تاريخ: ۱۴۰۳ جمعه ۱۴ ارديبهشت ساعت ۱۴:۵۴ بازدید: 502      نظرات: 0      کد مطلب: 22996

ڕوخساری ژنێك كە 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە كوردستان ژیاوە دروست کرایەوە


تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپول وێنەی ڕوخساری ژنێکی 40 ساڵەی نیاندەرتاڵ-یان دروستكردەوە، كە بەپێی مەزەندەکان نزیکەی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە.
ئێسکی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە كە لە ساڵی 2018دا دۆزراوەتەوە بە (شانەدەر Z) ناونراوە. 
تیمەکە توانییان لەڕێی کۆکردنەوەی 200 پارچە ئێسکەوە، کەللـەسەری دروستبکەنەوە، ئەم كارەشیان نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە.
لە کاتی دۆزینەوەی ئێسکەکەدا نەتوانرا ڕەگەزەکەی دیاری بکرێت، بەڵام دوای پشکنینی ورد و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ، لەڕێی پڕۆتینەکانی ناو مینای ددانیەوە تیمەكە توانییان رەگەزەکەی دەستنیشان بکەن.
هاوکات لەڕێی پێوانی درێژی و تیرەی ئێسکی قۆڵی و بەراوردکردنی بە مرۆڤی شارستانیی ئەم سەردەمە، باڵای ژنە نیاندەرتاڵەکە بە مەتر و نیوێک خەمڵێندراوە.
خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی ئێسكی نیاندەرتاڵەكەوە دەڵێت، پێش 75 هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان ژیاوە و هەر لەوێش مردووە و نێژراوە. لەسەرلا نێژراوە و دەستی چەپی بەملیەوە ئاڵێنراوە، بەردێکیش وەک سەرین خراوەتە ژێر سەرییەوە. 
ئەوەشی وت، زاناکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە ژنە نیاندەرتاڵەكە دەموچاوێکی پان و بەرین و برۆیەکی ئەستووری هەبووە و لەسەر ئەم بنەمایە، وێناکراوە. 
باس لەوەشدەكات، نیاندەرتاڵەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 300 هەزار ساڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیا ژیاون. دوای ئەوەی مرۆڤی نوێ (هۆمۆ-ساپیانز)، پێش نزیکەی 70 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە دەگەنە ئەوروپا، بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ بەریەککەوتن و پێکەوە ژیان لە نێوان هەردوو جۆرەکەی مرۆڤدا، واتە نیاندەرتاڵ و مرۆڤی نوێدا هەبووە. پێش نزیکە 35 هەزار ساڵ نیاندەرتاڵەکان بەتەواوەتی لەناودەچن و نامێنن. 
خالد سلێمان ڕوونیشیدەكاتەوە، کوردستان یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە لانکەی نیاندەرتاڵەکان بووە و ساڵانی پەنجاکانی ڕابردوو بۆ یەکەمجار ئێسک و پروسکیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دۆزراوەتەوە.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد