تاريخ: ۱۴۰۳ دوشنبه ۱۷ دي ساعت ۲۱:۲ | بازدید: 102 نظرات: 0 کد مطلب: 23889 |
سەیید موحەممەدئەمین واژی
بە پێی داوەتی “هونەرسەرای پاکزاد” بانگەوازێک ئاوا بڵاو بۆوە و دوکتۆر شەهباز بۆخۆشی بۆی ناردم و داوای لێکردم بەشدابم.
ئەم کۆڕە، هونەرسەرای پاکزاد بەڕێوەی دەبات. ئێوارە کۆڕێک تایبەت بە مێژوو: ئاوڕدانەوەیەک وەسەر ڕووداونووسی کوردستان لە شەڕی یەکەمی جیهانی، وتاربێژ: دکتور شەهباز موحسینی، بەشداری بۆ تەواوی ئۆگران ئازادە، کات: .4ی ئێوارێ، پێنجشەممۆ، 13ی بەفرانبار 1403، شوێن: مەهاباد، شەقامی سەلاحەددین ئەییووبی ڕۆژئاوایی، کۆڵانی ئیدارەی کار، هونەرسەرای پاکزاد.
بەڵام وەک باوە، بە درەنگەوە دەستی پێکرد. کاتژمێر ۴و ۲۴خولەک دەستی پێکرا، پێشکێشکار خاتوو. د. مێهری پاکزاد بوو، داوای کرد دەتوانین کە ڕووداوەکانی مەڵبەندی ژیانی خۆمان لە ساڵانی پێشوو تا ئێستا بنووسینەوە. ئەم کارە وەک ئەرکێک چاو لێبکەین. دوایی دوکتۆر شەهبار موحسینی، بانگرا بۆ پشتی میز و وتارەکەی پێشکێش کرد. سەرەتای وتارەکەی بەم فەرموودەی خۆشەویست(د.خ) بوو کە دەفەرمووێ: قَيِّدُوا العِلمَ بالكِتابةَِ، واتە: زانست، بە نووسین ببەستنەوە.
باس لە شەڕی یەکەمی جیهانی بوو.
ناوی پەڕتووک، بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئەوکاتی ئێران، کوردستان و سەقز بووە، کە هۆنراوەی “حافزم” دێنێتەوە بیری کە دەڵێ:
از هرطرف که رفتم جز وحشتم نیفزود
زنهار از این بیابان، وین راه بی نهایت
ناساندنی کتێب:
ناوی کتێب: وحشت در سقز، نگاهی بە تحولات کردستان در فاصله جنگ اول جهانی تا اعادۂ اقتدار دولت مرکزی، مصطفی تیمورزاده (۱۲۹۳ ـ ۱۳۰۲شمسی) ۱۳۵صفحه.
ئەم کتێبە باسی چوار ساڵ ڕووداوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە کوردستان و پێنج ساڵ شەڕ و پێکدادان و نائەمنی ناو خۆ لە لایان هۆزەکانی ناوچە(۱۲۹۳ ـ ۱۳۰۲ی هەتاوی) دەکات
خۆی لە دایک بووی ۱۲۶۶ی هەتاوی و ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە، لە کاتی دەسپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، ئەوکات خۆی ۲۷ساڵ بووە.
یەکێ لەم خاڵانەی ئاماژەی پێکردووە، داگیر کردنی ڕۆژئاوای ئێران لە لایان هێزەکانی ڕووسی تەزاری، هێزەکانی عوسمانی و ئینگلیس وبێلایەن بوونی ئێران و هەر وەها بێ هێزی دەسەڵاتی ناوەندی لە هەمبەر ئەم ئەم ڕوودا و کارەساتانەیە.
هەر وەها ئەم کتێبە ئەم ڕووداوانەش لە خۆگرێ: لەسێدارەدانی دەسەڵاتدارانی بانە، سەقز و بۆکان(موحەممەدخان، سەیفەدین خان ئەڕدەڵان و موحەممەدحوسێنخان موکری) و شێخ باباسەعید بەرزەنجی لە لایان عوسمانێکان بە گومانی لایەنگریان لە ڕووسەکان.
هاوڕێی جەماوەری ئەهلی سوننەتی ناوچە؛ لەگەڵ هێزەکانی عوسمانی، بە فوتوای زانایان و مەشایخی بەدەسەڵاتی ناوچە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی عوسمانی و ڕووس لە میاندوواو و مەهاباد، کوشتاری دوو سێوومی حەشیمەتی مەهاباد واتە لە ۱۶هەزار کەس دە هەزار کەسیان بە دەستی ڕووسی تەزاری کوژران. قاتوقڕی دەستەوەستانی خەڵکی سەقز و شارەکانی دەورووبەر، ڕکبەڕکە و کێشەی نێوان سەرۆک هۆزەکانی ناوچە لەگەڵ یەکتر. هەبوو لە یەک شەو سێجار دەسەڵات دەستا و دەست بووە. پێنج ساڵ موکریان و ناوچەی سەقز نائەمن بوو.
یەکێتر لە بەشەکانی ئەم پەڕتووکە؛ ڕەخنەکانی “تەیموورزادە” لە سمایلاغای سمکۆ و لە هەندێ جێ پێهەڵاکوتن بە “ڕزاشای پەهلەوی” کە ئەمە کەوتووتە بەر ڕەخنەی هەندێ لە لێکۆڵەڕان، لە هەمانکاتا دەبێ ئەمە بزانین کە هێزی شکاک، وەک ڕووداوێکی مێژوویی، سەرەتا دەستیان کرد بە تاڵانی ئەم شارانەی لە پێشیان بوو وەک: مەهاباد بۆکان و سەقز. تەیمووزادە وەک شایەدحاڵ ناتوانی چاوی لێ بنووقێنێ؛ ئەگەر چی سمکۆ لە دواییدا لە قاڵبی عەشیرەگەری هاتە دەرێ بە لەگەڵەخۆبردنی کەسایەتێکان؛ یەک لەوان: عەللامە مەلا موحەممەد قزڵجی و لە چاپدانی ڕۆژنامە، باری عەشیرەتی ڕەنگ و بۆنیتری گرت تووانی خزمەتگەلێکی بەر چاوو بکەن.
بۆیە دەڵێم دەبێ سرنج بدەینە ئەم خاڵە کە دوو دەورە لە ژیانی “سمکۆ”ن هەیە؛ سمکۆیەک تاڵانی دەکرد سمکۆیەک گەڕابۆوە سەر ڕەوتی کەسایەتێکی زانستی و فەرهەنگی کە خزمەت لە زێدی خۆی بردە سەرێ.
تاریف و پێهەڵاگوتنی تەیموورزادە بە پەهلەوی، ئەگەری وەی هەیە؛ چوون دوای ساڵانێک نەبوونی ئاسایش و داگیر کردن و ئاژاوە لە ناوچە، ڕزاشا وەک کەسێکی چاکساز و خێرخواز دەرکەوت و هۆزەکانی سەرکەشی و شەڕی ناو هۆرەکانی دامرکاند و کەش و هەوایەکی هێمنی لە ڕێگا و بانەکان و پارێزگاکان بەدی هێنا.
بەو پێیە کە ئەم کتێبە، ناو و ناوەڕۆکەکەشی گوزاریش لە ترس، خۆف و بنبڕکردنی خەڵکە لە هەموو ئەم ڕووداوە ناخۆشانەدایە، بۆیە ئاوا ڕوانینێکی هەیە.
تەیموورزادە ئاماژەدەکا لە کاتی قات و قڕی شەڕی یەکەمی جیهانی کە هەموو شتێک سی(۳۰)بەرامبەر نرخی چۆتە سەرێ هەندێ لە بازاڕێکانی سەقز پەنایان بردووە بۆ بازاڕێکانی تەورێز مڕۆڤ دۆستانە بە ئەرزان، ژێر نرخ و بە قیست داویانە بە خەڵکی سەقز ڕەنگە مەهابادیش وابێ بەڵام هەر ئاماژە بە سەقز دەکات.
بیرچەوتیە! ئەگەر وا تێبگەین کە بۆ دووڕوویی و زمانلووسی ئەم کارەی کردووە، لە نێو ڕووداونووسەکانی هەبوو(موجود)، کە پێوەندی بەم ساڵانە بوو بێ. کەس وەک موستەفا تەیموورزادە نەیتوانیە لە هەمبەری بێتەدەرێ. کتێبەکەی شاز و بژاردەیە.
بەڕێزیان بە زیندوویی، لە کارە مڵکی گشتی(عام المنفعه)ێکان بەشداری زۆری بوو. پیاوێکی زانا، مەجلیس خۆش و ڕووخۆش بووە. خوا بیخاتە بەر بەزەیی خۆی.
شوڕای شاری سەقز لەمێژە پێوەنە شەقامێک بە نێوی وی کەن (هەروەها شەقامەکانیتر بە نێوی زانایان، دەستڕەنگیان و گەورە پیاوان کەن)، بەڵام وەک کردەوە هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە، هەر وەدوایە دەکەوێ.
هیوادارین بەم زووانە شایەدحاڵی ئەم ر.ڕووداوە فەهەنگیە بین.
ئیشاڵڵا بە زوویی ئەم کتێبە بۆ جاری پێنجەم بچێتەوە ژێرچاپ. خۆی ساڵی ۱۳۳۲ی هەتاوی چاپی کرد و منیش دوا پێداچوونەوە ڕاست کردنەوەی هەندێ هەڵەی ڕێنووس و زمان و پەراوێز خستنەی سەر؛ توانیم سێکەڕەت لە چاپی دەم لە ساڵی ۱۳٨۰و ۹۴، ۱۴۰۳، کە بڕیارە دووبارە بە پەرواێزی نوێ و زیاتر بچێتەوە ژێر چاپ.
بەشی دوهەم
بەشی دوهەم تەرخانکرا بە پرسیار و ڵام و بیروو بۆچوون.
هەندێ پرسیار هاتنە گوڕێ و پرسیاریان ئاڕاستە کرد، شەهباز موحسینی وڵامی دەدانەوە.
لەم بەشدا عەرزم کرد: بێ گوومان، کوردستان خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ ڕووسەکا نەبووە بەڵام لەگەڵ عوسمانی هەیانبووە. هەندێ دەڵەن هەڵەی پیاوانی ئایینی بووە، دەی ئایا لە بەرامبەر چەند کەسی چەکداری ڕووس لە نێوان مەهاباد بۆکان دەبێ ئاوا قەتڵوعامێ بکەن. مەهاباد هیچ، لە شنۆ، لاجان، بۆکان و سەقز بۆ. دەبێ بەڕاستی ئەم کارەساتە مێژوویە زەق بکرێتە و وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا فیلمی لێ ساز بکرێ.
بەداخەوە! من نەم تووانی تا کۆتایی کۆڕەکە دانیشم و لە بەر جەماعەتی نوێژی شێوان ڕۆیشتم.
هیوادارم ئەم دۆسیە بکرێتەوە و زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ. گەلێ جار بۆم پرسیارە بۆ زانایان و نووسەران ئەم کارەساتە مێژوویەیان نە نووسیوەتەوە، زیاتر لە زمانی ڕاوێژکارانی ڕۆژئاوایی باس کراوە.
بەشدار بووان سی کەس دەبوو
|