لە ڕووداوە گرینگەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ناوچەی موکریان، کە کاریگەری زۆری لەسەر شێوەڕوانینی شارۆمەندانی شاری مەهاباد و تەنانەت شارەکانی دەوروبەر هەبووە، بەڕێوبردنی سەمپۆزیۆمی پەیکەرەسازییە. ئەو سەمپۆزیۆمە بە چەند هۆکار جێگای سەرنج و تێڕوانینە؛ یەکەم: لە پاش چەند ساڵ بێدەنگی کولتووری لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕاچڵەکانێک بوو بۆ هەموو هۆگران و هونەرمەندان و نووسەران و شاعیرانی ئەم ناوچەیە، کارێکی هێندە جیدی و دەوامەدار، کە دەتوانێ لەسەر ڕوانینی خەڵکی کاریگەری هەبێ. بابەتی دووەم: بەڕێوەچوونی ئەو سەمپۆزیۆمە لەسەر دەستی هونەرمەندانی ناوداری ئەو بوارە بایخێکی دیکە بەو سەمپۆزیۆمە دەدا و لە بەرنامەیەکی فۆرماڵ و ئاسایی جودای دەکاتەوە. لە هونەرمەندانی بەشدار بوو لەو سامپۆزیۆمە لانیکەم سێ کەسیان لە ناسراوترین پەیکەرسازانی کوردن. مامۆستا هادی زیائەدینی، مامۆستا مێهدی زیائەدینی و مامۆستا بەشیری ناسری ئەو کەسانەن بە ناو و بەرهەمی کەم وێنەیانەوە بە گوتەی خودی کاک هادی "لە جیهان دا -کە لای ئەوان کوردستانە- دەنگیان داوەسەوە". لە نێو ئەوانەشدا هادی زیائەدینی جودا لەوەی کە خوێندنی باڵای لە بواری نیگارکێشی و پەیکەرسازی لە باشترین زانکۆی ئێران تەواو کردووە، بەرهەمە هونەرییەکانی لە بواری پەیکەرسازیشدا نە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکانی ئێران و لە زۆر یەک لە وڵاتانی جیهان ناسراون و لە شوێنە گشتییەکان داندراون. واتە سەمپۆزیۆمێک بە بەشداری و پێشەنگی یەکێک لە گەورەترین پەیکەرسازانی کورد بەڕێوە دەچێ. زیائەدینی خاوەن گوتار و شێواز و نەریتێکە لە هونەر و پەیکەرسازیدا و لە دەیەکانی رابردوو دا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ڕوانگەی "ئەوی تر" بۆ هونەری کوردی و بە تایبەت بۆ بواری پەیکەرسازی هەبێ. ڕاستی ئەو گوتەیەش لە سەردانی ساڵانەی سەدان و بگرە هەزاران گەشتیاری ناوچە جیاکانی ئێران لە کارگەی هونەری هادی زیادینی دا دەردەکەوێ. هەر لەو کارگەیەدا هاوکاران و هاوبیرانی زیائەدینی واتە مێهدی زیائەدینی و بەشیری ناسریش، ساڵیانێکە خەریکی سازکردن و تاشینی پەیکەرەن. ئەوان لە کەشیک دا بەرهەم دەخوڵقێنن کە جیهانی زەینی و هێمایی مرۆڤی کوردە. لەو جیهانە زیهنییەی کە هەموو ئینسانی کورد خەونی پێوە دەبینێ و دەرخەری شکۆی ئەو بایخانەیە کە ئینسانی کورد پێی پایبەندە. ئەوڕۆ ئەگەر لە هەولێر پەیکەرەی مەستوورەی کوردستانی بە شان و شەوکەتەوە، شان لە شانی پەیکەرەی شاژنەکانی ڕۆم و یۆنان دەدا، ئەگەر لەمەهاباد پەیکەرەی هەژار و هێمن باڵا بە باڵای پەیکەرەی پەیکەرەکانی یۆنانی کەونارا دەگرن و شکۆی کەسایتییە کولتوورییەکانمان بۆ دەردەخەن، ئەمڕۆ ئەگەر لە سلێمانی پەیکەرەی شێخ مەحموود بیرهێنەرەوەی داگیرساندنی ئاورێکی تا هەتایی لە زەین و زمانی مرۆڤی کورد دایە و... دەیان و سەدان کاری دیکەی ئەو هونەرمەندانە، سەلماندوویەتی کە کورد لەو بوارەدا شوناس خواز و شوناس ساز و خاوەن پێگە و پلەیە.
لە لایەکی دیکەوە شاری مەهاباد وەک ناوەندێکی کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی گرینگی کورد، لە چوار سەد ساڵ لەمەڵ بەرەوە پێشەنگایەتی شێوەڕوانینێکی کردووە کە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی کوردستان هەبووە. ئەگەر بۆ نیوی مەهاباد لە سەرچاوە گرینگە ئەدەبی و مێژوویی و سیاسییەکاندا بگەڕێین ئەوە لە نووسەرانی مێژوویی و سیاسی نووسی وەک ئیگڵتۆن، کۆچێرا، ئۆبالاس، ئابڕاهامیان، برۆین سین و ...وە بگرە تا براوەی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبی سەلیم بەرەکات دا دەیبینینەوە. درەوشانەوەی ناوی مەهاباد دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێگەی ئەو شارە گرینگ و چارەنووساز و ڕێ نیشاندەر بووە. لە پەیامێکدا کە مامۆستا سەلاحی پایانیانی لەسەر سەمپۆزیۆمی پەیکەرەسازی و کارە فەرهەنگەکانی مەهاباد دابڵاوی کردەوە، ڕاستییەکی نومادین شاراوەیە. مامۆستا سەلاح لەو پەیامەدا باس لەوە دەکا کە شاری مەهاباد جودا لەوەی کە شارێکی خاوەن گوتار و خاوەن پێگە و جێگەیە، شارێکیشە بۆتە یەکێک لە جەمسەرە گرینگەکانی گەشتیاری کلتووری و هونەری و ئەو ڕاستییەش لە سازکردنی مووزەی مامۆستا هێمنەوە کە ڕۆژانە دڵسۆزان و خۆشەویستان و ئەدەب و هونەر دۆستانی کورد ڕووی تێدەکەن تا گۆڕستانی ناودارانی کورد و ئاسەواری مێژوویی کە گرنگیان پێ دەدرێ و سەر لە نوێ ساز دەکرێنەوە خۆ دەردەخا. کۆی ئەو کارانە لە پەنای بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی کۆنگرەکانی رێزلێنان و رەخنە و توێژینەوەی بەرهەمەکانی مامۆستایان هێمن و هەژار و فستیوالەکانی چیرۆکی هاژە و... سەلمێنەری ئەوەن لە شاری مەهاباد بەردەوام جوولەیەکی ئاگایانە لە ئارادایە و ئەو دوایین رووداوە گرینگەش واتە سەمپۆزیۆمی پەیکەرەسازی، هەمووانی جارایکی دیکە وەخۆ هێناوە.وەخۆهێنانەوەیەک کە کاتی نییە.
بەڕێوەبردنی سەمپۆزیۆمێکی دە ڕۆژە، بە دەستی هونەرمەندانی گەورەی کورد و سەردانی هەزاران لایەنگری ئەدەب و هونەر و کەسایەتییە کوردەکان لەو سەمپۆزیۆمەدا، دڵنیام لە ئێستا و لە داهاتووشدا ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی دەبێ. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو چەشنە رووداوانە کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ و لاوان و منداڵان و میرمنداڵانیش دادەنێ و نەوەیەک بەرەو هونەر و داهێنان هان دەدا. هەر بۆیە بۆ ئێمەمانان کە هۆگری ئەو بوارەین جێی دڵخۆشییە و دەست خۆشی لە بەڕێوەبەران و مامۆستایانێک دەکەین کە کەشی هونەری شاری مەهابادیان بۆ ماوەی دە ڕۆژ بە زیندووییەکی لە وەسف نەهاتووە ڕاگرت. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بە رۆڵی ناوەندی هەواڵدەری هاژەش بکرێ کە لە ساڵانی رابردوودا نموونەی راگەیندکاری بە ئەخلاق و پڕۆفیشناڵ بوون و هەموو جووڵە گرینگەکانی کولتووری کورداستان و بەتایبەت مەهابادیان بەئاگاداری خەڵکی کورد گەیاندووە و لەو سەمپۆزیۆمەش دا ئەرکێکی زۆریان لەسەر شان بووە.