تاريخ: ۷ خرداد ۱۴۰۴ ساعت ۱۷:۲۰ بازدید: 255      نظرات: 0      کد مطلب: 24488
لە وتووێژی تایبەتی لەگەڵ هاژە ڕاگەیەندرا:

۹۴۱ بەرهەم بۆ خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەڕێ کراوە


دوکتور یادگار کەریمی سەرۆکی لێکۆڵینەوەناسی زانکۆی کوردستان لە وتووێژی تایبەتی لەگەڵ هەواڵنێری هاژە گووتی: وەک خۆی خەڵاتی قەڵەمی هەژار لەسەر سێ بەشی «زمان و ئەدەبی کوردی» کە ئەمە بەشی داهێنانەکەی بوو و دەبا حەتمەن بە زمانی کوردی نووسرابا و بەشی دووهەم «تۆژینەوەی زمانناسی و نەقدی ئەدەبی فەرهەنگنووسی» بووە و مەرج نەبووە حەتمەن بە زمانی کوردی بێ ، بە هەر زمانێکی دیکە با وەردەگیرا. تەوەری سێهەمیش «نێوان بوارەکان» (میان رشته‌ای) بوو کە زۆرتر لە زانستیی کۆمەڵایەتی وەکوو فەلسەفە، سیاسیی ، عێرفان ، دین و... پێکهاتووە. بە گشتیی لە هەر سێ بەشەکەدا بۆ ئەم خەڵاتە کتێب هاتبوو و زۆرترین کتێب و بەرهەمێک کە بۆمان هاتووە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی بووە.
کەریمی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بە گشتیی چەند بەرهەم بۆ خەڵاتی قەڵەمی هەژار هاتووە، گووتی: بە گشتیی ۹۴۱ عینوان کتێب بۆ ئەم مەڕاسیمە بەڕێ کراوە کە ئاستیان زۆر لەسەرێ بوو و ئەمە لە حاڵێکدایە کە بۆ یەکەم جار بوو ئەم مەڕاسیمە بەڕێوە دەچوو و لە حەقیقەتدا چاوەڕوان نەکراو بوو و ئەوە بەشی دادوەری بەرهەمەکانی بۆ ئێمەی سەخت و دژوار کردبوو بە جۆرێک کە ئەم مەڕاسیمە کە بڕیار بوو هەفتەی هەوەڵی خاکەلێوە بەڕێوە بچێ بۆ هەفتەی هەوەڵی مانگی جۆزەردان وەدوا کەوت.

کەریمی لەسەر بوارەکانی بەشداربووان گووتی: خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە ۱۵ بواری وەکوو سینەما، شێعر، مێژوو، چاککردنی متوون، بەرهەمی سیاسیی ، جوغڕافیا و... پێکهاتووە کە بۆ هەر بەشەی خەڵاتێک دیاری کراوە.

سەرۆکی لێکۆڵینەوەناسی زانکۆی کوردستان لەسەر خەڵاتەکان گووتی: خەڵاتەکان شەشیان خەڵاتی تایبەتن و نزیکەی بە ٣٢ خەڵاتی شایانی ڕێز گرتن لە نەزەر گیراوە. لە هێندێک لە بوارەکان وەکوو ڕۆمان، شێعر، مێژوو کە بەرهەم زیاتر هاتبوو ناچار بووین کە خەڵاتی زیاتر لەبەر چاو بگرین.

دوکتور مەسعوود بینەندە سەرۆکی کارگێڕی خەڵاتی قەڵەمی هەژار لەسەر تایبەتمەندی ئەو خەڵاتە گووتی: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە سنوورەکانی تێپەڕاندووە و لایەنی نێونەتەوەیی بەخۆیەوە گرتووە و کەمتر لە ١٠ وڵات بەرهەمیان ناردووە و لەئاستی ناوخۆیی ئێران ٧ پارێزگا بەرهەمیان لە چوارچێوەی کتێبدا ناردووە کە ئەمە لە بواری جۆغڕافیاوە لایەنێکی بەرفرەوان لە خۆ دەگرێت و مۆرکی نێونەتەوەیی پێوە دیار دەبێت.

بینەندە لەسەر بەشی بەرهەمەکان گووتی: بەرهەمەکان لە چوار بەشدا پۆلێن بەندی دەکرێن بۆ نەموونە داهێنانی ئەدەبی لە «شێعر، چیرۆک، شانۆنامە ، ئەدەبی منداڵان» و لێکۆڵینەوەی زمانناسانە «ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی لە چوارچێوەی تۆژینەوەی زمانناسانە» و بەشی نێوان ڕشتەیی «مێژوو،  کۆمەڵناسی ، مافناسیی ، هونەر » بەتایبەتی ئەگەر لە چوارچێوەی تۆژینەوەی کتێبدا بووبێ دەیانگرێتەوە. بەشێکی تر بەشی وەرگێڕانە ، وەرگێڕان بەو مەرجە کە زمانی سەرچاوە یان زمانی مەبەست بێت، دەبێ حەتمەن کوردی بێت.

سەرۆکی کارگێڕی خەڵاتی قەڵەمی هەژار بۆ بەشی لێکۆڵینەوەکانیش گووتی: پێوەری سەرەکیی بۆ لێکۆڵینەوە دەبێ حەتمەن خوێندنەوەی کوردی بێ و بۆ بەشەکانی دیکەش دەبێ پەیوەندی بە کورد و کۆمەڵگای کوردییەوە هەبێ.

دوکتور مەسعوود بینەندە لە کۆتاییدا لەسەر ئەم مەڕاسیمە گووتی: ئەم مەڕاسیمە لە بواری فەرهەنگی ، کتێب و زانکۆدا بۆنەیەکی نێونەتەوەییە چون سنووری نێوان زانکۆ - کۆمەڵگا و بەشی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی تێدەپەرێنێت و ئەم دوو لایەنە لەگەڵ یەک وێکخاتەوە و ئەمە بۆ کۆمەڵگای ڕۆشنبیر بایەخی خۆی دەبێت.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد