تاريخ: ۱۴۰۳ يکشنبه ۱۵ مهر ساعت ۲۰:۸ بازدید: 384      نظرات: 0      کد مطلب: 23566

بە بۆنەی مەولوودی قووم‌قەڵا

سەیید موحەممەدئەمین واژی


شەوی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۳ی هەتاوی ڕێژی جەماوەری سەر پێڕەو(پیادەرو) و ترۆمبیلی سەر شاقام؛ نێوانی چواڕڕای ئازاد تا چوارچرایان ئاخنی بوو. هەروەتر، پردی فێرکردن و پەروەردە، کە نزیکەی دو حەوتوو دەبێ لە لایان شارەداری لە ماشێن‌ڕەو ڕا، کراوەتە نەفەڕەو. وەختە بڵەم درزیت هەڵاویشتبا وەعەرزی نەدەکەووت. دوای نوێژی شێوانی زۆربەی ڕۆژان و، بە تایبەتی پێنج شەممان ئاوایە. لەم دوایی‌یانەدا پێی‌دەڵەن ئێوارەبازاڕ.

پێنج شەممە، ڕێکەوتی ۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۳ی هەتاوی بە مەبەستی بەشداری لە ڕێ و ڕەسمی مەولوودی خوێنی ئاوایی قووقم‌قەڵا، لە چوارڕایە بەرەو گۆڕەپانی “بیلالی‌حەبەشی” داگەڕامە خوارێ، لەم شوێنە، نزیک بیست خولەک چاوەڕێی مامۆستا مەلا “مەحموودخالیدی‌زادە” بووم کە لەبەر فیکە فیک و پاڵەپەستۆی ماشێنان؛ بە درەنگەوە هات.

دوای تێ‌پەڕین لە پرسگە(بازرسی) دەرەوی شار؛ کەوتینە سەر جاددە. شەبەقی کزی نەخۆشخانەی نیوەکاری سەر تەپۆڵکە؛ کزوو مات لەگەڵ چرای ماشێنان تێک ‌دەگیرا. نەخۆشخانە چاوەڕێی ماریجەی و کردنەوە(افتتاح)یەتی. دەی نوێنەری تازە! بیکاتە دڵەڕاوکەی هەنووکە و بەم زووانە کاری بۆ بکا!

گەیشتینە “ئسووکەند” لەبەر لەمپەر(سرعت‌گیر)ەکانی، بە هەڵتەک و قۆرتی زۆرەوە گەینە تەنیشت “بەردەکوونتە” لە ئاسەوارە مێژویەکانی پێش زایین.

لێخوور، خێرایی دا بە پێخوڕەکەی. هەستم داوە کاکە لەزەلەز(عجله)ت لەچیە؟!. لە ئاشی زۆرت پێچووە لە ڕێیە پەلەی دەکەی! خوا هەڵناگرێ نووکی لەسەر دڕێژوکەی گاز هەڵگرت. گەیشتینە دوڕێیانی دریاز. لەوێش وەک ئسووکەند سواڵەکەر لە لەمپەرکان ڕاوەستابوون، کە بەداخەوە زۆریان ئافرەتن. بەلای ڕاست “دریازە”ی پایتەختی کۆنی موکریان و بەلای چەپ بەرە ئاوایی “قووم‌قەڵا” کەوتینە ڕێ.

ئاوایی قووم‌قەڵا

قووم‌قەڵا، لە ۱۳ کیلۆمیتری باکووری شاری مەهاباد و ناوچەی شاروێڕان هەڵکەوتووە. باشووری دەبێتە ئاوایی “ئسووکەند” و باکووری ئاواییەکانی “دارەلەک و قەرەخان”. ڕۆژهەڵاتی ئاوایی “ئیندرقاش” و ڕۆژاوی، ئاوایی “دریازە”. ئەم گووندە حەوسەد ماڵ دەبێ و لە دەشتایی دایە.

چەند بۆ چوون هەیە لە سەر نێوی “قووم‌قەڵا” کاک یوونس عیسا زادە مامۆستای قوتابخانەو لە دایک‌بووی ئەم ئاواییە؛ دەڵێ: “دەنگۆیە، “قووم” وشەیەکی تورکیە، بە مانا خیزە، “قەڵا”ش واتە کۆگا، خۆم لەبیرمە کاتێ بەهاران چۆمی مەهاباد دەهات؛ خیز و لمێکی زۆری لەگەڵ خۆی دێنا. زۆر کەس دەهاتن خیزەکەیان دێنا شوێنێک وەک قەڵایەک هەڵیان دەدایەوە. لە درێژەدا کاک یوونس؛ گوتی: لە ئاسەوارە مێژوویەکان دەکرێ ئاماژە بە گۆڕستان و تەپکی “سەیید سمایل” بکرێ”.

لە کتێبی ئاواییەکانی مەهاباد؛ دەڵێ: لە زمانی کوردی‌دا "قووم" بە مانای ڕەڵم هاتووە و "قەڵا"ش بە ماڵی ئاغاکان کوتراوە کە زۆر جار لە شوێنێکی بەرزتر لە ماڵەکانی ئاوایی هەڵکەوتووە. [ل، ۱۵۱، لە نووسینی هەرمان وەتمانی و زانکۆ خەلیفە].

ئەم ڕووداوە ناخۆشەی شەڕی یەکەمی جیهانی ساڵی1916ز، هاتەوە بیرم، کە نزیک “دەهەزار” کەس بەدەستی ڕۆسەکان لە مەهاباد و ئیندقاش و قووم‌قەڵ و ئاوایی‌تر گوشت‌را. ئەم گوشتنەش زۆرتر بە شمشێر “شۆشکا” بووە. لە کتێبی “فاجعەای تاریخی در مهاباد” [نووسەر عەزیزوەلیانی، وەرگێڕ، مەسعوود ڕەشیدی] نۆ(۹)کەڕەت ئاماژەی بە ناوی قوو‌قەڵا کراووە.

دەڵێن: “ڕووسەکان، لە قووم‌قەڵا خەڵکیان دەخیز ناو نوو سەریان بە شمشێری “شۆشکا” بڕیوون”.

چوارشەممە شەو ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۳ی هەتاوی، لە، مێژوو نووسی مەهابادی، کاک “سەیید موحەممەدی سەمەدی”م پرسی: ڕوشەکان بە چی خەڵکی مەهابادیان کوشتوە و شۆشکا چ بووە؟ وڵام: “حاجی مامۆستا گیان، له دوای سڵاو و ڕێز، به: تفەنگ، به تۆپ!، و به شی زۆری به شوشکا یا شوشکه(نەوعە شەمشێریک زۆر تیژە و کەمێک تیغەکەی درێژ) زیاتر خەڵکیان بە وەی کووشت؛ چوون وەک تفەنگ، باڕووتی نەدەویست و بۆ ڕووسەکان هەرزانتر تەواو دەبوو. تەنیا تاقەتی بەدەنی و قودڕەتی باسکی دەویست کە زۆربەی سالاتەکان(سالدات، سەربازی ڕووسی) ئەو هێزەیان هەبوو. ئەو زەمانی ئاماری تەوای میللەتی ئێرانی بە زەحمەت گەیشتۆتە دوازدە ملیۆن نەفەر، ئەڕتەشی تیزاری ڕووسان دەمەجمووع‌دا چاردە ملیۆن نیزامی شەڕکەری هەبووە”.

لەم کەش و هەوا ناخۆشە هاتمە دەروو من و مامۆستا مەحموود، ڕاستەوڕاست چوینە مزگەوتی تازە بینا کراو بە نێوی”موحەممەدڕەسولوڵڵا(د.خ)” حاجی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەللاحی و مامۆستا مەلا عومەر مەستوور زادە کە هەر دووک پێشنوێژ و وتار خوێنی قووم‌قەڵان، لە مزگەووت چاوەڕێی ئێمە بوون.

ئەم ئاواییە ئێستا دوو مزگەوتی هەیە، یەکیان مزگەوتی جامیعە و کۆنە، کە نزیکی ۳۷ساڵ دەبێ مامۆستا مەلا ئەبوبەکر لەسەرەیەتی. جێی خۆیەتی سەبارەت بە مامۆستا مەلا ئەبوبەکر ئەمە بڵەم؛ مامۆستا مەلا ئەبوبەکر موحەممەد کەریمی و مامۆستا مەلا ئەبوبەکر ڕەسول زادە و مامۆستا مەلا ئەبوبەکر فەللاحی هەر سێ مامۆستا ئەبوبەکرەکان لە کۆتایی ساڵی ۱۳۵۱ی هەتاوی لە ئاوایی “بێژوێ”یی سەردەشت لە خزمەت زانای ناودار مامۆستا مەلا “ساڵح نەجیبی” مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرن.

فەقرەقا

کاتی خۆی مامۆستا فەقێی هەبووە. هەر کات چاووم بە قووم‌قەڵا و مامۆستا دەکەوێ، سەرڕاست ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی دەێتەوە بیر واتە ۳۳ساڵ پێش، ئێستاش دەنگی ئەلێ بابەی فەقێیانی قووم‌قەڵا لە گوێم پێی دەزرینگێتەوە. ئەوکات داب وابوو، سێ‌شەممان و جومعان، کە ڕۆژی پشوودان و نووسینەوەی ئەم پەڕتووکانە بوو کە گیر ناکەوێ؛ گەلێ جاران فەقێکان بە مەبەستی سەیران، سەردان، ئاگاداری، ڕاگۆڕینەوە و شەڕە‌پرسیار، لەم ڕۆژانە‌دا سەریان لێک‌ هەڵدێنا. هەبوو فەقێی دوو شوێن؛ دەچوونە شوێنێ‌. ئەوێ ساڵێ چەند کەڕەت چوینە ئەم ئاواییە. لەبیرمە جاڕێک فەقێکانی مزگەوتی سوور و مزگەوتی حاجی ساڵح شاتری ژومارە دوو هاتینە ئەم ئاواییە، وابزانم سێ‌شەممە بوو دوای هەندێ پرسیاری زانستی پاش نیوەڕۆ بەرەو کۆشکی “فەقرەقا” ڕێکەوتین. ئەی خوایە!  ئەمە چ بینایەکە! ئەگەر یەکەم کەس نەبم پێموایە دووهەم کەس بووم بە سیم‌بۆکسێل، کە لە کۆڵەکەی ئەم کۆشکە بۆ وەسەر کەوتن هاڵێندرابۆ، ئەوسەریشی شۆڕ کرابوووە خوارێ ـ قەت وا بەغیرەت نەبووم ڕیسک بکەم ـ بە دەست گرتن بە گرێکانی کندڕەکە چوومە ناو ژووری قەڵاکە. کەم کەس هەیە بتوانێ بەبێ کندڕ و نەردیوان، بچیتە ناو ئەم ژوورە. دەیان گووت: خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا نەجمەدین شەریعەت پەنا وەک پیاوی جاڵجاڵۆکە(مردعنکبوت)یی بەلای تەنیشتی ئەم تەختە بەردە چۆتە ژورێ. خوێنەری هێژا! تا نەیبینی و تاقی نەکەیەوە نازانی چۆنە.

گڵکۆی فەقرەقا، لە نێوان ئیندقاش، گوێگتەپە و قووم‌قەڵا هەڵکەوتووە. لە قووم‌قەڵا، لە هەمان نزیک‌ترە، بەڵام لەبەرەوەی لەم بەری چۆمە، زۆرتر بە ئیندقاش دەناسرێ. ئەم کۆشکە پێک­ھاتووە لە بەر ھەیوانێک لە پێشەوە و وەتاغێ لە پشتەوە. کە قەبرەکان لەوێدان. دیوی دەرەوە و ژورەوەی کۆڵەکەی ھەیە و ھیچی بە بەرەوە ھەڵنەچندراوە. دەنگۆیە؛ ئەمە گڵکۆی پادشایان “ماد”ی کوردە.

 

شاعیری گەل مامۆستا “ڕێبوار”

هەر ئەم ئاسەوارە مێژوویەی نەهێنامەوە بیر؛ بەڵکە شاعیری چازان، خواناس و گەل‌ویستیشی هێنامەوە، بیر. ئەویش مامۆستا مەلا “عەبدولکەریم ڕەسوولی”ـە. کەمتر ئاوڕ بە ژیان و هۆنراوەکانی دراوەتەوە. بۆ زانیاری زیاتر خوا لەکێ پرسم و لە کێ نەپرسم؟ هاتەوە بیرەم دۆستی خۆشەویستم کاک ئارام. دوای گەڕانەوەم لەسەفەر؛ سێ‌شەممە ڕێکەوتی ۳ی ڕەزبەری ۱۴۰۳ی هەتاوی پێوەندیم بە کاک موحەممەد ڕەسوڵی(ئارام)ی کوڕی مەرحوومی مامۆستا گرت و لە بارەی بابی خوالێخۆشبووی‌دا پرسیارم لێ‌کرد؛ ئەویش ئاوای بۆ باس کردم: "مەلا عەبدولکەریم ڕەسووڵی (ڕێبوار) ساڵی ١٣٠٣ ی کۆچیی هەتاوی لە ئاواییی گراویی مەهاباد لەنێو بنەماڵەیەکی ئایینی لە دایک بووە. هەر لە منداڵی‌دا قوڕئانی پیرۆز و چەند کتێبی سەرەتاییی لەلای باب و مامی خۆی خوێندووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە خانەقای شێخی بورهان و چەند شوێنی‌تریش لە مەڵبەندی موکریان. دوای کەڵک‌وەرگرتنی زۆر لە خزمەت مامۆستایانێکی پایەبەرزی سەردەم، لە ئەنجام‌دا لە مزگەوتی بازاڕی شاری مەهاباد و لە خزمەت ئوستادی گەورە مەلا حوسێنی مەجدی ئیجازەی وەرگرتووە. لە گوندەکانی قەرەداغی شاروێران و گردەقیتی سندووس مەلا بووە. لە دەوری محەمەدڕەزاشای پەهلەوی، بەهۆی پێوەندی دەگەڵ گرووپە دژە دیکتاتۆرییەکانی کوردستان و بەربەرەکانی دەگەڵ جەور و ستەم، دەگەڵ سەدوشێست کەسی‌تر لە هاوبیرەکانی، بە دیل گیراوە و ماوەیەک لە زیندانی قزڵقەلعەی تاران بەندکراوە. ساڵی ١٣٥٦ ماڵی هاتووەتە قومقەڵای شاروێران و هەتا دوا ڕۆژی ژیانی لەو گوندە ماوەتەوە. لە ماوەی حەوت ساڵ ژیان لەو ئاواییەدا، خۆشەویستییەکی زۆر لەنێوان مامۆستا و خەڵک‌دا سازدەبێ بە ڕادەیەک کە مەلا کەریم لە کاتی نەخۆشیی کۆتاییی ژیانی‌، لە شیعرێکی فارسی‌دا (کە بۆ دوکتۆرەکەی لە نەخۆشخانەی تەورێز نووسیویەتی) وەسیەت دەکا هەر لەو ئاواییە ئەسپەردەی خاکی بکەن. مەلا کەریم ڕێکەوتی ١٣٦٣/١١/١٩ی هەتاوی لە تەمەنی شەست ساڵی‌دا، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە دنیا دەکا و لەسەر ڕاسپێرییەکەشی، لە گۆڕستانی "سەید سمایل"ـی قومقەڵا بە خاکی دەسپێرن.

ڕێبوار دڵێکی لەجۆش، هەستێکی نازک و ئەندێشەیەکی چالاکی هەبووە. هەر ئەو دڵەشی کردوویە بە شاعیر و نووسەر. دیوانی ڕێبوار، ئێستا، چل ساڵ دوای کۆچی دواییی، لە بەرەبەری چاپ‌دایە و هومێد وایە بە زوویی بێتە نێو کتێبخانەی کوردی. بە دەر لەم دیوانە، چەندین بەرهەمی دیکەشی بە پەخشان و هۆنراوە هەیە کە بڕیار وایە سەربەخۆ بڵاو بکرێنەوە.

 

یەک لەوان، مەولوودنامەی پێغەمبەری خوا(د.خ)یە کە شێوازێکی جیاوازی دەگەڵ مەولوودنامەکانی سەردەمی خۆی هەیە.

بەرهەمێکی تری مامۆستا، وەرگێڕانی هەڵبەستە ئاگراوییەکانی ئەبوولقاسمی شابیی توونسییە. دوورودرێژترین هۆنراوەی مامۆستا، مەسنەویی "ئاقیدەی پاک"ـە کە شیاوی ئەوەیە سەربەخۆ لە چاپ بدرێ ... . خوای گەورە پاداشتی کارەکانی بداوتەوە و ڕووحی کۆچکردووی بە بەهەشتی خۆی و هاونشینیی پیاوچاکان شاد بفەرموێ!"

 

بەرەو خاوەن ماڵ و خوێندنەوەی مەولوودی

دوای دەستنوێژە نوێ کردنەوە ئەم مامۆستایانەش گەیشتنێ واتە: مەلا شەفیع شافعی و مامۆستا مەلا موحەممەد ئەمین سنایی بەرەو ماڵی کاک “ڕەحمان‌دەشتی” خاوەن مەولوودی، وەڕێ کەوتین. هەندەک لاو، لە کۆلان ماشێنی میوانەکانیان بۆ شوێنی دیاری کراوو ڕێنوێنی دەکرد. هاتینە خواری و فەرموو ماڵە خۆتانە، گەیشتینە حەسارێ. ئافرەتان لە لایەک بەریز ڕاوەستا بوون و بە ڕێزەوە میوانەکانیان بەخێراتن دەکرد. ئەمە دابێکی جووانی کۆنی کوردەواریە، فەرموویان بۆ ژورێ کردین. خوار و سەرێ بەجوانی وێنا کرابوو، داچنین(چیدمان)ی کۆڕەکە تەواو ڕەنگ و بۆنی ڕەسەنایەتی پێوە دیار بوو. ڕێش سپی و پیاوانی بە ساڵاچوو، بە کەواپاتۆڵی مرادخانی و پێچوو کڵاوی ڕیشوودار لەسەر، لە سەرێ دانیشتبوون. لاوانی بۆشناغ، شۆخ و شەنگ بە ڕانک و چۆغە لەبەر، لە خوارتر و منداڵ بە دیوار و بن دیوار پاڵ بەدیوار و ڕۆنیشتبوون.

هەم مەلا مەحموود بڵیندگۆی تایبەتی پێ بوو هەم خاوەن ماڵ یەکی پەیدا کردبوو. دوای چاک و خۆشی و چا خواردنەوە، چاوەڕێی بانگی عیشا بویین، پێش نوێژ دابەستن، مەلا مەحموود وەک پێش‌کێش‌کار چەند موناجاتێکی مامۆستا مەلاعەبدوڵڵا ئەحمەدیانی خوێندەوە و داوای لە مەلا شەفیع کرد چامە(قصیده)ی بوسیری بخوێنتەوە. دوای ئەمانە بە پێشنوێژی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر نوێژن دابەست و نان دانرا،ک.

پیری و هەزار عەیب! دیتم پیاوێکی بەساڵاچوو سوپەکەی تێ دەکووشی. گوتی: من لەسەر برینج و خۆریشت ڕاناوەستم و ددانیشم نایکا و داخی دەخوارد خۆزیە! شۆرباوێکی خەست و خۆڵی خۆماڵی با.

سەرەتا حاجی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر فەللاحی، وتارێکی کورتی پێشەکێش کرد. دوایی لە لایان بەڕێوەبەر داوا لە مامۆستای ئاوایی، مەلا عومەر مەستوور زادە کە مەولوودێکە بخوێنێتە، مەولوودێکە، تێکەڵاوێک لە چەند مەولوودنامەی نووسراوە بوو. خوێندرایەوە، چوون لە ڕوی کتێب بوو خەڵکەکە زۆر بە باشی گوێیان دەدایە.

نێوئاخنی مەولوودنامەکە شێعر و چامە بە دەنگی بلاوێنی مەلا شەفیع شافعی کە خۆشی دەنگێ‌کەی، قسەی سەرزار(زبانزد)ی گشت کەسە و هەر وەها دەف‌ژەنی کاک موحەممەد بەنگین پوور، ڕەنگ و بۆنەکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی بوو. کاک موحەممەد، هەشت ساڵە ژەنیاری دەفە. لە “گڕوپ‌نەواز”ی، پلەی دووی وڵات و لە “تەک‌نەواز”ی پلەی یەکی پارێزگای وە دەست هێناوە. بیژەنی کامکار، “دەف”ی بردە ناو موسیقی ئێرانی و بە بابی دەف دەناسرێ، لە ڕاستی‌دا دەف ئی کۆڕە ئاینێکان بووە.

منداڵ و لاوەکان، گوشیەکانیان هێنابۆ دەرێ و ڕاست و چەپ، وێنە، دەنگ و ڕەنگیان تۆمار دەکرد. بەڕاستی کۆمەڵگا تینووە. شەو، بۆم دەر کەووت کاتێ باسی خۆشەویست دەکرا هەندێ لە گوێدێران فرمێسک بە چاوەکانیان دا دەهاتە خوارێ.

ئەم ڕێ و ڕەسمە لە ماڵە کاک ڕەحمان دەشتی بوو. ئەم کاک ڕەحمان، دەبێتە زاوای کاک حەیدەری مێردی خوشکم، بە واتایەکی‌دی دەبێتە ماڵە زڕکچی "دادە حەلیم"م. نازانم ئێوە چۆن چاوو لە خوشک دەکەن! باوەڕ فەرموون کاتێ چووم؛ لە نێو ئەم خەڵکە بۆم هات و دەباوەشێی گرتم وەک پەپوولەی بە دەورەم دا دەسوڕا. لە دوایشدا کە مەلوودنامەکە دەخوێندراوە لە گۆشەی وتاغەکە، تا خڵاس بوو هەر چاووی لەمن بڕی بوو. خوا خوشک و براکان لێک نەستێنێ.

ڕەخنە و پێشنیار

پێموایە وردە وردە خەڵک وەڕەز بوونە لەم جۆرە مەولوودنامە خوێنانەی ئەمڕۆکە؛ واتە: وتار بێژی و سروود خوێندنەوە، چوون لە زۆریان هەژموونی وێژەر و پێشکێش‌کار، تێی‌دا زاڵە. هەندەک بە ناوی بەرگری لە مەلوودی؛ دەیکەن هێرش کردنە سەر ڕەوتە ئیسلامێکان و ئەوانی پێ دەگوتن. بە واتایەکی‌تر بۆتە لێک‌دەرکردن(تسویه حساب)ی حیزبایەتی.

بە جێی ئەوەی ژیانی خۆشەویست(د.خ) و فەلسەفەی کۆچ و ئەمانە باس بکرێ؛ بۆتە تاوانبار کردنی لایانی بەرامبەر یا بزاڤەکانی‌تر. تازە زۆرێ لە وتار بێژان ناتوانن لە هەمبەر وتارەکانیان بێنە دەرێ.

پێشنیار دەکەم هەر ئەم مەولوودنامەی خوالێخۆشبووان، مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە، مامۆستای خاڵ و مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرریس، کە هەموو ڕەوتەکان لەسەری کۆکن بخوێندرێتەوە.

جیا لەمەش، داڕشتنی ئەم مەلوودنامانە بە نەسرێکی ڕەوان، ئەدیبانە، زانستیانە، سەردەمیانە و بە دوور لە خوڕافات و  داڕێژڕاوون.

 

کورد، وەک یەکەم نەتەوە بۆ پێکهێنانی ئەم ڕێ و ڕەسمە دەناسرێ. کە لێرەدا ناگونجێ باس لە مێژوو و هۆی سەرهەڵدانی، بە کوورتی؛  یه‌که‌م‌جار لەسەردەمی دەسەڵات داری «سوڵتان موزەففەر»ی حاکمی هەولێر لە ساڵی  604 ی کۆچی واتا 1207ی زایینی بەڕێوە چووە. سوڵتان موزەففەر پەنجاساڵ دادپەروەرانه دەسەڵات داری کرد.

ناسر ڕەززاری ـ لەگەڵ ئەوە سیلە(زاویە)ی لەگەڵ ئیسلام هەیە ـ من خۆم گوێم لێ بوو؛ گوتی: لە وڵاتی تورکیە کە زمانی کوردی یاساغە؛ مەلوودنامە و بۆنە ئایینێکان زمانی کوردیان لە فەوتان ڕزگار کرد.

کاتێ کورتەیەکم لەم سەفەرنامەکە نار‌دە خزمەت کاک عەبدولعەزیز ئەفخەم زادە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۳۱ی خەرمانانی ۱۴۰۳ی جیا لە پێوەندی ئاگادارێکی نوێی سەبارەت بە مەلوودنامەی حاجی مامۆستا مەلا هادی دامێ و پێم حەیف بوو لە سەفەرنامەکەم نەیگونجێنم؛ فەرموویان: “سڵاو و سپاس مامۆستا گیان! خوا جەزای خێرتان بداتەوە. بابم ـ خوا لەویش و لە کۆچکردووەکانی بەرز و بەڕێزی ئێوەش خۆش بێت ـ لە پاشکۆی مەلوودنامە چڕوپڕکەی‌دا، دواتر مەولوود‌نامەیەکی کورتیشی هەیە بە نێوی "باسی زوهووری گەورەترین پێشەوا و ڕەهبەر و نەجات‌دەری عالەمی بەشەرییەت " که دیاره ئاڵوگۆڕی سەواد و فامی خەڵکی زەمانەی لەبەر چاو گرتووە بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییە بەرەوپیریان چووە و کورت‌تر و فه‌لسه‌فی‌تر له بابەتەکە دواواە. ئەو مەولوودنامەیە شیعری تێدا نییە و زۆرتر لە سەر فەلسەفەی بوونی پێغەمبەرایەتی و هاتنی پێغەمبەر دەدوێ. دەدوازدە لاپەڕەیە بۆ مەجلیسی ئەوڕۆ کە ڕەنگە بەردەنگی باسەواد و کەم‌تاقەتی زۆرتر بێ، شیاوترە. ئەوڕۆ لەگەڵ گرینگی باس لە بۆنەی لە دایک بوونی ڕەسووڵی ئەکرەم (د) دەبێ بڕێکیش پلەی زانستی کۆمەڵگا و تاقەت و بارستایی جیکەڵدانەی بەردەنگەکانیش لە بەر چاو بگیرێ. بە سپاسەوە، خوا سەرکەوتن و پاداشتی گەورەتان بە نەسیب کات”.

لە دواییش‌دا "دوکتۆڕ عەبدوڕەحیم" ڕەش‌نووسی ئەم مەلوودیەی بۆ ناردم.

دوای بە دوا داچوونی مەولوودنامەکەی مەڕحوومی مامۆستا لە "کاک عەبدولعەزیز"م پرسی چەند لاپەڕەیە و چ کراوە بۆ چاپ کردنی؟ فەرموویان:

"سلام علیکم، لەو فایلەی کە "دوکتۆر عبدالرحیم"ی برام ناردوویە خزمتتان مەلوودنامە دووهەمەکە لە لاپەڕەی ۷۳ وە دەست پێدەکا بە سەردێڕی "فەڵسەفەی هاتنی پێغەمبەر" خوا یار بێ ئەگەر چاپ کرا نوسخەیەک دەنێرمە خزمتتان.

بە سپاس و ڕێزی تایبەتەوە".

لێرەوە سپاسی تایبەتیم هەیە بۆ بنەماڵەی مامۆستا مەلا هادی.

تا دەکرێ یادی لە دایک بوونی خۆشەویست زیاتر بەرز ڕاگیرێ، نەیاران بۆ گەشەدانی بە بیروو هزری خۆیان لە هەموو وزە و توانایی خۆیان کەڵک وەرگرن. هەیە دەڵێ بیدعەیە، خۆشی هیچ ئاڵترناتیڤ‌کی نییە.

هیوادارم بتوانین بۆ گەیاندن و تێگەیاندن لە کەسایەتی خۆشەویست(د.خ) لەم دەرفەتانەی لە دەست مان دایە کەڵک وەرگرین.

دوای دوعا و پاڕانەوە شیرنی و دیاری بەسەر میوانان دە پەخش کراووە و بەدووعای خێر بۆ خاوەن ماڵ شەو درەنگانێک بەرەو ماڵ گەڕاینەوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد