران؟(دیار بوو وتارەکەشمی نەخوێندبۆوە دەنا....)
[ڕوونکردنەوە: دوکتۆر سەید حەسەن ئیمامی، خەڵکی تاران و مامۆستای زانستگای تاران بوووە؛ ئەو چاخی وا باو بووە کە نوێنەری شارێکی کوردنشینی وەک مەهاباد و سنە و سەقز، خەڵکی شارێکی دی بووبێ، لە ئەوسەری ئێران!! هەر بەم هۆیه دوکتۆر ئیمامی، بووەتە نوێنەری مەهاباد، لە ساڵەکانی1331‒1333، لە هەڵبژاردنەکانی خولی 17، ئەویش بە فڕ و فێڵ و دهۆ؛ حکوومەت لە بەرانبەر بەربژێری زانا، ڕۆژنامەنووس و مافناسی ئازادیخواز، سارموددینی سادق وەزیریی سنەییدا، ناوی د.ئیمامی وەک براوەی هەڵبژاردنەکە، لە سندووقەکانی دەنگدان دەرکێشایە دەرێ! لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، شاری مەهاباد 3 بەربژێری هەبووە:1.د. سەید حەسەن ئیمامی؛ 2. سارموددین سادق وەزیریی؛ 3. میرزا ڕەحمەت شافیعی؛ ئایەتوڵڵا ئیمامی، هەر لەو خولەدا بووە بە ڕەئیسی مەجلیسیش؛ ئایەتوڵڵا سەید حەسەن ئیمامی، بۆ ماوەیەکی زۆر، ئیمام جومعەی تاران بووە، هەروەها زاوای حەمەڕەزا شا بووە، واتە دوای مردنی ڕەزا شا، لەگەڵ دایکی حەمەڕەزا شا پێوەندی ژنومێردایەتییان بەستووە! ئایەتوڵڵا دوکتۆر سەید حەسەن ئیمامی(1281‒1358)، ساڵی 1312(ساڵێک پێش بنیاتنانی زانستگای تاران) دوکتۆرای مافـی لە زانستگای لۆزانی سووئیس وەرگرت و لە ئاکامدا هەر لە وڵاتی سووئیس و لە ساڵی 1358 کۆچی دوایی کرد.]
لە گیڕانەوەی ئەم کورتە بیرەوریی ڕاست و باوەڕپێکراو و جێمتمانانەدا، تا ڕادەیەکی هۆکاری بێئاگایی و نەزانینی ناو و سەربووردەی ناوداران و زانایانی و نووسەرانی کوردمان‒بەگشتی‒ بۆ دەردەکەوێ. دیارە ئەو کەسەی دەتوانێ زۆرترین شوێن دابنێ لە سەر زانیاری مناڵان و مێرمناڵان و لاوان و قوتابییان و خوێندکاران، بێشک فێرکار و مامۆستایە و بەس. دەی کاتێک فێرکار و مامۆستا، ئاوا بێئاگا و خەمساردبێ لە بەرانبەر مێژووی زانایان و ناودارانی گەلەکەی و، شارەکەی و، تەنانەت گێرەی لە هەولێرێ بگەڕێ، دیارە له قوتابییان و فێرخوازان و خوێندکاران و لاوان و تازەلاوان و مێرمناڵانیش، هەر ئەو چاوڕوانییەی دەکرێ کە لە بیرەوەریی سەرەتای ئەم نووسرواوەدا لە زمان فێرکارێک هێنامانەوە!
هەڵبەت دەبێ لێرەدا ئاماژە بە 2 هۆکاری هەرە گرنگ و هەستیاری دیکەش بکەین:
1. دەور و نەخشی دایک و بابەکان؛ هەر وەک هەموومان دەزانین، دایک و بابی ئێستا، شوکور بۆخودا، زۆربەی هەرە زۆریان خوێندەوارن و بەشی زۆریان شەهادەی زانستگایان هەیە و، ئەمە خۆی لە خۆیدا، بەرپرسیاریەتیی دایک و بابەکان لەم پێوەندییەدا پتر و پتر دەکا؛ بەڵام سەد مخابن لە لایەن دایک و بابەکانیشەوە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەم پێوەندییەدا هەڵناگیرێ؛ بێمشووری و خەمساردیی دایکوبابەکان، بەتایبەت دایک و بابە خوێندەوارەکان، لەم بوارەدا، تاوانێکی گەورە و نەبەخشرواە!
2. بەداخەوە، کتێبە دەرسییە هاوپێوەندەکانی فێرگەکان، وەک کتێبی دەرسیی مێژووی ئێران و مێژووی سەردەم و مێژووی ئەدەب و...، ئاوڕێکی ئەوتۆی نەدراوەتەوە سەر ناساندنی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد، کە ئەوە خەسارێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و قەرەبوو ناکرێتەوە. هەرچەند لەم دواییانەدا، لە نێوان وانەکانی کتێبی فارسی دا، وانەیەکی ئازاد دابینکراوە، کە فێرکار دەتوانێ لەوێدا لەبابەت ناودارانی کورد بۆ قوتابییان بدوێ و دوایان لێ بکا لەم بابەتەوە لێکۆڵینەوە بکەن و وتاری پێوەندیدار بنووسن؛ بەڵام سەد مخابن دیسان لەلایەن فێرکاران و مامۆستایانی کوردەوە ئەوجۆرەی پێویستە، بایەخ نادرێ بەم بڕووکە دەرفەت و دەرەتانە کەلتووری و ڕۆشنبیرییەش!!