تاريخ: ۱۴۰۳ پنج شنبه ۲۰ ارديبهشت ساعت ۱۷:۲۰ | بازدید: 1152 نظرات: 0 کد مطلب: 23044 |
بە پێی هەواڵی هاژە، دۆینێ ئێوارەی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ی کوردی جێژنی کۆتایی ھاتنی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە هەولێر بە بەشداری نووسەران و توێژەران و خەم خۆرانی زمانی کوردی بەڕێوە چوو.
لەسەرەتای مەڕاسیمەکەدا دوکتور سالار عوسمان بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دێموکراتی کوردستان سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی بۆ حەول و تەقەلای چارەگە سەدەیەکی بەڕێز سەلاح پایانیانی دەربڕی و گووتی: فەرهەنگی زارەکیی موکریان فەرهەنگێکی زیندوویە. لێرەدایە کە وشە، پەیف و زمان دنیا و فەلسەفەی گەلی زیندوو بەرهەم دەهێندرێت.
سالار لەدرێژەدا گووتی: بنەماڵە و میدیایی کوردی لە هەمبەر زمانی کوردی بەرەو داڕمان دەڕوات و پێویستە ئاگاهانەتر و و قوڵتر لەم پرسە بڕواندرێت.
کاروان عەبدوڵڵا ، بەرپرسی دەزگای موکریانی گووتی: فەرهەنگی زارەکیی موکریان ئیشێکی هەرەوەزییە کە سەلاح پایانیانی بە تاقی تەنیا شانی وەبەر داوە کە زمانی دایە پیران و باپیرانمان بۆ دەپارێزێت. ئەم بەرهەمە دۆینێ و ئەمڕۆ لێک گرێ دەداتەوە.
ناوبراو لەسەر گرێبەستی چاپ و بڵاو بوونەوەی ئەم بەرهەمە دەڵێت: بە ماوەی ٧ ساڵ گرێبەست لەگەڵ سەلاح پایانیانی بەستراوە و ٢١ بەرگەکە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
سەلاح پایانیانی دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان وێڕای سپاس و پێزانین بۆ کارگێڕانی دەزگای موکریانی، لەسەر ئەم پڕۆژەیە گوتی: بە پێی ئەوەی کە زمان و فەرهەنگ وەکوو هەوێن و سەرەکیترین ئامرازی بەردەوامیی کۆمەڵگەکان خسڵەت و تایبەتیی دینامیکیان هەیە و بەردەوام لە گۆڕان دان و ئاخێوەرانی هەموو زمانێک فۆڕمی نوێی فەرهەنگی و تەعابیری نوێ بەرهەم دێنن و مانای تازە بە بەر وشە و تەعابیرە کۆنەکاندا دەکەن، پێویستە بەردەوام فەرهەنگەکان چاپ بکرێنەوە. بەداخەوە فەرهەنگی وشەی ئێمە کە چاپ دەکرێن ئیدی خۆیان لێ بێ ساحەب دەکرێ. هەر بۆیە فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەیارمەتی بڵاوکەرەوەی دەزگای موکریانی خەریکی نوێ بوونەوەیە.
پایانیانی لە درێژەدا گووتی: دەبێ بنەمای فەرهەنگنووسی لەسەر زانستی زمانناسی دابڕێژین کارێک کە ئەرکەکەی بە مامۆستا عهزیز ئالی ئەسپێردراوە.
لە میانەی مەڕاسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەسەر فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەرهەمهێنانی کەناڵی K24 و دیبەیتێکی دیکۆمێنتاری بەناوی «تەمەنێک پڕ لە داهێنان» لە ئامادەکردنی Ktv بە بەشداری نووسەران و زمانناسان بڵاو کرایەوە
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لۆحی ڕێزلێنان بە سەلاح پایانیانی و لەیلا نوورانی و ساماڵ ئەحمەدی بەخشرا.
شایانی ئاماژەیە فەرهەنگی زارەکیی موکریان ، لە ٢١ بەرگ پێکهاتووە کە ١۵ بەرگ لەسەر فەرهەنگی زارەکیی و ٦ بەرگی تر لەسەر منداڵان، چێشت، کشت و کاڵ، خشڵ و خاڵ و .. پێک ھاتووە.
|