تاريخ: ۱۳۹۵ شنبه ۱۴ اسفند ساعت ۱۹:۱۴ | بازدید: 2018 نظرات: 0 کد مطلب: 3333 |
نووسەر: ناسر نامدار-فەریدە حەسەنزادە
سوودێرگران به مێرمنداڵی تووشی نه‌خۆشی ئازاره‌باریکه بوو و زۆرتری ته‌مه‌ن و ژیانی خۆی تا ئه‌و کاته‌ی له ساڵی 1923دا جوانه‌مه‌رگ بوو، له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی سیلدارهکان ده‌ژیا.
نه‌خۆشییه‌که‌ی شوێنی له سه‌ر به‌شێکی زۆری شێعره‌کانی داناوه، هه‌روه‌ها ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی جگه له نه‌خۆشییه‌که‌ی بریتییه له مه‌رگ و ره‌نج و دڵته‌نگی و کڵۆڵییه‌کانی خۆی، به‌ڵام جاری وایه شێعره‌کانی توێژێکی هیوا و شادی و لێورێژ بوون له ئه‌وین بۆ ژیانی پێوه دیاره. "سودێرگران" چه‌ندین زمانی ده‌زانی و له‌گه‌ڵ شێعری هاوچه‌رخی ئه‌ورووپا به تایبه‌ت سهمبولیستهکان و ئیکسپێرسیونیستهکاندا ناسیاوی هه‌بوو. ئه‌و یه‌کێک بوو له روخساره هه‌ره دیاره‌کانی گرووپێک له شاعیرانی سوئێدی– فه‌نلاندی که له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی هه‌وه‌ڵی سه‌ده‌ی بیست، شێوازی مودێڕنیسمیان له شێعری خۆیاندا بره‌و پێدا، ئه‌ویش له کاتێکدا که ئه‌م شێوازه ده ساڵ دواتر له سوئێد ره‌چاو کرا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌وه‌ڵ دیوانه شێعری "سودێرگران" به ناوی"شێعره‌کان" له ساڵی 1916دا به رووداوێکی گرینگ له مێژووی شێعری سوئێدیدا دێته ئه‌ژمار.
له‌و شێعرانه‌دا سودێرگران هه‌وێنی نوێی وه‌ک ئه‌ویندارانه–سێکس، تێگه‌یشتنی ئیشڕاقی و خه‌یاڵاوی و هه‌روه‌ها هه‌ستی به سروشت پاراوی به زمانێکی به‌هێز و به‌چێژ وێنا کردووه. ئه‌وه‌ی شایانی لێوردبوونه‌وه‌یه ئه‌ویه، که هه‌ر وه‌ک چۆن له وته‌یه‌کدا ده‌ڵێ شێوازی ده‌ربڕینی ئه‌و له شاعیرانی سوئێدی–فه‌نلاندی جیایه و له باری فۆڕمه‌وه شێعره‌کانی خاوه‌ن فۆڕمێکی نامۆ و تازه‌ن، له باری ناوه‌رۆکیشه‌وه به سه‌رنجدان به شێعری ئه‌و سه‌رده‌می ئه‌ورووپا نوێکارییه‌کی سه‌رنجڕاکێش و پڕبایخی کردووه.
سودرگران ئه‌گه‌رچی جوانه‌مه‌رگ بووه و ته‌مه‌ن مه‌ودای ئه‌وه‌ی پێ نه‌داوه ماوه‌یه‌کی زۆر له بواری شێعر و داهێناندا چالاک بێ، به‌ڵام هه‌ر له‌و ماوه کورته‌شدا چه‌ندین به‌رهه‌می به نرخی پێشکه‌ش کتێبخانه‌ی شێعری سوئێدی کردووه. به شێوه‌یه‌ک که ده‌رده‌که‌وێ له ساڵی 1916وه تا 1925 شه‌ش کۆمه‌ڵه شێعری بڵاوبۆته‌وه. کتێبه‌کانی به پێی ساڵی بڵاوبوونه‌وه‌یان بریتین له:
شێعره‌کان(1916)، بهربهتی، سێپتا‌مبر(1918)، پێشخانیسوورهگوڵ(1919)، روانینه پرشوبڵاوه‌کان(1919)، سێبه‌ری داهاتوو(1920)، ئه‌و نیشتمانه‌ی که نییه(1925). دوایین کتێبی واته ئه‌و نیشتمانه‌ی که نییه دوای مه‌رگی بڵاوبۆته‌وه.
کاتێک شێعره‌کانی له "هێلسینکی" بڵاوبوونه‌وه زۆربه‌ی ره‌خنه‌گران به توندی هێرشیان کرده سه‌ر و کوتایان. ته‌نیا لایه‌نگری شێعره‌کانی خاتوونێکی رادیکاڵی لاو به ناوی "هاگا رالسین" بوو که شێعره‌کانی ئه‌وی به شاعیرانی لاوی فه‌نلاند ده‌ناساند. ئیدیت سودرگران له ته‌مه‌نی سیویهک ساڵاندا به هۆی هه‌ژاری و برسێتی و نه‌خۆشی ئازارهباریکهوه ته‌نگی پێههڵچندرا و به تاڵی و ئازاره‌وه ماڵئاوایی له ژیان کرد. پاش مه‌رگی وه‌ک پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی نوێی شێعری فه‌نلاند و سوئێد ناسراو، ورده ورده ناوبانگی ئیقلیمگیر بوو.
سودێرگران له‌مه‌ڕ شێعره‌کانی خۆیه‌وه ئاوا ده‌دوێ: "هیچ که‌س ناتوانێ حاشا له‌وه بکا نووسراوه‌کانم شێعرن. به‌ڵام نامهه‌وێ بڵێم شێعره‌کانم کێشیان هه‌یه، من هه‌وڵم داوه هێندێ له شیعره سه‌ربزێوه‌کان بخه‌مه قاڵبی کێش داره‌وه و به‌مجۆره گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و ئاکامه‌ی که من ته‌نیا له رههاییدا، واته به فڕێدانی کێشی شیعره که توانیومه له وشه و وێنه‌کان که‌ڵک وه‌رگرم. شێعره‌کانم ده‌بێ وه‌ک چه‌پکه یادداشتێک چاویان لێبکرێ.
به‌ڵام له‌مه‌ڕ ناوه‌رۆکی شێعره‌کانمه‌وه ده‌بێ بڵێم که من ده‌رفه‌ت به ئاوه‌زم ده‌ده‌م ئه‌و شته‌ی هۆش ده‌ینوێنێ گردوکۆ کاته‌وه و ره‌نگ و ڕوویه‌کی هونه‌ری بداتێ. متمانه‌به‌خۆیی من له‌وه‌ڕایه که توانایییه‌کانی خۆم دۆزیوه‌ته‌وه. شانم هه‌ڵناگرێ خۆم له‌وه چکۆله‌تر که‌مه‌وه که هه‌م.
رۆژی زوڵاڵی پاییزی
رۆژی زوڵاڵی پاییزی
نه‌خشاو له سه‌ر پانتای زێوینی دارستان
به رووی هه‌موو دونیادا بزه‌ی دێ
چ خۆشه بێ هیچ ئاواتێک، چوونه توێی لێڵی خه‌وه‌وه
تێر له ته‌ماشای گوڵ و ماندوو له دار و دهون
تاجی سووری ره‌زیش له بان سه‌رت بێئهژمارن
رۆژی پاییزیی ئیتر دڵی پڕ نییه
ئه‌نگوسته سه‌ربزێوه‌کانی سارد بوونه‌وه و
له خولیایدا
کلووه سپییه‌کانی به‌فر بێ‌وچان هه‌ر داده‌بارن.
من
من بیانیم
له‌و وڵاته‌دا که له‌ژێر قورسایی ئاوه‌کانی زه‌ریا دایه
هه‌تاو به بازنه‌ی تیشکه‌کانییه‌وه تێمدهڕوانێ و
هه‌واش له ده‌سته‌کانمه‌وه ده‌چۆڕێ
پێم ده‌ڵێن له یه‌خسیریدا له دایک بووم
هیچ روخسارێکی ناسیاو نابینم
داخۆ به‌ردێک بووم، تووڕ هه‌ڵدراو بۆ بن گۆم؟
داخۆ میوه‌یه‌ک بووم، قورس بۆ لق‌وپۆپی خۆم؟
لێره له ژێر دارێک
که با به گوێی گه‌ڵاکانیدا ده‌چرپێنێ
چاوه‌ڕوان وێستاوم
چۆن له جه‌سته‌ی خزی ئه‌و داره سه‌ر که‌وم؟
ده‌مه‌وێ له به‌رزایی لقه‌کانییه‌وه
چاو ببڕمه ئه‌و دووکه‌ڵه‌ی
له کوانووی نیشتمانی دای و بابی خۆمه‌وه سه‌ما ده‌کا.
ئێمه‌ی ژن
ئێمه ژنه‌کان، پێمان به زه‌وییه‌وه به‌نده
له کۆتره باریکه ده‌پرسین چی له به‌هار گه‌ره‌که
ئێمه باسکهکانمان له له‌شی رووتی سنه‌وبه‌ر دههاڵێنین
ئێمه له داچۆڕانی هه‌تاویشدا
به شوێن په‌ند و هێمادا ده‌گه‌ڕێین
ئه‌من پیاوێکم خۆش ده‌ویست
بڕوای به هیچ شتێک نه‌بوو...
رۆژێکی سارد به نیگایه‌کی به‌تاڵه‌وه هات
رۆژێکی قورسیش
که فه‌رامۆشی شه‌قڵی ته‌وێڵی شکاندبوو رۆیی
ئه‌و منداڵه‌م– که هه‌رگیز له دایک نه‌بوو– له‌وه...
شه‌وانه که هه‌وا خه‌ریکه فێنک بێ
1
شه‌وانه که هه‌وا خه‌ریکه فێنک بێ
له ده‌ستی منه‌وه گه‌رما بخۆوه
ده‌ستم خوێنی به‌هاری لێده‌تکێ
ده‌ستم بگره
باسکه سپییه‌کانم بگره
دڵته‌نگی شانه لاوازه‌کانم بگره...
سه‌یر ده‌بوو
ئه‌گه‌ر شه‌وێک، شه‌وێکی وه‌ک ئه‌و شه‌و
قورسایی سه‌ری تۆم له‌سه‌ر سینگی خۆم هه‌ست بکردبایه.
2
تۆ سووره گوڵی ئه‌وینت
خسته ناو منداڵدانی سپی منه‌وه
سووره گوڵی ئه‌وینت که خه‌ریک بوو سیس هه‌ڵگه‌ڕێ
به ده‌سته داگیرساوه‌کانم ده‌گرم.
له‌گه‌ڵ تۆمه! سه‌رکرده‌یه‌ک به راونینی سه‌هۆڵینه‌وه
وه‌ریده‌گرم
ئه‌و تاجه‌ی له سه‌رمت ناوه
ئه‌و تاجه‌ی سه‌رمی به‌ره‌و دڵم خوار کردۆته‌وه.
3
ئه‌وڕۆ بۆ یه‌که‌م جار گه‌وره‌ی خۆمم دیت
هه‌ڵده‌له‌رزی، ناسیمه‌وه
ئێستا ته‌نیا ده‌سته قورسه‌کانی
له سه‌ر باسکه سووکهکانم هه‌ست پێده‌که‌م
بزه‌ی پڕ زایه‌ڵه‌ی پاکم
ئازادی سه‌ربه‌رزانه‌ی ژنانه‌م چی به سه‌ر هات؟
ئێستا ته‌نیا چنگه تونده‌کانی
له‌سه‌ر جه‌سته‌م
که خه‌ریکه هه‌ڵده‌له‌رزێ
هه‌ست پێده‌که‌م
ئێستا ده‌نگی ره‌قی راسته‌قینه
له خولیا تورت و ناسکهکانما ده‌بیستم.
4
تۆ گوڵێکت دیته‌وه
میوهیهکت دۆزییه‌وه
کانییهکت دیته‌وه
ده‌ریایه‌کت دۆزییه‌وه
ژنێکت دیته‌وه
رووحێکی زیندووت دۆزییه‌وه-
تۆ،
به‌ڵی تۆ،
ناهومێد بووی.
ژنێ ئه‌وڕۆیی
من ژن نیم، بوونه‌وه‌رێکی بێلایه‌نم
من منداڵم، خانزاده یان بڕیارێکی بوێرانهم
من تیرێژی لێو به بزه‌ی هه‌تاوێکی سوور
من تۆڕێک بۆ ماسییه به ته‌ماحه‌کان
من"خۆشییه‌ک" به خۆشی هه‌موو ژنان
من هه‌نگاوێک به‌ره‌و رێکه‌وت و تێداچوون
من بازدانێک به‌ره‌و ئازادی و سه‌ربه‌ستی
من سرته‌ی خوێن له گوێی پیاودا
من ته‌ماحی رووح و دڵته‌نگی و داکشانی له‌ش
من رێنوێنی به‌هه‌شتێکی نوێ
من ئاورینگێکی گه‌ش و بزۆز
من چۆمێکی قووڵ، به لرفه به‌ڵام ته‌نک
من ئاور و ئه‌من ئاوم،
له پیوه‌ندیدا
راست و
بێگرێ و
ئازاد.
خوشکه‌کانی ئێمه
خوشکه‌کانی ئێمه
به جلی ئاڵ و واڵاوه
وه‌ستاو له سه‌ر گاشه به‌رده‌کانی به‌ستێن
به ده‌م گۆرانی کوتنه‌وه چاوه‌ڕێن
خوشکه‌کانی ئێمه
به ئاو و هه‌وای ناو زهمبیلهکانیان ده‌ڵێن گوڵ
من به‌ڵام باسکه‌کانم له خاچێک ده‌هاڵێنم و
شین ده‌گێڕم
سه‌رده‌مێک وه‌کوو گه‌ڵایه‌کی سه‌وز ناسک بووم
ئاوێزان به به‌رزایی شینی ئاسمانانه‌وه
شمشیرێکی دوو ده‌م له‌ناکاو له ناو دڵمه‌وه تێپه‌ڕی
سه‌رکه‌وتوویه‌ک لێوه‌کانمی داگیر کرد
تووڕه‌یی ئه‌و وه‌ها ئاوێته‌ی میهره‌بانی بوو
که رووحی منی تێکنه‌شکاند
ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی له ته‌وێڵمدا و
به ده‌م ده‌نگی هه‌نیسکه‌وه منی له دوورگه‌یه‌ک جێهێشت
که ناوی ساردی زستان بوو.
دواهه‌مین گوڵی پاییزی
من دوایین گوڵی پاییزییم
له ناو بێشکه‌ی هاویندا راژاوم
له به‌رابه‌ر بای شه‌ماڵدا وه‌ک کێشکچی راوه‌ستاوم و
بڵێسه سووره‌کان
له سه‌ر گۆنای سپیم سه‌مایان کردووه.
من دوایین گوڵی پاییزییم
لاوترین چرۆی به‌هاریم له رابردوودا.
سیسههڵگهڕان به چه‌شنی دوایین گوڵ دژوار نییه
من دهریاچهم شین و ئه‌فسانه‌یی هاتۆته به‌رچاو
ترپه‌ی دڵی هاوینی مردووم بیستووه
پنجه گیای من هه‌ر به تووی مه‌رگ ئاوسن
من دوایین گوڵی پاییزییم
قووڵی جیهانی ئه‌ستێره‌کانی پاییز و
روونی ئاگردانه گه‌رمه‌کانی دووره ده‌ستم دیوه
هه‌میشه ته‌نیا گرتنه‌به‌ری رێگایه‌ک سانایه
دهڕوازهکانی مه‌رگ داده‌خه‌م
من دوایین گوڵی پاییزییم.
ئه‌ستێره‌کان
که شه‌و رادهشکێ له هه‌یوان راده‌وه‌ستم
له ئاسمانی باغه‌که‌دا
گوێ ده‌ده‌مه زه‌نازه‌نای ئه‌ستێره‌کان
ئه‌ستێره‌یه‌ک راده‌خوشێ و ده‌کووژێته‌وه
به پێی په‌تی به سه‌ر سهوزایییهکاندا هه‌نگاو هه‌ڵمه‌گره!
باغی من فه‌ڕش کراوه
به ورده ئه‌ستێره‌ی شکاو.
چاڵاوی ئاوێنه
چاره‌نووس کوتی: یا ده‌بێ سپی بژی، یان سوور بمری!
دڵم بڕیاریدا: که سوور ده‌ژیم
ئێستا له وڵاتێکم که هی تۆیه
وڵاتێک که مه‌رگ نایگاتێ
ته‌واوی رۆژ له سه‌ر لێواری مه‌ڕمه‌ڕینی چاڵاو داده‌نیشم
ئه‌گه‌ر که‌سێک لێم بپرسێ ئاخۆ به‌خته‌وه‌ری بێره‌دا رابردووه
به بزه‌وه سه‌ر راده‌وه‌شێنم:
به‌خته‌وه‌ری له دووره ده‌سته،
له‌و شوێنه‌ی وا ژنێکی لاو لێفه بۆ منداڵه‌که‌ی ده‌دوورێ
به‌خته‌وه‌ری له دووره ده‌سته،
له‌و شوێنه‌ی وا پێاوێک له دارستاندا
کهپرۆچکه بۆ خۆی چێده‌کا
لێره سووره گوڵ
هه‌میشه له قه‌راغ چاڵاوه کهلاوڕێژهکان ده‌ڕوێن
لێره رۆژه جوانه‌کان
روخساری گه‌شاوه‌ی خۆیان ده‌ڕێژنه ناخی ئاوه‌وه
گوڵی گه‌وره‌ش
جوانترین گه‌ڵاکانیان له کیسدهدهن و هه‌ڵده‌وه‌رێن.
ئه‌و نیشتمانه‌ی که نییه
دڵم گیراوه بۆو نیشتمانه‌ی که نییه
چون له ویستنی هه‌موو شتێک ماندوو بووم ئیتر
مانگ به وته‌ی زێوینی خۆی
حیکایه‌تی وڵاتێک ده‌گێڕێته‌وه که نییه
وڵاتێکی وا که له‌وێ
گشت ئاواته‌کان وه‌دی دێن
نیشتمانێک که له‌وێ هه‌موو زنجیره‌کان ده‌پسێن
وڵاتێکی وا که له‌وێ
ته‌وێڵی داگیرساومان له شه‌ونمی مانگدا فێنک ده‌بێته‌وه
ژیانی من هه‌ر تراویلکه بووه
به‌ڵام ئێستا رێگای خۆم دۆزیوه‌ته‌وه
رێی گه‌یشتن به‌و نیشتمانه‌ی که نییه
له‌و نیشتمانه‌ی که نییه
دڵداره‌که‌م تاجێکی دره‌وشاوه‌ی له سه‌ردا
دڵداره‌که‌ی ئه‌من کێیه؟
ئه‌ستێره‌کان به ده‌م بریسکانهوهوه
وڵام ده‌ده‌نه‌وه: شه‌وی تاریک
دڵداره‌که‌ی ئه‌من کێیه؟
ناوی چییه؟
میچی ئاسمان به‌رز و به‌رزتر ده‌بێته‌وه
منداڵیم له مژێکی بێکۆتاییدا نوقم ده‌بێ و
وڵامی پرسیاره‌که‌م نازانێ
بنیاده‌م به‌ڵام هه‌ر تینووی زانایییه
باسکه‌کانی هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی ئاسمان درێژ ده‌کا
وڵامێک ده‌درێته‌وه:
من ئه‌و که‌سه‌م خۆشت ده‌ویست و
هه‌میشه‌ش خۆشت ده‌وێ.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوکان:
1-سودرگران، ادیت، سرزمینی که وجود ندارد، ترجمه نامدار ناصر، ناشر: Goteborg؛Nordient
2-حسنزاده، فریده، شعر زنان جهان، انتشارات نگاه، تهران 1383