تاريخ: ۱۴۰۳ چهارشنبه ۳۰ خرداد ساعت ۱۹:۵۴ بازدید: 581      نظرات: 0      کد مطلب: 23279

گەلۆ! شوکور "نوام چامسکی" ئێستا هەر زیندووە و جارێ نەمردووە!

لێدوان، ڕوونکردنەوە و وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە:
ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر



 

دوو ڕۆژە لێکدا لێکدا لەلایەن تاقمێکی زۆر و زەوەند و لەژمارنەهاتوو لە کاناڵەکان و پێگە هەواڵییە فارسییەکان و هەروەها بە چاولێکەریی لەوان، لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری کاناڵ و پێگە هەواڵییە کوردییەکانیش، ئەم هەواڵە دەستاودەستی پێ دەکرێ کە گوایە: "نوام چامسکیی مەزن کۆچی دوایی کردووە!". زۆرێک لە کاناڵ و پێگە هەواڵییە نیمچە‌پڕۆفێشناڵ و ناپڕۆفێشناڵە فارسییەکان و هەروەها دوابەدوای ئەوان، کاناڵ و پێگە هەواڵییە خۆجێییەکان، ئەو هەواڵەیان وەک هەواڵێکی نوێ و تازە و داغ، دووپاتە و چەندپاتە و فرەپاتە کردووتەوە و، تەنانەت تاقمێک لەوان داخ و کەسەری خۆیان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم بیرمەند و زمانناس و زانا و لێکۆڵەر و سیاسەتوان و فەیلەسووفە هەرەناودار و هەڵکەوتە و بلیمەتە دەربڕیوە!

بەڵام هاوژینی 95ساڵەی نوام چامسکی، "والێریا واسرمەن"، هەر لەم دوو سێ ڕۆژەدا، چەندین جاری ڕاگەیاندووە کە ئەم هەواڵە درۆیە و ئەمڕۆش(19ـی ژۆئەنـی2024/ 30ـی جۆزەردانی 1403) دیسان لەڕێگەی ئەم ئیمەیلەیەوە کە بۆ ئاژانسی هەواڵنێریی AFP ناردووە، چەندپاتەی کردەوە کە شوکر بۆخودای گەورە، نوام چامسکی 97ساڵە، ئێستا هەر زیندوویە و لەم چەند ڕۆژەدا لە نەخۆشخانەیەک لە "سەن پاوۆلۆ؛" لە وڵاتی "برازیل" مەرەخەس کراوە و بەهۆی باش‌بوون و سەقامگیربوون و جێگیربوونی ڕەوشی تەندروستییەکەی، چارەسەری تەندروستی لە ماڵەوە بۆ دەکرێ و هەر له ماڵەوە دەوا و دەرمانی دەدرێتێ.

ئەو ڕوونکردنەوانە هەروەها هەر ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی "فۆڵ‌ها سان پاوۆلۆ"ـش دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی کە، ئەم ژن و مێردە، نوام چامسکی 97ساڵە و هاوژینەکەی واتە "والێریا واسرمەن"ـی 95ساڵە، خانوویەکیشیان لە "سان پاوۆلۆ" هەیە و هەر ئێستا پڕۆسەی داو_دەرمان‌کردنی چامسکی لەم خانوویەدا بەڕێوەدەچێ.

هەروەها دائیرەی پێوەندییە گشتییەکانی نەخۆشخانەی"بێنێفیسێنشا پۆڕتێگسا هاسپیتاڵ" لە "سەن پاوۆلۆ" ڕایگەیاندووە کە باری تەندروستیی چامسکی باش و سەقامگیر و  جێگیرە، هەر بۆیە لە بیمارستان مەرەخەسمان کردووە و ناردوومانەتەوە ماڵێ تا لە ماڵێ چارەسەری تەندروستی بۆ بکرێ و پڕۆسەی دەواودەرمانی بۆ بەڕێوەبچێ.

ڕۆژنامەی ناوبراو هەروەها بۆ ڕوونکردنەوە و ئاگاداری پتر ڕایگەیاندووە کە: چامسکی لە پارەکەوە و دوای جەڵتەی مێشک، لای ڕاستی لەشی لەکار کەوتووە و لە باری ئاخاوتنیشەوە تووشی گرفت بووە.

چامسکی لە هەر لە پەنجاکانی زایینی‌یەوە و دوابەدوای شۆڕشە مەزنە زمانەوانییەکەی، ناو و ناوبانگی لە چوارقوڕنەی دونیادا بڵاوبۆوە. ئەم بلیمەتە هەتا ئێستا 150 کتێب( کە 100 کتێبییان لەبابەت ڕۆژهەڵاتی ناوین و بابەتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتین) و پتر لە هەزار وتاری لە بابەتی جیاجیای زانستی، زمانەوانی، دەروونناسی، فەلسەفی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ژێئۆپۆلێتیک ، "ناس-زانیاری"[=cognitive] و...لێ بڵابۆتەوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد