تاريخ: ۱۴۰۳ جمعه ۵ بهمن ساعت ۱۲:۲۸ بازدید: 596      نظرات: 0      کد مطلب: 23947
خانی شەڕەفکەندی

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لەسەر لەچاپدانەوی کۆبەرهەمی هەژار موکریانی


خوێنەرانی هێژای بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار (بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هەستیان بەوە کردووە ‏کە دوابەدوای لە چاپدانەوەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار بە سەرپەرشتی برای دڵسۆزم کاک ماجد ڕۆحانی، ‏کۆمەڵێک گلەیی و گازندە (و تەنانەت تۆمەت) دراونەتە پاڵ دانشگای کوردستان و نەخاسمە خودی کاک ماجد کە ‏بە ڕاست و بە چەپ  بووەتە ئامانجی تیری ئەو هێڕشە ناڕەوایەی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵاتەییەکان و لەلایەن ‏هەندێک لایەنەوە کراوەتە سەری. لە خوا شاراوە نیە با لە ئێوەش شاراوە نەبێ، من خۆشم یەکێک لەو کەسانە ‏بووم کە تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تا ڕادەیەک دڵم بەو کارەی کە بەبێ ئاگاداریی پێشەکی من و کاک مستەفای ‏برام کرابوو کرمێ ببوو و  پیچەک بە گومانەوە سەیری ئەم بابەتەم دەکرد و لێی دڕدۆنگ بووم. بەڵام (هێندێک ‏گومانی وا هەن، گوناهن)، دوای ئەوەی پێوەندیم بە کاک ماجدەوە کرد و سەبارەت بە چۆنیەتی کۆکردنەوە و ‏لەچاپدانەوەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار بە دوور و درێژی قسەمان کرد و زۆر شتی نەزانراو و نەبیستراوم ‏بۆ ڕوون بۆوە، و بۆخۆشم لە نزیکەوە چاوم بەو بەرهەمە هەرە نایابە کەوت و بۆم دەرکەوت چ شاکارێکی بێ وێنەیە، ئیدی تەمی شک و گومان بە ‏جارێک لە مێشکم ڕەوییەوە و دڵم سوکنایی هاتەوەبەر و ئەو بارە گرانەی قورسایی لەسەر دڵ و دەروونم ‏دانابوو نەما. دەڵێن کاری گەورە بە مرۆڤی گەورە دەکرێ و کاک ماجد هەتا بڵێی بەو کارە مەزنەوە ماندوو بووە. ‏ئەگەر عیشق و خۆشەویستی بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار لە ئارادا نەبوایە بەدووری دەزانم خۆی و ‏تیمەکەی بیان توانیبایە ئەو کۆبەرهەمە دە بەرگییە چەند هەزار لاپەڕەییە بەو چاپ و دیزاینە ڕێک و پێکە چاپ ‏بکەن و بیخەنە بەر چاوی خوێنەری کورد. هیچ وشەیەک شک نابەم بتوانێ سوپاس و پێزانینی بێڕادەی خۆم بۆ ‏ئەو کارە گەورەی کاک ماجد کردوویەتی بۆ دەرببڕێ کە دەزانم ڕەنجی فەرهادی پێوە کێشاوە و یەجگار ‏زۆری پێوە ماندوو بووە. لێرەدا داوایەکی برایانەشم لە هەموو لایەک هەیە: تکا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە ‏لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ هەڵوێستێکی توند و نەرێنی و تەنانەت نەشیاویان بەرامبەر بە کاک ماجد و ‏زانکۆی کوردستان لەپاش لەچاپدانی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار نواندووە و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەو ‏کارە دەربڕیوە و هەوری شک و گومانیان بەسەر هەموو کارەکەدا کێشاوە، ئیتر بە بەس بێ و کۆتایی بەو باس و خواسانە بێنن و ‏ئیدی با ئەم لاپەڕەیە هەڵدەنەوە و پاژێکی نوێ بکەنەوە و دەرگای دڕدۆنگی و ململانێ داخەن و جارێکی ‏دیکە ئەم نەقڵ و باسە نەهێینەوە ئاراوە. هەروەها تکا لە هەموو لایەکیش دەکەم بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێک و ڕوونکردنەوەیەک بەبێ ئاگاداری خۆم و بەناوی منەوە بڵاو نەکەنەوە.

تێبینی: بە داوای لێبوردنێکی زۆر لە برای بەڕێزم کاک توفیق کەریم و هاوکارە بەڕێزەکانی لە دەزگای خاڵ کە زۆر بەو کۆبەرهەمەوە ماندوو بوون و سوپاس و پێزانینی تایبەتیش بۆ دەزگای ڕوانگە کە ئەرکی لەچاپدانی ئەو کۆبەرهەمەی لە ئەستۆ گرت. لە پۆستی پێشووترمدا ناوی ئەو بەڕێزانەم لە یاد نەبوو و هیوادارم لێم ببوورن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد