چونکە پێم وایە کێشەی ڕووداوی هاتوچۆ کیشەیەکی گەورەیە، ڕۆژ نییە هاونیشتمانی و هاوشاری و هاووڵاتیم لە ڕووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست نەدەن، بریندار و کەمەندام نەبن و ماشێنیان کە بە هەزار زەحمەت و کوێرەوەری کڕیوە، قەرزیان کردووە و وامی بانکیان بۆ وەرگرتووە ، لە زاری ماڵ و منداڵیان گرتۆتەوە و قیستی بانکان دەدەنەوە؛ بەڵام بە ڕووداوی هاتوچۆ بێ ماشێن دەمێننەوە کە بۆ گەڕان و سەفەر و سەردانی خزم و دۆست و ناسیاو و کەسوکار و جێبەجێکردنی کارەکانیان دەست و لاقیان بوو. تووشی خەسارەت و زیانی گەورەی ماڵی دەبنەوە، بە پێویستم زانی بەپێی توانای خۆم دەست بۆ قەڵەم بەرم و شتێک بنووسم.
-چارەسەری کێشەی ڕووداوی هاتوچۆ پارچەیەکی گرینگە لە پازێلی ژیانێکی پڕکێشە و زیان؛ بۆ کەمکردنەوەی کێشە و زیان. پێم وایە ئەگەریش هیچم لەدەستی نەیەت و هیچ کارێکم پێ نەکرێ لانی کەم مێشک و دڵی خۆم ڕاحەتتر و سووکتر دەبێ، کە بەڵێ کارێکم کرد و کێشەیەکم نووسی و ڕاحەت بووم و کێشەکانی خۆم کەمتر بوون.
-هەموو ڕۆژێ خەبەر دێ و هەواڵ دێنن دوو ماشێن خۆیان لێک دا، ماشێن خۆی بە ماتۆڕسیکلێت دادا و ماتۆرسوارەکە کوژرا، چەند ماشێن لە ڕێی نەغەدە خویان پێک دادا ، مینیبووسێک لە ڕێی میراوێ هەڵدێرا بۆ دۆڵ و دەڕەی و هەموو موسافیرەکانی مردن، لەرێی مەهابادێ، ورمێ، بۆکانێ، سنەی، ئیلامێ، تارانێ، تەورێزێ و... هتد، ئەوە هەر ماشێنن ڕۆژانە و شەوانە لێک دەدەن و هەڵدەدێرێن و کوژراو و بریندار و فەلەج و کەمەندام و زیانی ماددی و دەروونی لێ دەکەوێتەوە.
-لەم وڵاتە تەلەفات و کوژراو و برینداری ڕووداوی هاتوچۆ لە شەڕی نێوان دوو وڵات و شەڕی جبهەی بە تۆپ و تانک و تەیارە، شەست تیر و موسەلسەل و خۆمپارە ، ڕەشاش و کڵاشینکۆف، مین و زرێپۆش و موشەک ، شەڕی دەستەویەخە و سەنگەر بە سەنگەر زۆرترە!!؟؟
-بۆچی جا چۆن شتی وا دەبێ؟
-بەڕاستیتە؟
-کوڕە ئەڕێ وەڵڵا بەڕاستیمە ، باوەڕ ناکەی؟ ئەوە ئەتۆ و ئەوە ئاماری مردن لە ئیدارەی سەبتی ئەحواڵ، بڕۆ بزانە وایە یان نا؟ ئەوە ئەتۆ و ئاماری ئۆڕژانسی نەخۆشخانەکانی وڵات، ئەوە ئەتۆ و ئاماری پۆلیسی هاتوچۆ، ئەوە ئەتۆ و ئاماری ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی تارانی پایتەخت و ئاماری ڕۆژنامەکانی وڵات !!
-ڕووداوی هاتوچۆ هەموو ساڵێ زیاتر لە بیست هەزار کوژراو و چل پەنجا هەزار برینداری لێ دەکەوێتەەوە!!
-کاکە لەو وڵاتە لە ڕێگاوبان بەردەوام شەڕی خۆکوشتن و خۆماڵوێرانکردنە!!
-ئێمە شەڕی مان و نەمانمانە لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ ماڵ و ژیانی خۆمان، لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکار و خۆشەویستانمان!!؟؟
-سەیر ئەوەیە قەتیش ئەو شەڕە تەواو نابیت! بابە شەڕی یەکەمی جیهانی، شەش ساڵ و شەڕی دووهەمی جیهانی، چوار ساڵی خایاند و شەڕی ئێران و ئێراق دوای هەشت ساڵ تەواو بوو، کەچی خۆ شەڕی ئێمە لە جادە و ڕێگاوبان لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ ماڵ و ژیان و خۆشەویستانمان کۆتایی نایە؟؟! بابە دەڵێن خوێنی سیاوەشییە؟ خۆ وەڵڵاهی خوێنی سیاوەشی قەت ئاوا نەبووە!
خەڵک هەر لەبیریشیان نەماوە، ئەو شەڕە هەتا کەنگێ کۆتایی نایە؟؟!!
-دیسانیش سەیر ئەوەیە هەموو هۆیەکانی ڕووداوی هاتوچۆ چوار پێنج دانە زیاتر نین!! کاکە جادە و ڕێگاوبان ستاندارد نییە، کەیفییەتی نییە، ڕاست و تەراز و ڕێکوپێک نییە، خۆ لێخوڕینی ماشێن بەدەستی شۆفیرە! ئەگەر ماشێنەکان ستاندارد نین و چاک و جوان ساز نەکراون و ئەگەر پۆلیس جوان کارێ ناکا و ئەرکەکانی بەدرووستی بەجێ ناهێنێ، ئەگەر بەڕێوەبەر و مودیر و کاربەدەستەکان کارجوان و دڵسۆز و شایان نین، برادەری بەڕێز، کاکی شۆفیر، خۆ
فەرمانی ماشێن لەبن دەستتدایە و پێداڵی گاز لەبن لاقتدایە، هێندەی دامەگرە و گازی مەدەیە و توند مەڕۆ.
-کاکی شۆفیر خۆ پێداڵی تۆرمز لەبن لاقتدایە جاروبار نیش تۆرمزەکی لێ بدە، کاکی شۆفیر دەندەی ماشێنێ لەبن دەستتدایە، کاکی شۆفیر خۆ ساعەتی خێرایی و سورعەت بەردەوام لەبەر چاوتە، دەی کاکە ڕوحمێ بە خۆت بکە،
بە ماڵ و منداڵ و خزم و دۆست و کەسوکارت بکە! توند مەڕڕڕڕۆ، توند مەڕڕڕڕۆ....
توند مەڕۆ کاکە، توند مەڕۆ پیاوی چاک بە خواییشتت لێ دەکەم، کەسوکار و دۆستەکانت چاوەڕوانتن بە سەلامەت بچیەوە کنیان!!
-لە سەفەر و شۆفیری و ماشێن لێخوڕیندا هونەر و چاکە و پیاوەتی و لێزانین ئەوەیە بە سڵامەتی و بە خۆشی بچیەوە کن کەسوکارت!!
-دەبێ و زۆر پێویسته فۆڕمووڵی ئەو کارە بۆخۆمان وەبینین و دەکاری بکەین و خێری لێ ببینین. بۆ نموونە فۆرمووڵێکی سادە ئەوەیە، وا بزانیین دوژمنان و نەیاران
دەیانهەوێت تووشی ڕووداو و تەسادوفمان بکەن!؟ ئێمەش ئەرک و وەزیفەمان ئەوەیە، ئەو پیلانە پوچەڵ بکەینەوە و بەبێ کێشەی تەسادووف و ڕووداوی هاتوچۆ بە سەلامەت بچینەوە ماڵێ و دڵی کەسوکارمان بە سڵامەتیی خۆمان و بە گەیشتنەومان شاد بکەین. پێم وا بێت ئەوە ئەرکێکی پیرۆزە لەگەڵ ئەخلاق و ویژدان و ئەقڵ و زانست زۆر چاک و پاک و ڕێکە و دەگونجێ.
-کاکە هەموو هۆیەکانی هاتوچۆ چەند دانە زیاتر نین. توندڕویشتنی نایاسایی (سرعت غیرمجاز)، وەپێشکەوتنی نایاسایی (سبقت غیرمجاز)، نێوەڕاستی جادەشکاندن (انحراف بە چپ)، بە خەواڵوویی و ماندوویەتی لێخوڕین، بە موبایل قسەکردن وەختی ماشێن لێخوڕین، لە کۆتاییدا بە یاسایی کارنەکردن و بە یاسایی نەڕویشتن و پابەندی یاسانەبوون.
-یاسای هاتوچۆ بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هەموو کەس و هەموو خەڵکە، نەیپارێزی ناتپارێزێت! بە موو لێی لادەی هەڵتدەدێرێت و تێدا دەچی و ئیدی خودا عافووت کا، وەک پشیلەی ڕەجەبەشێتی، گەڕەکە ماڵێک بە خۆتەوە دەسووتێنی و خۆت و کۆمەڵێک خەڵک و کەسوکار و دۆست و ناسیاو بێچارە و تازیەبار و ماڵوێران و ئازیەتبار دەکەی!؟؟ بۆچی دەبیە پشیلەی ڕەجەبەشێتی گەڕەکە ماڵێک بە خۆتەوە دەسووتێنی؟ ئەو کارە خۆش و باشە؟! لەگەڵ ئەقڵ و ئینساف و ویژدان و ئەرک و ئەخلاق دەگونجێ؟؟
-دووپینگی ئۆکسیژێن چییە؟
لە سەفەردا، دوای یەک تا دوو کاتژمێر ماشێن لێخوڕین پێویستە بۆ خۆتازەکردنەوە، خەوپەڕاندن، نەهێشتنی خەواڵوویی و ماندوویەتی؛ بە هۆش و سەرنجەوە ماشێن لێخوڕین، پێنج تا دە خولەک ئیستراحەت یان پشوودانمان هەبێت. پیاسەکردن، هەڵاتن، نەفەسکێشانی قووڵ، کێشانەوەی ئەندامانی بەدەن (حرکات کششی)، حەڕەکاتی کێشی بۆ ماسولکەکان؛ شۆفیر بۆ لێخوڕینی سالم و تایبەت، تازە و بەهێز دەکاتەوە، هێز و ورەی تازەی پێ دەبەخشێ و دەبێتە هۆی ئەوەی کە شانسی ڕووداوی هاتوچۆ کەم بێتەوە. دووپینگ بۆ وەرزش و وەرزشوانان کارێکی نەشیاوە و نابێ بکرێ و سزای هەیە، بەڵام بۆ شۆفیر و لێخوڕینی ماشێن کارێکی درووست و شیاوە لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە؛ مەبەستم تەنیا نەفەس تازەکردنەوە و ئیستراحەت و خۆ تازەکردنەوە بە هەوای تازە و وەرزیشە و هیچی دیکە. دیارە دەکرێ ئاو و چایی و قاوەش بخۆین یان میوە و خۆراکیی سالم بە ئەندازەی پێویست بخۆین.
-گرینکترین کار بۆ شوفیر ئەوەیە پێشی ڕووداوی هاتوچۆ بگرێت و بە سەلامەت بگاتەوە نێو ماڵ و منداڵ و بنەماڵەی خۆی و بە دیداریان شاد و شوکر بێتەوە، ئازیزانیش بە دیداری ئەو شاد ببنەوە.
-قەت گرینگ ئەوە نییە زووتر بگەینەوە و خێراتر بڕۆین وەپێش ماشێنەکانی دیکە بکەوینەوە و جادە بکەینە پیستی ڕقە و کێبەرکێ و موسابەقە!ئەو کارە سازکردنی کارەساتە و مەترسیدارە!!
فۆرمۆڵەکانی سالم لێخوڕین:
-هەڵبەت لە پێشدا و لەپێش هەموو فۆرمۆڵێکدا بە یاسایی لێخوڕین و پابەندی یاسای لێخوڕین و پابەندی یاسای هاتوچۆ بوون فۆرمۆڵی ئەسڵی و سەرەکیە و دەبێ بۆ هەموو شۆفیرێک فۆرمۆڵی ئەسڵی و سەرەکی بمێنی!
-بەڵام ئەگەر ئەو فۆرمۆڵەمان بە کەیفێ نەبوو یان پێمان دوورودرێژ بوو، دەکرێ بۆخۆمان فۆرمۆڵی خۆمان ساز کەین کە لە ڕووداوی هاتوچۆ بمانپارێزێت، جا چونکە بۆخۆمان سازمان کردووە و بە ئی خۆمانی دەزانین چاکتر وباشتر بەکاری دەهێنین و سەلامەتتر لێ دەخوڕین و ڕووداوی دڵتەزێن کەمتر دەبن.
-فۆرمۆڵی "نەیار"
یانی وەبزانین نەیاران و دوژمنان دەیانهەوێت تووشی هەڵەی لێخوڕین و کاری خەتەر و ڕووداو و تەسادووفمان بکەن و بەو شێوەیە زەرەر و زیانمان لێ بدەن و کاری دوژمن خۆشکەرمان پێ بکەن!!ئەرکی ئێمە چییە؟؟ ئەرکی ئێمە ئەوەیە نەهێڵین دوژمن بە ئامانج بگات و تەسادووفێ نەکەین و ڕووداو ساز نەبێت. لەسەرخۆ و بە یاسایی دەڕۆین و پەلە ناکەین و بە سەلامەت دەچینەوە نێو ماڵ و ئازیزانمان و پیلانی دوژمنان پووچەڵ دەکەینەوە و چەپڵەی بۆ خۆمان لێ دەدەین.
فۆڕمۆڵی " چوارقەت"
یانی چوار کاران قەت ناکەین ،قەت توند ناڕۆم یانی توند لێخوڕینی نایاسایی ناکەم، قەت وەپێشکەوتنی نایاسایی ناکەم، قەت بە ماندوویی و خەواڵوویی لێ ناخوڕم، قەت یاساشکێن نابم و بێڕێزی بە یاسا ناکەم.
فۆرمۆڵی "چوار هەمیشە"
هەمیشە پابەندی یاسام، هەمیشە لەسەرخۆم، هەمیشە بە حەساوەیی و سەرزیندوویی ماشێن لێ دەخوڕم، هەمیشە بە سەلامەت گەیشتنەوەم ئامانجە.
فۆڕمووڵی "ئیشق و مەستی"
یانی وەبزانین ئەو شۆفیرانە ڕوبەڕوومان دێن یان لە ڕاست و چەپ و پشتەوەن یان تێگڕای شۆفیرەکان بێجگە لە خۆمان ئاشق و مەستن، ئاگایان لە خۆیان نییە؛ تەواو نین و ئەگەر ئاگامان لە خۆمان نەبێ و وشیار نەبین تووشی ڕووداو و تەسادووف دەبین و کارەسات ساز دەبێت. بیلامانێ جا وەرە ئەو کەرەی لەو قوڕەی دەر بێنە!
کاری خەراپ چاکردنەوە:
بە ناشکوری ناڵێم ئێمەی کورد زۆر تووشی کارخراپی هاتووین، هەم دەوروبەرمان کاریان لێ خرا کردووین هەمیش بۆخۆمان بە کەمتەرخەمی و بەدفەڕی کارمان لە خۆمان خرا کردووە! ئێستا وەختی ئەوە هاتووە ئەو شێوازە بگۆڕین، یانی جورێک کار بکەین و ماشێن لێخوڕین، خراپ لێخوڕینی دیکەش چا بکەینەوە، بەتییژی بڕوانین ئەگەر یەکێک خراپ دەڕوا، چرای بدەینێ یان کارێک بکەین تووشی ڕووداوی دڵتەزێن نەبێت، هەم چاکەمان لەگەڵ ئەو کردووە هەم لەگەڵ خۆمان و هەمیش وردەوردە دەبێتە ڕەفتاڕێکی سالم و فەرهەنگی ماشێن لێخوڕین.
-ئەو فۆرمووڵانە بۆ نموونە بەیان کراون هەرکەس دەتوانێ فۆڕمووڵی تایبەت و گونجاو لەگەڵ بارودۆخی خۆی ساز بکا و بەکاری بهێنێت و پێشی ڕووداوی هاتوچۆ بگرێت. شتێکی دیکەش کە نابێ لەبیر بچێت، ماشێن دەبێ لەباری فەننییەوە هەمیشە تەیار و ساز و ڕێک بێت، یانی تۆرمز و کلاج و فەرمان کێشەیان نەبێت. تەگەر و لاستیک بایان ستاندارد بێت و باڵانسیان هەبێ و میزان بن. ماتۆر کێشەی نەبێت. ماشێن کێشەی فەننی هەبێت بۆ سواربوون و لێخوڕین و سەفەر نابێت. ماشێن بێ بیمە بۆ سەفەر نابێت. ماشێن چووکترین کێشەی هەبێ دەبێ وەستای مکانیک یان بەڕقی ماشێن یان میزان فەرمان یان وەستای تایبەتیی کارەکە بیبینێ و چارەسەری بکات.
تێکوشین بە تەمای جیرانی ئیشکە!
ئەوە قسەی نەستەق یان پەندی پێشینیانە، یانی ئەگەر بە تەمای کەسانی تر بێن کارت بۆ چاکەن ئەوە فکرێکی پووچە و بەخۆڕایییە و بە ئامانج و مەبەست ناگەین.
هەموو ساڵێ زیاتر لە بیست هەزار کەس لەو وڵاتە بە ڕووداوی هاتوچۆ دەکوژرێن، چەند ئەوەندەش بریندار و کەمەندام دەبن، ساڵانە بە سەدان و هەزاران ماشێن دەشکێن و خرا دەبن، هەزاران ماڵ ئازیزانیان لەدەست دەدەن و تازیەبار دەبن، هەزاران ماڵ تووشی خەسارەت و زیانی ماڵی دەبن!! یانی ئەگەر ئەوە کێڵگەی پەلەور یان مورغداری بوایە و خاوەنەکەی بیست هەزار مریشکی لەدەست دابا، بێ سێ و دوو لێکردن بۆی دەبووە فکر و غەمی لێ دەخوارد و چارەی دەکرد! کەچی ئەوە زیاتر لە چل ساڵە هەموو ساڵێ ئەو کارەساتە دووپات دەبیتەوە و کاربەدەستە دڵسۆز و شایستەکان هیچ چاریان نەکردووە!!؟؟
-ئەوە نیشان دەدات گیانی ئەو خەڵکە بە قەرا مریشکێک بۆ ئەوان بایەخی نییە!!؟؟ دەنا چاریان دەکرد.
جا بۆیە دەڵێن تێکوشینی بە تەمای جیرانی ئیشکە و تۆز لە قوڕێ هەڵناستێ!
بەتەمای کاربەدستان بین چل ساڵی دیکش ئەو ڕووداوانە هەر دووپات دەبنەوە، بۆخۆمان خاوەن بەرنامە و پلان و فۆرمووڵ نەبین بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ دایمە گیانمان لە خەتەردایە!! جا بۆیە دەڵێم ئاگامان لە خۆمان بێ
با فۆرمۆڵی خۆمان بۆ ئەو کارە دیاری بکەین و بڕیار بدەین کێشەی خۆمان چارەسەر کەین.
ڕەخنە لە خۆم:
درووست ئەوەیە پێش ئەوەی خەڵک ڕەخنەت لێ بگرێ بۆخۆت لە خۆت ڕەخنە بگری و ڕەخنەگری خۆت بی!
بە نووسینی چەند پرسیار چەند ڕەخنە لە خۆم دەگرم!
پرسیاری1-کاکە بابەتی ڕووداوی هاتوچۆ چ پەیوەندی بە جەنابتەوە هەیە؟ بە تۆ چ ڕەبتی هەیە؟ خۆ ئەتۆ پۆلیسی هاتوچۆ نی؟
وەڵام: کاکە ڕووداوی هاتوچۆ بە هەموو کەس ڕەبت و پەیوەندی هەیە، وەختێک ڕووداوی هاتووچۆ بۆ خزم، کەس یان دۆست و هاوشاری و هاووڵاتی هاتە پێش، ئەمنیش دەگرێتەوە و پڕیشکی ئەو ئاگرە بۆ منیش سووتێنەڕە.
پرسیاری 2- کاکە خۆ ئەتۆ پسپۆڕی بابەتی هاتوچۆ نی شتێکی نایزانی بۆچی دمی تێ وەردەدەی؟
وەڵام: ئەمنیش بە ئەندازەی ئەزموون و زانستی خۆم حەقم هەیە لەسەر ئەم بابەتە گرنگە قسە بکەم، کارێکی خلافم نەکردووە، دەتوانم بە سەلیقەی خۆم بابەتەکە شرۆڤە بکەم و پێشنیاری خۆم بدەمە بەردەم جەماوەر.
پرسیار3-ئەو نووسراوەی تۆ پڕە لە هەڵەیی ڕێنووسی زمان و ئەدەبیات، بۆچی شتی ئاوا بڵاو دەکەیەوە؟
وڵام:وەڵا کاکە ئەمنیش پێم خۆشە هەڵەی ڕێنووسم نەبێ، بەڵام چ بکەم لە مەدرەسە و زانکۆ بە زمانی کوردیم نەخوێندووە هەر بۆخۆم فێر بووم. هەڵبەت ویستوومە هەڵەم کەمتر بێ، پێم وا بێت بنووسم باشترە وردەوردە هەڵەکانم کەمتر دەبنەوە.
پوختەی نووسراوە:
ڕووداوی هاتوچۆ بۆ گیان و ماڵی هەموو کەس مەترسیدارە و دەبێ هەر خۆمان چارەسەری کێشەی خۆمان بکەین. تێکوشینی بە تەمای جیرانی ئیشکە و بە تەمای بەرپرس و کاربەدەستان نەبین!
هەرکەس دەبێ بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتوچۆ لە فکری خۆیدا بێت و بەرنامە و پلانی خۆی هەبێ و فۆرمۆڵی خۆی ساز بکات و کاری پێ بکات.
خودا یار بێت
پیرانشار، لە ماڵێ، ڕۆژی دووشەممە
17/10/1403 هەنگەوان