پێش ئیسلام ماوه‌ی زیاتر له هه‌زار ساڵ ده‌سه‌ڵاتی وەک ساسانی و ڕۆمی زمان و که‌لتووری کوردی‌یان تواندبۆوه؛ دوکتور مارف خه‌زنه‌دار نووسیویه: خوێنده‌واری له‌نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری دوای موسوڵمانبوونی کورد بۆمه‌به‌ستی ئایینی په‌یدابووه، له‌و رۆژەوه که قوتابخانه‌ی ئایینی له خاکی کوردستان په‌یدابووه، فێرکردنی زانسته‌کان(=ته‌قریر) له‌سه‌ره‌تاوه به‌زمانی کوردی بووه(مێژوی ئه‌ده‌بی کوردی، مارف خه‌زنه‌دار، ج 1، لل:67-80).
سه‌رەتا بنکه‌ی خوێندن له کوردستان ته‌نیا له حوجره‌ی فه‌قێیان بووه، مه‌لا کوردەکان وانه‌ی عه‌ڕه‌بییان به زمانی کوردی ده‌وته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ موسوڵمانان له‌هه‌ر تیره و تۆره‌مه‌یه‌ک بان، بۆ نووسین به زمانی و زاراوه‌ی خۆیان ئازادبوون، به‌ڵام باوبوونی نووسین به زمانی عه‌ڕبی و په‌ره‌سه‌ندن و ڕه‌واجی ئه‌و زمانه له سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام، بوو به هۆی که‌مته‌رخه‌میی خوێندەوارانی کورد که ئاوڕ له زمانی کوردی نه‌ده‌نه‌وه، زیاتر له چوار سه‌ده نووسین به زمانی کوردی دواکه‌وت، هه‌تا له‌دوایی سه‌ده‌ی چواری کۆچی کەسایهتییەکی خوێنده‌وار به ناوی عه‌لی تهڕمووکی خه‌ڵکی تهڕمووک له هه‌کاری، نووسینی هۆنراوه‌ی کوردیی هێنایە سه‌ر کاغه‌ز، دوایه له سه‌ده‌ی پێنجه‌م عه‌لی حه‌ریری نووسینی به زمانی کوردی کرده باو، ئه‌وجار مه‌لا په‌ریشانی دینه‌وه‌ری له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچی به زمانی کوردی هه‌ڵبه‌سته‌کانی نووسییەوه، دواتر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچی، بابه‌تی وانەکانی خوێندن به زمانی کوردی خزانه سه‌ر کاغه‌ز، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی یازده مامۆستا عه‌لی ته‌ڕه‌ماخی خه‌ڵکی گوندی تهڕهماخ نزیک شاری مۆکس له کوردستانی باکوور، زانستی «صرف/وشەسازی»ی به شێوه‌ی ڕێزمانی به‌راوردی، به زمانی کوردی بو یه‌که‌م جار له ڕۆژ هه‌ڵات و ڕۆژئاوا نووسی(فه‌رهه‌نگی حوجره، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دیان، ناوه‌ندی خانی، سه‌قز، ل 1403،16/میژووی ئه‌ده‌بی کوردی، مارف خه‌زنه‌دار،ج 2،ل 173).
له‌درێژه‌ی سه‌ده‌ی یازده‌ی کۆچی ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا چه‌ند گه‌وره پیاوی زانای کورد زیاتر ڕچه‌یان شکاند و هه‌رکام کتێبێکی گه‌وره‌ی شێعریان به زمانی کوردی دانا، وه‌ک مه‌لا ئه‌حمه‌دی جزیری (970-1049)، له بۆتان؛ مه‌لا ئه‌حمه‌دی خانی (1061-1119)، له شاری بایه‌زید؛
مه‌لا مسته‌فا بێسارانی (1052-1112)، له بێساران؛ دواتر مه‌لا خدری شارەزووری_نالی (1215-1273)، له شاره زوور؛ حاجی قادری کۆیی (1237-1312)، له کۆیه؛ ئه‌وانه و زۆر هه‌ستیاری تر توانییان ناوی کورد له نێو که‌لتووری ئیسلامییدا وه‌ک ناوی عه‌ڕه‌ب و فارس و تورک تۆمار بکه‌ن، جێی سەرنجدان و وردبوونه‌وه‌یه هیچ دەقێکی ئایینی و هیچ به‌رپرسێکی ئایینی دژایه‌تیی ئه‌و شاعیر و هه‌ستیارانه‌ی نه‌کرد که بابه‌ت به زمانی کوردی دەنووسن!
ئه‌و ڕاستییه حاشای لێناکرێ له سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لە حاند هه‌ستی ئایینی پڕڕه‌نگ نه‌بووه، له گه‌ڵ ئه‌وه هیچ لهمپەرێکی ئایینی و هیچ ده‌قێکی دینی رێگر نه‌بووه بۆ بابه‌تی خوێندن و نووسین به زمانی کوردی، کورد خۆی هۆکاری سه‌ره کی بووه بۆ
له‌بیرچوونه‌وه‌ی زمانەکه‌ی، ڕاستی ئه‌وه‌یه کورده‌کان خۆیان له زمانه زگماکەکهیان شاردووە ته‌وه، ئاوڕیان له زمانه خوداپێداوەکهی خۆیان نه‌داوه‌ته‌وه، واته به‌و زمانه نه‌یانخوێندووه و نهیاننووسیوه. به‌و هۆیه ئه‌وه ڕاست نییه بڵێین ئایین به‌رهه‌ڵست و له‌مپه‌ر بووه و ڕێی نه‌داوه کورد به زمانی خۆی بخوێنی؛ به‌ڵام دیاره له‌مپه‌ری سیاسی و ده‌سه‌ڵات ڕێگر بووه و پێشگر و به‌رهه‌ڵست بووە بۆ ئه‌وه زمانی کوردی بخوێیندرێ و بنووسرێ، وه‌ک ئه‌وه له‌و دوایانەدا له‌سه‌رده‌می ڕه‌زا خان و ئه‌تاتورک خوێندن و نووسینی زمانی کوردی به ته‌واوی یاساغ کرابوو.
ده‌بینین سه‌دان نووسه‌ری به ڕه‌گه‌ز کورد، به زمانی عه‌ڕه‌بی و فارسی و تورکی به‌ر هه‌رمی به پێزیان نووسیوه و خاوهنناو و ناسراون، ته‌نانه‌ت له ڕۆژگاری ئێمه‌شدا وێنه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه زۆره که بابەتەکانیان به زمانی کوردی نانووسن. به کورتی ئێمه‌ی کورد خۆمان که‌مته‌رخه‌م بووین بۆ خزمه‌تکردنی زمانی کوردی، کەوابوو پێویست ناکا ئایین تاوانبار که‌ین؛ ده‌قی قوڕئان له سووڕه‌ی رۆم، ئایه‌ی 22، وه‌ک ڕۆژی ڕووناک به ڕاشکاوی ڕایگه‌یاندووه : «چه‌ند ڕه‌نگی نه‌ته‌وەکان و چه‌ندده‌نگی و چهندزمانی تیره و به‌ره‌کان نێونیشانه‌ی کارچاکی و کار جوانیی خودایه».
ئه‌وه ڕاسته نووسه‌رانی بەڕهگهز کورد له ڕابڕدوودا بەرههمەکانیان به‌زمانی عه‌ڕه‌بی نووسیوه و هه‌موو هێز و توانایی خۆیان له ڕێی ئه‌و نووسینانەدا به‌خت کردوه، وه‌ک: «علامە علی ابن احمد آمدی»(550-631)، خاوه‌نی کتێبی «اِحکام فی اصول الاَحکام»؛ سێ برایانی«ابن اثیر»، واته: «مبارک، علی، نصراللّـــه»، له سه‌ده‌ی شه‌شی کۆچی، خاوه‌نی کتێبی وه‌ک: «جامع الاصول، الکامل فی التاریخ، جامع الکبیر»؛ «ابن حاجب کُرد»(570-646)،خاوه‌نی کتێبی ناسراوی «الکافیه و الشافیه»؛ «ابن الصَّلاح شهرزوری»(577-643)، خاوه‌نی کتێبی «مقدمه ابن الصَّلاح فی علم الحدیث»؛ «ابن خلکان»(608-681)،خاوه‌نی کتێبی هەرە بەناوبانگ و ناسراوی«وفیات الاعیان»؛ «ابن الحاج آلانی»(1111-1189)، خاوه‌نی کتێبی «رفع الخِفا»؛ «علّامه ملاعبداللە بیتوشی»، (1130-1211)، خاوه‌نی کتێبی «کفایة المعانی»، هەروها سه‌دان ئه‌بو و ئیبنی تر که بابه‌ته‌کانیان له دووتوێی کتێبەکانیاندا، به زمانی عه‌ڕه‌بی ڕازاندووه‌ته‌وه.
وەنهبێ ئه‌و به‌رهه‌مانه بۆ نه‌ته‌وەیه‌ک و سه‌رده‌مێکی تایبه‌ت نووسرابن، به‌ڵکوو زۆربه‌ی ئه‌و کتێبانه هه‌تا ئه‌وڕۆ وه‌ک سامانێکی سه‌قافه‌تی ئیسلامی و تەنانەت جیهانی پارێزراون و بوون به سه‌ر چاوه‌ی لێکۆڵینهوەکان و زۆربه‌ی خوێندوارانی نه‌ته‌وه موسوڵمانەکان له نووسینی ئه‌و نووسه‌ره کوردانه که‌ڵک وه‌رده‌گرن؛ ئه‌و به‌رهه‌مانه ئه‌گه‌ر به زمانی کوردی بنووسرابایەن، ته‌نیا بۆ کورد که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرا.
ئه‌گه‌ر پرسیار بکرێ ئه‌و زانا کوردانه بۆ به‌رهه‌مه‌کانیان به زمانی عه‌ڕه‌بی نووسیوه؟
ده‌ڵێین زمانی عه‌ڕه‌بی بۆ موسوڵمانان «زمانی ده‌ق» بووه، ده‌قێکی ئایینی؛ نه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراوی تایبه‌ت، وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب. هه‌ر وه‌ک زمانی لاتینی له ئورووپا ماوه‌یه‌کی زۆر، تا سه‌ده‌ی هه‌ژده زمانی ئایین و ئه‌ده‌ب و که‌نیسه بووه و زمانی لاتینی وه‌ک زمانی فه‌رمی و ستایلی فه‌رمی له هه‌موو ئورووپا به کار هاتووه، دواتر زمانه لۆکا‌ڵی و نه‌ته‌وه‌ییەکان وه‌ک
فهڕانسی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیسی دوای شوڕشی فه‌ڕانسه ورده ورده په‌ره‌یان سه‌ندووه و بەکارهاتوون.
دوایین وته ئه‌وه‌یه، خوای گه‌وره و مه‌زن نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب و زمانی عه‌ڕه‌بی له نه‌ته‌وه و زمانەکانیتر جیا نه‌کردووته‌وه، یاسای ئایینی ئیسلام ڕێنادا زمانی عه‌ڕه‌بی، وه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت بەسه‌ر گه‌لانی غهیرەعهڕهبدا بسەپێندرێ؛ ئیسلام بۆ سه‌قامگیر کردنی قوتابخانه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب نه‌هاتووه، ئه‌و ئایینه هه‌موو حه‌ولی ئه‌وه بووه که عهڕهبایهتی و ره‌گه‌زپه‌رستی له بیر و زه‌ین و زاکیره‌ی موسوڵمانان ده‌ربهێنێت و، وه‌ک دیارده‌یه‌کی دزێو ده‌ڕوانێته ئه‌و بابه‌ته.
ئیسلام زمان و که‌لتووری کوردی نه‌سڕێوه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی زمان و که‌لتووری کوردیان سڕیوه‌ته‌وه، پێش ئیسلام ده‌سه‌ڵاتی ههخامهنەشی و ئه‌شکانی و ساسانی و ڕۆمی بوون. دوای هاتنی ئیسلامیش ده‌سه‌ڵاتدارانی ملهوڕی سیاسی، له‌چه‌شنی ئه‌تاتۆرک و ڕه‌زاخان رێگر بوون؛ وه‌ک مامۆستا ئه‌بووبه‌کر عه‌لی نووسیویه: ستڕاتێژیی ئیسلام له‌سه‌ر تێکشکاندنی زمان و ئه‌ده‌ب و نه‌ریتی گه‌لان دانه‌مه‌زراوه، ئه‌گه‌ر وابووایه له ماوه‌ی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵی رابردوو ئه‌وه‌ی پێی دەڵێن داب و نه‌ریتی گه‌لانی موسوڵمان و له‌وانه‌ش گه‌لی کورد، ده‌بوو هه‌موویان زمان و فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری تایبه‌تییان له‌ده‌ست بدایه و توابانهوه(ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی کوردی، ل117)؛له کاتێکدا ئێستا کورد له بازنه‌ی شارستانییه‌تی ئیسلامی‌دا خاوه‌ن زمان و داب و نه‌ریت و که‌له‌پوور و فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی.
ئاکامی ئه‌و بابه‌ته ئه‌وه‌یه: ئاوڕنه‌دانه‌وه له زمانی کوردی و خزمه‌تنه‌کردنی ئه‌و زمانه، زۆرتر چینی خوێنده‌واری کورد و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لێی به‌رپرسیاره، نەک ئایینی ئیسلام؛ هیچ ده‌قێکی ئایینی ڕێگری ئەم پرسە گرینگ و هەستیارە نییه. هۆشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی چینی خوێندەواری کورد سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، له ڕاده‌یه‌کی ڕێژەیی نزم دایه، ته‌نانه‌ت ئێستاش ئه‌و چینه منداڵه‌کانیان هه‌موو ساڵێ چه‌ند جار له کلاسی تایبه‌تی بە تێچوویەکی زۆر، بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیسی و مۆسیقا و مه‌له‌وانی و تۆپی‌پێ و کیک-بۆکسینگ و مستوهشاندن و هتد نێونووسی ده‌که‌ن، به‌ڵام که‌مته‌رخه‌می ده‌که‌ن و نایاننێرن بۆ وانه‌ی زمانی کوردی، کە زۆربەی ئەم کلاسانە بەخۆڕایین و بەشێکی کەم لەم کلاسانە تێچووهەڵگرن، کە ئەمانەش تێچوویەکی لەڕادەبەدەر کەمیان گەرەکە؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه، هەر ئەم کەسانە ڕه‌خنه‌ده‌گرن و بیانوو دێننه‌وه ده‌ڵێن ئایین رێگره بۆ ئه‌وه فێری زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بین، له حاڵێک دا هیچ ده‌قێکی ئایینی و هیچ به‌رپرس و پیاوێکی ئایینی بە هیچ یاسایەکی ئایینی، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خوێندن و فێر بوونی زمانی کوردی ناکا و دژی ئه‌و دروشمه‌ی مامۆستا هه‌ژار نییه که ده‌ڵێ:
به کوردی ده‌ژیم، به کوردی ده‌مرم
به کوردی ده‌یده‌م وڵامی قه‌برم