تاريخ: ۲۵ اردیبهشت ۱۴۰۴ ساعت ۱۰:۵۴ بازدید: 93      نظرات: 0      کد مطلب: 24359

ئەبێ هەموومان دەست لەنێو دەستی یەک بۆ گەشانەوەی زمانی دایکی کە ئامانجێکی پیرۆزە هەوڵ بدەین

وتووێژ لەگەڵ سارا ئەحمەدزادە، دەرچووی بەشی زمان و وێژەی کوردی و مامۆستای زمانی کوردی





سارا ئەحمەدزادە لە ساڵی ۱۳۷۷ی  کۆچی لە شاری بانە لەدایکبووە. پلەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی هەر لە شاری بانە تەواو کردووە و ساڵی ۱۳۹۵ لە زانکۆی کوردستانی شاری سنە و لە بەشی زمان و وێژەی کوردی درێژەی بە خوێندن داوە. کاتێک کە تێرمی سێی زانکۆ بووە، لەگەڵ فێرگەی زمانی کوردی نۆژین لە شاری سنە پێوەندی دەگرێت و لەوێ بۆ ماوەیەک خەریکی فێرکاریی زمانی کوردی دەبێت. پاش تەواوبوونی خوێندنی لە زانکۆ، لەگەڵ نیروان ڕەزایی ئاشنا دەبێت و هاوکارییان لەسەر فێرکاریی منداڵان دەست پێدەکات کە ئاکامی ئەم هاوکارییە دەبێت بە بڵاوبوونەوی پەکەیجی «یەکەم هاوڕێکان» کە سەبارەت بە فێرکاریی زمانی کوردی بۆ منداڵانە. سارا ئەحمەدزادە ئێستا چەند ساڵێکە لە شاری بانە و لە فێرگەیەکی منداڵان کاری فێرکاریی زمانی کوردی دەکات. هەروەها بۆ گەورەساڵانیش بە شێوازی سەرهێڵ پۆلی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕیوە دەبات. جگە لە ئەمانەش چەندین ساڵە کە بە فەرمی خەریکی کاری وەرگێڕانی زمانی کوردییە. ئێستا لە ئەم وتووێژەدا خۆی زیاتر باسی کار و چالاکییەکانی دەکات.
سەرەتا چۆن بوو کە بڕیارت دا لە بەشی زمان و وێژەی کوردی درێژە بە خوێندن بدەی؟
لەڕاستیدا من سەرەتا ئامانجم ئەم بەشە نەبوو؛ لەبەر ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەری نەبوو. تەنها مامۆستایەکی قوتابخانەمان یەک جار وتی هەرکات بەشی زانکۆتان هەڵبژارد، بەشێکی تازەش لە زانکۆی کوردستان هاتووە کە بەشی زمان و وێژەی کوردییە و دەتوانن ئەوەش هەڵبژێرن. منیش هەر ئەوەندەم لێ دەزانی. لە کاتی هەڵبژاردنی بەشی خوێندندا، زمان و ئەدەبی کوردیم لە ڕیزی چواردا دانابوو و کاتێک کە دڵنیا بووم ئەو سێ بەشەی ترم نەهێناوە و بۆ زمان و ئەدەبی کوردی قەبووڵ بووم، لەگەڵ کچێک کە خوێندکاری ئەم بەشە بوو لە زانکۆی کوردستان پێوەندیم کرد و ئەویش زۆر تاریفی ئەم بەشەی کرد کە وانەکانمان جیاوازن و زانکۆکەمان ئاوا خۆشە و شاخی وایە و باڵی وایە، ئیتر منیش حەزم بۆی چوو کە بڕۆم و ئەم بەشە بخوێنم. بنەماڵەشم سەرەتا بۆ خوێندنی من لەم بەشە ڕازی نەبوون لەبەر ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەری نەبوو و حەزیان لێ نەبوو کە لە ماڵ دوور بکەومەوە. بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆم و بە یارمەتی ئەو هاوڕێیە، بە یەک شەو ڕازی بوون کە من ئەم بەشە بخوێنم.
کاری فێرکاریی زمانی کوردی لە چ قۆناغێکی ژیانی تۆوە دەستی پێکرد؟
من لە تێرمی سێ، ئەو کاتەی کە لە زانکۆی کوردستان بووم، لەگەڵ لقی ئەنجومەنی نۆژین لە شاری سنە پێوەندیم گرت و لەوێ سەرەتا پۆلی پێش ئەندامیم تێپەراند و دواتر هاوینی ئەو ساڵە کە گەڕامەوە بۆ بانە، لە فێرگەی نۆژینی بانە وانەم دەگوت بە منداڵان. پاشان خۆم بەشێوەی سەرهێل کارەکەم درێژە پێدا و تا ئێستاش بۆ گەورەساڵ بەشێوەی سەرهێڵ و بۆ منداڵانیش بەشێوەی حوزووری کتێبی «یەکەم هاوڕێکان» دەڵێمەوە.
سەرەتا چۆن لەگەڵ کاک نیروان ڕەزایی ئاشنا بووی و چۆن بڕیارتان دا پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان» دەست پێ بکەن؟
کاتێک کە من ساڵی کۆتایی زانکۆ بووم و بەدوای کاردا دەگەڕام، ستۆرییەکی کاک نیروانم بینی کە وەکوو ڕاگەیاندنێک بوو سەبارەت بە کاری تایپ و هەڵەچنی و ئەو جۆرە شتانە؛ من پێش ئەوەش کاری تایپ و هەڵەچنیم دەکرد و لە یەک دوو ساڵی کۆتایی زانکۆش کاری وەرگێڕانم دەست پێکردبوو. بۆیە منیش بۆ کاری تایپ و وەرگێڕان نامەم نارد بۆ کاک نیروان. سەرەتا پێم وابوو کە هاوکاریم لەگەڵ کاک نیروان تەنها بۆ کاری تایپ و وەرگێڕان و ئەوانەیە بەڵام وا نەبوو و پاش ئەوەی من لەنێوان دە کەسدا وەرگیرام و دواتر پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان»مان دەست پێکرد.
لەسەر پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان» زیاتر قسەمان بۆ بکە کە بزانین چیە و لە چ بەشهایەک پێکهاتووە.
پەکەیجی «یەکەم هاوڕێکان» سێ کتێبی فێرکاریی زمانی کوردییە بۆ منداڵان کە هەر کامیان فایلی دەنگیی خۆی لەگەڵەدایە.  کتێبەکان دوو بەشن: یەکەم بەشی وانەکانە کە لە دە بەش پێکهاتووە و بەشی دووهەم ڕاهێنانی ئەو وانانەیە. کاری ناوەرۆک و  گرافیک و وێنەکانی نێو کتێبەکە هەمووی سەرلەنوێ بەپێی فەرهەنگی خۆمان داڕێژراونەوە. ئەم پەکەیجە بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا حەوت ساڵە و لەسەر ستانداردی پەکەیجی (First Friend)ی زانکۆی ئۆکسفۆرد دروست کراوە. ئامانجی ئەم کتێبانە ئەوە بووە کە منداڵ پێش ئەوەی بڕواتە قوتابخانە و بخرێتە بەر فێرکاریی زمانێکی تر، بە زمانی دایکی خۆی ڕابێت و پەروەردە بێت.
تا ئێستا پێشوازی خەڵک لەسەر ئەم پەکەیجە چۆن بووە؟
لەڕاستیدا پێشوازی خەڵک لاواز بووە و ئەو جۆرەی کە ئێمە چاوەڕوان بووین نەبوو. بۆ پەکەیجێکی فێرکاری منداڵ کە تا ئەو ئاستە کار لەسەر پەروەردە و فێرکاریی منداڵ بکات، چاوەڕوانیی پێشوازییەکی زیاترمان هەبوو و پێمان وابوو کە خەڵک زیاتر بە دەم پڕۆژەکەوە بێن. پێشوازیی خەڵک بەگشتی خراپ نەبوو بەڵام باشیش نەبوو. پەکەیجەکە باش ناسێندراوە و زۆربەی خەڵک دەیناسێت بەڵام کەمتر بۆ منداڵانیان دەکڕن و دێن بۆ پۆلەکان.
لە لاپەڕەکەتدا کتێب و فیلم بە زمانی کوردی بە خەڵک دەناسێنێ. پێوەری تۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەم دوو کەرەستە بۆ ڕاگەیاندن چی بووە؟
من هەر لە ئەزەلەوە حەزم لە کتێب و فیلم بووە و حەزم لێیە کە کتێبێکم خوێندەوە یان فیلمێکم بینی، پاشان بیناسێنم بە خەڵک کە خەڵکیش بیخوێنێتەوە و بیبینێت و ئەو چێژەی کە من لەو کتێب و فیلمانەم وەرگرتووە، ئەوانیش لێی وەربگرن. پێم وایە کە خەڵک تامەزرۆی ئەوەیە کتێب بخوێنێتەوە بەڵام کەس نییە بەتەواوی بیانناسێنێت. بۆیە منیش هەوڵم دا ئەم کارە بکەم و بتوانم بە شێوازێکی باش ئەو ئیشە ڕاپەڕێنم. بۆ کتێبەکان زیاتر ڕۆمانم ناساندووە لەبەر ئەوەی ڕۆمان ژانرێکی یەکجار خۆش و نوێیە و هەموو بابەتێک لەخۆ دەگرێت و مرۆڤ لەگەڵ بابەت‌گەلێک وەکوو دەرونناسی، فەلسەفە، مێژوو و زۆر بابەتی تر ڕووبەڕوو دەکاتەوە و هەروەها بابەتی سەختتر و پسپۆڕانەتر بۆ چوارچێوە و پلەتفۆڕمی ئینستاگرام ئەگەری هەیە بە باشی وەڵامدەر نەبێت چونکە بەردەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە بەڵام ژانری چیرۆک و ڕۆمان و بیرەوەری زۆر بەئاسانی بەردەنگ دەتوانێ پەیوەندییان پێوە بگرێ و لە ڕێگای ئەو ژانرانەوە تێکەڵ بە خوێندنەوە بن. 
لەو کتێب و فیلمانەی کە تا ئێستا لە لاپەڕەکەتدا داتناوە، کامەیان کتێب و فیلمی دڵخوازی تۆن؟
لە فیلمەکان فیلمی سایکۆ (Psycho)  لە دەرهێنانی ئەلفرێد هیچکاک زۆر لە لام تایبەتە چونکە یەک دونیا بابەتی گرینگی تێدایە و لەبواری دەروونناسییەوە زۆر بەهێزە. بۆ کتێبیش هەڵبژاردنی یەکێکیان سەختە چونکە دوو کتێبی زۆر خۆشەویستم تێدا ناساندووە. یەکێکیان کتێبی «چاوشینەکەی دەرسیم» و ئەوی دی ڕۆمانی «شاماران». کتێبی «چاوشینەکانی دەرسیم» زۆر جوان توانیویە بتباتە شۆڕشەکەی شێخ ڕەزای دەرسیم و ئەو ئازارانەوە هەروەها پیاسەیەکی زۆر جوانیشت پێ دەکات لەنێو شەقامەکانی دەرسیم و باکووردا. نەبەز گۆران یەکێک لەو نووسەرە بەهێزانەی سەردەمە کە مێژوو و کەسایەتییە گرنگەکان لە چوارچێوەی ڕۆماندا جارێکی دیکە بۆمان ئەنوێنێتەوە. ڕۆمانی «شاماران»یش لەبەر ئەوەی بە چەندین زاراوەی کوردی نووسراوە و چوارچێوەیەکی تایبەتی هەیە و ئوستوورەیەکی ناوازەی کوردەواری لە قاڵبی ڕۆمانێکدا داڕشتووە.
لە ڕۆژی زمانی دایکی پەیامی تۆ وەکوو مامۆستایەکی ئەم زمانە بۆ کوردزمانان چیە؟
پەیامی من ئەوەیە کە گرینگی دان بە زمانی کوردی تەنها لەم ڕۆژەدا نەبێت بەڵکوو هەموو ڕۆژێک لە لایان ڕۆژی زمانی کوردی بێت. بەداخەوە زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی هەڵە و سەقەت ستۆری پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە دادەنێت. بۆ نموونە دێن بە زمانێکی بیانی وەکوو فارسی یان بە ڕێنووسی فارسی  پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی دەکەن. ئەم جۆرە کارانە زیاتر وەکوو ڕەوتێکی چاولێکەری سەیر دەکرێت. ئەمە حاشاهەڵنەگرە کە ئەبێ هەموومان دەست لەنێو دەستی یەک بۆ گەشانەوەی زمانی دایکی کە ئامانجێکی پیرۆزە هەوڵ بدەین لەبەر ئەوەی تاکە چەک و خاڵی گرنگی مانەوەی ئێمە لە ئێستادا تەنیا زمانە. پێویستە هەوڵی ئێمەش تەنها لە بواری ڕێنووس و ڕێزمان و ئەدەبیات و ئەمانەوە نەبێت بەڵکوو ئەبێ لەبواری زانستیشەوە چالاک بین. لەم سەردەمەدا زانست قسەی یەکەم دەکات و زۆر گرینگە؛ ڕێنووس و ئەوانە لە جێگای خۆیان گرینگن بەڵام گرینگ ئەوەیە کە تۆ زمان بهێنیتە نێو زانستەوە. من وەکوو مامۆستایەکی زمانی کوردی چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە خەڵک بە تایبەت گەورەساڵان منداڵەکانیان زۆر هان بدەن کە زیاتر و زیاتر بەرەو زمانی دایکی خۆیان هان بدرێن و دایک  و باوکەکان بتوانن منداڵەکانیان بە شێوازێکی ڕێک و پێک لەسەر بنەمای زمانی دایکی پەروەردە بکەن.
ئامادەکردنی چاوپێکەوتن: ئەحمەد عەبدولحەکیمی


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد