تاريخ: ۱۴۰۳ شنبه ۱۵ دي ساعت ۱۲:۳۲ بازدید: 248      نظرات: 0      کد مطلب: 23882

کتێبی «کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی» بڵاو کرایەوە


به پێی هەواڵی هاژە، کتێبی «کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی » لە نووسینی موحسین جەڵدیانی لە لایان چاپەمەنی "ژیر " چاپ و بڵاو کرایەوە.

 ئەو کتێبە قەبارەی ڕوقعی و ٣٤٢  لاپەڕە‌‌یە، نێوەرۆکی کتێبەکە باس لە بەسەرهاتی ٧ ساڵ مێژووی نەتەوەی کورد لە نێوان ساڵانی ١٢٩٣ تا ١٢٩٩ کۆچی هەتاوی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا دەکات.

نووسەر هەوڵی داوە هەر لە سەرەتای کتێبەکەی‌دا خوێنەر بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە بکاتەوە کە کوردەکان بە چ هۆگەلێکەوە لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە گلان؟ چۆنیان شەڕ کرد و دەسکەوتیان لەو شەڕەدا چ بوو؟

 لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا توێژەر هەوڵی داوە بە وردبوونەوە لە دۆخی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و... نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دەروجیران وە شوێن دۆزینەوەی وڵامی ئەو هۆگەلەوە بکەوێ کە هەر لە سەرەتاوە باسی لێوە کردبوون.

توێژەری کتێب لە وەرزەکانی دووەم و سێیەمی کتێبەکەی‌دا سەرەتا بە گێڕانەوەیەکی خۆمانە و سادە لە زمانی کوردەکانی ئەو سەردەمی و دواتریش بە کەڵک‌وەرگرتن لە دۆکیۆمێنت و بەڵگە و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبی نووسەرانی کورد، فارس، تورک و ئەورووپی و... چووەتە ناو قووڵایی ئەو ڕووداوە پڕ لە کارەساتە مەرگبارانەی کە نەتەوەی کورد لەو ڕۆژە سەخت و دژوارانەدا لەگەڵی بەڕەوڕوو بوون و سەدان هەزار کەسیان تووشی دەربەدەری و ماڵ‌وێرانی و قەڵاچۆ و... هتد، بوون.

لە دوا بڕگەکانی کتێبی کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا باس لەوە کراوە کە کوشتاری گەلی کورد لە لایەن ڕووسەکانەوە، دوا ڕۆژی ڕەشی نەتەوەی کورد نەبووە، بەڵکوو تووشی قاتیش بوون. قاتییەک کە ماوەیەکی زۆری خایاند و ئاکامەکەشی بووە هۆی ئەوەی کە هەزاران کەس لە برسان قڕ بن. ئاستی کارەساتەکە ئەوەندە جەرگبڕ بووە کە تەنانەت مرۆڤ گۆشتی مرۆڤی خواردووە و دایک منداڵی خۆی بەسەحەب نەکردووە.

ئەوە دەرئەنجامی شەڕێک بوو کە بەسەر نەتەوەیێکی وەک نەتەوەی کورد داسەپا و زۆری خایاند بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆیان لەژێر باری ئەو شەڕە نەگریسە و لێکەوتەکانی ڕزگار بکەن و بێنەوە سەر دۆخی ئاسایی ژیانی پێشوویان.

 نووسەر لە یەکەک لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا نووسیویە: ئێستاشی لەگەڵ دابێ ئەو جۆرەی کە زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکە توانیویانە ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی خۆیان بنووسنەوە، ئێمەی کورد بە هۆگەلی جۆراوجۆر، لە ئاستی پێویستدا نەمان‌توانیوە ئەو مێژووە بنووسینەوە هەتا بەرەکانی داهاتوو باشتر ئاگاداری بەسەرهاتەکانی باب‌وکاڵی خۆیان ببنەوە

مۆحسێن جەڵدیانی، نووسەر و لێکۆڵەر، لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٥ لە شاری شنۆ، مامۆستای خانەنشینە. بەرهەمەکانی چاپ کراو بریتین لە:

1- سیستەمی پەروەردەی شنۆ

2- چیرۆکی بازاڕه دێرینەکانی شنۆ

3- ژیان لە ناو بێ‌دەنگی‌دا

4- چارەنووسی مرۆڤێک

5- تاریخ  کرد در قرن ١٦ میلادی

6- سەمفۆنیای نیشتمان

7- کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی

ئەم کتێبە لە شاری مەهاباد و لە کتێب‌فرۆشیی گزینگ بەردەستە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد