تاريخ: ۲۵ اردیبهشت ۱۴۰۴ ساعت ۱۱:۱۴ | بازدید: 81 نظرات: 0 کد مطلب: 24366 |
ڕۆژی پێنجشەممە لە گوندی چەهریق سەر بە شاری سەڵماس لە لایەن ئەنجومەنی حامی تاران بە هاوکاری گرووهی پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێنی موکریانی مەهاباد و ئەنجومەن ئەدەبی کوهسار بە پاڵپشتی و یارمەتی ماڵی خاتوو مێهری بۆنەکدار و لایەنگرانی کتێب و کتێبخانەیی لە سەر لێوار سنووری سەرسەوزی ناوچەی کوهسار و گوندی چەهریق نیزیک بە قەڵای مێژوویی چەهریق دەرگای کتێبخانەی" ئاڕمان 2 " بە ڕووی هۆگران و لایەنگرانی کتێب و کتێبخوێندنەوە کرایەوە.
بە کرانەوەی ئەم کتێبخانە ڕۆژێکی خۆش و پڕ لە بیرەوەری بۆ منداڵان و لاوان و ئەویندارانی کتێب لە گوندی سەرسنووری چەهریق پێک هات تاکوو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی فەرهەنگدۆستی ئەم دەڤەرە دەنگی هەمووان زرینگانەوەی ئاوازی وشە و شێعر و هۆنراوە و جوانی لە وەسفی کتێب و لاپەڕە و زانستدا بێت، سەرەتا پەیامی بەخێرهاتنکردنی میوانان و بەشداربووان لە لایەن مامۆستای ئاوەدانی و دێهیار خوێندرایەوە و پاشان لە لایەن بەخشداری کوهسار بەڕێز حەقی دامەزراندنی ئەو کتێبخانەی پڕبایخ هەڵسەنگاند و باسی لە گرینگی کتێب و کتێبخانە و شوێندانەری لە ژیانی تاک و بەکۆمەڵ کرد هەروەها هیوای خواست لە لایەن بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئیداری و ناوەندەکانی فەرهەنگی ئەم مەڵبەندە پشتیوانی لێبکرێت و پەرە بستێنێت.
وتاری چەند کەسایەتییەک بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و چالاکوانانی مەدەنی و فەرهەنگی و ژینگەیی سەبارەت بە گرینگی موتاڵا و خوێندنەوە و پێویستی ئەو جۆرە کتێبخانەیە لە گوندەکانی دیکەی وڵات.
پاشان لە لایەن یارمەتیدەری ماڵی؛ خاتوو مێهری بۆنەکدار دانیشتووی شاری تاران بە بۆنەی کرانەوەی کتێبخانە پەیامی پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی بەشداربووان کرد و دواتر لە لایەن نووسەر و بەرپرسی ئەنجومەن ئەدەبی کوهسار پارچە هەڵبەستێکی کورمانجی خوێندرایەوە و لە کۆتاییدا شەویار گولابی ئازەر بە نوێنەرایەتی لە لایەن گرووهی پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێنی موکریانی مەهاباد لە هەمبەر گرینگی دامەزراندنی کتێبخانە لە ناوچەی مێژوویی چەهریق بەتایبەتی و ناوچەی کوهسار بەگشتی دوا و لە بەشێکی وتەکانیدا بە زاراوەی کورمانجی باسێکی سەبارەت بە مێژووی قەڵای چەهریق و حوکمڕەوایی کەسانی هەڵکەوتەی خاوەن بیری ڕامیاری و شارستانییەت و ئاوەدانی ژینگه و ژیاری لەم دەڤەرە و گرینگیدان بە فەرهەنگی دێرینی مێعماری و بنیاتنانی بینای قەڵا و شوێنی پەرەپێدان بە کلتوور و فەرهەنگی مرۆڤایەتی هێنا بەر باس و لێدوان.
هەروەها لە دوا بەشی بەرنامەدا لۆحی ڕێزلێنان پێشکەشی ئەنجومەن حامی تاران و سپۆنسەری ماڵی کتێبخانە خاتوو بۆنەکدار کرا
خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی لە لایەن ئەنجومەنی حامی و بەخشداری کوهسار پێشکەشی دوو هاوژینی خۆبەخش و کتێبدارانی ماندوویینەناسی کتێبخانەی "ئاڕمان ۱" لە حەقوەران بە ناوی خاتوو فەریدە میرزایی و ئەمیر ئاریانپوور( سەفیرانی کتێب) لەم مەڵبەندە کرا و لە کۆتاییدا دەرگای ئەم کتێبخانەش بە دەستی فەرهەنگدۆستان واڵا کراوە تاکوو ببێت بە شوێنێک بۆ گەشە و نەشەی زمان و وێژە و زانست و پەروەردە لەم دەڤەرە
![]() ![]() |