تاريخ: ۱۴۰۳ يکشنبه ۲۳ دي ساعت ۱۸:۱۲ بازدید: 685      نظرات: 0      کد مطلب: 23917

بە بیانووی بڵاوبوونەوەی کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی”

یادداشت: زانیار قادرزاده



مێژوو وەکو فەڕشێکی نەخشین و ڕەنگین وایە کە بە تانوپۆی زەمان چندراوە. هەر چرکەساتێکی زۆر جاران تەوقیتێکی جوانی گێڕانەوەی بەرینی چیرۆکی مرۆڤایەتییە و زۆر جارانیش بەربەرەکانیی مانەوەی نەتەوەیەک بە کەڵەوەکێشی، ئاژاوەگێڕی و ملانە دەقەبڵێنێ. مێژوو تۆماری سەرلەبەری سەرکەوتن و تڕاژێدیاکانی ئێمەیە. ڕووداوی ئەو ئیمپڕاتۆرییانەی بە تێڕادیوی دە بەرزایی‌یەکان هەڵبوون و پاش شەڕ و هەڵڵایەکی زۆر بوونە پووشی بەر بایێ. زایەڵەی شۆڕش، بەرەوپێشچوون و گەڕان بەدووی مانا و ڕاستیی ڕووداوەکاندا. ئەگەر لە ڕاستی دەپرسی، مێژوو هەر ئەوە نییە ڕابردووت بێنێتەوە بەر چاوان، بەڵکو کلیلێکە دەرووی فام و تێگەیشتنمان بە ڕووی ئێستادا دەکاتەوە و پاشان تێمان دەگەیەنێ داهاتوو چی بەسەر دێ و سەر بە کوێوە دەنێ.

هەر لە بەرەبەیانی شارستانییەتەوە، ئەوکاتەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار وڵاتی هەڵکۆڵی و، هێما و سیمبولەکانی خۆی لەسەر بەرد و تاتەبەردەکان هەڵكەند تا لەو ڕێیەوە چیرۆکەکانی خۆی بگێڕێتەوە، تا هەموو شتە سەرسووڕهێنەرەکانی کەونارا، ئەو ئەهرامانەی بۆن بە ئاسمانەوە دەکەن، ئەو شارانەی بە داهێنانی بەشەر ترووسکەی ڕووناکایی‌یان هەموو وڵاتی زێڕەوشان کردووە، ئەو فەلسەفانەی ئێستاش مێشکمان ختووکە دەدەن، بێننەوە بەرچاوان. مێژوو ئاوێنەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە کە هەڵماندەپێچێ کێ بووین، کێین و لە داهاتوو دەتوانین کێ بین.

مێژوو شاهیدی بێدەنگی شۆڕش و خەباتی گەرمی ژیانی ئاسایی‌یە. ئەو جووتیارەی چاوی بەسەر مەزرا و زەویوزارییەوەیە، ئەو هونەرمەندەی خەبات و خۆڕاگریی میللەتێک لەسەر لاپەڕەیەک دەنەخشێنێ و ڕووحیان وەبەر دێنێ، ئەو توێژەرەی دە فکران دەنیشێ، دیمەنێک کە کەسایەتییە مەزنەکانی مێژوو، پادشاکان، شاژنەکان، بیرمەندان، خەباتکاران، نووسەران و شاعیران ئاسەواری خۆیانی تێدا بەجێ دێڵن و میراتێک بە ئێمە دەسپێرن کە سنوورەکانی تا ئەودیوی زەمان واوە دەڕوا. هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە مێژوو پارێزەری هەڵەوپەڵەکانی ئێمەیە. وانەی زۆرداری و نەزانی، شەڕ، ئاژاوە و تۆوی دووبەرەکی، شکاندنی پەیمانی ئاشتی و بەهای ئازادیمان وەبیر دێنێتەوە. ئەوەش هانمان دەدا تا مشووری خۆمان بخۆین، فێر بین و ئەزموون لەو هەڵانە وەربگرین کە وەچەی بەرلە ئێمە پێی ئەنگواون.

لە شووشە لەتوپەتەکانی مێژوودا دەبینین کە تێپەڕبوونی زەمان هەم وەکو بارێکی گران لەسەر شانمانە و هەم دیارییە. ئەم چیرۆکە ڕووحی خۆبەدەستەوەنەدانی بەشەر، سەروسۆراغی بێ‌وەستانی زانست و هەوڵ بۆ یەکسانی و دادپەروەرییە. مێژوو هەر کۆمەڵەی سەربوردە مێژوویی‌یەکان و ڕووداوەکان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی زیندوویە و تەنگ بە خوێنەر هەڵدەچنێ کە هەموو شتێک ئاشکرا دەکا، هەمیشە خەریکی گوورانە و بە حیکمەتی ڕابردوو وەکو چاوساغێک پیلمان دەگرێ و نهێنیی ڕووداوە نەزانراوەکانمان بۆ دەدرکێنێ.

بەڵام بڵێی مێژووی نەتەوەی کورد لەو شەڕانەی تێیانەوە گلاندووە، خێری دابێتەوە یان وەکو ڕووداوەکانی بەرێ هەر بەشی ماڵوێرانی، ڕاونان، کوشت و کوشتار و لەنێوچوون بووە؟ ئەگەر ئاوڕێک وە ڕابردوو بدەینەوە و بەتایبەتی کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە نووسینی بەڕێز موحسین جەڵدیانی بخوێنینەوە، لە سەرەتای کتێبەکەدا چەند پرسیاری سەرەکی دەورووژێنێ و لە ڕێی ئەو پرسیارانەوە دەیان و سەدان وردەپرسیاری دیش دێتە نێو زەینمانەوە و خوێنەر ناچار دەکا بچێ چەندین سەرچاوەی دیش بپشکنێ تا لە وڵامەکان ئەرخەیان بێ. لە بڕگەکانی دواییشدا دۆخی وڵاتانی دەروجیرانی کوردستان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەسەنگێنێ. خوێنەر بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پاش هەڵشێلانی لایەنە سەرەکی و لاوەکییەکان و بەبێ ویستی کورد و بەناچاری ئەو شەڕەیان بەسەردا سەپاندووە و بەئیشتیای دڵی خۆیان کاری خۆیان پێ ڕاست هێناوە. پشکی قەجەر، ڕووس و عوسمانییەکان لە جەنگەی ئەو ڕووداوانەدا یەکجار زۆرە و ئەو ململانێیانە بەزەرەری کورد شکاوەتەوە، هاوکات پێکهاتەکانی دیکەی وەکو تورک، ئاسووری و ئەرمەنیش دەوری بەرچاویان لەو مێژووەدا گێڕاوە. بۆ وێنە لە کاتی شۆڕشی تورکیادا هەزران ئەرمەنی و کورد لە کەنیسەی "خالید ئۆغڵی" کۆ دەبنەوە و سوێند دەخۆن کە بە ئاشتی لە دراوسێیەتیی یەکتر بژین، کەچی کومیتەی ئەرمەنی فریوی بەڵێنەکانی تورکان دەخۆن و خیانەت لە کوردەکان دەکەن و لە ڕاپەڕینەکەی "بدلیس"دا پەنا دەبەنە بەر والیی بدلیس و، بۆ دژایەتیی کوردان داوا دەکەن چەکیان بدەنێ. (هەورامی، ١٠،٢٠٠٦)

لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا لەسەر خاکی کوردان شەڕ لەنێوان عوسمانییان و ڕووسان هەڵداییسێ و کوردیش لە ناچارییان هەر جارە و ڕوو دە لایەک دەکا. دوای ئەوەی یەکەم جار لە دەڤەری ورمێ تەقە لە تفەنگێ دێ و شەڕ هەڵداییسێ، ڕووسەکان وێڕای دەستەیەک سوارەی ئەفشاری بەسەر گوندی باڵووی نزیک ورمێدا دەدەن و بە ماڵان وەردەبن و دەیانپشکنن، چەکوچۆڵ دەدۆزنەوە و دە بازرگانی ئەو گوندە دەستبەسەر دەکەن. پاشان هەر دە کەسەکە بە دارییەوە هەڵداوەسن تا خەڵکی کوردی پێ چاوترسێن بکەن. بەڵام کوردیش هەروا دەستەوەستان نابێ و لێیان دێنە دەست و تا سێ کیلۆمیتریی ورمێ دەگرنەوە. کەچی بەداخەوە هێندەی پێ ناچێ هێزی پشتیوان و یارمەتیدەری ڕووسان دەگەنێ و کوردان تێک دەشکێنن. (خسروزادە، ١٣٩٧، ٦١) هەر لەو بەشەدا نووسەر باسی ڕەگەڵ کەوتن و نزیکبوونی کورد لەگەڵ لەشکری عوسمانی دەکا و لە ڕێی سەرۆک هۆز، کوێخا و ئاغاکانەوە هەڵیاندەفریوێنن و دە شەڕێکیان وەردەدەن کە بە هۆی نەزانی و ناکارامەییی سەرکردەی عوسمانییەکان، کورد دەرەقەتی ڕووسان نایەن و زۆربەیان تێدا دەچن.

لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا نووسەر باسی ئاکامێکی دڵتەزێن بۆ کورد لەو شەڕانەدا دەکا، سەرەتا باسی پێوەندیی باوەڕدارانی دوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامییەکان لە کوردستان دەکا. نووسەر بە شێوەیەکی مەیدانی زۆربەی ئەو سەرچاوە و کەسانەی دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە بە جۆرێک ئاگاداریی دۆخی ئەو سەردەمی کوردستان بووبن. لە ڕێی ڕیوایەت و گێڕانەوەی کەسایەتییە بەناوبانگ، دەستڕۆیشتوو، ئاغا و کوێخاکانەوە پەردە لەسەر زۆر لایەنی شاراوەی ئەم شەڕانە هەڵدەداتەوە و کۆمەڵێک زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات. ئەو زانیارییانە دەکرێ ببنە هەوێنی توێژینەوەیەکی زانستی و ئەکادێمیی تێروتەسەل تا لایەنە باش و خراپەکانی ئەم شەڕانە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە وەرد بدرێنەوە.

لە بەشی چوارەمی ئەم کتێبەدا نووسەر سەرباقی هەموو ئەو نەهامەتییانەی داوێنی کوردانی گرتووە، باسی قاتی و قڕی لە کوردستانیش دێنێتە گۆڕێ و لە زمان کۆمەڵیک کەسایەتییەوە باسی ئەو نەهامەتییانە و ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە لەسەر ئێران و کوردستان دەکا و بەو ئاکامە دەگا کە کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکە زیاتر وێران و کاول بووە.

نووسەر سەرەڕای کۆمەڵێک سەرچاوە و زانیاری، لەسەر یەک هەوڵی داوە ئەو دەقە فۆلکلۆری و زارەکییانە، گێڕانەوەی تۆمارنەکراو، بەڵگەنامە و بیرەوەریی کۆمەڵێک کەسایەتی بکاتە نێوئاخنی باسەکانی و، زەنگینتر و دەوڵەمەندتری بکات. هەربۆیە دەرفەتی هەراوتر دەخوازێ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا زیاتری لەسەر بنووسن و خوێندەواری کوردیش هەموو کون و کاژێرەکان بەسەر بکاتەوە. مێژوو چیرۆک و بەسەرهاتی هەموومانە، سەمایەکی ئاڵۆز و تێکچندراوی ئەو شتانەیە کە هەبووە و دەبێ. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەگەر باوەش بەو چیرۆکانەدا بکەین، دەزانین کە مێژوو هەر ڕابردوو نییە، بەڵکو کاکڵ و جەوهەری ژیانە.


سەرچاوە:

جەڵدیانی، موحسین. (١٤٠٣). کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی. مەهاباد، چاپەمەنیی ژیر.

هەورامی، ئەفراسیاو. (٢٠٠٦). کورد لە ئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤییەتدا. بڵاوکراوەی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.

خسروزادە، سیروان. (١٣٩٧). راه بی سرانجام، نگاهی بە سرگذشت آسوریان در جنگ جهانی اول. انتشارات: شیرازە کتاب ما. چاپ دوم، خرداد ١٣٩٨.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد