تاريخ: ۱۴۰۳ سه شنبه ۴ ارديبهشت ساعت ۱۲:۵۷ بازدید: 356      نظرات: 0      کد مطلب: 22957
پەلەقاژەی مانەوە

کرێی زۆر و داهاتی کەمی دووکاندارانی مەهابادی

ڕێبوار عەجەمی


 خەڵکی مەهاباد زیاتر خەڵکێکی بەڕۆژ و بە پێی مۆدی ڕۆژ ئاڵووگۆڕی کەرەسە و شتومەک و نێوماڵ و پێ ڕاگەیشتن دەکەن و مەهاباد لە جیاتی ئەوەی کە بە پیشە و ئیشێکەوە بناسرێت زیاتر بە مۆبڵمانی نێو شار و شێوازی مەسرەفگەراییەکەی دەناسرێت.

بەداخەوە مەهاباد لە بواری ژێرخانی ئابوورییەوە نە دەوڵەت و نە کەرتی تایبەت ئاوڕێکی ئەوتۆیان لێنەداوەتەوە، ئەگەر پرۆژەی پێترۆکیمیایی مەهاباد بۆ دەوڵەت و کێڵگەی پەروەردەکردنی مریشک و لێدانی ساردخانە و سازکردنی مۆبڵ بۆ کەرتی تایبەت دانێین، ئیدی پڕۆژەیەکی بەهێزی ئیش کردن لەم شارە نابینی.

بەڵام لەم بەینەدا دوو ئیش هەن کە یەکیان بە شێوەی وەرزی و یەکێکی تریان بە شێوەی چوار وەرز خەڵکی ئەم مەڵبەندە پێیەوە خەریکە، هەوەڵینیان ئیشی کشت و کاڵ و باخداریی و دووهەمینیان ئیشی بازاڕ و دووکاندارییە.

لەم بەینەدا هەر کە جێژنەی بێڵندانە کرا و وەروەرە هەڵگیرایەوە، گوێسوانەی کرێ گرتەش یەک مانگ پێش گرتنەوەی قرچەی لێدێت، و لە تاوی گرێبەستی خانوو و دووکان دانەوە و نەدانەوەدا دڵە خورپە دایدەگرێت.

ئەمساڵ بە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوەسان و گران بوونی چەند قاتی گشت شتێک، نرخی کرێش لەم ڕەوتە بێبەش نەبووە و هەر کەس بە دڵی خۆی ئەسپی خۆی لینگ دەدات و کرێ و پێش کرێ دوو تا سێ بەرابەر لەحاڵی گران بوون دایە یان گران بووە.

لە دۆخی بازاڕی ئێستادا کە لەم پەڕی داڕمان دایە و بە هۆی نەبوونی داهاتی باش زۆربەی خەڵک لەسەر بەشی خواردن و خۆراک ساغ بۆتەوە و کڕینی شتی دیکە، کە لە ئێستادا زۆر پێویست نییە بۆ کاتێکی دیکە وەدوا دەدات.

لەم چەند مانگەدا نرخی کرێ و پێش کرێی خانوو و دووکان لە مەهاباد دوو تا بۆ چوار قات بە پێی ئەم دۆخە نائاساییە زیادی کردووە، کە کرێگرتە بەهۆی نەبوونی بازار و چوونە سەری تێچووی بەڕێوەچوونی ژیان هەر خەریکی پەلەقاژەی مانەوەیە. لەئێستادا ئەگەر وەک هەستێکی مرۆڤێی لەسەر ئەم ڕەوتە ئاگامان لێکتر نەبێ دەبێ چاوەڕوانی لێکەوتەکانی بین. بە کوردی و بە کورتی ئەگەر سێحەب دووکان هەر لەفکری خۆی دابێ و دووکانداریش لەسەر ئەم شێوازە بازاڕە بێ دەبێ بەرەو چۆلەواری هەپەڕوون بڕۆین.

ئێستا دابێکی کە لەم بەینەدا هاتۆتە ئاراوە کە سێحەب مڵک گشت پارەی ١٢ مانگی ئەم ساڵەی کرێ گرتەی دەوێت و دەفەرمێت ماڵی خۆمە و بە ئەوەندی دەیدەم، پێت خۆشە تێیدابە و ئەگەر پێت خۆش نییە، خوات لەگەڵ ، بۆم چۆل کە مشتەرییم هەیە.

لەم بەینەدا چلۆن دەوڵەت بە گران کردنی دۆلار خەریکە کەسری بودجەی ساڵانەی قەرەبوو دەکاتەوە، کاکی سێحەب مڵک / خانوو / دووکانیش بە وەرگرتنی کرێی لەسەر یەک دەیهەوێت شتێک بەم بڕە پارەیە بکڕێت و دەزانێ بۆ مانگەکانی داهاتوو تمەنی چوار تمەن لە قازانجە و ئەم بڕە پارەیەی کە وەریگرتووە چەند  بەرابەر دەبێت، بێجگە لە چوونە سەری نرخی دووکان و ماڵەکەی بە پێی هەڵاوەسان کە ئەوە هەر لە جێگای خۆی دەبێت، لەحاڵێکدا کرێگرتەکەش بە پێی دۆخی ژیان و بازاڕ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە داڕمان دایە و ئەگەر خۆ دەرهاویشتنی ئەرک و بەرپرسایەتی سێحەب دووکان بەدوادا بێ ، دەبێ چاوەڕێی لێکەوتەی نێگەتیڤ بین.

لەم لاشەوە شایەد ئەو کرێگرتەیە کاسپیەکەی لەم دووکاندا سەری نەگرێ ، بۆی هەڵنەسووڕێ یان خود جێگایەکی باشتری لەم جێگایەدا وەگیر کەوتبێ، تۆی سێحەب خانوو / دووکاندار لەئێستادا کە پووڵی کرێ و پێش کرێی ئەوت لە شوێنێک نواندووە و فلست پێ نییە بیدەیەوە، ئەوجار تۆ سواری سەری دەبی و دەڵێی: من دووکانم بە ماوەی ساڵێک داوێی، کەیفی خۆتە تێیدا دەبی، دایدەخێی، یان بە کەسێکی دیکە بە کرێی دەدەیەوە، من بە پێی گرێبەست لەگەڵت دەدوێم و دەچمە پێش.... کە ئەم هەڵسووکەوتە تەواو چەوساندنەوەیە.

ئەمە دۆخی بازاڕی مەهابادە، کە هێندێک لایەن و کەس لەسەر شێوازی گران کردنی کرێ و چلۆن دانی کرێ هەموو لەگەڵ یەک هەماهەنگن و لەدمی یەک تفیون و ئەوەی لێرەشدا دەمێنێتەوە

ڕیزی کرێگرتانە کە هیچیان بۆ ناچێتە سەر و ئەوەی سێحەب دووکان / خانوو خەریکی بەرژەوەندی و گیرفانی خۆی بە پێی فرت و فێڵی بازاڕە، لێرەدا ئەدەبیاتی «ئابووری بەرگری» بۆ کرێ چیان و «ئابووری ڕووتاندنەوە» بۆ خەڵک و دووکاندران لە ئارا دایە.

لێرەدایە ئێمە لەهەمبەر بەرژەوەندی خۆمان کەسمان بۆ گرینگ نییە و تۆ هەموو کارێک دەکەیت لەحاڵێکدا ئەوەی بۆت گرینگ نییە دۆخی کرێگرتەکەتە، شایەد بگووترێ شت چەند بەرابەر بووە، ئەدی نابێ شتی من گران بێت؟ ئەدی باشە ئەو شتە بۆ کابرای کرێ گرتە گران نەبووە!؟ بۆ ئەو لەجیات تۆ خۆ لە دونیایەکی دیکە ژیان ناکات. بەداخەوە دەوڵەت لە هیچ یەک لە پڕۆژەکانی سازکردنی خانوو (مسکن ملی) یان ماڵیات بۆ ئەو خانووانەی کە خاڵین سەرکەوتوو نەبووە و بێجگە لە نزم بوونی ئاستی خەڵک کەم داهات و مامناوەند هیچی دیکەی لێ شین نەبووە. لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی چاوەدێری پێویست لەلایەن بەرپرسان و یەکێتیی بۆنگاداران کە بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم ئەوانیش لەم گران کردنەدا لە دنەدانی سێحەب خانوو و دووکانداردا بەم نرخە نامەعقوڵانەدا دەستیان هەیە و بە هەر چەندێکی بێ لەبەر کۆمیسیۆنی چەند لەسەدی خۆیان زیادی دەکەن.

بە گشتی دانانی ئەم نرخانە لەگەڵ هیچ عەقڵ و مەنتیق و عۆرفێک یەکتر ناگرێتەوە کە لێکەوتەکانی ئەم کارە جگە لە شێواندنی ژیانی بنەماڵەکان و لێکدابڕان و هەڵاواردن و ئاوارەیی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان نێو بنەماڵە و تاک هیچی دیکەی لێ شین نابێتەوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد