دەمێک ساڵ بوو لە زستاندا گەشتى ڕۆژهەڵاتى کوردستانم نەکردبوو، لێ ئەمساڵ بۆ بە شداریکردن لە بۆنەیەکى گرنگى هونەری و بە داوەتى فەرمیى ناوەندى ماملێ، ڕێکەوتى ١٠ڕەشەمەى ٢٧٢٤ کوردى بەرامبەر ٢٨/٢/٢٠٢٥ بەشدار بووم لە ڕێوڕەسمى بەخشینی خەڵاتى ماملێ بۆ هونەرمەندى قەدرگران و دەست و پەنجە زێڕینى کوردستان مامۆستا (عەلى ئەکبەر مورادى). ئەم مەراسیمە جوانە لە شارى ئازیزى مەریوان و لەنێو کەشێکى کوردەواری و تژى لە خۆشەویستى بۆ وڵات و هونەر و کولتوورى گەلەکەمان و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە گەورە هونەرمەندان و کەسایەتی و هونەردۆستانى پارچەکانى کوردستان و شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، سەرکەوتوانە بەڕێوە چوو.
مەریوان... پایتەختى هونەر
ئێستا بزاڤێکى فەرهەنگیی پڕجموجۆڵ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و شارى مەریوان لەئارادایە و خۆشبەختانە ساڵ دواى ساڵ ئەو کاروانە لە گەشەکردن و بەردەوامیدایە، مرۆڤ خۆشحاڵ دەبێت بە بوونى چەندین مامۆستاى کارامە و لاوى پێگەیشتوو لە سەرجەم بوارى هونەرە جوانەکان، وەک؛ گرووپى تێکەڵاوى کوڕ و کچى موزیکژەن، تیپى نواندنى شانۆیی و هەڵپەڕکێی کوردەواری، خۆشنووسی و نەخش و نیگار، بزاڤى وەرزشى، گەشەپێدانى بوارە زانستی و ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکان؛ کۆمپیوتەر، زمان، ڕۆمان، هۆزان، چیرۆک، کارى ڕۆژنامەوانى، هەبوونى کتێبخانەیەکى دەوڵەمەند، هەموو ئەمانە و لەپاڵ پێناسە میژووییەکەى (دوازدە سوارەى مەریوان)، ساڵانێکە ئەم شارە ئازیزەى کوردستان شوناسى پایتەختى شانۆى سەرشەقامى بە سنگى خۆى هەڵواسیوە، ئێستاش بە هیممەتى لاوە خوێنگەرمەکانى، لە هەوڵى بەدەستهێنانى ناسناوى فەرهەنگى دیکەى تازەیە و تێدەکۆشن بیکەن بە پایتەختى خۆشنووسى.
پیشانگاى پەنجا هونەرمەند
کات دەمەو ئێوارەی (یەکى مارس) بوو، کزەبایەکى ساردى تەزیو هەڵیکردبوو، ئەوکاتە لە نگارخانەى فەرهەنگى مەریوان سەردانى پێشانگاى هاوبەشى خۆشنووسانى مەریوانم کرد، کە پەنجا هونەرمەندى جواننووس لە ژن و پیاو بەشدارییان تێدا کردبوو، لەناویاندا مامۆستاى بەهرەمەند (محەمەد بەهرامى)، ڕاستە پیشانگاکە لە هوڵێکى داماوى سارد و سڕدا ساز کرابوو، بەڵام جوانی و ئاستبەرزیى تابلۆکان، کە بە هەردوو زمانى کوردى و فارسى نماییش کرابوون، گەرمیى دەدایە دڵ و هزرى میوانان و جێى شادمانی بوو کە بەهرەى هونەری و پێشکەوتنى تواناى ئەو جواننووسانە لەو ئاستە باڵایەدا دەبینرێت. هەروەک لە تابلۆى ناساندنى پێشانگاکەیاندا ئاماژەیان بە چەند ڕاستییەک کردبوو؛ "ڕەنگبێ ڕێکخراوى خۆشنووسانى مەریوان یەک لە کەمتەمەنترین لقەکانى بنەماڵەى گەورەى خۆشنووسانى ئێرانى بێت، بەڵام لە ڕووى هزر و تواناى بەرهەمهێنان و ئاستى باڵاى دەستەیەکى دیار لە خۆشنووسانى مەریوانى، لە ئاستى ئێران وهەوڵ و چالاکیى ڕێکخستنى فێستیڤاڵەکان بە یەکێک لە بایەخدارترین و ناسراوترین ڕێکخراوە خۆشنووسییەکانى ئێران دادەنرێت."
بەفر و شادى
چەند ساڵێکە کەشوهەواى ناوچەکانى ئێمە گۆڕانى بەسەردا هاتووە، باران و بەفر زۆر کەمیان کردووە، نەخاسمە لە باشوورى کوردستان پتر هەست بەم گۆڕانکارییەی سەقا دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە پارچەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەمساڵ ئاوێزان بوون لەگەڵ بارینى بەفرێکى ئەستوور و جوان. ئەو چەند ڕۆژانەى لە مەریوان و ڕۆژهەڵات بووم، وێڕاى گشت خۆشییەکان، بەڵام چوونمان بۆ ناو دڵى سروشت و کەژ و کێو و دێهاتەکانى ناوچەى مەریوان و بینینى ئەو سپى پۆشییەى گشت لایەکى داپۆشیبوو، خۆشییەکى لەڕادەبەدەرى بە دڵ و دەروونمان دەبەخشى، سوپاسى هەموو دۆست و هاوڕێ و خانەخوێ ئازیزەکانم دەکەم، کە وەک هەرجار میهرەبانی و میوانپەروەریی خۆیان پیشان دا و چەندین جار بە گەشت و سەیران تێکەڵ بە دیمەنە جوانەکانى ئەم بەشەى بەهەشتى کوردستانیان کردین.
لەسەر قەڵاى هەڵۆخان جوانیى سروشت دەبینى
لە گەشتى ماوە کورتدا نابێ کات بە شتى لاوەکی و خواردن و نووستن بەفیڕۆ بدرێت، بەڵکوو دەبێ هەر چرکەیەک بەهرەیەکى هەبێت، ئێمەش هەر وامان کرد، ئەوەى باش بوو، من و دۆستى زێدە ئازیزم دکتۆر عەلى زادە، دوو کەسى هۆگرى ئەو بیرۆکەیە بووین، بەیانییان زوو بەخێرایی پارووە نانێکمان دەخوارد و لێى سوارى ڕینۆى سپى دەبووین، یەکەم جار گەشتى جادە و دێهاتەکانى لێوار زرێبارمان کرد لە بەردەڕەشەوە تا گوندى (نێ) زادگاى زاناى کورد (کۆچەر بیرکار)، لەوێوە تێهەڵکشاین بەرەو بەرزاییەکانى قەڵاى هەڵۆخان، کە دیمەنێکى سەرنجڕاکێشى شارى مەریوان لە سنوورەوە تا بەرزاییەکانى هەورامان لە شێوەى پانۆرامایەک دەبینى.
زرێبارى سپی و شین گۆلى دێرینى زرێبارى مەریوان و ئاوە سازگار و شیرینەکەى، دیارییەکى خوداییە بۆ کوردستان و دانیشتوانى ناوچەکە، کە لەم وەرزەدا و لەنێو ئەو کەشە جوان و سیحراوییەیدا، لە ئامێزى چیا سەرکەشەکان و بە لێوارى گوندەکانى بەرى بەگزادان و بەرامبەر لوتکەى سەربڵندى قەڵاى هەڵۆخان و چیاى سەرکەشى قەلەبەرد، وەک بووکێکى شۆخ و شەنگ ناز و عیشوەى دەکرد، بە ڕۆژ لەژێر تیشکى خۆر بە تاراى سپی و شین خۆى دەنواند، لە شەوانیشدا تریفەى ئەستێرە و مانگەشەو لەسەر سینگ و شەپۆلە نەرمەکانى وەک ئەڵماس و زیو دەدرەوشانەوە.
گەشتێکى خۆماڵى
سپێدەى ڕۆژى دووى مارس، دواى خواردنى نانى بەیانییەکى بەتام و خۆش لەسەر خوانە کوردەوارییە ڕازاوەکەى کاکە موبین، ناوى خوامان لێ هێنا، هاوڕێ لەگەڵ کاکە دکتۆر بە ماشێنە ڕینۆکەى ڕێى کێو و بەندەنانمان گرتە بەر، ڕوو بە ڕۆژهەڵاتى مەریوان بەسەر جادەى سەرەکیى سنەدا بەتەنیشت گوندى (گوێزە کوێرە) زادگاى لەدایکبوونى زاناى پایەبەرزى کورد (مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەریس) تێپەڕ بووین و سڵاوى نەمری و وەفاداریمان بۆ ئەو زانا ڕۆشنفکرەى کورد نارد. دواتر لە جادەى سەرەکى بە دەستى ڕاست لاماندایە سەر ڕێگەیەکى خاکى، بەهۆى توانەوەى بەفرى زۆرى ئەو ناوە، ڕێگەکە لە هەندێک جێیدا شەتاو و قوڕاوى دروست کردبوو، ئەوەڵ ویستمان بگەڕێینەوە، بەڵام ئەزموون و هیممەتى بەرزى کاکە دکتۆر ئەو خەیاڵەى لێ دوور خستینەوە و درێژەمان دا بە ڕۆیشتنەکەمان، ئەو سپێدەیە لە هەر لاوە دەتڕوانى ئاسمان وەک بەردى یاقووت شین شین دەچووەوە، پەڵەهەورى سپى وەک دڵى دڵدار لە هەر جێیەک سەرەتاتکەیان بوو، قەلەڕەش و کۆترەکێوی و باڵداری بچووک بەسەر دار و دەوەنى سەر بە بەفرى سپى و ڕەشانگە خاکی ئێرە و ئەوێ باڵەفڕێیان بوو، لەدوورەوە گوێمان لە دەنگى قاسپەى کەو و هاژەى ئاوى چۆم و ڕووباران دەبوو، دووبەدوو بە بینینى ئەو دیمەنە جوانانەى سروشتى کوردەواری هێندە مەست و شەیدا بووین، ساتێک پێدەکەنین، تاوێک گۆرانیمان دەگوت، دەمێک شووشەى پەنجەرەى ماشێنەکەمان دەکردەوە و دەمێک داماندەخستەوە، بەردەوامیش دەنگى زوڵاڵى زیرەک و ماملێ هاوسەفەرمان بوون.
گەشتەکەمانم دەنووسییەوە
لە ڕێگە یەک یەک ناوى چیا و ڕووبار و ئاوایی و گوندەکانم دەنووسى، ئەوەى دکتۆر بیزانیبان کە ماشەڵڵا پاکیانى دەزانى، دەمنووسین، ئەوى وەچەنگیشمان نەکەوتبان، لە خەڵک و ڕێبوارانمان دەپرسین، تا دەهات قووڵتر دەچووینە ئامێزى سروشت، بەنێو دۆڵایی و پەنا مەزرا و تەنیشت ڕووباران گەشتمان درێژەى هەبوو، تا لە پێچێکدا گوندى (دەرى)مان لێ بەدەر کەوت، بە بینینى ئەو دیمەنە جوانەى سروشت، بڕسکمان لێ بڕا، ناچار لە ماشێن پیادە بووین، بەفرى تازەساڵى قەراغ جادە وەک کریستاڵ لەژێر تیشکى خۆرەتاودا دەبریسکایەوە، بە یادى جاران یەک دوو تۆپەڵ لەو بەفرە زیوییەم هەڵگرت و لەمشتم دا یارییم لەگەڵ دەکردن، کەمێکیشمان لێیان خوارد، ئەو بەفرە بلوورییە تامێکى خۆشى هەبوو.
چووینە ناو دێ
لە کاتى وێنەگرتندا بووین، دوو پیاوى ئاوایی (دەرى) کاک مەحموود و کاک کەمال بە پیادەڕۆیی لە قۆپێکەوە وەدەر کەوتن، چاکوچۆنیمان کرد و یەکسەر بووینە براى گیانى بەگیانى، چەندین پرسیارى ئەو ناوچەیەمان لێیان کرد، ئەوانیش کوردانە و مەردانە خۆشخۆش لەنێو وەڵامەکانیان فەرمووى ماڵەوەیان لێ دەکردین و پێیان خۆش بوو میوانیان بین، پێکەوە سەرێکى ناو گوندمان دا، چاوێکمان لە ژیانى سادەى ئەو لادێ جوانە کوردنشینە کرد، گوندێکى تابڵێى جوان و پاکوخاوێن و ڕێکوپێک ڕوو بە خۆرهەڵات بوو، دیاربوو خەڵکێکى میواندۆست و دڵپاکن، هەندێک لە ژنەکان خەریکى ماڵات بەخێوکردن بوون، بەشێکى دیکەیان بەفرى حەوش و بانیان ڕادەماڵى، یان جێ و بانیان هەڵدەخست، منداڵان لە ڕێى قوتابخانە بوون، چەند پیاوێک لە قەدپاڵى نزیک گوند بەدیار گاوگۆلەوە ئێشکگر بوون. گشت ئەو دیمەنە خۆماڵییانە تێکەڵ بە بۆن و بەرامى ناو دێ ببوون و پێکەوە تابلۆیەکى سروشتیی وایان خوڵقاندبوو، ئۆخژن و ئاسوودەیی لە بڕانى دەدایە جەستە و گوڵاوپژێنى گیانى ماندووى ئێمەى دووکەڵ هەڵمژى شارنشینان دەکرد، لە کۆتایی ئەو دیدارە ڕگوزارەدا، لەنێو خۆشەویستیى گوندنشینەکان و لەبەردەم مزگەوتى (ئیمام شافعى) مزگەوتى گەورەى ئاوایی (دەرى) چەند وێنەیەکى یادگاریمان چرکاند و بەڕێزەوە ماڵئاواییمان لە ئازیان کرد.
مەلا ئەبووبەکرى چۆڕی
نیوەڕۆژ بوو لە گوندى دەرى بەدەر کەوتین، ماوەیەکى کەم ڕۆیشتین، خۆرى زێڕین لە چەقى سنگى ئاسمانێکى شینى بێگەرد تیشکەکانى پەخشى سەر زەمین دەکرد، گەیشتینە ئاوایی بەناوبانگى (چۆڕى) شوێنى مەزارگەى زانا و مامۆستاى ناودارى کورد (شێخ حەسەن چۆڕى، ناسراو بە مەلا ئەبوبەکرى مصنف ٩٤هجرى ١٠١٤هجرى) ئەم زاتە پایەبەرزە لە سەدەی شازدەی زایینی لە گوندی پیرخەیرانى شاری مەریوان لەدایك بووە و لە نەوەکانى پیرخدرى شاهۆیە، بە گوتەى خەڵکى ئاوایی و بەگوێرەى ئەو نووسینانەى لەسەر کێلى هەندێک لە گۆڕى مردووەکانى گۆڕستانەکە نووسرابوون،
بنەماڵەى مەلا ئەبووبەکر لە سێ بەش یان سێ بەرەباب پێک دێن و سێ ناسناویان هەڵگرتووە، ئەوانیش (شێخول ئیسلامى و موسنف و چۆڕی)یە. هەر لەو مەزارەدا گۆڕى هەریەک لە مەرحومان (سەید محەمەد باقر شێخ ئیسلامی و سەید مەحموود شێخ ئیسلامى و سەید ئەحمەد سەوزوارى چۆڕى و فەوزیسە چۆڕى و سەید ئامینە سەوزوارى و عەتیەخانم نەقشبەندى) و چەندانی دیكەمان خوێندنەوە، دێڕە هۆنراوەیەکى سەر کێلى گۆڕێک سەرنجى ڕاکێشاین، ئەوەى لەسەر نووسرابوو؛
(گریا گوڵێ بۆ گوڵاو سەر ئاگر نریا
ئەم بۆن و بەرامەیەم نەبووبا بریا
نرخى هونەر جوانییە دەیبا گەردوون
کێ پێکەنى جارێکى، هەزار جار گریا)
سەردانى مەزارگەى چۆڕى
بە ئارەزووى بینین و زیارەتى مەزارى پیرۆزى شێخى چۆڕى، لاماندایە گۆڕستانى ناو دێ، کەمێک بە پێیان ڕۆیشتین، لەدوورەوە لەناو دارودەوەنێکى چڕدا مەزارگەى مەلا ئەبووبەکرمان بینى، لەژێر ئەو گومبەزەدا، چەند گۆڕێک بەتەنیشت یەکەوە هەبوون، ئەوەى لاى سەرەوەیان ئارامگەى مەرحوومى (شێخ حەسەن چۆڕى) بوو، هەریەکێ لەو گۆڕانە قوماشێکى سەوزیان بەسەردا درابوو، کەشێکى خامۆش و بێ دەنگ هەبوو، جگە لە دەنگى باڵندەکان شتێکى دیكە نەبوو، بە ئەسپایی و بە پێخواسى چووینە ژوورى مەزارگەکە، کەمێک لە دار و دیوارەکەیمان ڕوانى هەموو شتێک سادە بوو، هیچ دیمەنێکى ئەوتۆمان بەدى نەکرد، جگە لە تابلۆیەک کە ناو و ساڵى لەدایکبوون و وەفاتى شێخى لەسەر نووسرابوو، لەگەڵ وێنەیەکى کۆنى لە چوارچێوە گیراوى شەجەرەى بنەماڵەى حەزرەتى شێخ. یەکێک لە موریدەکان دواتر زانیمان ناوى محەمەدە، سەرى نابووە سەر کێلى گۆڕى شێخ و لە ناخەوە دڵى کوڵپەى دەکرد و لەبەرخۆیەوە نزا و پاڕانەوەى دەکرد، دواى ماوەیەک کە لە نزاخوێندن تەواو بوو، بەئەسپایی سەرى هەڵبڕى و بەخێرهاتنى ئێمەی کرد، گوتى لە لادێیەکى ئەو ناوەوە هاتووم، ویستم ڕازى دڵم لاى حەزرەتى شێخ واڵا بکەم.
مەزارێکى خامۆش و بێ خزمەت
مەلا ئەبوبەکر چۆڕى وێڕاى ڕێبازە ئاینییەکەى، زانا و عارفێکى خواناس و دڵپاک بووە، هاوکات قەڵەمێکى بە بڕشتى نووسین و شەرح و لێکدانەوە بووە، هۆنینەوەى هۆزانیشى هەبووە، لەم بوارانەشدا كۆمەڵێک بەرهەم و کتێبى لە بوارەکانى ئایین و ئایینناسیدا لەدواى خۆى بەجێ هێشتووە. لێ مخابن ئەو جێیەى مەزار و گۆڕى شێخى چۆڕى لێیە، کەم خزمەتە و دەستی پێ ڕانەگەیشتووە، نازانرێت ئۆباڵەکەى لە ملى کێیە کە ئەو شوێنە پیرۆزە ئاوا بێ خزمەتە، تەنانەت ڕێگەى گەیشتن پێى زۆر دژوارە و گەرەکە بەناو قەبراندا بڕۆیی تاکوو دەگەیە جێ، جگە لەوانەش دەوروبەرى مەزارگەکە ناڕێکوپێكە، لە کاتێکدا دەبوایە ئەو شوێنە پیرۆزە باشترین خزمەت بکرێ، بەو جۆرەى حەزرەتى شێخ بەدرێژایی تەمەنى، لە ڕێى ئایین و زانست و ئەدەبەکەیەوە دڵسۆزانە خزمەتى دانیشتوانى ئەو ناوچەیە و تەواوى وڵاتى کوردەواریی کردووە.
گەڕاینەوە مەریوان
کات بەرەو درەنگان بوو، ئێمەش کەمێک ماندوو بووین، بەڵام دڵ پڕ لە شادی بووین، ڕێى گەڕانەوەمان بۆ مەریوان بە تخووبى گوندەکانى چۆڕ و نەنە و هاڵوژان و چەند ئاواییەکى دیکەدا بوو، ئاوایی موڕک گوندێکى جوان بوو لەدوورەوە لێمان دیار بوو، کات نەبوو ئەگینا بەنیاز بووین سەردانى موڕک و گوندى (بالک) زادگاى (مامۆستا مەلا باقر) و مەزارى پیرۆزییان بکەین، ئەگەرچى کەمێک ئاسوودەیی ئەو نەچوونەمان بە بینینى پەیکەرى مامۆستا مەلا باقر لە چوارڕێیەکى سەرەکیى سەرجادەى مەریوان- سنە هات. کۆتایی ئەم گەشتە جوانەمان لە گوندى بێکەڕە بوو بۆ هاتنەوە سەر جادەى سەرەکى بەرەو ماڵ.
سەردۆش... پارچەیەک لە جوانیى تابلۆى کوردستان
هیشتا ئارەزووى بینینى سروشتى جوان و دڵڕفێنى ناوچەکانى مەریوان لە دڵمان کەفوکوڵییان بوو، لەوما دۆستانى ئازیز و خانەخوێیانى میواندۆست، بەرنامەى چوونە دەرەوەی شەویان بەرەو گوندى جوان و سەراپا بە بەفرداپۆشراوى سەردۆش چنیبوو، ماوەى نیو سەعاتێك بە ئۆتۆمبێیل لە مەریوان بەدەر کەوتین و لە سێڕایەکى قیرتاوکراودا ڕووەو هەوراز ملى ڕێگەمان گرتە بەر، بە جادەیەکى خۆشى پڕدارودەوەن و پێچاوپێچ وەسەر کەوتین، لە کۆتاییدا خۆمان لەناو ئاوایی جوانیى سەردۆش بینییەوە، ئەو گوندە دەکەوێتە بەرزاییەکانى ڕۆژئاواى مەریوان ڕوو بە زرێبار و پێدەشتەکانى بەرى بەگزادانە، بەفر هەموو لایەکى ئەو ئاواییەى تەنیبوو، یەک پارچە ڕەنگ و دیمەنى سپیایی دابووە هەموو شوێنێک، چیتر ڕێى ماشێن نەبوو بڕۆین، بەڵام کێشە نەبوو هەموومان پیادە بووین و هەریەک دەستبارێک کەل و پەل و خۆراکمان هەڵگرت، بۆ خانەخوێى ئازیزیش کاکە محەمەد سەردۆشى، کۆڵەپشتێک ئامادە کرا، پاترى ئۆتۆمبێل و بڕێک خۆراکیان لەکۆڵ نا، ئەویش مەردانە داى بە شانیدا و هەندى بڵێى یەک و دوو وەپێشمان کەوت و بەر لە هەموانیش گەیشتە ئەو خانووە جوان و خنجیلانەیەى لەسەر ترۆپکى بەرزاییەک بە هەروەوەزى لەگەڵ هاوڕێکانیدا کاک (عەزیم و موبین و سەتار و بێباک) و کوڕگەلى دیکە و خزمانى ئاوایی دروستیان کردبوو.
خرمەخرمەى ڕۆیشتنى سەربەفر
تا هەندێک لە ئێمەى ئەهلى شار بە پشووتەنگی و هانکەهانک گەیشتینە جێ و خرم خرم ڕێى سەرکەوتنمان بەسەر بەفرى باریوی چل سانتیمیدا بڕى، ئەوان سۆبەى داریان نێڵ دابوو و خەریکى سازکردنى خوانى ئێوارە بوون، دوو شێفى کارامە وەستا عەزیم و کاک محەمەد، برنجى کوردى بە ڕۆنى خۆماڵی و مامرى برژاو لەسەر پۆڵوو لەگەڵ بنکڕى برنجى کەتەیان ئامادە دەکرد. تا ڕۆژئاوابوون تێر سەیرى دیمەنە جوانەکانى ئەو ناوەمان کرد و زۆر وێنەى یادگاریمان چرکاند، یاریى سەربەفرمان کرد، ئینجا لەژێر ئاسمانێکى ساف و بێگەردى پر لە ئەستێرە و مانگەشەوى زیوین بەئەسپایی چووینە ئامێزى شەوێکى خامۆشى ساردى زستانى، لەو کاتانەدا دکتۆر عەلیزادەى ئازیز، هاوڕێ لەگەڵ چەند کوڕوکاڵى دێ گەیشتنەجێ، یەکێک لەو لاوانەى هاوڕێیەتى دکتۆریان دەکرد کاکە (سامان) بوو، کە خۆشبەختانە ئێستا وەک لاوێکى بەژنزراڤى کورد پاڵێوراوە بۆ تیپى فوتباڵى یەکێک لە یانە بەناوبانگەکانى تاران و ئومێدى دواڕۆژێکى ڕووناکى لێ دەکرێت بۆ خانەوادە و گەلەکەى. شەوێکى جوانمان بە قسەى خۆش و گاڵتەوگەپ گوزەراند، کات گەییە دوازدەى شەو، هێشتا پیرەسۆبەى داران هەر لرفەى دەهات، ئێمەش مەجلیسمان گەرمتر بوو، بەڵام دەبوایە کۆتایی بەو گردبوونەوە خۆشەمان بێنین، چونکە سۆزى کاروبارى زۆرمان لەپێش بوون، دواى جەموجۆرکردنى گشت کارەکان، ئینجا وێنەیەکى بەکۆمەڵمان کردە دوابەشى ئەو گەشتە پڕ یادگارییەمان لە سەرۆدشى ئازیز.
سنەى سەربەرز
کە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووى ناکرێ نەڕۆی بۆ سنە، خۆیان پێى ئێژن (کوردستان - کورستان) ئەمەش لە ناسناوى پایتەختى میرنشینى ئەردەڵانەوە هاتووە، کە میرنشینێكی نیمچە سەربەخۆى کورد بووە و بۆ نزیك بە ٧٠٠ ساڵ (١١٦٩ هەتا ١٨٦٧) فەرمانڕەوایی بەشێك لە كوردستانی کردووە، تا هەنووکەش شارى سنەى سەربەرز شانازیى ئەوەى هەیە، پایتەختى عیلم و عیرفان و ئەدەب و هونەر بێ. ئەو چەند ڕۆژانەى لە مەریوان بووم، دۆستان لە سنەوە پەیامیان دەنارد کە ئەشێ سەردانیان بکەم. چوارى مارس، لەگەڵ کاک دکتۆر ساز بووین، دواى ئەوەى ماشێنە سپیمان بردە کارواشى زاگرۆس، پاکوخاوێن شوشتیان و دایانەوە دەستمان، چێشتەنگاو بوو، دووبەدوو بەدەم گفتوگۆکردنەوە ڕێگەى سنەمان گرتە بەر، خۆشبەختانە لەم ساڵانەى دواییدا جادەیەکى تازەیان لەنێوان مەریوان و سنە دروست کردووە، کە بەشێوەیەکى بەرچاو ماوەى ڕێیەکەى کورت کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆى بوونى زنجیرەیەک تونێلى کورت و درێژى سەرڕێگەکە، لەوانە تونێلى گوندى تێژتێژ بەدرێژایی ١٣٢٦مەتر، تونێلى دێى قەڵاجوخ بەدرێژیى ٣٥٥مەتر، تونێلى گوندى باخان کە درێژییەکەى ١٩٤٢مەترە و بەدووریى ٢٠کم لە مەریوانەوە دروست کراوە. لە ڕێگەدا چەندین گوند و ئاوایی بچووک و گەورەمان دەهاتنە سەر ڕێ و ناویانمان دەزانى، ئەوانى دوور یان لەچاو دیار نەبوون، کاک دکتۆر ناویانى دەزانى، منیش تۆمارم دەکردن، بەدەم قسەکردن و گێڕانەوەى بیرەوەرییەکانى ڕۆژگارى دێرین، بانگى نیوەڕۆ بوو و گەیشتینە بەرەوە.
پڕۆژەى هونەرى هاوبەش
دوابەدواى دیدارى هەندێک لە دۆستانى هونەرمەند و گەنگەشەى چەند پڕۆژەیەکى فەرهەنگى بۆ داهاتوو، ئینجا لەگەڵ براى ئازیزم دکتۆر هێرش سەردانى ئاویەر و چەند شوێنیکمان کرد، شەوێکى خۆشمان بە گێڕانەوەى بیرەوەری و باس و خواسى ڕۆژگار بەسەر برد، سۆزى دواى خواردنى نان و چاى بەیانى، دووبارە لەگەڵ دکتۆر عەلى کە تەشریفیان لە مەریوانەوە هاتبووەوە، ساز بووین بۆ گەڕانەوە، لە ڕێگە لاماندایە ئاوایی (کەلکان) هەر ئەودەمیش کەوتمەوە بیرى گوندى کەلکانى بنارى چیاى کۆسرەتى لاى خۆمان. گەڕانێکى کورتمان بەناو دێیەکەدا کرد، دواتر هاتینەوە سەر جادەى سەرەکی و بەدرێژایی ڕێگەکە باس و خواسى ژیان و ڕۆژگارمان تاوتوێ دەکرد، لەگەڵ چێژوەرگرتن لە دیمەنە جوانەکانى سروشتى وڵاتى کوردەواری.
لە تخووبى گوندى (جانەوەر) بۆ وەرگرتنى پشوویەکى کورت لاماندایە قاوەخانەیەکى قەراغ جادەکە، هەوا سارد بوو، سەماوەرى کاکى قاوەچییش گەرم بوو، یەکەو چایەکى تازەدێکراومان نۆش کرد و چەند وێنەیەکى یادگاریشمان چرکاند، دواى ئەوە کەوتینەوە ڕێ و بەتەنیشت پردى کەوناریی (گاڕان) تێپەڕ بووین و بە کەیفخۆشییەوە گەیشتینەوە مەریوان. داخى گرانم لەو سەفەرە کورت و پڕکارەدا لە سنە، نەمتوانى بە دیدارى هونەرمەندى ئازیز مامۆستا (عەلى رەزا محەمەدى)ی هاوڕێم شاد بم، داواى لێبوردنى لێ دەکەم.
لە کۆتاییدا جێى خۆیەتى سوپاسێکى گەرمى گشت دۆست و هاوڕێ و خانەخوێیانى ئازیز بکەم لە هەموو شوێنەکانى ئەو گەشتە زستانییەمدا هاوڕێ و هاوکارم بوون، داواى لێبووردنیان لێ دەکەم لە هەر کەموکوڕییەک، ماڵییان ئاوا و کوردستانمان ئاوەدان.