ئیبڕاهیم ئیبڕاهیمی هونه‌رمه‌ندی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد له شەشەمین کێبه‌رکێی شانۆنامەنووسی کوردی له دیاربه‌کر "کوردستانی تورکیا" له بەشی ڕێزلێنان به بۆنه‌ی نووسینی شانۆنامه‌ی "گه‌نج خەلیل" خەڵاتی وەرگرتووه، به‌م بۆنه‌وە دیمانەیه‌کی کورتمان لەگه‌ل کردووە که هیوادارین بکه‌وێته جێی ڕەزامەندیتان:
هاژه: تکایه له سەرەتادا خۆتان بۆ خوێنه‌رانی هاژه بناسێنن.
- ڕێز و سوپاسم هه‌یه بۆ کارگێڕان و به‌ڕێوەبه‌رانی هاژه، ئه‌من ئیبڕاهیم ئیبڕاهیمی له دایک بووی سالی 1363ی هه‌تاوی له شاری مەهاباد خاوەن دیپلۆمی ڕیازی، ماوەی حه‌فده ساڵه که کاری شانۆ دەکه‌م و له فێستیواڵه جۆراوجۆرەکانی پارێزگایی، ناوچه‌یی و نێودەوڵه‌تی فەجر به‌شداریم بووە.
هاژه: لە کام بواری شانۆدا تێکۆشانتان بووه؟
- به گشتی له هه‌موو بوارەکانی شانۆدا کار دەکەم، بەڵام به شێوەی تایبه‌ت له سەر نووسینی شانۆ کار دەکەم.
هاژه: شانۆنامەنووسی له کوردی‌دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- ئه‌و قسەیه که دەڵێن "دەقی شانۆمان له کوردی‌دا نییه یان زۆر کەمە" به داخەوە ڕاسته ته‌نانه‌ت خۆم له نووسینی ئه‌م شانۆنامەیه‌دا که خەڵاتی وەرگرتووە تووشی کەند و کۆسپێکی زۆر بووم، زۆربه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی کاری شانۆیان دەکرد دەیانکووت ئه‌و کارە نابێته شانۆنامه، چوون له بواری دراماتیکیه‌وە گرفتی هه‌یه، پێم وایه باشترین سەرچاوە بۆ شانۆنامەنووسی ئێمه به‌تیه کوردییه‌کان بێت، ئه‌گه‌رچی کردنه شانۆنامه‌ی ئه‌وانه زۆر سەخته.
هاژه: ئه‌و بەیتانه قابلیه‌تی دراماتیکیان هه‌یه؟
- که‌سێکی دەوێ که بتوانی دراماتیزەیان بکات، بۆ گەنج خەلیل زۆر که‌س و ته‌نانه‌ت مامۆستایانی خۆم پێیان وابوو ئه‌م کارە قابلیه‌تی دراماتیکی نییه، که‌چی دیتمان ئه‌و کارە له فێستیواڵی نێودەوڵه‌تی و به بەشداری داوەران هه‌ڵبژێردراو و پێشوازی باشی لێ‌کرا.
هاژه: سەبارەت به کارەکانی خۆتان زیاتر بدوێن.
- من زۆر کاری دەورگێڕیم نه‌کردووە، دەتوانم بڵیم یه‌ک دوو کار زیاتر نییه، 5 کاری دەرهێنه‌ریم بووه و له بواری نووسینی دەقی شانۆنامه‌نووسی 6 به‌رهه‌مم هه‌یه.
هاژه: پرۆژەتان بۆ داهاتوو چییه؟
- نووسین، دەقێکم له به‌ر دەسته له سەر گۆلی ورمێ.
هاژه: ئێوە دێنه ڕیزی یه‌که‌م کەسان له شاری مەهاباد که له سەر شانۆی سەر شەقام کارتان کردووە، ڕا و بۆچوونتان له سەر شانۆی سەر شەقام چییه؟ پوتانسیه‌لی مەهاباد لەم بوارەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- به بیر و ڕای من پوتانسیه‌لی مەهاباد به گشتی بۆ کاری هونه‌ری باشه، بەڵام به داخەوە ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند له نێو خۆماندا نەمانتوانیوە یه‌کگرتوویی و پێوەندی باشمان هه‌بێ و من هیچ گرفتێک له لایه‌ن به‌ردەنگه‌وە نابینم.
هاژه: له سەر یه‌که‌م کاری سەر شەقام که له مه‌هاباد له لایه‌ن ئێوە به‌ڕیوە چوو بدوێن.
- نێوی "پلیکانها" بوو، شانۆیه‌کی سەر شەقام بوو و من چاوەڕوانی ئه‌وەم نه‌دەکرد که جەماوەر به‌و شێوەیه پێشوازی لێبکه‌ن و من پێم خۆش بوو که به ڕاستی شانۆی سەر شەقام له مەهاباد په‌رەی پێ بدرێ چوون جەماعەت بۆ شانۆی سەر شەقام دێن و پێیان خۆشە.
هاژه: کورته‌یه‌کیش له سەر "گه‌نج خەلیل" که براوە‌ی خەڵات بووە باس بکه‌ن.
- گه‌نج خەلیل به‌یتێکی کوردییه که له باکووری کوردستان ڕووی داوە، یه‌که‌م که‌سیش کاوەیس ئاغا ئه‌و به‌یته‌ی نووسیوەته‌وە، له‌و به‌یته‌دا ڕەوایه‌تی کوڕە مام و کچە مامێکی عاشق دەگێڕدرێته‌وە که چارەنووس کارێک دەکا که به یه‌ک نه‌گه‌ن، بەڵام پاشای وڵاته‌که‌یان تووشی شەڕێک دەبێ که دەبێ بچێته وڵاتی شام، له پیاوێکی ئازا دەگه‌ڕی که گه‌نج خەلیل دەچێت ئه‌و مەرجه بۆ پاشا دادەنێ که بەرگری بکات له زەماوەندی کچە مامی له‌گه‌ڵ که‌سێکی دیکه، پاشا ئه‌و کارەی بۆ دەکا. ئه‌و دەچێته شەڕ و سەرەڕای سەرکه‌وتن نایه‌ته‌وە و بێ سەر و شوێن دەبێ، لێرەدا شتێک که جێی تێڕامانه، ژنه‌که‌ی که نێوی حه‌و‌سەته له سی که‌س له کچانی هاوڕێی دەچیته شام و ئازایه‌تییه‌کی زۆر دەنوێنێ.
یه‌کێک له خاڵه هه‌ره سەرەکییه‌کانی هه‌م شانۆنامه و هه‌م به‌یتەکه ئه‌وە که یه‌که‌م دەقی فۆلکلۆری کوردییه که له‌وێدا نه‌خشی ژن زۆر به‌رچاو کراوەته‌وە و به ڕای من قارەمانی داستان ژنه‌که‌یه و ڕەوایه‌تی داستانیش هه‌ر له زمانی ئه‌و ژنه دەگێڕدرێته‌وە.
هاژه: به ڕای ئێوە به‌ڕێوە چوونی ئه‌و جۆره کوڕ و کۆبوونه‌وە و فێستیواڵانه یان دانانی کێبه‌رکێی شانۆنامه نووسی له کوردستانی تورکیا چەنده دەتوانی پشتگری نووسەران بێت و دەنگی تازه تێیدا بدۆزرێته‌وە؟
- به ڕای من کتێبخانه‌ی کوردی له بواری شانۆنامەنووسیدا زۆر لاوازه، ئه‌و جۆره حەڕەکەتانه دەبنه هۆکاری ئه‌وە که لایه‌نه که‌مایه‌سییه‌کان ورده ورده قەرەبوو بکرێنه‌وە.
هاژه: پیشنیاری ئیجڕاتان بۆ گه‌نج خەلیل هه‌بووە؟
- بۆ ئیجڕای گه‌نج خەلیل چوار پێنج داخوازی ئیجڕام بووه هه‌م له ناو وڵات و هه‌م له دەرەوەی وڵات.
هاژه: وته‌ی کوتاییتان:
- هیوای سەرکه‌وتنتان بۆ دەخوازم، ئه‌من ئه‌و گله‌ییه‌م هه‌یه که ئه‌و کەسانه‌ی که دەنووسن بکه‌ونه جێی سرنجی دەرهێنەرانی خۆجێی، کار و شانۆنامه با لاواز بێ به‌ڵام با ئی خۆمان بێت و بتوانین شانۆنامەکانی خۆمان ببه‌ینه سەر سەحنه.