لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی هەژموونی فەرهەنگی بێگانە و بە تایبەت هاتنی لافاوی کاڵای چینی، کۆمەڵێک دیاردەی سەیروسەمەرە خۆیان خزاندووەتە ژیانمانەوە و تەنانەت بۆنەیەکی ڕەسەنی وەک نەورۆزی کوردییشیان بەخەتەر نەداوە. یەکێک لەو دیاردە پووچ و بێبنەمایانە، کڕینی ماسیی سوورە بۆ سەر خوانی نەورۆز!
ڕەنگە کەم کەس ئاگادار بێت کە ماسیی سوور، ماسیی ڕەسەنی وڵاتی چینە و لەوێوە تەشەنەی کردووەتە ناوچەکانی تری دنیاوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دیاردەیە، نەک هیچ پێوەندییەکی بە فەلسەفەی بۆنەی نەورۆزەوە نییە، بەڵکوو ڕێک پێچەوانەیەتی! نەورۆز سەرەتای ژیانەوەی سروشتە و هێمای بووژانەوە و سەوزاییە؛ بەڵام ماسیی سوور ماسییەکی بێگانە بە سروشت و فەرهەنگی ئێمەیە و شتێکی کاتییە و هەمووان دەزانن دەبێت چەند ڕۆژ دواتر بمرێت و لەناو بچێت. لەو نێوەدا چونکە ئێمەی کورد هەمیشە لایەنگری ژیان و ژیاندنەوەین، دڵمان بۆیان دەسووتێ و ڕەنگە بیانخەینە ڕووبار و جۆگە و گۆلەکانی ناوچەکەمانەوە و لە ڕووی نەزانینەوە بەڵایەک ئاوقای ژینگەی ئاویی وڵاتەکەمان بکەین. هەر بۆیە لێرەدا پێویستە کۆمەڵێک لە کێشە و مەترسییەکانی ئەو جۆرە ماسییە ئاماژە بکەین، بەڵکوو لەو عادەتە بێبنەما و قێزەونە دووری بکەین:
۱. ماسیی سوور توانایەکی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەموو هەلومەرجێکی ژینگەیی و بە ماسییەکی هێرشبەری ژینگە دەناسرێت. ئەو جۆرە ماسییە لە چڵکاو و ئاوی سوێر و تەنانەت زۆر پیسیشدا تا ڕادەیەکی زۆر توانای مانەوەی هەیە و بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر زاوزێ دەکات و هەموو ژینگەکە قۆرغ دەکات.
۲. ئەو چەشنە ماسییە هەڵگری دەیان جۆر نەخۆشیی بەکتریایی و قارچی و مایکرۆبیی جۆراوجۆرن و ئەو نەخۆشییانە دەبەنە ناو چۆم و گۆل و بەنداوەکان.
۳. ئەوانە گەرا و هێلکەی ماسییە خۆجێیی و ڕەسەنەکانی ناوچەی خۆمان دەخۆن و هەڵبەت هیچ قازانجێکی خۆراکی و شتی واشیان بۆ کۆمەڵگە نییە.
۴. توانای زاوزێکردنی ئەو ماسییانە سەڵسووڕهێنەرە بە جۆرێک کە بەبێ هەبوونی ڕەگەزی نێرەکەیان، مێیەکان بەتەنیا دەتوانن بە هەزاران گەرا دابنێن و ژینگەی ئاوی یەکسەر داگیر بکەن. بەوجۆرە ئەگەری هەیە ماسییە خۆجێییەکان بخەنە مەترسیی پاکتاوبوونەوە؛ مەترسییەک کە هەر ئێستاکە داوێنی ژینگەی گۆل و بەنداوەکانی پارێزگای گیلان و ئەردەبیلی گرتووە.
۵. بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێمە بژێوی ژیانیان لە ڕێی ماسیگرتن و ماسیفرۆشتن دابین دەکەن و ئەو ماسییە بە ڕواڵەت بچووکانە دەتوانن وردەوردە بژێوی ژیانی ئەوان و خۆشمان ببڕن.
۶. گەشەکردنی ژینگە بۆ ماوەی ملیۆنان ساڵ بۆتە هۆی ئەوەی ئەو ماسییانەی ئێستاکە لە چۆم و بەنداوەکانماندا بەرهەم بێن. بە دڵنیاییەوە ڕەوتی پەرەسەندنی ژینگە زۆر عاقڵانەتر هەڵی بژاردووە کام ماسی بۆ کام ژینگە باشە؛ کەوابوو با دەستێوەردانی نەرێنیی ئەو پەرەسەندنە نەکەین.
۷. ئەو ماسییە سوورانە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیان ئەوەیە کە ئاوی ژینگەکەیان لێڵ و پیس دەکەن، بە جۆرێک کە تەنیا خۆیان دەتوانن تێیدا بژین و ژینگەی ژیان و زاوزێکردنی ماسییەکانی تر یەکسەر لەناو دەبەن.
کەوابوو خۆشک و برای بەڕێز، لە هەنگاوی یەکەمدا تکایە تا ئەو جێیەی دەتوانن ئەو دیاردە فەرهەنگییە نامۆ و قێزەونە با نەهێنینە ناو فەرهەنگی کوردییەوە و گەشە و درێژەی پێ نەدەین. ئەگەریش بە هەر هۆکارێک هێناتان، تکایە بە هیچ شێوەیەک مەیانخەنە چۆم و گۆل و بەنداوەکانی کوردەوارییەوە با نەبنە مەترسی بۆ سەر ژینگەی خۆمان. فەلسەفەی نەورۆزی کوردی، ژیان و ژیانەوەیە، نەک ئەوەی ماسییەک بێنین بۆ کوشتن و چوار ڕۆژ دواتر فڕێی بدەینە زبڵەوە. هەرچەند فڕێدانی بۆ ناو زبڵوزاڵ زۆر باشترە لەوەی بیانخەنە چۆم و گۆلەکانەوە.
هەر بژین و نەورۆزتان پیرۆز.
وێنه: ئیمان کەریم وەند
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی ژینبانان سروشت بۆکان