تاريخ: ۱۴۰۳ پنج شنبه ۲۹ آذر ساعت ۱۱:۴۱ | بازدید: 400 نظرات: 0 کد مطلب: 23805 |
سولەیمان پیرۆتی
دوایین شەوی پایز بە هەرنێوێکەوە، وەک یەڵدا یا چللە، ناکرێ بڵێین خۆشی و شادی پێشینیانمان بووە.
ئەگەر سیلەچاوێک بە ژیانی ڕابردوومان بخشێنین، بەردی بناغە و بگرە بەرهەڵێخیشی لەسەر ئاژەڵداری دامەزراوە و ژیانی ئاژەڵداریش گوزەرانێکی هەتا بڵێی پڕی دڵەڕاوکە و حەستەمو دژوارە، ئاژەڵدار هەمیشە لەبیری ئاژەڵ و چۆنیەتی تێرکردن و بەخێوکردنی بووە و بە ساڵی تەڕەساڵ بووژاوەتەوە و کڵاوی بەتیلاگی سەرێوەناوە. هەر بەوپێیە دەتوانین بڵێین کە هاتنی وەرزی پڕ لەتووشی زستان بۆ ئاژەڵدار جێگای متمانە نەبووە، بەتایبەت زستانی زوو و زووتر کە سەخڵەتی و بەفر و کڕێوە تەزووی بە لەشدا دێنا، کورد گوتەنی تفت هەڵاویشتبا دەیبەست، هەر ئەو شکستوبەندە، چەقوچۆ و سەهۆڵبەندانە بۆتە هەوێنی دەیان پەند و قسە و مەتەڵۆک و پەلی هاویشتۆتە ناو پەند و چیرۆک و بەسەرهات و بەیتەکان و شێعری شاعیران وەک ئەوەی کە دەڵێن:
ـ ئێواران هەوری سوور، سبحەینان ڕێگای دوور
ـ زستان بەریهاویشت
ـ زستان شەوێکی مابێ کاری خۆی دەکات
ـ زستان تەواو دەبێ ڕووڕەشی بە ڕەژی دەمێنێ
ـ و...
مەڕدار هەمیشە لە بیری زستانی سەروەشێن، بەتایبەت دواوەشێن دابووە، ئاخۆ بەفر بەردەرکی پێناگرێ؟ کادێنی بە تاڵ نابێ؟ ساقۆڕ و تایینچەی لیپ دەبێ؟ خاڵبەڵەک دەکەوێتە بەرڕۆژان؟ هەور سەران بەردەدا؟ ئایا ئەودەمەی کە لە چلوپێنجەی زستان بە هۆی شکانی تەشقی عەرزوئاسمان و نەمانی بڕەوی سەرما، لەخۆشی ڕزگاری مەڕەکانیان لەبەرهاویشتن جێژنی (سەتەی مەڕی) دەگرن، ڕەوایە بڵێین پێشینیانمان بەوهەمووە ئەزموونەی کە لەوەرزی زستانیان هەبووە بۆ دەسپێک و هاتنی بیکەن بە خۆشی و شادی؟ بەڵێ، ئەوشەوە لەدەوری یەک کۆبوونەوە و کۆزیلکەیان بەستووە بەڵام نەک بۆ پێشوازی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت، بەڵکە بۆ ئاڵووگۆڕی بیروڕا، چبکەن چ نەکەن، بۆ دڵخۆشیدانەوەی یەکتر و تاراندنی خەفەت لەوەی کە نەکا زستان بڕستیان لێببڕێ و تای تەرازوو بەلای سەخڵەتی و سڕسڕدا سەرکا و لاسەنگ بێ و زستان ببێتە کەللا و کەیخودا، وەک لە زۆربەی بەیتەکاندا (مەم و زین) دەرکەوتووە کە (بەکر) بۆتە دمڕاستی (میرزێندین) و دڵی ڕەش دەکا یا لە (برایمۆک)دا (میران) لە دەسەڵات دەکەوێ.
ئەگەر بێینەوە سەردەمی خۆمان و شێعر و بیروڕای شاعیرەکان شەنووکەو کەین مامۆستا هێمنی نەمریش بۆنە و نەریتەکانی کوردەواری زۆرتر بردۆتەوە سەر ئاژەڵداری وەک نەورۆز، سەتەی مەڕی و... ئەو بەیتە شێعرەی مامۆستا هێمن، ڕێک هەوێن و هەست و بیرۆکەی ئاژەڵدارێ، ئاخۆ زستان لەو شەوەڕا کە دەست پێدەکا چ مەرەدێکیان بە سەردێنێ، کڕێوە، باپزوو باڕن، بەستەڵەک، کڵاوە، چڵکنەبەفر، چ چێشتێکی سەربەڕۆن و چ چارەنووسێکی لێڵ و بەتەم و نادیاریان بۆدێنێ:
موغی ئاگری شەوی یەڵدام
چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام
بەو هیوایە زستانمان وەرزێکی پڕبەدڵان خۆش، سەوچەلە بەتامتر، گەڕەلاوژە بەگەڕتر، یەکبوونمان پتەو و قایمتر، بووغز و غەرەز و دووبەرەکی و کەڵەوەکێشی نەمێنێ، بەمێوژەڕەشە و قاوت و دۆشاو وەرزی زستان بەوپەڕی ئیرۆیی تێپەڕکەین.
سەرچاوە:
دیوانی مامۆستا هێمن
فۆلکلۆر
ئینترنت