تاريخ: ۱۴۰۳ دوشنبه ۱۲ شهريور ساعت ۱۹:۴۵ | بازدید: 496 نظرات: 0 کد مطلب: 23500 |
پێشەوا کاردانی، خوێندکاری کارناسی باڵای فەلسەفەی زانکۆی تاران
کورتەیەک لەسەر ناوەندی فەرهەنگی جامی:
ماوەیەک بەسەر دامەزرانی ناوەندی فەرهەنگی و هونەری جامی تێپەڕیوە و ئەو ناوەندە لەسەر پرسی جۆراوجۆی کۆمەڵایەتی، زانستی، فەرهەنگی و ئەدەبی دانیشتنی سازکردوە. بە چاوخشاندنێک بەو کار و چالاکییەکانی ناوەندی جامی دەکرێت بڵەین هێڵێکی نوێ لە کاری فەرهەنگی لە مەهاباد و ناوچە دەستی پێکردوە و ئەم کارە دەکرێت وەک دەربازکردنی ئەو شێوازە کلاسیک و باوانە ببینین کە لە ناوچەدا ئەکتیڤن.
بەڕێوەچونی سەرکەوتوانەی چەند وانەوتاری زانستی کە بەراستی پێشتر لە ناوچەدا زۆر بەکەمی ئاوڕی لێدراوەتەوە و ئاوڕدانەوەی گشتی لە زۆر بواردا و دابەشنەکردن و قەتیس نەکردنەوەی چالاکی لە هەندێک بواری تایبەتدا زەرورەتێکە کە پێم وایە ناوەندی جامی بە باشی هەستی پێکردوە. ناوەندی جامی سەری دەیان پرس و گرێ کوێرەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و...ی کردۆتەوە و دەکرێت بڵێم وەک دامەزراوە لە دەگمەن ناوەندێکە کە قۆڵی هەڵماڵیوە و پرس و باسگەل بە شێوازێکی زانستی دێنێتەگۆڕ و مەسئەلەکان دەکاتەوە و بێ گومان ئەوە ڕێگایەکی یەکجار دژوار و سەختەو بار و بەرپرسیارێتێکی مێژویی یەکجار زۆر دەهاوێتە سەر هەڵسوڕاوانی ئەو ناوەندە زانستی و فەرهەنگیە. ناوەندی جامی ئەو شێوازە باوە و قەتیسەی کە خۆی لە خوێندنەوەی شێعر و ڕەخنەگرتندا کورت کردبۆوە تێپەڕاند و جیهانی کۆمەڵایەتی وەک گشتایەتیەک سەیر کرد و هەوڵ دەدا پێوەندی نێوان ئەندامەکانی ئەو ئۆرگانیزمەی ساز بکاتەوە و ئەوە هەنگاوێکی پڕگرینگە!
یەکیەک لە خەسارەکانی کە کۆمەڵگای فەرهەنگی و ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توشی هاتوە شێوازی کارکردن و چالاکی ئەو ناوەندانەیە کە دەکرێت بڵێم بە بن بەست گەیشتوە و توشی فەزایەکی مالیخولیایی بوە و "لە مالیخولیادا گەشە دەرناکەوێت".
ماوەیەک پێش ئەندامێکی بنکەی ئەدەبی موکریان نوسراوەیەکی بڵاو کردەوە کە لەوێدا گلەییان کردبو بۆچی زۆر بە کەمی خەڵک بەشداری کاری فەرهەنگی و ئەدەبی دەبێت؟ ئەو پرسیارە لە جێی خۆیدا دەکرێت وەک بابەتێکی لێکۆڵینەوەی سۆسیولۆژیک وڵامی بدرێتەوە بەڵام ئەگەر وەک خۆ ڕەخنەکردن بێتەگۆڕی دەستکەوتی باشتری دەبێت تا ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگا!
پێکهێنانی کۆڕ و کۆبونەوەی "خوێندنەوەی شێعر و رەخنەگرتن" و بە ئەساس گرتن و درێژەپێدان بەو فۆرمەچالاکیە ڕەنگە هەمان دەستکەوتی لێبکەوێتەوە و ئادرەس بە هەمان مەقسەد دەگات. گەنجان و هۆگرانی ئەدەب پێویستیان بە پەروەردەی جدی هەیە و کە بەداخەوە ناوەندە ئەدەبییەکان لە بەشی پەروەردە و بارهێناندا لەو پەڕی لاوازیدان! دەشێت ئەو ناوەندانە گەنجان بە فەلسەفەی ئەدەبیات، مێژوی ئەدەبیات، کۆمەڵناسی ئەدەبیات و... ئاشنا بکەن بڵام هەر وەک باسم کرد لە مالیخولیادا چالاکوانی ئەدەبی دەرناکەون! ناوەندی جامی بە هەستکردن و خوێندنەوەی ڕاستی ئەو بارودۆخە دەست بەکار دەبێت و خەریکە زەمینەی کاری زانستی بۆ خوێندنەوەی دیاردەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەخوڵقێنێت.
هیوادارم کە بە ئەساس وەرگرتنی پەروەردە و بارهێنانێکی بەهێز، درێژەپێدان بەکاری زانستی و بەڕێوەبردنی وانەوتار و... بەستێنی گەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگا ئامادە بکات و بەردەوام بە خۆڕەخنەکردن، شەم هەڵکردن بەجێی لۆمەکردنی تاریکی و خوێندنەوەی ڕاست بۆ وەزعیەتی هەنوکە بەردەوام و سەرکەوتوبن.
دانیشتنێک لەسەر مەهاباد، سینەما و جەژنوارەی ئاسمان:
دانیشتنەکە بۆ دوبەشی 1- باسێک لەسەر خەسارناسی سینەمای ڕۆژهەڵات و بەتایبەت مەهاباد 2-جەژنوارەی ئاسمان دابەش کرا و من پتر هەوڵ دەدەم لەسەر بەشی یەکەم چەند تێبینی بخەمەڕو:
ئەگەر هەڵە نەبم ماوەیەک پێش کۆڕێک بەناوی هۆزانی هونەر بەڕێوەچو و لەوێدا هونەرمەندانی سینەما و شانۆ باسێکی زۆریان لە بابەت خەسارەکانی سینەمای کوردی هێناگۆڕی و من پێم وایە لە بەشی یەکەمی دانیشتنی ناوەندی جامی ئەم باسانە بێ گۆڕانێکی ئەوتۆ تەنیا دوپات بونەوە. کۆڕەکە لە چەند بابەتی وەک نەبونی ئیمکانی مادی و نزم بونی ئاستی بەشداری خەڵک بۆ کار لە بەشی سینەمادا کورت بونەوە.
یەک- پێم وایە لەو دانیشتنەدا دەکرا چنینی وتاربێژەکان لە چەند کەسی شارەزای سۆسیولۆژی، شارەزای پۆلێتیک و هونەرمەند پێکبێنێت بۆ ئەوەیکە بە شێوازێکی زانستی و بەتایبەت لە دەلاقەی سۆسیولۆژی هونەرەوە لێکدانەوەی ئەو خەسارانە بکرێت. لەو کۆڕەدا و لە دانیشتنی هۆزانی هونەریشدا ئەو بۆشاییە بەشێوازێکی زەق خۆی دەنەواند و پێویستە کۆمەڵگای هونەری و ئەدەبی پێوەندی خۆی لەگەڵ بەشەکانی زانست و بەتایبەت سۆسیۆلۆژی ساز بکات و بکرێت بە چاوێکی تر و لە دەلاقەیەکی ترەوە سەیری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەک هونەر بکەین.
ئێستا باسی خوێندنەوەی نێوان ڕشتەیی لە هەمو دونیادا خەریکە پێشدەکەوێت و تەنانەت لە فەزای ئاکادێمیک و ئەدەبی ئێرانیش ئەو بابەتە بەخێراییەکی زۆر خەریکە پێشدەکەوێت و پێویستیەکی زۆر جدیشە ساڵانێک بو پسپۆڕگەرایی ڕادیکاڵ بە شێوازێکی دۆگماتیک ڕوی لە زانست و تەنانەت زانستەمرۆییەکانیش کردبو بەڵام بیرمەندان و رەوشی کۆمەڵگا هەستیان بەو لادانە کرد و ڕێگە بۆ نزیکبونەوەی لقەکانی زانست، فەلسەفە و ئەدەب تا ئاستێک کرایەوە و ئێستاکە دەبینین کە ڕشتەگەلی وەک فەلسەفەی هونەر، سۆسیولۆژی ئەدەب و... لە زانکۆکان دامەزراون و هەردەم بەرەو پێش دەچێت. لە دانیشتنەکەی ناوەندی جامی زۆر "بۆ" دەهاتنە ئاراوە بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت هونەرمەند بە بێ ئەوەیکە لێلۆڵینەوەی سۆسیولۆژیک بکات لە وڵامدانەوە بەم "بۆ"یانە ڕەنگە دەستەوەستان بمێنێتەوە. دیاردەی کۆمەڵایەتی پێویستی بە تەحلیل یان تەفسیری سۆسیولۆژیک هەیە!دەشێت بەر لە هەر شتێک لێکدانەوەی وەزعیەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی بە ئەساس وەربگرین و سەرەتا تێبگەین کە لە کوێی مێژودا وەستاوین؟ لە چ چاخێکدا دەژین و تایبەتمەنییەکانی چین؟ لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە دۆخمان چۆنە؟ و لێکدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەرچاوڕونی زۆرباشمان دەداتێ بۆ ئەوەی بتوانین لە ئێستا تێبگەین و وڵامی بۆ"یەکان بدەینەوە. وەک باسم کرد هونەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و ئەو دیاردەیە خۆی لە رەوشی جڤات کاریگەری وەردەگرێت و پێوەندی چڕ و پڕ لە نێوانیان هەیە بۆیە پێم وایە هەتا تەوسیفێکی تەواوی وەزعیەتمان نەکەین و پێوەندی نێوان زانست، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە، مێژو ساز نەبێتەوە بە ئەگەری زۆر نەتوانین بەشێوازێکی زانستی خەسارەکانی بەشی هونەر و تایبەت سینەما لێک بدەینەوە و هەر لەم بەشەدا پێشنیار دەکەم ئەگەر هونەرمەندانی ئەم بەشە گەرەکیانە وڵام وەربگرن و ئەو رەوشەی دەرباز بکەن پێویستیان بە خوێبدنەوەیەکی زانستی هەیە و دەبێت یارمەتی لە هەمو بەشەکانی وەربگرن.
دو- دامەزراوە هونەرییەکان پێویستە بۆ دەربازکردنی دۆخی هەنوکە لە هەر چتێک زۆرتر، گرینگی بە پەروەردەی هونەرخوازان بدەن پەروەردەی تەکنیکی لە ڕۆژی ئەوڕۆدا بۆ هونەرخواز بەس نیە و لەپەنا تەکنیک بەردەوام دەبێت پەروەردی گشتی، کارگە و وانەوتار بەڕێوەبچێت. هونەرخواز بە بێ ئەوەی کۆڵێک مشتومڕی زەینی بۆ ساز ببێت ئەگەر دوربینی و پێنوسیش دەست بداتێ مادام خۆی نەناسێت، لەگەڵ مێژو، چاند، فەلسەفە، ئەدەب بێگانە بێت بەراستی چی هەیە گەرەکی بێت نیشانی بەردەنگی بدات.
پەروەردە مرۆڤ ساز دەکات هەتا لە قوڵترین دیاردەکانی ژیان و بوون پرسیار بکات مرۆڤ پرس و پرابلێمی بۆ ساز بێت و بخوازێت موداخلەی مێژو، رەوتی باوی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بکات. پەروەردەی مەسلەکی و تەکنیکی لە ئێستادا بەهیچ شێوازێک ناتوانێت چارەی ئەو پرسانە بێت و هەم هونەرخواز و هەمیش دامەزراوە هونەرییەکان دەبێت هەوڵێکی جدی بۆ پەروەردەی مەعریفی خۆیان بکەن. ئەنجومەنی سینەمای جەوان دەبێت لە قۆناغێکی وەهادا نەک تەنیا ئەرکی فێرکارییەکانی بوروکراتیکی دیاریکراو بەڵکو دەبێت هونەرخواز پێ بگەیەنێت و باری بێنێت هەتا مەعریفە سەرەتای پەروەردە بێت لە کۆتایدا تێکەڵی مەعریفە و تەکنیک هونەرمەند بخاتە کار و چاکاکی جدییەوە.
سێ- پێوەندی نێوان هونەر و ژیان دابڕاوە هونەر بە لادان لە ماهیەتی خۆی تێکەڵای ئەندروستریالیسم بوە کارێک باس لە بە ئەندروستری دەکەین ئیدی هونەر ڕێگەی مەرگ دەگرێتەبەر و ڕۆحی ئێکۆنۆمی زەق دەبێتەوە بازاڕی بۆ دروست دەکرێت و ئیدی بە یاساکانی ئێکۆنۆمی و ئیدئۆلۆژیک بەتەواوی دەست بەسەر هونەردا دەگیرێت. دەزگای زەبەلاحی وەک هالیوود و هتد لەژێرناوی هونەر خەریکن بۆمبارانی زەینی مرۆڤان دەکەن و مرۆڤ دەکرێت وەک کۆمپانیایەکی ئەندازیاری شکڵدان بە زەینەکان ناوبەرێت هەتا هونەر! هونەر و ئردەب پێویستیەکانی ڕۆحی مرۆڤ و کۆمەڵگان. پرسیاری کارایی ئەدەب و هونەر چیە؟ پرسیارێکی گرینگە و پێویستە هەر ئانێک لە زەینی هونەرمەندا بێت و بچێت!
بەبێ هونەر و ئەدەب ئێمە ناتوانین باس لە کۆمەڵگاکان بکەین لەو ڕوەوە هونەر ئامرازێکی حاشاهەڵنەگرە لە بەکۆمەڵایەتی بون و گەشەی کۆمەڵایەتیدا. کاتێک مرۆڤ نەیتوانی ڕوبەڕوبونەوەی خۆی لەتەک سروشتا بە زانست یان پۆلێتیک شرۆڤە بکات و کاتێکیش ڕۆحی مرۆڤ بە رەوەندێکی باوی مادی ژیان ئەهوەن نەبۆوە و کاژێر نەبو ئەوە بەرەو شێوازێکی تری کاژێربون واتا هونەر دەچێت ئەوە بەم واتایە دێت کە هونەر و ئەدەب پێویستیەکانی ڕۆحی مرۆڤ بەجێدێنن و ئەوە تەنانەت پێوەندی بە ئەندێشەوە هەیە! گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێوەندی حاشاهەڵنەگری بە هونەرەوە هەیە تەنانەت قۆناغەکانی گرینگی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش بە هەوڵی هونەری زەق دەبنەوە گۆڕان لە هەر پێکهاتەیەکدا زۆرجار لە مەیدانی هونەرەوە دەست پێ دەکات و ئەوە پڕگرینگە!
هانائارێنتی فەیلسوف دەبێژێت ژیان شەبەکەیەکی لەنێویەکی چیرۆکەکانە ژیانی مرۆڤ بە بێ ئەدەب و هونەر بە بێ مەعنەویات یەک ئانیش ناتوانێت دەوامی هەبێت لێرەدا پێوەندیەکی یەکجار قوڵ نێوان ژیان و هونەر ئاشکرا دەبێت. هونەر و ئەدەب ئەو دو باڵەن کە هەر ئانێک خەریکە ژیان رەوایەت دەکەن لەڕوی فەلسەفیەوە مانا بە بوونی مرۆڤ دەدات بەردەوام لە هەوڵی رەوایەت کردنی مرۆڤ بۆ مرۆڤە و لە جیهانی کۆمەڵایەتیشدا هونەر و ئەدەب دوباڵی سەرەکین کە پێمان دەڵێن مرۆڤ چۆن بو بە مرۆڤ! ئەدەبیات و هونەرن کە بەشێک لە سەرگەردانی مرۆڤ وەک گیاندارێکی بیرمەند کە پرسیار لە بوونی خۆی دەکات چارەدەکەن. ئەدەب زۆر دەمان قدیلکەی لۆژێک دەدات و وەک دو باڵندە سنورەکان بێواتا دەکەن و سەمای خەیاڵ و فڕین و ژیان ساز دەکەن. بەداخەوە کێشەیەکی هەرە گەورەی کە لە نێوان هونەرمەندانی گەنج هەیە هەژاری فەلسەفە و نەبونی ڕوانگەی سۆسیولۆژیک بۆ هونەر و ژیانە ئەوەیە وادەکات فیلمەکان لە یەک بچن و پتر وەک تەکلیف و هەبونی کار بەرهەمەکان ساز دەبن و بە کەمی هەڵدەکەویت لە پشت سازکردنی بەرهەمێکی هونەری مەعریفەشاراوە بێت ئەوەیکە هونەرمەند پرس و مەسئەلەی نیە بۆخۆی پرسیارێکی یەکجار هاڵۆز ساز دەکات چلۆن دەکرێت ئێمە وەک گیاندارێک کە پەرت بوینە سەر زەوی، زوانمان گرت، دەیان گۆڕانکاری و رەهەندی گەورە و پڕ لە سەرسوڕمانمان تێپەڕ کردوە، مەسئەلە ساز نەبێت! هەر دیاردەیەک سوژەیەکە! مەعلومە مرۆڤێک کە دەستەوەستان ماوە کە چی بکات!؟ دەشێت دوربینەکەی دابنێ و سەرەتا لەسەر زۆر شتی بنەمایی و گشتی خۆیان پەروەردە بکات و مشتومڕی لەلا سازبێت. بەم شێوازە دەکرێت مرۆڤ بکەوێتە کار و بەرهەم بخوڵقێنێت.
مرۆڤێک کە ئاستی مەعریفی ئاگاهی لەو پەڕی نزمیدایە چی هەیە پێشانی بەردەنگی بدات؟ ئەوە رەخنەیەکی جدیە لە رەنگە بەشێکی زۆری هونەرمەندان بگرێتەوە! ئایا خوڵقاندنی بەرهەمێکی هونەری کارێکی هاسانە؟ پێم وایە ئەگەر هونەرمەند نەیەتە هاستی فەرزانەبون ئەوە ناتوانێت رەسالەتی خۆی بەجێبێنێت!
پرسیارگەلی وەک هونەر چیە؟ چ کارکردێکی هەیە؟ من وەک هونەرمەند دەبێت چ بکەم؟ چۆن کار بکەم؟ بەر لە دەستدانی دوربین و ساز دەبێت وڵام بدرێنەوە! ئەگەر سرنج بدەین ئەوەی لە هونەر ماوەتەوە ئەندروسترییە! هونەرمەند وڵامی پرسیاری دەبێت چ بکەم؟ ئاوا وڵام دەداتەوە: "دەبێت فیلمەکانم لە فڵان جەژنوارەی نیونەتەویی خەڵات ببەنەوە" و ئەوسا من سەرکەوتوم!
فیستیڤاڵ و جەژنوارە بەو شێوازەی کە هەیە چەشنێک هێرش بۆ سەر هونەر و بەتایبەت کارکردی هونەرە! ئەو فیستیڤاڵانە بەردەوام خەریکی جیاکردنەوەی هونەرمەندی سەرکەوتو و ناسەرکەوتون بونەتە قیبلەی هونەرمەندان و هەر کامە بەرەو ئاسۆی ئەو بۆنانە خەریکی خەیاڵەکانی دادەڕێژێت شەوانە خەون بەوەوە دەبینێ کە لەوێیا لە دەستی فڵان هەستێرەی سینەمایی خەڵات وەردەگرێت! بەو شێوازە هونەرمەند دەکەوێتە ژێر کاریگەری هێژمونی هەیولاکانی کۆمپانیاکانی ئەندروستری سینەما! کۆمەڵگا لەبیر هونەرمەند دەچێتەوە بەها و نرخەکانی گەل لەبیر دەکرێن و تەنانەت هونەرمەند خۆشی لەبیر دەکات و ئەوە خەسارێکی یەکجار گەورەی بەردەم سینەمای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و پێویستە هونەرمەندان سەر لە نوێ پێناسەی سۆسیولۆژیک، فەلسەفی و مێژویی بۆ هونەر بکەنەوە و هەوڵ بدەن شەمەندەفەری لە ڕێدەرکەوتو بێننەوە سەر ڕێچکەی خۆی. هونەرمەندی کورد دەبێت لە مێژو دابڕاو نەبێت لەگەڵ راستینەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نامۆ نەبێت بارتەقای ئەدیب و فۆلکلۆرناس لە فۆلکلۆر بکۆڵێتەوە و هەوڵ بدات لەگەڵ ڕۆحی گەلی خۆی ئاوێتە بێت ئەوسا دەتوانێت جوانترین و بەواتاترین بەرهەم بخوڵقێنێت!
چوار- بە بێ پەروەردە یەک هەنگاویش ناتوانین بەرەوپێش بەرین:
پەروەردە، پێگەیاندنی مرۆڤە بۆ ئەوەی بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی بێت پەروەردە تەنیا زانیاری پێدان بە مرۆڤێک نیە بەڵکو پێگەیاندنێتی هەتا ئەو مرۆڤە ئامادەی ڕۆڵگێڕان لە ژیاندا دەبێت. بۆ نمونە کاتێک بمانهەوێت دارێک بەرهەم بدات دەبێت ئاوی پێ بدەین هۆشمان لەی بێت کە وشک نەبێت ئەگەر نەخۆش کەوت دەوای پێ بدەین دەکرێت بڵەین ئەوە پەروەردەی ئەو دارەیە. پەروەردە کارێکی بەردەوام و درێژماوەیە تەنانەت پێم وایە تا مرۆڤ زیندویە دەشێت پەروەردەش هەبێت. ئەگەر ئەم بابەتە گرینگە بە کاتێکی دیاریکراو سنوردار بکەینەوە ئەوە پەروەردەکردن سەقەت دەبێت و کاردکردی خۆی لەدەست دەدات. بەداخەوە ئەو خەسارانەی کە باسی دەکەم نەک تەنیا لە کۆمەڵگای هونەریدا بەڵکو تێکرای سیستەمی پەروەردە دەگرێتەوە و پێویستە کۆمەڵناسان لە تبیین یان تەفسیری ئەو وەزعیەتە بەرچاوڕونی بە هەمو چینوتوێژەکان بدەن و رەسالەتی خۆیان بەجێبێنن. بۆ ئەوەیکە فامی ئەو وەزعیەتە بکەین دەبێت سەرەتا خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژێک بۆ ئەم رەوشە بکەین وەک باسم کرد سازکردنی پێوەندی نێوان ئەدەب، زانست(تایبەت کۆمەڵناسی)، فەلسەفە، هونەر سازبێت. یەکیەک لە رەخنەکانی کە دەشێت لێرەوە لە ناوەندی جامی بگرین ئەمەیە کە چۆنە لە کۆڕێکی خەسارناسی سینەمای ڕۆژهەڵات(هەڵبەت پتر مەهاباد) هاوڕێ لەگەڵ شارەزایانی هونەر کەسێکی شارەزای سۆسیۆلۆژی لە نێو وتاربێژەکاندا نیە کە دەکرا وڵامی زۆر بابەت و بۆ" بداتەوە. بۆیە تاکید دەکەم سەرەتا فامی دۆخی هەنوکە بکەین و بزانین بۆچی ئەوەندە مەسئەلە و پرس و گرێکوێرە هەیە چون خوێندنەوەی سۆسیۆژیانەی ئەو دۆخە نیوەی ڕێگە چارە دەردەخات مادام پزشکانی کۆمەڵایەتی یان بە گوتەی ئاگوست کۆنت موهەندسانی کۆمەڵایەتی دۆخەکە شی نەکەنەوە و گرێیەکان نەکەنەوە ئێمە ناتوانین گەشە بکەین و هەر هەنگاوێکمان بەرەوپێش ناچێت. ئەنجومەنی سینەمای جەوان بە هاوکاری ئەنجومەنگەلی ئەدەبی، شارەزایانی زانستەکۆمەڵایەتیەکان و فەلسەفە دەبێت لە پێوەندی لەگەڵ یەکتر بە شێوازێکی نێوان ڕشتەیی زەمینەی کارکردن بۆ گەنجانی هونەرمەندان ساز بکەن. دەبێت زەمینئک هەبێت هەتا گوڵ تەیدا پەروەردە بێت، گەشە بکات و جوانی خۆی دەرخات. ئەگەر ئەو فەزا مالیخولیاییە(کە ئەویش پێویستی بە دیالۆگ هەیە)دەرباز نەکەین ئەوە لۆمەکردنی تاریکی و سازکردنی دەیان کۆڕی خەسارناسی زۆر دەستکەوتی نابێت! لەو دۆخە نالەبارەی کە کۆمەڵگا بەگشتی و کۆمەڵگای ئەدەب و هونەر تەیدایە پەروەردە دەبێت لە نان و ئاو گرینگی زۆرتری پێبدرێت. چالاکوانانی ئەو بوارانە دەشێت کۆرسی جۆراوجۆر بەڕێوەبەرن و ماندونەناسانە هەوڵی گەشەپێدان بە ئەدەب و هونەر بن. پەروەردە بۆ ئێستا دەبێت زۆر لە جەژنوارە و فیستیڤاڵ گرینگی زۆرتری پێبدرێت.
لە کۆتایدا ڕو بە ناوەندە ئەدەبی و هونەری و هەمو ئەکتیڤیستەکان دەڵێم ئەوندەی کار بکرێت ئەوەندەمان دەستکەوت هەیە و چاوەڕوان ئەم و ئەو... و لۆمە هیچ کارێک بەرەوپێش نابات. هەروەها پربەدڵ پیرۆزبایی دامەزرانی ناوەندی جامی دەکەم و پێم وایە وەڕێکەوتنی ناوەندێکی زانستی ئاوا هەڵوێست و هاوکات هەست کردن بە زەرورەتی هاتنە مەیدانی لۆژیک و خوێندنەوەیەکی ڕاست و بەجێی ئەو وەزعیەتەیە کە دەبوایە گوزاری لێکرابا لە ماوەیەکی کەمدا دەستکەوتەئەرێنیەکانی ئەو ناوەندە وەدیارکەوتون و دەکرێت نمونەیەکی سەرکەوتوبێت بۆ فەزای فەرهەنگی و ئەدەبی.
سپاس و پێزانین بۆ ماندوبون و زەحمەتەکانی هەمو بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵی ئاسمان و شۆڕای و شارەداری مەهاباد وەک پاڵپشتی بەشی فەرهەنگی شار.