تاريخ: ۱۴۰۳ پنج شنبه ۹ اسفند ساعت ۱۹:۲۷ | بازدید: 473 نظرات: 0 کد مطلب: 24082 |
عەبدولعەزیز مەولوودی
کتێبی حەوتەوانە، بەو تێبینییە کە لێکدانەوەی حەوت دەستەواژەی بژاردەی سیاسییە، لە لایەن دوکتۆر سەلاحەدین خەدیو لە ژێر چاپ دەچوو. وێڕای دەسخۆشی دوکتۆر خەدیو بۆ تێکۆشانی بەردەوام لە نووسین و شڕوڤەی ڕووداوەکان لە بواری سیاسی، لەو بابەتەدا هەوڵدەدەم خۆیندنەوەی خۆم لە حەوتەوانە بخەمە بەرچاوی خۆینەرانی هێژا، بەو هیوایەی کە ئەویش بە دڵگەرمییەوە بەردەوام بێ.
حەوتەوانە وەک دیارە باس لە ڕەوتی گۆڕانکاری مانایی حەوت چەمکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە دوکتۆر خەدیو لێکدانەوەی بۆ کردووە. ئاشکرایە سەرهەڵدانی کێشەکان، درێژبوونەوی ڕووداوەکان و ئاوێتەبوونی ئەوان دەگەڵ گەمەی سیاسی حیزبەکان پێکەوە و دەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان وەها کەش و هەوایەکی پێکهێناوە کە بەستێنی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی مانایی دەستەواژەکانی بەکارهاتوو لەو پەرتووکە دا پێک بێ و بڕەخسێ. وردبوونەوەی نووسەری حەوتەوانە لەو بارەوە بەلای منەوە، هەوڵێکی داهێنەرانەیە و جێگای ڕێزی تایبەتی هەیە. ڕەنگە من یان نوسەرانی دیکەش لە پەیوەندی دەگەڵ ئاڵوگۆڕی مانایی وشەکاندا بووبین، بەڵان ئاوا بیرمان لێنەکردبێ تاکو وەک بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوە، گەڵاڵەی بکەین. نەک هەر ئاڵوگۆڕی مانایی، کە زۆر بە دروستی دوکتۆر خەدیو گرفتەکانی فیکری و کردەوەیی لە نێو بزوتنەوەی کورد دا ،چ لە لایەن وڵاتانێک کە لەو پەیوەندییە دا بوون وەک یەکیەتی سۆڤیەت، یان گروپ و کەسایەتێکانی سیاسی، وەک چەپەکان دەخاتە بەرچاو و بە ڕاشکاوی باسی لە سەر دەکا. کاری دوکتۆر خەدیو لەو بارەوە زۆر بەنڕخە، هەڵبەت ئەوە ڕێگری لەوە ناکات کە ڕەخنەگری بۆ نەکرێ. بۆیە لە درێژەی بابەت، سرنج و ڕەخنەکانی خۆم لە سەر حەوتەوانە ئاڕاستە دەکەم.
ڕۆانین بۆ حەوتەوانە لە دوو بابەتی ڕۆاڵەت و نێوەرۆکی باسەکان و شێوازی نووسینەکەوە پێک دێ کە پێشدا دەچمەسەر باسی ڕۆاڵەتی حەوتەوانە و کێشەکانی و دۆایە لەباری نێوەرۆکی باسەکانی حەوتەوانەوە دەدوێم.
یەکەم: بەڕای من شێوازی نووسینی دەقەکە لە لایەن دوکتۆر خەدیوەوە تووشی هێندێک کێشە بووە. بەو مانایە کە دەقەکە کوردییە بەڵان زۆر چەمکی فارسی و بیانی تێدا هاتووە کە پێویست بوو بەر لەوەیکە بڕواتە ژێر چاپ، کێشەکانی چارەسەر کرابایە. زمانی نووسینی بابەتەکە وەرگیراوە لە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، بۆیە ئەو گرفتانەشی لێکەوتۆتەوە. ڕەنگە دوکتۆر خەدیو بەلایەوە ئەو شێوە نووسینە ئاسایی بووبێ، بەڵان پێموایە پێویست بوو زمانی نووسینەکەی پاراوتر کردبایە تاکو دەقێکی دەوڵەمەند و ڕازاوەتری لێدەرکەوتبا.
جگە لە دەستەواژەکانی فارسی و بیانی کە لەناو دەق دا بەکارهاتوون و دەکرا وێڕای کوردییەکەی، لە پەڕاوێزدا وەک خۆیان هاتبان، هێندێک وشەی هەڵەشی تێدا دەبینرێ کە چاوەروان نەکراوبوون. بۆ وێنە چەمکی "چاخ" ە کە زۆر بەهاسانی نووسەر لە جێگای "سەردەم"، "قۆناغ" یان "دەور" بەکاری هێناوە و مانای دروست و بەجێ بە ڕستەکان نادا. "چاخ" جەمکێکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەنی مێژوو بەکار دەهێنرێ وەک چاخی ئاسن، چاخی بەردینە و هتد. بەڵان بەکارهێنانی چاخی خودموختاری، چاخی شوڕشگێڕی یان چاخی سەرگەردانی و .... لە جێی خۆیدا نییە.
دوهەم: کێشەی ناوەرۆکی کتێبەکەیە. دیارە هەر کتێبێک لەو بابەتە کە لە چاپ دەدرێ، لە وێدا نووسەر چۆارچێوەیەکی تیۆریک یان زانستی بۆ دادەڕێژێ بە تایبەت کاتێک نووسراوەکە لە سەر مێژو و کێشەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیە و ئەویش لە بارەی کۆمەڵگای کوردییەوە بێ. حەوتەوانەش دیارە مەبەست و ئامانجێکی تایبەتی بۆ خۆی هەیە کە لە تۆی حەوت باسی تایبەت دا بچمی گرتووە، ئامانجێکی کە وا وێدەچێ دوکتۆر خەدیو ڕاستەوخۆ ئیشاڕەتی پێنەداوە. ئەگەرچی دەکرێ لە کۆی باسەکاندا هێندێ دەسکەوتی لەو بۆارەوە لێوەرگرین، بەڵان بە گشتی پێموایە کە کتێبەکە هێندێک کەمایەسی هەیە. جێگرەوەی ئەو کەمایەسییە، بەکار هێنانی ڕەوشێکی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە لە ڕێگای وێکچوونی ڕوداوەکانی مێژوویی کە نووسەر زۆر کەڵکی لێ وەردەگرێ، بە واتایەکی دیکە، لەو کتێبە دا نووسەر نەیویستووە لە ڕۆانگەی لایەنی تیۆریکەوە بۆ کێشەکان و ڕووداوەکان بڕوانێ. ئەوەیکە زۆرتر دێتەبەرچاو، نێوی هەر بەشە لەو حەوت بەشەیە کە کۆی کتێبەکە دەگرێتە بەر و بۆ نووسەر گرینگە کە نێوەرۆکەکە دەگەڵ نێوێکی بۆی دیاری کراوە، بێتەوە.
سەرەڕای ئەوە، کێشەیەکی دیکە کە زۆرتر کەمایەسی تیۆریکی حەوتەوانە دەردەخا، سوربوونی نووسەر بۆ لکاندنی زانستەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە زانستەکانی تەجرەبییە و باوەڕی نووسەر بە وێک چوونی ئەو دوو زانستەیە وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێ:"لە ڕاستی دا پێکگرتنی سیاسەت و پزشکی، کە پێشتر ئاماژەم بە هاوشێوەبوونی کەنارەکانیان کرد، لێرەدا جارێکی دیکە قوت دەبێتەوە کاتیک نەخۆش دەچێتە لای دەکتۆر هەروا دەرمانی بۆ نانووسرێ، بەڵکو پێشتر لە ڕێگای موعایەنە و پشکنینی پاراکلینیکییەوە دەردەکەی دەدۆزرێتەوە، دۆایی بیر لە دەرمان و ڕێگا چارەی گونجاو دەکرێتەوە. سیاسەتیش هەروایە، بێ دیتنەوە و خوردبوونەوە لە کێشەکان، باس لە ڕێگاچارە نە گونجاوە و نە مومکین"(حەوتەوانە، لا ٩).پێویست ناکا کە بڵێم ڕۆانگەی پۆزیویستی و تەجرەبی جیاوازە لە زانستەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. حاشا لەوە ناکرێ کە لە بارێکەوە ئەو دۆانە لێک نزیکن، بەڵان لە باری ڕەوشی تایبەتی خۆیان جیاوازن. ئەوە هەستی منە لە خۆیندنەوەی حەوتەوانە و ڕەنگە لە ڕاستیدا دوکتۆر خەدیو وا بیر نەکاتەوە.
هەڵبەت نووسەر هەر لە پێشەکیەکەیدا ئاماژە دەدات بە وەیکە لە باری ڕەوشی کارەکەی پابەندە بە ڕەهەندی "مێژووی ئەندێشە"، کە ئەو دیاردەیەش وەک ڕەوشێکی زانستی یان لێکۆڵینەوەیی نەهاتۆتە ئاراوە. بۆ وێنە لە بەشی "ڕۆژهەڵات لە کام ئاسۆوە هەڵات؟" دا باس لە پێکهاتن و بنەما فیکرێکانی پارتی کرێکارانی کورد لە تورکیا دەکا کە "سەرەتا ئەوان بوون باسی یەک خەبات و یەک وڵات یان سەربەخۆیی کوردستانیان کرد. تەنانەت دەڵێ تا پێش ئەو ڕێکەوتە یەکگرتن یان یەکگرتنەوەی هەموو پارچەکانی کوردستان، لە لایەن حیزب و بزوتنەوە کوردیەکان، بە ئاشکرا و نەهێنی بانگەشەی بۆ نەدەکرا و دەس پێشخەری پ.ک.ک لەم بارەوە، جۆرێک خاڵ گۆڕان بوو"(حەوتەوانە، لا ١٥). لە کاتێکدا چاوخشاندنێک لە ڕابردوی ژێ-کاف دەریدەخا کە لەوبارەوە ژی-کاف لە پێشترە و کاتی خۆی،خۆاستی یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردستانی لە ژێر دروشمی "بژی کورد و کوردستانی گەورە" هێناوەتە ئاراوە. بیری سیاسی ژێ-کاف لێرەدا ڕاشکاوانە باسی لێنەکراوە و بۆشایی پێوە دیارە. لەو بابەتەوە کە جیاوازی لە نێوان چۆنیەتی بۆچوون و ڕەوشی سیاسی ژێ-کاف و پ ک ک دا هەبووە، حاشای لێناکرێ.
لە لاپەڕەی ١٦ی حەوتەوانەدا نووسەر باسێکی دیکە دەکاتەوە و دەڵێ: "کوردەکان پتر لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی چارەی خۆ نووسین لە پارچەیەکی کوردستان دا خەباتیان کردووە، لە کاتێکدا عەڕەب کەڵکەڵەی یەکگرتوویی عەڕەبی و وەسەر یەک خستنەوەی دەوڵەتە عەڕەبێکانیان هەبووە." ئەوە بە ڕۆاڵەت ڕەنگە جێگای لێدوان بێ، بەڵان هەوڵدانی وڵاتانی عەڕەبی بۆ یەکگرتوویی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی یەکیەتی سۆڤیەت لە دژی ئەمەریکا و بە گشتی ئەمپریالیزم، لە شەڕی سارد دا، رەنگە پێش شەڕی ساردیش هاوشێوە هەوڵدانی دیکە بوبێ بۆ یەکگرتوویی عەڕەبی. ئەوەیکە جەماڵ عەبدولناسر و ئەوانی دیکە دەیانویست بە ئەنجامی بگەییەنن، گەڵاڵەیەکی دەرەکی بوو کە سۆڤیەت دای ڕشتبو. بۆیە ئێستاشی دەگەڵ بێ وڵاتانی عەڕەبی تۆانایی پێک هێنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوویان نییە و هەوڵیشی بۆ نادەن. کێشەی کورد زۆر لەو بابەتە جیاوازە و ناکرێ دەگەڵ یەکتر هەڵسەنگێندرێن. لێرەدا جیاوازی نێوان کورد و عەڕەب لە بە دەوڵەت نەبوونی کورد و "دەوڵەت مەندی" عەڕەب دایە. من دیارە سەتا سەت دەگەڵ بۆچوونەکەی دوکتۆر خەدیو لە بارەی پڕژ و بڵاوی کرداری حیزبە بە تۆاناکانی کورد دا هەم و ئەوەیکە لە بەشەکانی حەوتەوانە دا باسی دەکا بۆ من زۆر ڕوون و ئاشکرایە.
چەپ و ئەندێشەی چەپ لە کوردستان دا ڕەنگە وەک بابەتێکی ناوەندی لە حەوتەوانەدا ڕەنگی دابێتەوە. بەشی زۆری وانەکانی کە لە حەوتەوانە دا باس کراون، دەچنە خانەی بیری چەپەوە. ئەوەیکە بە وتەی دوکتۆر خەدیو چ شتێک بو بە هۆی ئەوە کە ماڕکسیستەکان لە گەڵ بزوتنەوەکانی نەتەوەیی هاوپەیمانێتی بکەن یان بە واتای دروستتر، ئەوان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بە ڕای من، لە لایەکەوە بەڕێوەنەچوونی شۆڕشی کرێکاران و پڕۆلیتاریای ڕۆژاوا دژی سەرمایەداری بوو کە ڕاست بوونی تیۆری ماڕکسیستی دەبردە ژێر پرسیارەوە. خۆ نەدەکرا تیۆرییەکە لابردرێ یان ناڕاست بوونی بسەلمێندرێ، بۆیە ئاڵ و گۆڕیان تێدا ساز کرد بە تایبەت کە شەڕی ساردیش دەستی پێکردبوو، لەو دۆخەدا "لینین" وەک ڕێبەرێکی لێهاتوو دەست و فەرمانی گۆڕی و دژایەتی و زەبر لێدان لە ئەمپریالیزمی ئەمەریکا، بوو بە ئامانج و ستڕاتێژی سۆڤیەت. بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەو ئامانجە، پێویست بوو لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و دۆاکەوتوو دا شۆڕشی نەتەوایەتی بە پێکهێنانی حیزبەکانی سەر بە سۆڤیەت، بە هێز بکرێ بە مەبەستی کوتانی ئەمپریالیزم. هەڵبەت، ماڕکسیستەکان هاوپەیمانێتییان دەگەڵ بزوتنەوەکانی نەتەوەیی نەکرد، بەڵکو شێوازی تایبەتی خۆیان هەبوو بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی. لە لای وانەوە، بیری "مافی چارەی خۆ نووسین" شێوازێکی کاتی بوو بۆ زەبر وەشاندن لە ئەمپریالیزم. لەو ڕێگایەوە ئەوان وەک ئامرازێک کەڵکیان وەرگرت تاکو دەسەڵات و کارتێکردی خۆیان لەو وڵاتانەدا پەرە پێبدەن. پێکهێنانی حیزبی توودە لە ئێران لەو چۆارچێوە دایە و تەنانەت بەوە کار کۆتایی پێنایە و لە ساڵەکانی ٢٤ و ٢٥ ی هەتاوی دا کە جەنگەی پێکهاتنی بزووتنەوەی کوردە بە ڕێبەڕایەتی قازی موحەممەد لە مەهاباد و دەوروبەری و پێشەوەری لە تەورێز، کایەیان بەو ڕەوتانەش کرد و خستیانە بەر ماملە و کڕین و فرۆشتنی سیاسی دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئێران. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە گوتاری چەپ لە کوردستانیش دا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەڵان بە پێچەوانەی پێشەوەری و تەورێز، گوتاری چەپ لە کۆماری کوردستان دا سەرەڕای لایەنگرانی، لە ڕۆاڵەتەکاندا قەتیس مایەوە، هەر بۆیە سۆڤیەتیش زۆر بایەخی نەدەدا بە کۆماری کوردستان یان قازی موحەممەد.
ئاشکرایە کە بە پێی سیاسەتی سۆڤیەت، نەریتی چەپ وردەوردە و لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی، وەک میرات بۆ ئێمە ماوە و بەسەر کورد داسەپا و ئێستاشی دەگەڵ بێ، بەرۆکی بەر نادا. بەو پێیە دەتۆانین بڵێین کە یێکێک لە هۆیەکانی سەرەکی سەرهەڵنەدانی لیبەرالیسم وەک ئەندێشە و کرداری جیاواز لە ڕەوتی چەپ لە نێو بزووتنەوەی کورد دا، یەکیەتی سۆڤیەت و چەپ بووە. لە کاتێکدا لیبەرالیزم زۆرتر لایەنگری ئازادی، ئازادیخۆازی، تاک و تەنانەت مافی چارەی خۆ نووسین لە باری سیاسیشەوە بووە و هەیە.
سێهەم: باس لە هەرێم و هەرێمۆکەکانی، یەکێک لە باسە هەرە بە پێزەکانی حەوتەوانەیە کە ڕەخنەیەکی بوێرانە دەگرێ لە ڕەوتی پێشوی حیزبەکانی بەتۆاناتری – لە باری هێزەوە- وەک پارتی و یەکیەتی کە دۆای پێکهاتنی هەرێم، بوونە دوو باڵی یەک نەگرتوو و لێک ترازاوی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی عێڕاق و بەو پێیە دوو هەرێمی ئیداری لێکەوتەوە. ئەو کێشەیە ئێستاشی دەگەڵ بێ، تەجرەبەی هەرێم لە ڕابردوو دا ماوەتەوە و نەیتۆانیوە سەردەمی مۆدێڕن وەک خۆی تەجرەبە بکا. بۆیە ڕەخنەگری لە تەجرەبەی هەرێم و دوو حیزبی پارتی و یەکیەتی بە تایبەت بۆ داهاتوی مێژووی کورد و ئاگاداری و هەستیاری گەنجەکان زۆر بە پێویست دەزانم. بەڵکو لەو ڕێیەشەوە ئاڵ و گۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو دەسەڵاتی هەرێم پێک بێ کە ببێتە هۆی متمانە بۆ تەجرەبەیەکی سیاسی سەرکەوتووی دیکە لە داهاتوو دا.
![]() |