تاريخ: ۱۴۰۳ چهارشنبه ۱۷ بهمن ساعت ۲۰:۴۱ بازدید: 817      نظرات: 0      کد مطلب: 23994

چالاکێکانی کاک موستەفا شەڕەفکەندی ️

سەید محەمەدئەمین واژی


سەر لە بەیانی ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ۲۵ی بەفرانباری ۱۴۰۳ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ دۆستی خۆشەویست، مامۆستا مەلا سولەیمان ڕۆستەمی، چووینە سەردانی نووسەر و وەرگێڕ، کاک مستەفا شەڕەفکەندی، یادگار و کوڕی مامۆستا هەژار موکریانی. کە بەداخەوە ماوەی سێ‌ ساڵ دەبێ بەهۆی نەخۆشی گردەنشین بووە. لەمێژ بوو نەمدیتبوو کە چوومە ژورێ گوتی مامۆستا واژی بەخێر بێی؛ من و مامۆستای ناسێوە. شوکرانەی خوان کرد، کە بارودۆخی جەستەی تۆزێ لە جاران باشترە، هەندێ باسی ئاسایی کرا و عەرزی “کاک بارزان”ن کرد چتان کردووە لەگەڵ لە چاپدانی ئاسەوارەکانی کاک مستەفا؟ فەرمووی: لەم هەموو ئاسەوارەی تەنیا توانیومانە سێ کتێبی بە چاپ بگەیەنین. بەداخەوە بابم لەبەر نەخۆشی ناتوانێ بنووسێ و تاقەتی نووسینی نییە. کاک بارزان نەوەی مامۆستا هەژار و سێ‌ ڕۆژ دوای کۆچی دوایی مامۆستا هەژار لە دایک دەبێ.
مامۆستا ڕۆستەمی فەرمووی کاک مستەفا لەگەڵ وەرگێڕانی تەفسیری “انوارالقرآن” چیتان کردووە؟ فەرمووی: تەواوم کردووە و پێشەکیشم بۆ نووسیوە؛ لە تەفسیری “فی‌ظلال” هەڤدە هەژدە جزمم وەرگێڕاوە بەڵام هیچیان نەچوونەتە ژێر چاپ.
کوتم: کاک بارزان ڕەنگە مامۆستا هەژار کاک مستەفای بە نێوی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی کردبێ؟ کوتی: ناوەڵا بەناو "مستەفا خۆشناو" کراوه پێشمەرگەی شەهیدی زەمانی کۆمارە. دیارە شەوەکەی کە بابم هاتۆتە سەر دنیا مامۆستا هەژار خەونی بە مستەفا خۆشناو دیوە و بۆیە ناوی لێناوە مستەفا.
مامۆستا سولەیمان هەندێ بیرەوری خۆی و کاک مستەفای گێڕاوە لە مزگەوتی "دارالاحسان" کە دوای نوێژی بەیانی تا درەنگانێک قوڕئانن دەخوێندوە و ناوی هەندێ لەم کەسانەی کە دەهاتنە مزگەوت و بۆ کاک بارزانی گێڕاوە. گوتی: بەڕاستی کاک مستەفا زۆر پیاوی چاک بوو، دەهات لە گۆشەیەک دادەنیشت و خەریکی عیبادەتی خۆی دەبوو. بەڵام ئێستا ئەوە نەخۆشە.
هاوژینی کاک مستەفا؛ گوتی: پێنج‌ ساڵ لەگەڵ مامۆستا هەژار بویین، زۆری تاریف لە کەسایەتی و گەورەیی مامۆستا هەژار کرد. کوتی: ئەم کاک بارزانە لەمێژە ئەرکی ماڵێی لە ئەستۆیە و ئاگای لە بابی و لە دوو خوشکەکانێتی.
دوو تابڵو لە پشتی سەری کاک مستافا سرنجی منی بۆ لای خۆ ڕاکێشا لە کاک بارزانم پرسی؛ گوتێ:
1ـ تابڵۆی لای ڕاست، بە قەڵەم کێشراوە کاری خاتوونێکە؛ بە نێو لەیلا مەعرووف‌زادە پارەکە کێشاوێتی.
2 - تابڵۆ قاوەئییەکە کاری کاک عەلی ڕەحیمی کە لە سێ‌ئاشان تەختە و تابڵۆ ساز دەکا، لە سەریشی ئەو شیعرەی مامۆستا هەژار نووسراوە:
هروژمیان کردە دڵ، تیپی مژۆڵت
بەخوێن پاراو کرا، جێژوانی چۆڵت
دەسی دڵ بگرە خوێنڕێژی هەتا کەی؟
بەزێکت بێ بە دڵداری کڵۆڵت.
ـ باسی خانووی ماڵە مامۆستا هەژار کرا و گوتم کاتی خۆی لە وتارێکدا ئاماژەم پێکردووە کە ئەم فاکتۆرانەی هەن بۆ “سەرای هێمن” لە مەهاباد هەمان فاکتۆریش هەنە بۆ “سەرای هەژار” بە تایبەتی ئەم ماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا محەممەدی بۆر بابی مامۆستا هەژار و شوێنی لەدایکبوونی مامۆستا کە لە نزیکی مزگەوتی ڕۆستەم‌ بەگ هەڵکەوتووە و دەکرێ. کاک بارزان فەرمووی: ئێمە ئامادەگین هەیە و چەند کەڕەت کە شووڕای شار هەنگاوی بۆ هەڵێناوەتەوە ئێمە بە گەرمی پێشوازین لێ‌ کردووە بەڵام هێندەی پێ‌ نەچووە لێی پەشیمان بوونەتەوە.
خوێنەری بەڕێزمامۆستا هەژار، چوار کوڕی هەیە:
1.کاک شێرکۆ ساڵی 1325ی هەتاوی لە شاری بۆکان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی "هولەندە"ـه

2ـ کاک مستەفا ساڵی 1334 لە شەقڵاوە چاوی بە دنیا هەڵێناوە و ئێستا نیشتەجێی "مەهاباد"ـه
3.کاک زاگرۆس ساڵی 1338 لە بەغدا چاوی بە دنیا هەڵێناوە و ئێستا نیشتەجێی "هەولێر"ـه
4.کاک خانی ساڵی 1342 لە بەغدا چاوی بە دنیا هەڵێناوە و ئێستا نیشتەجێی "ئینگلیز"ـه.
ماڵاواییمان لەم بنەماڵە بەڕێزە کردوو و لە دواییشدا زۆر سپاسی کاک بارزان دەکەم کە کورتەیەکی ژیانی کاک مستەفای لە ئیختیار ناین.
مستەفا شەڕەفکەندی لەدایکبووی شەقڵاوە، لە ساڵی 1334 هەتاوی
ساڵێک نەبووه لە شەقڵاوه دەچن بۆ بەغدا لە گەڕەکی "اسکان غربی" بەغدا نیشتەجێ دەبن. پۆلی یەکەم هەتا پۆلی نۆهەم لە بەغدا دەخوێنێ و سێ پۆلی کۆتایی بۆ دیپڵۆم‌وەرگرتن لە قوتابخانەی ‌"الغربیەی" بەغدا دەبێ.
لە هەمان ساڵ مامۆستا هەژار لە شاخان و لە شۆڕشی هەڵگیرساوی مەلا مستەفای بارزانی دەبێ و بەعسێکانی عێراق هروژم بۆ ماڵە مامۆستا هەژار لە بەغدا دێنن و بنەماڵەکەی لە بەغدا شاربەدەر دەکەن  و دەیاننێرنه لای مامۆستا هەژار لە شاخان و تا ساڵی 1974 لەگەڵ مامۆستا هەژار له شاخان دەژین.
لە ساڵی 1974 دەگەڕێنەوە ئێران و ساڵێک لە مەهاباد دادەگیرسێن و دواتر کۆچ دەکەن بۆ شاری کەرەج.

کاک مستەفا لە کەرەج ساڵی 1958 بۆ ماوەی چوار ساڵ دەچێتە وڵاتی هۆلەند و دواتر  دەگەڕێتەوە ئێران و لە دەنگ‌وڕەنگی تاران دادەمەزرێ و نزیکەی 25 ساڵ لەوێ دەبێ.
کاک مستەفا لە دەنگ‌وڕەنگی تاران لە بەشی ڕادیۆ کوردی سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕی و دوبڵە دەبێت.
لە ساڵی 1392 دێتەوە مەهاباد و لە مەهاباد نیشتەجێ دەبێ.
کاک مستەفا لە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەڕەبی و هولەندی و ئینگلیزی بە چاکی  شارەزایە.
کاک مستەفا چەند بەرهەمی چاپ کراوە و چاپ نەکراوەی هەیە:
بەرهەمە چاپ کراوەکان:
1.زەماوەندی زێن (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی) نووسینی تەیب ساڵح

2.دز و سەگەکان (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی)نووسینی نەجیب مەحفوز

3.یەک دڵخۆشی بوێی بەسە بۆوەی بژی.
کۆمەڵە چیرۆک (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی) نووسینی هەیفا بەیتا

بەرهەمە چاپ نەکراوەکان:
1.بارزانی بە شایەتی مێژوو (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی) نووسینی کۆمەڵێک نووسەری سۆڤیەتی.
2.سەفەر بۆ نێو پیاوانی ئازا (وەرگێڕان لە فارسی بۆ کوردی) نووسینی ئادام ئیشمیت
3.مامۆستا هەژار باوکم بوو (بیۆگرافی)
4.زێنەبی شەڕەفکەندی ئەستێرەی پڕشەنگداری ئاسمانی کوردەواری (ژیاننامەی زێنەب خانمی خوشکی مامۆستا هەژار)
5.لێکدانەوەی خەیامی مامۆستا هەژار و سادق هدایەت
6.گەدا (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی) نووسینی نەجیب مەحفوز
7.ژیاننامەی شێخی بورهان (وەرگێڕان لە فارسی بۆ کوردی) نووسینی ئاقای سپێهرەددینی

8.انوارالقران (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی) تەفسیری قوڕئان
9. فی‌طلال القرآن (وەرگێڕان لە عەڕەبی بۆ کوردی هەڤدە جزم) تەفسیری قوڕئان.
ئیتر هەموو لایەکتان بە خوای میری مەزن دەسپێرم.
تەواو




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد