تاريخ: ۱۴۰۳ يکشنبه ۲۳ دي ساعت ۱۸:۲۱ بازدید: 636      نظرات: 0      کد مطلب: 23918

حەوتەوانە و حەوت وانەی سیاسی

سەعدوون مازووجی


دۆستی بەڕێزم کاک سەلاحەددین خەدیو ئەو دوایانە یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی "حەوتەوانە" ناردە بازاڕی کێشە لەسەری کتێبی کوردی. جڵدێکیشی پێشکەشی من کرد ، دەمزانی کارێکی شازی کردووە هەر بۆیە بە تامەزرۆییەوە خوێندمەوە. کتێبەکەم بە سێ هۆ زۆر وەبەر دڵ کەوت، یەکەم؛ هەم زانایانە، هەم ئازایانە و هەم داهێنەرانە نووسراوە. دووهەم ؛ ئەو بەستێنەی بەڕێزیان هەڵیبژاردووە بۆ ئەم نووسینە لەو بەستێنانەیە کەوا من هۆگری تایبەتیم پێی هەیە و وەختی خۆی، خۆشم تێدا تاقی کردۆتەوە. ڕاستێکەی تەلێکیشی لە دەروونمدا لەراندەوە. سێهەم؛ باسی سەرەکی کتێبەکە نەتەنیا بابەتێکی دوور لەڕاستی و ئینتزاعی نییە، بەڵکە نووسەر حەولی داوە ڕووماڵی ئەو قسانەی خۆی بکا کەوا لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆمانەدا دەیهێنانە گۆڕێ و دەمەتەقەشیان لەسەر کراوە. دوکتۆر خەدیو وەک ڕۆژنامە نووسێکی کورد زمانی فارسی نووس ناسراوە بەڵام بەو نووسینە کوردییە خوێنەرانی قەڵەمی خۆی سوپڕایز کرد. هەڵبەت سوپڕایزەکە هەر لەبواری زمانییەوە نییە نێوەرۆکی کتێبەکە خوێنەر زیاتر لە زمانەکە سەرسام دەکا. هەرچەند کەمتر هەڵدەکەوێ من بە ئەم و ئەو بڵێم چ بخوێنەوە، بەڵام بەقسەم دەکەن بێ سێودوو لێکردن "حەوتەوانە" بیخوویننەوە، وانەی جێی سرنجی تێدایە. دوایەش وەرن بۆ قسە و باس و لێورد بوونەوە، چ زۆرە بەستێن. ئەوەتا فەزای مەجازی، بوار بۆ هەموو لایەک هەیە. من وەک خۆم بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە نووسەر دەکەم و هیوادارم کاری باشتر و پوختەتریشی بەدوادابێ.

لە دێرەکانی بەرێدا ئاماژەیەک بە بازاڕ کێشە لەسەری کتێب کرا کە پێویستە لە قەدەر ئەو یادداشتە ڕوون بکرێتەوە. هەڵبەت شیاوی وەبیر هێنانەوەیە، ئەو کێشەیە هەر لەو بەستێنەدا نەوەستاوە و تەواوی بەرهەم و بڕگە فەرهەنگییەکان گرتۆتەوە. گرفتەکەش چەند جەمسەرییە، ئەگەر قەیرانی بەرهەم هەیە لە پەنا ئەویشەوە قەیرانی خوێنەریش لەگۆڕێدایە. هەروەک هەموومان ئاگامان لێیە لەو چەند ساڵی دواییدا ڕێژەی کار و کۆبوونەوەی فەرهەنگی و پەردەلادان لەسەر پەڕتووک و ناوەند و ... لەچاو ساڵان و جاران یەکجار زۆر لە زیادێی داوە ، کەچی کێشە فەرهەنگییەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن و کەس لە ڕەوتەکە ڕازی نییە. دیاردەی کتێب سازی یەکێک لە قێزەنەوەترین دیاردەکانی ئەو بوارەیە. ئەو کتێبانەی ئەو ڕۆژانە بە ٢٠٠ بەرگ لە چاپ دەدرێن و ڕەوانەی بازاڕ دەکرێن بەشێکیان بەر لەوەی وەک کارێکی فەرهەنگی پێناسە بکرێن زێدەتر وەک کردنەوەی گرێیەکی دەروونی خاوەن ئەسەر دێنە بەرچاو یان بۆ وەسەریەکنانی کارنامە دادەڕێژرێن. لەو شەیتانە بازاڕەدا ئەوەندە خۆڵ لە چاوی خەڵک دەکەن کە لەیەک جیا کردنەوەی کاری چاک و خراپ بە چاوساغانیش ناکرێ. پێمخۆشە خوێنەری ئەو دێڕانە بزانێ کتێبی بەرباس " حەوتەوانە" کارێکی تەواو جیاواز لەو ڕەوتەیە و شیاوی لێوردبوونەوەیە.

هەرچەند ئامانجی من لە نووسینی ئەو دێڕانە ناساندنی کتێبەکەیە و نامهەوێ ڕەخنەیەک گەڵاڵە بکەم، بەڵام پێمباشە لە سەر هێندێک خاڵی هەستیار هەڵوێستەیەک بکەم. یەکێک لەو خاڵانە ناوی کتێبەکەیە. حەوتەوانە حەوت ئەستێرەن کە پێش وەهەواکەوتنی گازە گوڵخانەیەکان و لێڵ و نەدیو بوونی ئاسمان، شەوانە بەو شکڵە ئاماڵ ئەسکوێیەی پێکیان دەهێنا، مرۆڤیان نوقمی تەماشا دەکرد. هەڵبەت ئاسمان لە زینی ئینسانی کورددا شوێنێکی پاقژ و پاوانە و جێگای نیشتەجێ بوونی خودایە. ڕەنگە زۆر کەس لەبیری بێ سەردەمێک "بەو ئاسمانە شینە" سوێندێکی گەورە بوو و لە زار و زمانی خەڵک نەدەکەوت. وادیارە ئەو کات کورد کە لە ئاسماندا بە شوێن خوداوە بووە ، لەو پشکنینەدا تووشی ئەستێرانیش هاتووە، کردووینە نیشانە بۆ ڕێ دەرکردن و لە سەر هەر کامەیان کە ناسیوێتی ناوێکی داناوە. حەوتەوانە و گەلاوێژ و کاروان کوژە و ... هەر کام لەوانەش فەلسەفەیەکی لەپشتە کە لێرەدا ناکرێ ئاوڕی وێدەین. ناوی ئەو ئەستێرانە سەردەمێک وەک مەشغەڵێک بە دەست شاعیرانەوە بوو و لەبەر ڕووناکایی ئەواندا ڕاستەرێی دەربڕینی هەستی خۆیان دەدۆزییەوە. با لەوە زیاتر درێژدادڕی نەکەم، بە شوێن ئەو دێڕانەدا دەمەهەوێ بڵێم: ئەو ناوە هەست بزوێنە بۆ ئەم کتێبە عەقڵ تەوەرە شیاو نییە و تەعبیر لە نێوەرۆکەکەی کە ڕەخنەیەکی هەڵوەشێنەری زانستی سیاسییە ناکا. با ئەو جار بەزمانێکی ئەدیبانە بڵێم ئەو ئەستێرەیەی نووسەر نیشانی داوین کاروان کوژەیە نەک حەوتەوانە. کاروان کوژە ئەستێرەیەکە بەر لە ئەستێرەی ڕۆژێ هەڵدێ و کاروانچی کە چاوی لە گورگە خەودایە تووشی هەڵە دەکا و کاتی لێدەگۆڕێ.

ئەگەر گەرەکمان بێ کێشەیەکی دیکەی زمانی شپرزەی سیاسی کورد دەست نیشان بکەین و بیخەینە سەر ئەو کێشانەی بەڕێز خەدیو قامکی داکۆکی لەسەر چەقاندوون، هەر ئەو شاعیرانە بوونەی زمانی سیاسی کوردە. زمانی شاعیرانە ئاوێتەی سۆز و هەستە و تەوەری سەرەکی سیاسەتیش عەقڵ و ئاوەزە. ئەو دوانە دژ بەیەکە بەهیچ جۆرێک بەیەکەوە ناحاوێنەوە. هەر بۆیە زمانی ئێمە لە دەربڕینی سیاسیدا لە ڕادە بەدەر کۆڵەوارە. هەڵبەت هۆکاری ئەو ئاوێتە بوونە ڕوونە، لەلایەکەوە هەر لەسەرەتاوە ڕوانینێکی فەرهەنگی بۆ ئەمری سیاسی لە کوردستانی ئێران خۆی بەسەر ئەکتی سیاسی کێشاوە و لەلایەکی دیکەوەش و لە درێژەی هەمان ڕوانین بۆ سیاسەتدا زۆربەی کارێکتێرە سیاسییەکانی کورد شاعیر و ئەدیب بوون. ئەگەرچی بە شوێن گەشە کردنی ڕۆژنامە نووسی سەردەمی ئیسلاحاتی دەیەی ٧٠دا جۆرێک جیابوونەوە کەوتە نێوان هەڵسووڕاوانی سیاسی و فەرهەنگی بەڵام جیابوونەوەکە سنوورێکی ئەوەندە ماناداری نییە.

هەموومان ئاگامان لێیە کوردستانی ئێران ئەو بەینەی بە ناخۆشترین قۆناغی ژیانی خۆیدا تێدەپەڕێ. سەرەڕای ئەوەی گرفتە ئابوورییەکان کە کێردی برسێتیان گەیاندۆتە سەر ئێسکان و سەری حەوت کیوانیان لە خەڵک تاریک کردووە، مرۆڤی کورد لە ڕووی مانایی و مەعنەویشەوە هەست بە دۆڕاوی و سەر لێشێوای و داماوی دەکا. ئەو کەسانەی دانیشتووی وڵاتن هەست دەکەن ئازادی و عیزەتی ئینسانی خۆیان دۆڕاندووە و ئەوانەی گەیشتوونە هەندەران هەست دەکەن نیشتمانەکەیان دۆڕاندووە. بۆ ڕزگاری لەو دۆخە نالەبارە هەر دووک لا خەریکی پەلەقاژەیەکی بێ مانان. دانیشتوانی وڵات هەست بە تەنگەبەری نیشتمان دەکەن و خۆ بۆ دەرەوە سنووەرەکان دەکوتن، تاراوگە نشینەکانیش لە ڕێگای فەزای مەجازییەوە وێنەیەکی دیکە لە کوردستان دەخەنە ڕوو. لە وێنەی ئەواندا پەنتای خاکی کوردستان هێندی ڕووسییەیە و حەشیمەتەکەی شان لە شانی هیند و چین دەدا و زمانەکەی شتێک وەسەرەوە ئینگلیسی و فەڕانسەوی کەوتووە و قودرەت و دەسەڵاتەکەشی هاوتای ئامریکایە. لەوانە کە بگوزەرێین شەڕی نیابەتی و ناسیۆنالیسمی نیابەتی و هەزار و یەک بابردەڵەی فکری دیکە کۆمەڵێک چەمک و مانای نەناسراویان هێناوەتە ئارا، کە کوردی دەست بەتاڵ بەهاسانی بۆی مانا ناکرێنەوە. نە میدیایەک لە گۆڕێدایە و نە متمانەیەک ماوە. لە ڕواڵەتی ڕووداوەکاندا وادیارە کە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەو ناوچەیە بەڕێوەن بەڵام ئەو ڕوخەی کوردستان لێیان بێبەش یان کەم بەشە. ئەو هەزارە زیلەیە کوردی ئێرەی گەیاندۆتە ئاستێک کە هەستی خۆ بە ئێرانی زانینی لەلا لاواز بووە و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەخۆی ناگرن. لە ڕاستیدا ئێمە تووشی ئاوارەییەکی دوو قات هاتووین، هەم لە کوردستان و هەم لە ئێران ئاوارە بووین.

کتێبی حەوتەوانە لە حەوت دەربیجان ڕا سەری بە دیوی ژوورێی ئەو ماڵە وێرانە داکردووە و تێکۆشاوە ئەو دۆخەی ئێستا بە زمانێکی جیاواز بگێڕێتەوە و بە خوێنەر بڵێ لە کوێ ڕا هاتووی و گەیشتوویە کوێ. ئەو حەوت دەستەواژەیەی بۆ لێکدانەوە هەڵبژێردراون زۆربەیان بەر هەمی ئەدەبیاتی چەپی ماڕکسیست لێنینیستین کە هەرکام لەوان دیاری یەکێک لە حیزب و لایەنەکانن بۆ سامانی گشتی ئەدەبیاتی سیاسی کورد. کاک سەلاح بەکورتی دەڵێ کورد ئەگەرچی لە ڕووی فکرییەوە ماڵ ئاوایی لە گوتاری چەپی ماڕکسیستی کردووە، بەڵام بە زمان نەیتوانیوە لەو گوتارە دابڕێ ، بۆیە ئێستا زمانەکەی لە ڕەوایەتی ئاوات و ئامانجەکانی هەنووکەییدا کارامەیی خۆی لە دەست داوە. نووسەر بەئەو هەنگاوە یەکەمین پلەی پەیژەی مانا کردنەوەی جیهانی کوردی کوتاوە. دەبێ لەبیرمان نەچێ یەکەمین هەنگاو بۆ داڕشتنەوەی جیهانی مانایی کورد ڕەخنەی جیدی لە دۆخی ئێستا و ڕابردوویە، کە لەو کتێبەدا ڕەنگدانەوەیەکی سرنج ڕاکێشی هەیە.

قسەی من لە سەر ئەو کتێبە بەو نووسینە کۆتایی نایە ئەگەر بوار هەبوو بابەتی دیکەش پێشکەش بە خوێنەر دەکەم. سەعدوون مازووجی







برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد