لە دنیای شاعیران و عارفانی فارسی زمان دەتوانین ئاماژە بە مەولەوی، عەتار و حافز بکەین، لە دنیای عەڕەب “ابنفارض” و “ابنعربی” ناو بەرین و لە دنیای شێعر و عیرفانی کوردیشدا، لە زاراوەی کرمانجیدا، ئاماژە بە مەلای جزیری، ئەحمەد خانی و فەقێ تەیران و مەلا باتە و لە زاراوەی سۆرانیدا، نالی، مەولەی، تاوەگۆزی، مەحوی و وفایی دەستنیشان بکەین.
شێخ ئەحمەدی جزیری ناسراو بە مەلای جزیری (لەدایکبووی ١٥٧٠زـ کۆچی دوایی١٦٤٠ز)، شاعیرێکی کلاسیکی کوردە، کە بە دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کورمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بووتان دادەنرێت. جزیری لە گرنگترین شاعیرانی کلاسیکی کوردە و لەگەڵ ئەحمەدی خانی، فەقێ تەیران، مەلای باتە بە گرنگترین شاعیرە کۆنەکانی کورمانجی دادەنرێن. جزیری دیوانەشیعرێکی بە شێوەزاری کورمانجی لێ بەجێ ماوە و مامۆستا هەژار موکریانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سۆرانی.
چوارشەممە (ڕێکەوتی ۵ی بەفرانباری ۱۴۰۳ی هەتاوی) لە زانستگای ئازادی ئیسلامی مەهاباد، بینای یەک و نۆهۆمی ۲، ڕێوڕەسمی بەرگری لە بڕوانامەی دوکتوڕا بە نێوی “بررسی تطبیقی مضامین عرفانی در دیوان ابنفارض و ملای جزیری” لە لایان خوێندکار؛ د. مامۆستا مەلا ئەحمەد شەریعەتپەنا، بەڕێوە چوو. ابنفارض به “سلطان العاشقین” و مەلای جزیری بە “سلطان المشتاقین” دەناسرێ.
مامۆستا شەریعەتپەنا لە کۆتایی بەرگرێکەیدا بە زمانی کوردی گوتی: سڵاوێکی گەرم و گوڕی کوردانە ئاراستەی ڕوح و ڕەوانی مەلای جزیری کە پێنج سەدە لەمەوبەر، ڕەچەشکێنی کرد و بە زمانی دایکی نووسی. سڵاو لە ڕۆحی پاکی مامۆستا هەژار کە بە هۆی ئاوارەیی، دەربەدەری و چەرمەسەری لە پێناو میللەتەکەیدا جیا لە چالاکی کۆمەڵایەتی، چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیشی هەیە و دیوانی مەلای جزیری بە کوردی سۆرانی وەرگێڕێ.
تاوتوێکردنی ئەم بڕوانامەیە بە ڕێنوێنی مامۆستای ”د. ناسر حوسێنی”، ڕاوێژکاری “د. ئەردەشیر سەدرەددینی” و بە داوەری سێ مامۆستا “د. سەید مستەفا یەگانی”، “د. ئازاد موونیسی” و خاتوون “د. فەهیمە یەگانە” بەڕێوە چوو. دوای دوو کاتژمێر بە پلەی بەرز؛ واتە (۱۹) وەرگیرا. ئەم بڕوانامەیە ۳۲۰ لاپەڕە و بە سێ زمانی عەڕەبی، فارسی و کوردی نووسراوە.
دیارە ئاماژە کرا هەندێ هەڵەی پیتچنین و هەڵەچنی دەبێ بۆ بکرێ.
جێی ئاماژەیە ئەم نامیلکەیە مانگی پێشوو، بە شێوەی ئانلاین لە لایان یازدە دادوەر هەڵسەنگێندرابوو.
هەر وەها سێ وتاری زانستی و تۆژینەوەی لە گۆڤاری زانستیدا لێ چاپ کراوە
هیوادارم ئەم بڕوانامە هەوڵی لە چاپدانی بۆ بکرێ و بێتە پەڕتووکخانەی کوردی.