تاريخ: ۷ خرداد ۱۴۰۴ ساعت ۲۲:۰ | بازدید: 651 نظرات: 0 کد مطلب: 24489 |
پەروانە ئەحمەدێن
نێوراستی مانگی سەهۆڵبەندانە و سەرما و سایقەیە تف هەڵاوێی دەیبەستێ. سۆبە بە قەڵاشکەری داری کوران نێڵ دراوە و وەک پۆلووی ئاوری سوور بۆتەوە. هەر کەسە لە لایەکی ژوورێ دانیشتوە و خەرێکی کاری خۆیەتی. ئەمنیش وەک بەرخۆڵەی ترسی گورگی لە زگ دابێ مات بووم. دەزانم ئەوشۆ نانکەر دێ خۆ دەبێ هەر بۆخۆم بچم دەرەکەی بکەمەوە. لە پەنا کورەی خوداخودامە خەوم لێ کەوەێ و دڵیان نەیە هەڵم بستێنن. جا خەو بە زۆریش نایە بەڵام چاوم لەسەر یێک دادەنێم و هەست و خووستی لەخۆم دەبڕم و ناجووڵێمەوە... تەقتەقانەی دەرکێ هاواری لێ هەڵدەستێ! هەموو دەڵێن تۆ بڵێی کێ بێ بەو شەو درەنگانە ڕێی لێ ون بووبێ؟ نەنکم دەڵێ ماڵتان نەشێوی ئەوە دوو ڕۆژە چاوڕوانی خات حەلیمێم، نان و کوڵێرەمان نەماوە. ماڵوو خرا نەبێ دەڵێی قەت ئەو دەمانە کەسمان لێ وەژوور نەکەوتووە! بەڵێ فیتووی خۆم دەناسم و دەزانم دەرگا کردنەوە بێگاری کچەچکۆلەی ماڵێیە. لە ترسان زگم وەژان دەکەوێ. هێندەی دیش خۆم لە پەنای سۆبەکە مەڵۆس دەکەم وەک ماری مردوو، خۆم لە خەو دەدەم. ئاخر سەر لە ئێوارێ لە دەرێ بووم وەختا بوو لەسەرمان دەستم کۆڵ بن، دەزانم زۆر ساردە نامهەوێ بچم دەرکەی بکەمەوە. لەپڕ دایکم دەڵێ ڕۆڵە مەحسووم خێرت دەگاتێ خات حەلێم سەرما بردی ڕەق هەڵات، خێرایێک بچۆ دەرکەی لێبکەوە. مەحسووم دەڵێ ئاخر خانم ناوێرم بەتەنێ بچم با پەپوو لەگەڵم بێ. نەنکم دەڵێ پەپوو لە حەوت ساڵان ڕاست بۆتەوە ئەوە خەونی حەوت پاشایان دەبینێ، جا چما لەبەر بزۆزی و عەجوولیان خۆم پێڕادەگیرێ، لە پڕ لە فرقەی پێکەنینێ دەدەم، دەزانن خۆم لە خەو داوە. بە قوونەشەڕ و پرتەپرت و بۆڵە بۆڵ و چاوکوشێنەوە وەدوای مەحسومی کاردار دەکەوم. هەر دوو دەستم لەبن پیلم ناوە. هەوا ساردە و بایەکی ساردی دێ سەری کەوێ دەپەڕێنێت. ئاسمان ساوی پاکە و هەر دەڵێی گا لسکی لێداوە. ئەستێرەکان لەسەرمان وەزریوە کەوتوون ومانگ کەسیرەتر لە من و لە وان بەبەر ئاسمانەوە سیس هەڵاتووە و خواخوایەتی بەرنەبێتەوە. لکی دارەکانی حەساری سەرمایان لێ دەبارێ. خات حەلیم لەپشت دەرکەی لە سەرمان عاجز و جاڕز بووە، لێمان توورە دەبێ دەڵێ دەک ماڵتان بە قوڕێ نەگیرێ بۆ دەرگا ناکەنەوە؟ بۆ دەنا کافرم؟ روحم فرۆشتوە؟ خات مەحسووم دێڵەسەگ بۆ دەرکەم لێ ناکەیەوە؟ وەڵا حەقایەتتان بۆ ناڵێم. بتمێنێ خات پەروانە، بەسەری ئەو حاجی بابەشێخەی بەلای مدبەق و تەندوورێ دا بێی و بڵێی نان و کولێرەی چکۆلە ساز دەکەم هەر سەگت پێوە دەنێم. بەو قوڕئانەی بابم لەسەرڕانی ڕاستی داناوە و لێی خوێندووە ئەوجار لە بەر سەرمایە کەسیرەم کەن تازە تەپەو بۆ لە هەویرێ ناهێنم، دەبڕۆ دەی. مستێک بەفر هەڵدەگرم بەتیغەرەی پشتی مەحسوومێی دادەدەم و هەڵدێم. ڕەپێم دەنێ و هاوار دەکا ماریڵێ چما دەستم نەت گاتێ حەیاتی ڕەشت لێدەبڕم. زمانی لێ دەردێنم بەغاردان دەچمە ژوورێ و لە پشت نەنکم خۆم دەشارمەوە. مەحسووم دێ بۆلام دەزیرکێنم و لەبەر نەنکم دەپاڕێمەوە لە دەست مەحسوومێ ڕزگارم کات. نەنکم دەڵێ مەحسووم ڕۆڵە تۆ جحێڵی چت بەو کچۆڵەیە داوە؟ دەڵێ خانم نازانی وەرهەمی پێ هەڵێناوم. ئەو جاریش بەخاتری تۆ خانم وازی لێدێنم بەڵام لە دەستانی شێت بووم هەراسانی کردووم. خات حەلیم خەریکی ڕیتکە گرتنەوەی دەبێ و لەبن زاری نارە ناری دێ. دەچم لە پەنای هەڵدە کرووشمێم بزانم چ گۆرانێکی دەڵێ؟ دایکم دەڵێ حەلێم ئەوە چێ؟ دەڵێی مانگی شەرمێتە دا ماڵتە دەنگ هەڵێنە با گوێمان لێ بێ. خات حەلیم لە ڕوومەتی دەدات دەڵێ بەخاتری خودای ئاغا گوێی لێ بێ ئابڕووی بە هەزار ساڵم دەچێ! دایکم دەڵێ ئاغا لە ماڵ نێ. خات حەلیم دەستەژنێکی میانسالە و کەمێک وەنێوکەوتووە بەڵام خڕ و خۆڵ و خوێنی شیرن و سوور و سپیە. وەک دەڵێن کاتی خۆی لاوکوژێکی جوان و لەبار بووە. خوا هەڵناگرێ ئێستاش چاک بە خۆی ڕادەگا. جا بە دوای داوای دایکم خات حەلیم دەنگ هەڵدێنێ ئەوەی دەیڵێ نایڵێتەوە(قوربانت بم ئەی بای شەوێ خەودێ لەچاوم ناکەوێ دڵ مەجنوونە لەیلێی دەوێ دووگمەت داخە دووگمەت داخە دووگمەکەت کەس نەبینێ خاڵی نێوان مەمکەکەت........). دەنگێکی مەلەکووتی هەیە، نەرم، هێدی و گیرا. هەر لەگەڵ کوتنەکەشی قووڵکەیێکی دەکەوێتە سەر لا ڕوومەتان هێندەی دی خوێن شیرین دەبێ هەر خۆشە گوێی بۆبگری و چاو لە سەر و چاوی بکەی. لەسەرزگ ڕادەکشێم و دەستەکانم لە بن چەنەگەم دەنێم. چاو لە زاری دەبڕم و گوێدەدەمە حەقایەتی مام گوڕنەتەڵەی، تاوناتاوێک خەو شلم دەکات و خەونووچکە دەمباتەوە. دەستی ژێر چەنەگەم دەنووشتێتەوە و بەلادادێم. لە پڕ وەخەبەر دێم. ئاخر دەمهەوێ دانە دانەی وشەکان لەبەرکەم و بەیانی بۆ ئایشەگوڵی ئاواڵم بگێڕمەوە. نازانم کەنگێ خەو کەلەلای کردووم و کێ بردوومی سەر جێگاکەم.
بەیانەیە و بەدەنگی نەنکم وەخەبەر دێم. ڕۆڵە پەپوولە، دایکەکەم، خووشکەکەم، دەهەستە دادیلێ گیان ، بچۆ دەست و دم و چاوت بشۆ، وەرە نان و چای بخۆ بە قوربان. چاو ئەو نانە گەرمە گەڵا گەڵایەی چەند جوانە! بە نەقەنەق و خۆ کێشانەوە و بەنابەدڵی هەڵدەستم. دەڵێم نەنە گیان زۆر ساردە بە ئاوە ساردەکە دەستم دەی بەستێ. نەنکم دەڵێ ماڵتە بۆ هەمیشە سەرما بردووی؟ هەستە کەسم گیان ئاوی سەر سۆبەکە گەرمە چۆن دێڵم سەرمات بێ. دوای خواردنی بەرچایی بە خلیسکێن و هەنگڵەشەلە وکوتنی قالێ ماڵێ زەنبەرزوووووووو سەرێکی مدبەقێ دەدەم. خات حەلیم دەڵێ کچێ ئەوە هاتی؟ یاخودا نەبی بەقاتی. لەوەتا ئەمن نەمدیوی چەندان خێریان لێدیوی؟ خەونی خۆشت دی؟ ئەوە هەستای نازیلێ نازان تەق تەقی کەوشان بۆنی وەنەوشان سەدای چاوڕەشان بۆ کوێ دەچی؟ کچێ پەپوو مەحز بۆخودای نەڵێی دەچمە شاری شووکردوو! ئابڕووم نەبەی. زارجوویێکم بنێشتی کوردی دەداتێ و ئەنگوتکێکی چکۆلەی هەویریش. دەڵێ بە زات و سفەتی ئەو خودایەی پەروانە ئەگەر لیکاوی و چڵماوی و وەک داغی ڕەشی لێبکەی بۆت بە تەندوورێوە نانێم. دوایە نەی کەیە گریان و نووکەنووک و هۆلەهۆل. شکایەتیشم لە کن ئاغای لێ نەکەی، ئاخر جووجیلە تەندوورەکەم لێ پیس دەبێ. بەرخم پاک و خاوێن و ئاقڵ بە. دادەی بزانم ئەوە ئەو پشتە دەستەت بۆ قەڵشیوە؟ ئاخر پێم نەکوتی ئەوەندە خلیسکێن و تۆپ تۆپێنێ بە بفری مەکە؟ ئێستا ئەو هەموو بووکەڵە بەفرینە خوار و خێچانە چن لە حەسارێ سازت کردوون؟ پەپوولە گیان ئەوە بۆیە دەستۆڵەکانت قەڵشیون. پێدەکەنم، دەڵێ تێح وەڵا تێرم خوارد، هەر ئەمن نەسیحەتت دەکەم و ئەتۆش مێشی لە گوونی خەرەکان دەبژێری! دوایە ئاخێکی لەناخی دڵەوە دەکێشێ و دەڵێ ئایییییی خۆزگەم بەخۆت ڕۆژی خۆشت ئێستایە! خودا دەزانێ داهاتووت چ دەبێ؟ کێ دەیکووت ئەمن ڕۆژتاکوو شەوێ لە قوون تەندوورێ شەڕە ئاورێ دەکەم؟ مەحسووم لە لایێکی مدبەقێ ئاوی لەسەر ئاورگی گەرم کردوە شیوێ دەکا. شەریف(کارگەر)خۆ بە مدبەقێ دادەکات. خات حەلیم تێوەدەخوڕێ دەڵێ هەتیوە بێ شەرمە کوا سەر و سڵاوت؟ شەریف دەڵێ ماڵتە ڕاوەستە لە بەر دووکەڵێ نەمدیوی. شەریف لە لای مەحسوومێ لەسەر کۆلکەدارێکی دادەنیشێ، لە نەکاو پڕدەداتە ئاواڵ کراسەکەی مەحسوومێ کە دایناوە بیشوات. بۆلای کەپۆی دەبات و هەڵی دەمیسێ دوایە دەڵێ چەتیوە مەحسووم ئەوە بۆ بۆنی خۆشی لێنایە؟ ئەوە میزت پێداکردوە؟ مەحسووم شێت دەبێ دەست دەداتە دڕکەگوێنێکی و بە دم و چاوی شەریفی دادەدات. شەریف هاواری لێهەڵدەستێ دەڵێ دەک مەحسووم دەستت خۆش بێ، بەڵام چەتیوە سەر و سمێڵم زۆر ئێشا، با بت مێنێ، دڕوەگوێنی لە سەر و سەکوت و دەم و چاوی دەردێنێتەوە . چاوێک لەمەحسوومێ دادەگرێ. لەو کاتەدا نەنکم لە مدبەقێ وەژوور دەکەوێ، دەڵێ ئەوە چێ؟ دیسان سەگ و پشیلە پێک وەربوون؟ حەلیم ئەوە بۆ نەسیحەتێکیان ناکەی؟ وەڵا ئەتۆ ئەو بەزمەت لە جووتەی خێر و شەڕێ پێ خۆشترە! ڕۆڵە عەیبە شەرمێ بکەن. شەریف دەڵێ خانم بۆخۆت دەزانی ئەمن چەند بەستزمانم ومێشم لەبەردمی هەڵنافڕێ هەموو خەتای مەحسوومێیە لاق لەسەر کلکم دادەنێ قەڵسم دەکات. مەحسووم دەڵێ ئەتۆ بەستزمان نی بستەزمانی ، بۆ خانمێ بگێڕمەوە چت کرد؟ خات حەلیم چاو لە دەرکەی دەکات و لە ڕوومەتی خۆی دەدا و دەڵێ مەحسووم وس بە وس. ئاوڕ دەدەمەوە بابم لە نێو دەرکەی ڕاوەستاوە، شەریف غارد دەداتە پشت کەندووی ئاردی و مەحسووم یێک پێ ڕادەوەستێ. بابم دەڵێ حەلیم ڕۆڵە ماندوو نەبی، رووت سپی بێ ، قالبت ساخ بێ. پەروانە ئەوە نانی دەکەی؟ ئەی لە بابی خۆت کەوێ، ئەوە دەچمە سەرێ نانەکانی خۆتم بۆ بێنە ئەوڕۆ میوانی کچی خۆم دەبم. بابم دەچێتە سەرێ و شەریف دێتە دەرێ، ڕەنگی بە رووە نەماوە. نەقورچێکی لە مەحسوومێ دەدا و بەغاردان وەدەر دەکەوێ. نیزیک قاوەڵتوونێ دایە خورشید ژنی خاڵۆزای بابم کە ئاواڵی دایکمە لێمان وەژوور دەکەوێ. وەک هەمیشە کەوشی پانێ مێشووڵەداری بڵیندی لە پێ کردوە. دەرزیلە و تارایێکی کەمە. هەر لە دەرکێ ڕا هاوار دەکا کچێ سەیدە سواڵکەر(بەدایکم بە شۆخی دەڵێ) بۆ بەرەو پیرم نایەی؟ ئەمن گەورک و تۆ کرمانج وەرە لە دەوری ئەو حەوزەی دەستێکی بگرین. دایکم بە ئامێزی ئاوەڵە بەرەوپیری دێ. دایە خورشید دەست دەکا بە گۆرانیان(زاوا لە بووکێ مەدە........) بەلکی دەسماڵی چۆپێ دەکێشێ،دوو بە دوو لە دەوری حەوزەگەورەکەی حەسارێ لە نێو بەفران گەرێکی خۆش هەڵدەپەڕن. ئەمنیش گاوانی دەگرم. تاو نا تاوێک زرم خۆم لە ئەرزی ڕادەکێشم. دەڵێی خودا خەنی کردووم دایە خورشید هاتووە. ئاخر دایە خورشید شیری داوە بەمن، وەک دایکم خۆشم دەوێ. دەڵێم دایە خورشید پێنج بەردەی بکەین؟ دەڵێ پەپوو پێنج بەردم بۆ هێناوی وەک چاوی ماسی خڕ. بەردی پانیشم بۆ هێناوی، جا دووبەدوو بازەڵێنێ دەکەین. خۆم لە باوەشی داوێم و روومەتم بە ڕوومەتێوە دەنێم و بۆنی هەڵدەمیسم. دەڵێم دایە خورشید چەند خۆشە هاتی، چەندم خۆش دەوێی.
خات حەلیم خەریکی کولێرە سازکردنێیە. دایکم بە ماسوولەی چەرخی خەیاتی کولێرەکان دەنەخشێنێ. هەویری کولێرەی خۆم پان کردۆتەوە بەڵام نازانم بە چی بینەخشێنم؟ خۆ ناوێرم ماسوولەی لە دەستی دایکم دەرێنم. بەغاردان دەچمە سەرێ قەڵەمتراشێکی دەست دەدەمێ و دێمەوە مدبەقێ و کولێرەکەم دەنەخشێنم. خات حەلیم بۆم بە تەندوورێوە دەنێ. دەبرژێ و لێیدەکاتەوە و دەیهاوێتە سەر مەجۆعمەی، خێرا پڕی دەدەمێ و هەڵی دەگرم بەڵام ئەوەندە گەرمە دەستم ئاگا دەکات و فڕێی دەدەمەوە. خات حەلیم دەڵێ ئەرێ سەیدە ئەو پەروانەت بە حەوت مانگی بووە؟ خۆ حەجمینی نیە. مەحسووم هەر لە هات و چۆدایە ، بەشە نان و کولێرەی جیرانان دەبات. شەریف لە حەسارێ پێشی پێدەگرێ و کولێرەێکی لە دەستی دەڕفێنێ، چوارلەتی دەکات و لە لاگووپی دەنێ. مەحسووم مۆڕێکی لێدەکا و دەڵێ وشیاربە خۆت نەخنکێنی. شەریف زمانی لێ دەردێنێ و دەڵێ جا بۆم دەگری؟ مەحسووم دەڵێ ئەدی بەسەری بابت. خات حەلیم تەواو بووە و کووپە و کوولەکەی شاقەباغی لە تەندوورێ ڕۆدێڵێ تا کولەکەکان ببرژێن و کووپەکان بزرینگێنەوە. نەنکم دەستە دەستە نانەکان لەسەر جۆلانەی دادەنێ بۆ وەی مشک تخونیان نەبێ. خات بەگی جیرانمان دەستەوارێکی جل هێناوە لە تەندوورێ دا دەیان سووڕێنێ! دەڵێم خات بەگی کراسەکەم دەربێنم وەک تۆ لە نێو تەندوورێدا بیسووڕێنم؟ پێدەکەنێ دەڵێ پەپوو گیان جلێ تۆ خاوێنە ئەوە جلی میوانەکانی منن لە تەندوورێیان دەوەشێنم. دەپرسم دەوەشێنم یانی چی؟ دەڵێ دەعبایان تێدا دەعبا؟! دەعباکان بە گەرمای تەندوورێ دەمرن. لە پڕ هەڵدێمە سەرێ دەڵێم نەنە نەنە وەرە خات بەگی دەعبایان دەسووتێنێ. هەموو پێم پێدەکەنن، تەریق دەبمەوە. دوای شامێ خات زیبا و عایشە خان و خات بگی (جیرانەکان)و نەنکم و دایکم دەچنە مدبەقێ. وەک هەمیشە بە هەڵبەز دابەز بەدوایانەوەم، لاقیان لە نیو تەندوورێ دەکێشن بە پاڵەپەستیو جێ بۆخۆم دەکەمەوە. خات زیبای ئاوکێش دەڵێ پەپوو ئەتۆش باداری؟ دەڵێم خات زیبا با نایە، دیسان هەموو دەست پێدەکەن بە پێکەنینێ. نازانم ئەو گەورانە بۆ بە قسەکانم پێدەکەنن؟ شێتن شێت. ژنەکان دەستیان پێ کردوە بە تۆ قرتاندن و نەقڵ و باسان و ئارقچین چنینێ. خەودەمباتەوە، یەک دوو جار ڕادەچەنم وەدەزانم لە تەندوورێ کەوتووم. بەیانی وەخەەر دێم ماڵێ وەک ڕۆژانی پێشوو نێ! بابم تووڕەیە و لە ژوورێ قەدەمان لێدەدات. نەنکم و دایکم پەرێشانن. شەریف چاوی تەڕە! باسی مەحسوومێ دەکەن بەڵام لێم حاڵی نێ چ خەبەرە؟ لە پڕ دەڵێم نەنە گیان مەحسووم چۆتە حەمامێ، هەموو بۆلام دێن دەورەم دەدەن دەڵێن چووزانی؟دەڵێم دوێنێ شەوێ بووخچەکەی لە پەنا دەرکەکەی حەسارێ دانا کوتی پەپوو بەیانی زوو دەچمە حەمامێ. شەریف بەسەری خۆی دادەدات و دەڵێ چەتیوە ئاخری کاری خۆی کرد. خانم بەجەدی باپیرم ڕەدوا کەوتوو. ڕەدوای ئەو هەتیوە گرووبانەی کووچەی سێ ئاشان کەوتووە. چارەڕەش بووم. نەنکم لەبەر خۆیەوە دەڵێ ڕۆڵە مەحسووم خودا خەجاڵەتت کا، ئاخر ڕۆڵە پێت کووتبان هاتبانە خوازبێنیت خۆ پێم کوت بووی بە نازی ماڵی بابت بەجیاز و دڵی خۆش بەڕێت دەکەم. ڕۆڵە بۆ وات کرد؟ بابم کاتی وەدەرکەوتن لە ماڵێ دەڵێ مەحسووم مرد کەس حەقی نێ باسی بکات. داوێنی نەنکم دەگرم دەڵێم نەنە گیان مەحسووم چۆتە حەمامێ ڕەدوای بکڕێ؟ ڕەدوا چۆنە؟ گەورەیە؟ خوشکم نەقوورچێکم لێدەدات و دەڵێ ڵاڵ بە ماڵت نەشێوێ بۆ ئەوەندە دەپرسی و قسان دەکەی؟ ئەوە بۆ قەت ماندوو نابی؟ شەریف چەپۆکێکی بە سەری خۆی دادەدات و لە حەسارێ دەچێتە دەرێ و ئیدی ناگەڕێتەوە. قەت ناگەڕێتەوە. خات زیبا بە هەڕەمە دێتە ماڵێ و لە روومەتی خۆی دەدا و دەڵێ دێڵەسەگە ڕۆیی؟ هاجەرەخاتوون قەدەرێک بوو مەحسووم یا نارەناری دەهات یان فرمێسکی هەڵدەوەراند، ئەی لەو دێڵەبەبایەی! ئەوەی لەبن سەری دابوو بۆیە خوشکێ بەو سەرە سپییەم دەهاتمە ژوورێ قەدەرێک بوو قوونی لەبەر نەدەبزاوتم، هەر لە فکر و خەیاڵان دابوو! ئەی لەو نمەک بەحەڕامەی! جا چۆن ڕەدواکەوت؟ دەک ڕووی ڕەش بێ. خۆ جارێک نەهاتنە سەری. ئای دنیا چەند خراپ بووە. هاجەرخانم بەخودای بۆیە ڕەدوا کەوت بۆ وەی سەگباب پارچەزێڕێکی بۆنەکڕێ. جا ئەوە دەبینن پێموانێ بەختەوەربێ. نەنکم دەڵێ خات زیبا تۆخودا وامەڵێ یاخودا داو و دامەزراو بێ و لە بەر بەختی خۆی بحەسێتەوە ، بەڵام خۆزگە بە جیاز و نیاز دەڕۆیشت. خات زیبا بەپرتەپرت دەچێ لە تەکیەی بابە خەڵیفەی ئاوێ بێنێ. دەڵێم نەنە گیان خات زیبا بۆنی ناخۆشە. دەڵێ شێتە وا مەڵێ خات زیبا دڵی دێشێ. خات زیبا لە قەسابخانەی کارێ دەکات و چەوری کەوڵان لێدەکاتەوە و چزیلکان دەبرژێنێ ڕۆنەکەی دەگرێ سابوونی پێ ساز دەکا و دەیفرۆشێ. دەڵێم نەنە ئەگەر خات زیبا دڵی ئێشا بیبە کن دوکتووری. دەڵێی ئەی لەو بێ عاقڵەی! ئاخر ئەمن ئەوشتانە چۆن فێرت کەم ؟؟؟؟؟ باوەشێک ڕێز وئامێز ، پێکەە دەبین بەهێز
![]() |