تاريخ: ۱۴۰۳ سه شنبه ۱۰ مهر ساعت ۱۰:۷ بازدید: 374      نظرات: 0      کد مطلب: 23553

سازدانی «فیستیڤاڵێکی ڕاستەقینە» لە «ناوەندی فەرهەنگی جامی»

پەیمان عەلیپوور


١. «فیستیڤاڵی ڕاستەقینە» ئەو فیستیڤاڵەیە کە خۆی لە کۆتوبەندی «لۆژیکی پێشبڕکێیی» ڕزگار بکات. دواجار لەپێناو سازدانی «جەژنێکی هونەری» هەستێت بە بانگهێشتکردنی سەرجەم ئەو سینەماکارانەی کە لە چەندین دەیەی ڕابردوو لەم شارەدا فیلمیان بەرهەم هێناوە؛ هەتا لەمیانەی یەکتر ناسینەوە، بتوانن ئەزموونەکان و بیرۆکەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەن. بەدڵنیایەوە فیستیڤاڵێکی ئاوها نەک «هیوابەخش» بەڵکوو «بنیادنەر»ـیش دەبێت. [ ئەمە کۆتا بڕگەی نووسینێکی منە بەناونشانی: یەکسانبوونی پێنوێنییەکانی بیناسازی و کرێنشینی: ماکیاژ سڕینەوە لە «فیستیڤاڵی فیلمی ئاسمان»]
٢. هەموو ئەو گیانلەبەرانەی بەنێو ئاسمانی شیندا «هەڵدەفڕن» بێگومان «مەل»ن، بەڵام تەنیا ئەو «مەل»ـەی، هەلی هەڵفرینی ئارەزوومەندانە بۆ «مەلە ساواکان» دەڕەخسێنێت و دواجار فێری «لە شەقەی باڵدان»ـیان دەکات، دەبێتە خاوەنی ئاوەڵناوی «باڵندە»: گیانلەبەرێک کە تایبەتمەندییەکەی تەنیا جۆری جووڵەکەی نیە بەڵکوو پێگەیاندنی هاوڕەگەزەکانی دەبێتە شوناسی ئەو. «هێمن»یش تا ئەو ساتەوەختەی کە هەست و سۆزی لە ئاسمانی زمانی کوردیدا لە هەڵفڕین دابوو «شاعیر» بوو و بەس، بەڵام لەوساوە کە ئاسمانی ساماڵی «سروە»ی بەڕووی هەڵفرینی «نووسەرانی لاو» کردەوە، لە شاعیرەوە  بووبە «هونەرمەند».  
٣. ئەو «گەردوونناس»ـەی تەنیا باسی ڕەشاییەکان و تاریکاییەکانی ئاسمانی شەومان بۆ دەکات، بەدڵنیایەوە بەشێک لە ڕاستییەکانمان لێدەشارێتەوە: هەقیقەتی ئەو ترووسکاییە بچووکانەی کە لە هەناوی شەوەزەنگدا دەجریوێنن. «ئەستێرەناس» ئەو گەردوونناسەیە، کە جگە لە تاریکایی، تێبینی ورشەورشەکانی ئاسمانی شەویش دەکات: ئەستێرەکان. «ڕخنەگر» ئەو «تێبینیکار»ـەیە، کە تەنیا بە  دەستنیشانکردنی بەربەستەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ بەلاڕێڕۆیشتنەکان خۆی سنووردار ناکات بەڵکوو کڵاوڕۆژنەکانمان پیشاندەدات و بەرەوپیری دەستپێشخەرییە ڕەچەشکێنەرییەکانیش دەچێت.  
٤. ڕۆژی «پێنجشەممە ٥ ی ڕەزبەری ١٤٠٣» لە ڕۆژمێری چالاکی فەرهەنگی شاری مەهاباددا هەمیشە درەوشاوە دەمێنێتەوە. ئەو ئێوارەیەی کە بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی ئاڕاستەکانی دوو ڕەوتی زاڵی فۆلکلۆریستەکان و فیستیڤاڵیستەکانەوە، «ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی» توانی «فیستیڤاڵێکی خشپیلانەی ڕاستەقینە» سازبکات. ئێوارە کۆڕی «تایبەت بە نووسەرانی لاو»ی ناوەندی جامی، بێڕاڕایی فیستیڤاڵێکی ڕێگەخۆشکەری هیوابەخش بوو لەپێناو پێگەیاندن و بەیەکترناساندی «نەوەی نوێی نووسەران»ـی شارەکەمان  بەدوور لە نەریتی دژە هونەریانەی پێشبڕکێکردن و پلەبەندکردنەوە. هەر بۆیەش من بەشبەحاڵی خۆم، دەستخۆشی لە «کاک خالەق جەلیلنژاد» دەکەم کە وەک ئەندامی ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی ئەم دەستپێشخەرییە فەرهەنگییەی دڵخۆشکەرەی جێبەجێکرد و  سوپاسی «کاک ئەحمەد بەحری»ـیش دەکەم کە وەک بەڕێوبەری ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی، لەڕێگەی سازدای ئەم ئێوارە کۆڕەوە، مزگێنی سەرەتایەکی «بنیادنەر»ی فەرهەنگی پێداین.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد