بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی عەتا نەهایی نووسەر و وەرگێڕی کورد، خەڵاتی کەریم عەلەکە لە شاری سلێمانی بە ناوبراو بەخشرا.
شاخەوان سەدیق بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لەسەر ئەم دامەزراوەیە بە هاژەی دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لەسەردەمی پەتای کڕۆنا بە بیانووی یارمەتی خەڵک لە بواری خۆراک و کەرەستەی تەندرووستی ئەم دامەزراوەیە پێکهاتووە. دوای نەمانی ئەم پەتایە، ئەم دامەزراوەیە ڕووی لە کاری کەلتووری و ڕۆشنبیری کردووە و تا ئێستا چەندین بەرنامەی لە شارەکانی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە.
ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە تا ئێستا چ کەسانێک ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە گووتی: ئەو کەسانەی کە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە زۆرن کە لەوانەدا دەتوانین ئاماژە بە مامۆستا حسێن عارف لە سلێمانی ، مامۆستا کامیل ژیر، مامۆستا عەباس محەممەد بارام ، مامۆستا عەلی کەریم، دوکتور شوکریا ڕەسووڵ و... بکرێن.
ناوبراو دەڵێت: بێجگە لەم کەسایەتییانە کە ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە ، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و کتێبخانەی جەماڵ عیرفان بە ئەرکی خۆیان زانیوە بە هاوبەشی خەڵاتی مامۆستا مەنسوور یاقوتییان لە سلێمانییەوە هێناوەتە کرماشان و لەوێ پێمان بەخشیوە.
شاخەوان سەدیق لەسەر بواری خەڵاتەكان ڕایگەیاند: هەر کەسێک کە لە بوارەکانی فەرھەنگ ، هونەر، فەلسەفە ، دەروونناسی، کلتوور، زانست ، سیاسەت و... خزمەتیان بە نەتەوەکەی خۆیان کردبێ، ئەو خەڵاتەیان بە پێوانەی خۆی پێشکێش دەکرێت. لە بەرنامەی داهاتووی دامەزراوەدا خەڵاتی ڕێزلێنان لە مامۆستا حەمەکەریم هەورامی نووسەر و توێژەر لە هەولێر و مامۆستا محەممەدئەمین پێنجوێنی شاعیر و نووسەر و سیاسەتمدار لە سلێمانی ئاراستەیان دەکرێت.
سەدیق لە درێژەی پڕۆژەکانی ئەم دامەزراوەدا گووتی: لە پڕۆژەکانی داهاتوو دیداری مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس، دیداری سەلاحەددینی ئەیووبی و دیدار لەسەر فەرهەنگی زارەکیی و کلتوور لە زانکۆی سەلاحەددینی هەولێر بەڕێوە دەچێت.
کارگێڕی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لەسەر پێشکەش کردنی خەڵاتی کەریمی عەلەکە بە مامۆستا عەتا نەهایی گووتی: مامۆستا نەهایی وەک نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆماننووس بەرهەمەکانی لەسەر کتێبخانەی کوردی بۆ نەتەوەکەی دەستی دیارە و وەک قەڵەمێکی جیددی و دیاری ئەدەبی کوردیی لە ئەژمار دێت. ئێمە وەک دەستەی نووسەرانی گۆڤاری وانەر کە تایبەتە بە ئەدەبی گێڕانەوە هەر سێ مانگ جارێک دەردەچێت، هەر جارێک بابەتێک تەرخان دەکرێت و دواتر ڕایدەگەیەنین و چەند کەسێک وەک ڕەخنەگر هەڵدەبژێردرێن و بەرهەمی ئەوان وەک ڕەخنە، سەرنج، تێبینی ، وتار و لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتی گۆڤار چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا گووتی: ئەمجارە بابەتی گۆڤار تایبەت بە مامۆستا عەتا نەهایی و بەرهەمەکانی بوو کە لەم ژمارەیەدا چاپ و بڵاو کرانەوە و پێشوەختە پەیوەندیی پێوە گیرا و بۆ سلێمانی بانگهێشتن کرا و هەم گۆڤارەکە بڵاو کرایەوە و هەم خەڵاتی ڕێزلێنانی کەریمی عەلەکەشی پێ بەخشرا.
شایانی ئاماژەیە عەتا نەهایی لە ٣ی بەفرانباری ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری بانە لەدایک بووە و تا ئێستا چەندین بەرهەمی لە بواری وەرگێڕان، ڕۆمان و چیرۆک بە زمانی کوردی چاپ کردووە کە تاقمێک لە بەرهەمەکانی تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و درەکیان وەرگرتووە کە لە بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بە گرەوی بەختی هەڵاڵە، گوڵی شۆران، باڵندەکانی دەم با، ئەو باڵندە بریندارە کە منم، زریکە، تەنگانە ، ئەلبێر کامۆ و... بکەین.