ماوێکە هەواڵی بڵاو بونەوەی چەند ئاڵبۆمێکی وێنە کۆنەکانی کوردستان پارێزراو لەکاخی گوڵستانی تاران هەمو شوێنێکی فەزای مەجازی تەنیوە.
ڕۆژ نییە دۆستانی بەڕێزم لێرو لەوێ لینک و نیشانی ئەو ئاڵبۆمانە و وێنە کانی تایبەت بە کوردستانم بۆ نەنێرن، هەڵبەت ئەوە نیشانەی لوتف و دڵسۆزیانە و سپاسگوزاریانم.
بەڵام حەقیقەت ئەوەیە ئەو ئاڵبۆمانە بۆ یەکەم جار نییە بڵاو دەکرێنەوەو دەمێک ساڵە لەکتێب و گۆوارو ڕۆژنامە فارسی و بەشێکی بەرچاویان لە گۆوارو کتێبە کوردییەکانیش دا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
دو لەو ئاڵبۆمانە تایبەت بە وێنەکانی سابڵاغی سەردەمی قاجار ( مهابادی ئێستا) و ناوچەکوردنشینەکانی دین.
یەکیان هەر ئاڵبۆمی وێنەکانی عەلیخانی والییە کە خۆی وەک وێنەگر لە سابڵاغی ئەوان سەردەمانەوە بگرە تا سنە و کرماشان گرتوونی و ئیستا لە زانکوی هاروارد پارێزراون. وێنەکانی ئاڵبۆمی عەلیخانی والی بە شێوەی کتێبی سەربەخۆش چاپ و بڵاو کراونەتەوەو دەمێک ساڵە لەسەر سایتی زانکۆی هاڕوارد دانراون. هەر لە سەردەمی قاجار و لە کاتی دەسەڵاتداری ناسرەدین شا کە زۆر ئۆگری وێنەگری بووە نوسخەیەکی ئەو ئاڵبۆمە لە کاخی کوڵستانیش دا ئاڕشیو کراوە.
دیارە وێنەکانی ئاڵبۆمەکەی دیش کەم و زۆر لە گۆوارو کتێبە گەلی تایبەت بە وینەگەری و مێژوی وێنەگرتن لە ئێران، مێژووی قاجار و ڕوداوەکانی پەیوەنوویدار بەو سەردەمە و لەهەندێک کتێب و گۆواری کوردیش دا بڵاو کراونەتەوە ئەوەندەی لە بیرم بێ بەشێکی ئەو وێنانە لە ژمارێکی تایبەتی حەوتەنامەی سیروان ( مانگنامەی کاتی سیروان،تایبەت بە مهاباد) دا بڵاو کراونەتەوە .سەرجەم وێنەکان لە باری مێژویی و مەردمناسی ئەو سەردەمە بەڵگەگەلێکی هەرە،گرینگ و تایبەتن.
سەیر ئەوەیە هەندێک لە دۆستانی نوسەر و بەرپرسی گۆوار و چاپخانە و بڵاوۆکی کوردیش بە گوڕ و تینی نەبڕاوە لێر و لەوێ باسی دۆزینەوەی ئەو ئاڵبۆمانە دەکەن و پێیان وایە گەنجینێکی تائێستا نەدیتراوو تازە دۆزراوەن،ئەوە نیشاندەری ئەوەیە ئاستی ئاگاهی و وشیاریان لەو بوارەدا زۆر لەخوارێیە.
مهاباد، ٦ی پوشپەڕی ١٤٠٣