جیهانی ئەوڕۆ جیهانێکی فرەدەنگ و فرەفەزایە و ئاساییە کە خوتخوتەی ڕاهاتن لە گەڵ ئەو بارودۆخە، وادەخوازێ، هەربەپێی هەل ومەرجەکانی ئەوبارودۆخە بێ. شێعر یەکێ لەوفاکتۆرگەلەیە کە بەهۆی ماهییەتی زمانی خۆی و هەروەها زاوزێ کردنی زمان بۆی هەیە ئەو فەزا هەمە ڕەنگەی شار ڕاگوێزی دونیای لایبرێنتی خۆی بکا. لە وەها فەزایەکی پلۆڕاڵ دا زەروورەتی گەشەی زمانی پتر لە هەموو فاکتەرێک هەستی پێ دەکرێ کەئەرکی ڕاگوێستنی ئەو فەزا شاراوییەی پێ بسپێردرێ. ئەوەیکە لە بەدی هێنانی ئەو فەزایەدا و ڕاگوێز کردنی بەرەو بەستەر و پانتای شێعردەبێ چ تەمهیداتێک بکرێ، گرینگایەتییەکی ئەوتۆی هەیە، وەلی ئەو فەزا فرە دەنگ و فرە ڕەهەندە دەبێ بەچ شێوەیەک لەشێعری کوردی دا ڕەنگ بداتەوە؟ بەر لە هەموو شتێک دەبێ دان بەوە دا بێنین کە کورد هێشتا تەجرەبەیەکی ئەوتۆی مەعریفی و شوێن/کاتی(تجربەزیستە) بە نیسبەت شار دا یا نەبووە یا ئەگەر زۆر بە تەساموحەوە لێی بڕواندرێ، دەردەکەوێ کە بە دەگمەن لە فەزای نێو خۆی دا توانیوێتی ئەو فەزایە بە شێوەیەکی کۆنکرێت بەدی یا هەست پێ بکا و ئەوەی تا ئێستاش توانیوێتی تا ڕادەیەک زەینییەتی شار وەک پڕەنسیپێکی مەعریفی/بوونناسانە بێنێتە ئاراوە بێ شک قەرزاری هەندێ ڕەچەڵەکی شێعری بووە کە لەم دواییانەدا لە پانتای ئەدەبی کوردی دا سەریان هەڵ داوە. لەو نێوەش دا ناکرێ باس لە ئەدەبی تاراوگە یا شێعری دیاسپۆڕا نەکرێ، کە تا ڕادەیەک ئەو ئەرکەی ڕاپەڕاندووە. هەر چەند باسی ئەو وتارە تاراوگە و دیاسپۆڕا و ئەدەبی تاراوگە نییە، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە ئەدەبی تاراوگەش هێشتا بەو شێوەیەی پێویستە نەیتوانیوە خۆی لە بازنەی ناسیۆنالیزم و دڵداری و غوربەت و نۆستالۆژی دەرباوێ، لە بەر ئەوەیکە خۆی خوڵقاوی ئەو فەزا سیاسی و ناسیۆنالیستی و نۆستالۆژیکە بووە کە باڵی بەسەر کۆمەڵگای کورد دا کێشاوە و ڕێگای خوێندنەوەی نوێ و دەرخستنی هەلە ڕەخساوەکانی لێ گیراوە. جودا لە فاکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێ دیاردەی سایکۆلۆژیکیش وەک یەکێ لە سەرەکیترین هۆی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە بێنینە ئاراوە. ئەوەیکە هۆکاری سیاسی و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی چەندە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆچبەری و تاراوگە و دیاسپۆڕا، ئەوەندەش هۆکارە سایکۆلۆژییەکان بوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەدەبی تاراوگە نەتوانێ لەو قۆناغەی تا ئێستا تێیدا بووە تێپەڕێ و خۆ لەو عەقڵانییەت و هزرەش بە تەواوی بدزێتەوە.
پێویستە ئەوە بگوترێ کە سەرەڕای ئەوەی کوترا، شاریش وەک مەکان و فەزا نەیتوانیوە ببێتە ئۆبژەیەک بۆ کورد لە نێوخۆ و تەنانەت لە تاراوگەش، لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە دیالکتیکی شار و شێعر هیچکات نەتوانێ بەو جۆرەی شیاوە خۆ بخزێنێتە ژێر پێستی ئەدەبی کوردی و توێخی پێ باوێ، هەر بەو پێیە بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوون کە لایان وایە چەمکێک بە واتای ئەدەبی کوردی تا ئێستا دە ئارا دا نەبووە وا دەردەکەوێ کە لانیکەم ئەدەبی کلاسیکی ئێمە لەو بارەوە تەواو خاوەن شوناس و هۆویەی کوردی بووە لە بەر ئەوەیکە هاوکات لە گەڵ خودی کۆمەڵگای کوردی، نەیتوانیوە چەمکی شار لە نێو خۆیدا جێگر و مسۆگەر بکا نە وەک فەزا نە وەک مەکان و نە وەک مەعریفەش، کە ئەو کێشەیە داوێنگری بەشێکی زۆریش لە شێعری مۆدێڕنیش بووە. دیارە لێرەدا مەبەست لەو شێعرانەیە کە تەنیا جەختیان لە سەر گۆڕینی ڕواڵەت و فۆڕماڵی شێعر بووە بێ ئەوەی هەڵگری ناوەرۆک و فەزا و تێماتیکێکی شاری و پۆلی فۆنیک بن. ئەوەی لە ماوەی ئەو دوو دەیەش دا لە لایەن هەندێ بزافی ئەدەبی وەک داکار و بەرەی چوار و نوێترخوازەوە هاتۆتە ئاراوە بێ شک نە حاسڵاتی ئەو دیالکتیکە نێگەتیڤ و سەلبی و نەزۆکە بووە کە کۆمەڵگای کورد و ئەدەبێ کورد هەیان بووە نە لێکەوتەی ئەو غیابە وێران کەرە بووە کە شار بە هەموو موختەساتی خۆی لەهزر و ئەدەبی کورد دا هەیبووە، بەڵکوو هەر وەک پێشتر وتراوە بەرهەمی دینامیزمی ئەو دیالۆگ و دیالکتیکە ئەکتیوە بووە کە خۆی لە گەڵ مێژووی شێعری مۆدێڕن و ئەدەبی جیهانی و یۆنیڤێرساڵدا بوویەتی و بە هۆی قووت نەدرانی لە لایەن کۆمەڵگاوە زۆر جار ڕەفز کراوەتەوە. دەکرێ بوترێ کە بۆ پێکهێنان و چێ کردنی فەزای شار و دیاردەناسی شار لە شێعری کوردی دا پتر لە ئاڕکی تایپ(کهن الگو) و ناخودئاگای گشتی، زەروورەتی حوزوور و پێناسەکردنی ئۆبژەی شار لە زەینی کورد دا هەستی پێ کراوە و لە لایەن شاعیرانی داهێنەر و نوێخوازەوە ئاراستە کراوە. هەر چەند ئەوە بەمانای پاکتاوکردن و سڕینەوە یا نکۆڵی کردن لە ئاڕکی تایپ و ناخودئاگای گشتی کورد نییە بەڵام ناشکرێ ئۆبژەی شار لە شێعری کوردی دا بەو فاکتەرانە ببەسترێتەوە کە شێعر بەرەو تاک ڕەهەندی و مۆنۆلۆگ پەلکێش دەکەن. کە باس لە شێعری شار دەکرێ بە واتای دامەزراندنی فەزایەکی پۆلی فۆنیک وچەند دەنگ و پلۆڕاڵە کە تێیدا نە ستاتیکای شێعر بە یەک تکنیک دەبەسترێتەوە نە حەقیقەتیش وەک فاکتەرێکی داڕووشاو خۆی بە سەر شێعر دا دەسەپێنێ. ئەوەی گرینگە لە شێعری شار دا ڕەچاو بکرێ، کردەی ستاتیکی و کردەی حەقیقییە کە بە نۆبەی خۆیان دەبنە هۆی نزیک بوونەوەی خوێنەر و بەردەنگ لە فیزیک و فۆڕماڵ و فەزای شار و خوڵقانی شار وەک ئۆبژە بە زەین و بارگراوەندێکی پلۆڕاڵ و مۆدێڕنەوە. لەڕاستی دا خوڵقانی ئەو فەزایە پێویستی بە بیرۆکەیەکی مۆدێڕن هەیە و لە کاناڵی وەهمی خێڵەکی ودەرەبەگییانەدا مەحاڵە بەدی بکرێ، لە بەر ئەوەی زاتی هونەری مۆدێڕن بە گشتی و شێعری شار بە تایبەتی وا دەخوازێ
کە وەها هەڵس و کەوتێکی لە گەڵ بکرێ. شێعری شار هیچ کات پاشکۆ و دەروەستی بارودۆخی مەوجوود و بوویەر نییە، هەر بەو هۆیەش ئەو بیرۆکەی کە پێی وایە شێعر دەبێ شان بە شانی کۆمەڵگا ماهییەتی خۆی بەدی کا، پاساو ناکرێ، نە بە پێی تیۆرییە نوێیەکان، نە بە پێی ئەو بارودۆخە ئانۆمیک و هەڵپەسێراوەی کۆمەڵگای کورد تێی دا ڕادەبرێ. لە لایەک نە ئەو تێۆر گەلە زمانی و مۆدێڕنە لە پانتای ئەدەبی کورد دا بە تەواوی مسۆگەر کراون لەلایەکی تریشەوە بارگراوەند و بارستایی سوننەتی بوون بە سەر کۆمەڵگای کوردی دا باڵی کێشاوە و لانیکەم تا ئێستا بەرۆکی بە تەواوی بەر نەداوە. ئەوەش وەک پێش تر ئاماژەی پێ کرا یانی ئەوەیکە شێعری شار ناچارە بە گوێرەی مێژووی خۆی دە تەقەللای دیالکتیک و ئاخافتن دا بێ، نەک بە پێی ئەو پاڕامێتر گەلەی کە تا ئێستا سوننەتی شێعری کوردی پێ ڕاهاتووە. ئەوەی دیارە و حاشای لێ ناکرێ
شێعری شار لێوڕێژە لە لایبرێنتی نەناسراو کە ڕێگا لە هەر چەشنە فەزایەکی ڕادیکاڵ و سەنتەر خواز دەبەستێ هەر ئەوەش وا دەکا پێوەرەکانی دیاری کردنی کردەی حەقیقی و ستاتیکی لە خوێنەرێک تاخوێنەرێکی تر جیاواز و دە هەڵکشان و داکشان(نوسان) دابن. ئەوە بەرجەستەترین دیاردە و نموودی دێمۆکڕاسی و ئۆتۆپیای وشە و زمانە کە دە شێعری شاردا بۆی هەیە بەدی بکرێ.
تا بەر لە هاتنە ئارای شار وەک ئۆبژەیەکی شوێن دانەر لە دامەزراندی بنەماکانی عەقڵانییەت و ئەندێشەدا، شێعر، نوێ بوونەوەی خۆی ڕەنگە بە پێی هەندێ پاڕامێتری وەک گۆڕینی کێش و سەروا و هەڵکێش داکێشی میسڕەع و بەیت و سەروا و ... پێناسە کرد بێ، ئەوە لەشێعری کوردی دا بەرچاوترە تا شێعری فارسی و بەش بە حاڵی خۆم پتر لە وەیکە وەک ڕەخنەیەک لە دەسپێکی شێعری نوێی کوردی لێی بڕوانم وەک لاوازیی ئەندێشە و عەقڵانییەتی مۆدێڕن و نەبوونی سووژەی هزرمەند دەیهێنمە ئاراوە، هەر بەو هۆیەی کە پێش تر باسی لێ کرا ئەویش غیابی مێکانیزم و ڕوویکەردێکی دیالۆگیکی کۆمەڵگا بوو کە نەبوونی بیرۆکەی مۆدێڕن بۆ سازدانی پڕەنسیپە مەعریفییەکانی نوێ/شار خوازی لێکەوتبۆوە. حاشا هەڵنەگرە کە شێعری شار پێویستی بە سووژەی مێتڕۆپۆلیک و بیر کەرەوە هەیە کە جەسارەتی تەعامول لە گەڵ هەر ئۆبژەیەک لە خۆی دا بەدی بکا، بۆ کەشفی ئەو پوتانسییەلەش بەردەوام کەڵک لە زمان وەردەگرێ، بەو پێیە زمان خۆی سووژەیەکی سەرکەش و جەسوورە کە ڕەنگە تا سنوورەکانی لە ناو چوون هەلی خۆ ناسین و خۆ ئاراستەکردن بە خۆی بدا. دیارە تکنیکەکانی بەدی هێنانی ئەو فەزایە لە زۆر ڕەهەند و کاناڵی مۆدێڕنی وەک ئایڕۆنی و پاڕۆدی و پاڕادۆکس و چەند فەزایی و چەند زمانی و چەند زەمانی و چەند فۆڕمی و فرەدەنگی....کەڵک وەردەگرێ کە زۆر بە ئاسانی دەکرێ نموودی فیزیکی ئەوانە لە بەستەری شار دا نیشان بدرێن. هەڵبەت دەبێ بکوترێ کە کەڵک وەرگرتن لە ئێلێمانەکانی شار وەک تێڕمیناڵ و ئاسفاڵت و پاس و تەلار، بە بێ پشتیوانەیەکی تکنیکی و تێئۆریک، چەندە ڕەنگ و بۆی شار بە مەکانێک دەبەخشن، دەکار هێنانی ئەو کاڕاکتێر گەلە و هەڵکێش داکێشی بەیت و میسڕەع و دەست تێ گێڕان دە ڕێئاڵی فۆڕم و نما دا بە بێ چێ کردنی سووژەی هزرمەند(من اندیشندە) هەر ئەوەندەی شێعری شاری لێ پاشەکەوت دەبێ. شێعری شار پێویستی بە دیالکتیک لە گەڵ خودی شار هەیە وەک ئۆبژەیەکی زیندوو و سووژەی هزرمەند و ئەکتیو و هەروەها عەقڵانییەتی مۆدێڕن، وەک ئەندێشەی داهێنەرانە، ئەوەش وا دەکا کە خوڵقانی خۆی بە فەزای شار و ماهییەتێکی مەدەنی و دێمۆکڕاتیک ببەستێتەوە کە ئێلێمانەکانی شار بە عەقڵانییەتێکی پۆزەتیڤ و ئیجابی و مۆدێڕن پێناسە دەکا. ئیدەئالیزمی هەڵ ڕشتن لە شێعر دا بە گشتی جیاوازی هەیە لە گەڵ عەقڵانییەتی داڕشتنی شێعری شار. بەو پێیە بەر لە هەموو چەمکێ بۆ داڕشت و چێ کردنی فۆڕمۆڵی شێعری شار، نیاز بەخوشین و مۆتاسیۆنی سووژە، نیازێکی حاشا هەڵنەگر و زەروورییە ئەویش بەواتای ئەوەیکە سووژە لەو حاڵەتە خەست و دوگم و پەسیو و ڕام کراو و ئاڵقە بە گۆییە بێتە دەر.
پیویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە بۆ داهێنانی شێعری شار پتر لە زەینییەتی شاعیر، من ڕادەی دەخۆڕادیوی و فەرایەند و پوتانسییەلە زمانییەکان وەک سووژە دێنمە ئاراوە، ئیتر پێشم وایە کە ڕاندومانی ئەو دە زمان نووسانە دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە ڕوانین و مانۆڕ لێ دانە کە شاعیر بە گوێرەی هەڵگۆستەکانی خۆی ، لە زمان هەیەتی وەک ماک و توخم. لەو بەستەرە بزۆز و ئەکتیو و کراوەیەدا بایەخی شێعری شار بەر و پتر لەوەی بپژێتە سەر مانا و دەستەربەرکردنی شێعری لۆژیکی و تاک ڕەهەند و مۆنۆلۆگ، لە سەر ئەسڵی بەرامبەری و دابین کردنی مافی ژیان بۆ گشت دەنگەکان مانۆڕ لێ دەدا، دەرکەوت و دەرئەنجامی ئەوەش پێکهاتنی فەزایەکی مەدەنییە دە شێعر دا و دامەزراندنی ژێرساختگەلێکی دێمۆکڕات و پلۆڕاڵ. گرینگترین خسڵەتی شێعری شار ئەو لێک گرێ دانەی خوێنەر و دەق و ڕەخنەگرە کە هەر کام بە نۆبەی خۆیان تەواو کەری ئەو پڕۆژە هزرییەن. ئەگەر تا ئێستا لە ئەدەب و تەنانەت لە بوارەکانی تریش دا ڕووبەڕووی وەها فەزایەک نەبووین یا بە دەگمەن ئاوڕی لێدراوەتەوە، بەو هۆیە بووە کە کورد نەیتوانیوە بە عەقڵانییەتێکی دەوڵەت/شاری هەڵس و کەوتی لە گەڵ چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینییەکانیش دا هەبێ. پڕابڵمی نەبوونی سووژە بەرۆکی گشت لایەن و تەوەرەکانی گرتووە، ئۆستوورەپەرەستی و پێ هەڵ کوتن بەردەوام خۆی چەسپاندووە و ئایدیا لە هەموو بوارەکان دا عەرزی ئەندامی کردووە و چەندین هۆ و هۆکاری تر کە خوڵقێنەری ئەو بارودۆخە بوون. شێعری شار لەو فەزا دوگمەدا بەر لە هەموو شتێک، پێویستی بە دابڕان(گسست) لەو فەزایە هەست پێ کردووە تا درێژەدان بەڕەوتی تەکامول، باس لە دابڕان کە دەکرێ مەبەست لە تێپەڕاندنی بە ناچاری ئەو فەزا تاک ڕەهەند و بێ دیالکتیک و دیالۆگەیە کە ئاماژەی پێ کرا. ئەوەیکە بوارەکانی مۆتاسیۆن و خوشینی سووژەی بوێر و مەترسی ئافرێن و....بۆسەرهەڵ دان و نیهادینەبوونی شێعری شار چەندە دەڕەخسێ، دەبێ بڵێین کە تەنیا و تەنیا عەقڵانییەتی نوێ/شارخواز دەتوانێ دیاری بکا. لایەنێکی دیکەی شێعری شار کە وەک زەروورەت دەبێ ئاوڕی لێ بدرێ، خوێنەری چالاک و ئەکتیوە کە دە چێ کردنی ئەو فەزایەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. تاکتیکەکانی خوێندەوە ئەگەر هەر بە پێی ئەو بنەما سوننەتی و کلاسیکە بێ کە تا ئێستا کورد و خوێنەری کورد بۆ فام و داڕشتی فاکتۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان هەیبووە، لێرەش دا ڕێ ناباتە هیچ فەزایەکی تازە و جیاواز و یۆنیڤێرساڵ. قورسترین زەبرێکی کە تا ئێستا بەدەنەی شێعری مۆدێڕن و جیاوازی لە ڕۆژهەڵات دا پێکاوە هەر ئەو دەمارگرژییە بووە لە خوێندنەوەدا، کە ڕێگای ئیسبات و چەقبەستنی شێعری شاری کوردی لە پانتای ئەدەبی کوردی دا بەستووە و تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر پڕەنسیپێکی دەمارگرژییەکی ناسیۆنالیستی کلاسیک دامەزراوە. پێشتریش باس کراوە کە چاپی چەندین و چەند جارەی کتێبی شێعری کلاسیک و چاپی لە ڕادەبەدەر نزمی کتێبی شێعری مۆدێڕن سەلمێنەری ئەو ئیدعایەن کە خوێنەری کورد تووشی ئینفعال و دۆش داماوی و دەستەوەستانێکی بە هێزبووە. ئەگەرچی زۆریەک لە بۆچوونەکان هەر بە هۆی ئەو چاپی دوو جار و چەندین جارەی ئەدەبی کلاسیک و سوننەتی کورد، پێداگری لەسەر گشتگیربوون و مەقبووڵ بوونی ئەدەبی کلاسیک وەک تاکە ژانڕی گ ئەدەبی کوردی دەکەن بەڵام، گومانی تێدا نییە کە ئەو ئیستڕاتژییە یا سەرچاوەی لەو دەمارگرژی و ئۆستوورە پەرەستییە وەرگرتووە کە لە سەرەتای ئەو نووسراوەدا ئاماژەی پێ کرا یا پاڕادایمەکانی خوێندنەوە و ڕەخنە و شڕۆڤەکاری شێعری شار، هەر بە پێی ئەو ڕەواڵ و ڕەوەند و تکنیکە سوننەتییانە بووە و شێعری مۆدێڕنیشی پێ هەڵسەنگێندراوە یا ئەوەیکە گشت گیر بوون وەک مێکانیزمێکی مەشڕووعییەت پێدان و مەقبووڵییەت و پڕستیژدار کردن هاتۆتە ئاراوە کە بە داخەوە نەسیبی شێعر و ئەدەبی مۆدێڕن و ئاوانگاڕد نەبووە، کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی کێشەیەکی ترە. بە هێزترین زەبرێک کە لێرە دا ڕەوتی نوێژەن بوونەوەی ئەندێشەی کۆمەڵگای کوردی پێکاوە، هاتنە ئارای ئەو عوڕفی و گشتگیر بوونەی کردەی کۆنباوە وەک پڕەنسیپ و ئایدۆلۆژی کە نە تەنیا شێعری شار، کە گشت بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوورییەکانیشی پێکاوە.