تاريخ: ۱۴۰۳ دوشنبه ۱۱ تير ساعت ۱۸:۴۰ بازدید: 484      نظرات: 0      کد مطلب: 23329
ناساندنی داشخانه وەک گوندێکی گەشتیاری؛ بەشی سێهەم؛

شامی داشخانه و گەزجاڕی سەری گادەری

نووسینی ئۆمێد پاکیار


  

وەکی له دوو بابەتی پێشتر (داشخانه؛ دەرەتفێی مەهاباد- گڕاوەزنەی سێ‌بەرده) که له پێگەی هەواڵیی هاژەدا بڵاوبۆوه تواندرا ئەم ئاوایییه تا ڕادەیەک به هۆگران و گەشتیاران بناسرێ، هەر له درێژەی ئەم ڕێچکەیه گەرەکمانه لاپاڵێکی دی له چوارگۆشەی گەشتیاری ئەم گونده وەدەرخەین. له باکووری داشخانه بەرەو زەریاچەی ورمێ له ڕێژاوی چۆمەکانی مەهاباد و گادەر، واتا لەو شوێنەیڕا که ئاوی شیرنی ئەو چۆمانه دەگاته خاک و زنه و ئاوی سوێری دەریاچه، ئاوی ئەم چەمانه که بڵاو دەبێته تا ئەو جێیەی ئاوی شیرن توانیوێتی خوی ڕاگرێ ئیدی گژوگیا شین بۆتەوه و قوڕ و چڵپاو و لیته هەیه. ئەم چەشنه پۆلێنبەندییه به درێژایی لێواری دەریاچه هەیه که تا ڕادەیەکی زۆر هەموویان هەر وەک یەکن و پێکەوەش له هاوپێوەندی دان و کوردەواری خۆمان پێی دەڵێین شام یان قامیشەڵێن. لەوانه دەتوانین ئاماژه بەم ناوانه بکەین؛ شامی داشخانه، شامی بەفرەوان، شامی قەڵات، زناوێر، شاخی گەڕووس، دەراوەکانی مەمێند و یادگاریان  و گردەقیت و هتد. که هەمووشیان له ڕێژاوی چۆمەکان بەرەو دەریاچەی ورمێ ڕواون، که له باشووری ئەم دەریاچەیه هەڵکەوتوون، وەک چۆمەکانی مەهاباد، گادەر، تەتەهوو و جەغەتوو و چەند ورده چۆمی دیکه.

ئەو شامانه گیا و ڕوەکی تایبەت به خۆی لێ دەڕوێ وەک قامیش یان گیای زەل، سێسوو، پێ‌چۆلەکه، جەگەن و سووراو، شۆڕه و سڵمۆکه، کلکەڕێوی و هەروەها بەهۆی هەبوونی ئەم گژوگیایانه باڵندەی زۆر ڕووی تێدەکا لەوانه قاز و سی کوێره، جوڕڕه، ڕەشبەشه، سوورەقورینگ، هەڵەتانج، کانوون، سۆنه و بۆره و زۆر مەلی دیکه. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەم باڵندانه بڕواننه پەڕتووکی فەرهەنگی باڵنده له نووسینی بەڕێز ئەحمەد بەحری.

شامی داشخانه ڕێک دەکەوێته پشت تیرەی ئەحمەدی که وەکی پێشتر باسی لێکرا که بۆ پێشگیری له شەپۆلەکانی ئاوی دەریاچه له ساڵی ۱۳۷۳ی هەتاوی لێدرا، بەرزی ئەو تیرەیه که خۆی وەک ڕێگایەک وایه که لەوێ کێشراوه وای کردووه که مرۆڤ بتوانێ وەک بنکەیەکی مەلڕوانی له وێڕا چاو له جیهانی هۆڤی ئەم شامه بکا. ئەگەر سرنجی پێ بدرێ و خزمەتی پێ بکرێ دەتوانێ وەک کانی بەرازان گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕاکێشێ.

شام وشەیەکی کوردییه واتا قامیش، وەکی دانەوێڵەی گەنمە شامیمان(گوڵەپێغەمبەره) هەیه که واتا گەنمێک که به قامیشەوەیه. ئەو قامیشەڵێن و جەگەنەی شامەکانی بەستێنی دەریاچه بۆ گوندەکانی دەوری دەریاچەکه گەلێک به قارانج بووه و بۆ داپۆشینی سەربانی ماڵەکانیان و ژووری نانی و گەوەڕەکانیان به شێوەی قامیش یان بۆریه کەڵکیان لێ وەرگرتووه.

ئەم ناوچەیه بۆ گەشتیاران و هۆگرانی سرووشت و هێمنی بیرەوەرییەکی خۆش پێک دێنێ چوونکه له هەراوهووریا و دەنگەدەنگی دەسکردەکانی مرۆڤ دووره و تەنیا دەنگی سرووشت و شنەی با و جریوەی مەل و هۆڕەی گامێش و مانگا و هێمنی سریوەی دێ.

 

* گەزجاڕی سەری گادەری

گەز دارێکی بێبەری سوێری دۆسته که له لێواری دەریاچەی ورمێ و زۆر شوێنان به چڕوپڕی دەبیندرێ. لەو جێگەیەی که چۆمی گادەر دەگاته دەریاچەی ورمێ و سوێری و شیرنی یەک دەگرن شوێنێکی باشه تا دار و دەوەنی گەز خۆ وەدەرخا. گەزجاڕی سەری گادەری له نێوان گوندەکانی داشخانه و گردەقیت و مەمێند هەڵکەوتووه. ئەو گەزجاڕه یان وەکی دانیشتوانی دەڵێن نێوگەزی ئەوێش هێلانەیەکی گەورەی سرووشته که جگه له باڵنده خنجیلانەکان لانی گیانلەبەرەکانی وەک بەراز، گورگ، ڕێوی، چەقەڵ، چوالوو و زۆر گەناوەری دیکەیه.

به هۆی هەبوونی ئاوی چۆمی گادەر و شینکه و شیناوەرد و چیمەنەڵێن و هەبوونی دارەگەز و دارەبی و ڕێگای هاتووچۆ، لەم چەند ساڵانەدا خەڵکی ئاوایی داشخانه و تاڕادەیەک شار و گوندەکانی دەوروبەری بۆ ڕۆژی ئاشت بوونەوه لەگەڵ سرووشت(سێزدەبەدەر) دەچنه سەری گادەری و ئەم ڕۆژه له پاڵ ئاوی گادەر و دارەگەزەکان و داوێنی کێوی سێ‌بەرده تێدەپەڕێنن.

له پاشەکی بابەتەکاندا وا باشه ئاماژه به چەند ورده خاڵی گەشتیاری بکردرێ که بایەخ و قورسایییان کەمتره یان هێشتا ئاوڕیان وێ نەدراونەتەوه یان خەریکن زیندوو ببنەوه. له مێژووی داشخانەدا واناسراوه که ئەو دێیه به گوندی کاڵەک یان خرچه نێودێر کراوه، گڕکەی داشخانه بەناوبانگ بووه که دەگەڕێتەوه بۆ پێش زریان و هەڵکشانی ئاوی دەریاچەی ورمێ. ئێستاکه ئەگەر کێشەی ئاو نەبێته وەرهەم به تێکڕایی خەڵکەکه دەیانهەوێ ئەم ناو و ناوبانگه و ئەم بەرهەمه زیندوو بکەنەوه و جگه له بواری ئابووری له بواری گەشتیاریش خۆ دەرخەنەوه. دیاره که ئەگەر شوێنێک به شتێکی تایبەتەوه بناسرێ خەڵکی زیاتر ڕووی تێدەکەن و بەرژەوەندی تایبەتیشی له دوویه. له داشخانەش وەک هەموو گوندەکانی کوردەواری کایه خۆماڵییەکان خەریکن ببووژێنەوه وەک مێشێن(هەڵماتێن) و جۆرابێن(گۆرەوی‌بازی)، گۆیێن و ... . یا نەریتەکانی سەری ساڵی نوێ و نەوڕۆز وەکوو حەلاوه مەلاوه و هەتەرێ و مەتەرێ.

 

له کۆتاییدا هەر شوێنێک که تایبەتمەندی هەیه و له‌خۆیڕا دەبینێ دەبی خۆی بناسێنێ و خۆی وەدەرخا، به پێی ویش له بەرژەوەندی و قازانجەکانیشی بێ‌بەش نابێ. له پەنای ئەم قازانجگەلەش ئەشێ گرینگی بدا به شوێنه بەرچاو و گەشتیارییەکانی. هەم خەڵکەکه و هەم کاربەدەستەکان خاوەنداری ئەم سامانانه بن و هەمیش گەشتیار و هۆگرەکان پارێزەر و پاکپارێزی باش بن.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد