هونەرمەندی کورد زیاد ئەسعەد لە دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدەنگی و دوور لە کاری هونەری، بڕیارە بەمزوانە نوێترین کاری هونەری خۆی و چەند وێنەیەک بڵاوبکاتەوە.
شاعیری دیاری کورد تەڵعەت تاهیر، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە لێدوانێکدا کە قسەی بۆ میدیاکان کردووە ڕایگەیاندووە" زیاد ئەسعەد گۆرانییەکی تازەی هەیە و بەمنزیکانە بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکرێتەوە و چەند وێنەیەكی نوێی خۆشی لەگەڵ دادەنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆرانییە نوێکەی زیاد ئەسعەد لە تێکستی خۆمە و بەرهەمەکەی زۆر ناسک و خۆشە، سەرجەم کارەکانی تەواوکراون و لەم مانگەدا هەوادارەکانی گوێبیستی ئەو بەرهەمە دەبن.
هەر لە لێدوانەکەیدا تەلعەت تاهیر وتیشی" بڵاوكردنەوەی بەرهەمە نوێکەی زیاد ئەسعەد وەڵامدانەوەی هەموو ئەو دەنگۆیانەیە كە لە رابردوودا كراوە بۆ شکاندی کەسایەتی ئەو هونەرمەندە، هەم دڵخۆشییە بۆ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت، دڵنیام ڕێژەی ئەو کەسانەی ئەو هونەرمەندەیان خۆش دەوێت زۆر زیاترە لەو کەسانەی ناو و ناوبانگیان بۆ هەڵدەبەستن".
زیاد ئەسعەد لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و هۆنراوەنووسی ناسراوی کوردە، لە ساڵی ١٩٨٣ بە گۆرانی (دوعا دەکەم) دەستیکردووە بە گۆرانی و یەکەم کاسێتی لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکردووەتەوە، کەتا ئێستا خاوەنی پێنج ئەلبومە.
لە ٢٥/٦/٢٠١٩ دەنگۆی تێکچوونی ڕەوشی تەندروستی زیاد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، بەڵام هەر زوو هونەرمەندان و خانەوادەکەیی دەنگۆکەیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕەوشی تەندروستی زیاد ئەسعەد زۆر باشە و هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.
ماوەی چەندین ساڵە زیاد ئەسعەد لە دەرەوەی وڵات دەژی و هیچ بەرهەمێكی هونەری نەبووە.