عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادە(1280، مەهاباد_2ـی ڕەزبەری 1359، تەورێز)
عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی زادە، کوڕی عەللامە مەلا محەممەد حوسێن و خاتوو ڕازیە عیسازادە و نەوەی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی، زانای هەرە ناوداری کورد، لە ساڵی 1280ـی کۆچی هەتاوی لە گەڕەکی ڕەزگەیانی مەهاباد لەدایک بووە.
لە تەمەنی 6سالی ڕا هەتا تەمەنی 22ساڵی لە خزمەت براگەورەکەی عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی وانەکانی سەرجەم زانستە ئیسلامی و ئەدەبییە سەرەتایی و ناوەندی و کۆتاییەکانی وەک: تەجوید و سەرف و نەحو و مەعانی و بەیان و بەدیع و فیقهوللوغە و عەرووز و قافیە و ئوسوولی فیقهـ و فیقهـ و کەلام و فەلسەفە و حیکمەت و هەیئەت و نوجووم و ڕیازییاتی عالی و ئاداب و وەزع و حەدیس و تەفسیر و عولومولقوڕئان و وێژە و شێعری عەڕەبی، دەخوێنێ و بە هۆی ئەم مامۆستا ڕووناکبیر و بلیمەتەیەوە، لە ڕێگەی ئەم کتێب و پەڕتووک و گۆڤار و ڕۆژنامانەی وا لە وڵاتی میسرەوە بۆ ئەم براگەورەیەی و بۆ ئەم مامۆستایەی دەهات، دەگەڵ بیرمەندان و فەیلەسووفانی گەورەی دونیای ئیسلام و بەتایبەت وڵاتی میسر ئاشنایەتییەکی قووڵ پەیدا دەکا. هەروەها لە خزمەت عەللامە مەلا عەبدوڕڕەحمانی ساوجبڵاغی(مەلای گەورە) و میرزا عەلی قازی ماوەیەک فەقێ دەبێ و لەخزمەت هەر سێک مامۆستاکەی مۆڵەتی ئیفتا و تەدریس و ئیجتیهاد وەردەگرێ.
لە ساڵی 1302ڕا هەتا 1315 لە مەهاباد و لە مزگەوتی حاجی سەید بایەزید و مەدرەسەی ناسرییەی سەر بەو مزگەوتە، هاوڕێ لەگەڵ براگەورە و مامۆستاکەی، عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی وانەکانی عولوومی ئیسلامی و ئەدەبی دەڵێتەوە. مامۆستا خاڵەمێن، شاعیری ناسراوی کورد و مامۆستا سەید محەممەدی حەمیدی، سەرنووسەر و ڕۆژنامەوانی پێشەنگ و ڕووناکبیر، لەم سەردەمەدا لە خزمەت عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادەدا فەقێ دەبن و تا کۆتایی ژیانیان شوێندانەریی بیر و هزر و پەروەردەی مامۆستاکەیان لە سەر ئاکار و بیر و هزر و چالاکییەکانیان بەرچاو و دیار دەمێنێتەوە. هەروەها لەم ماوەیەدا، عەللامە تورجانیزادە، لە یانەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد کە تازە دامەزرابوو، وەک مامۆستای دەرسوێژ و بەچەشنی ئیفتیخاری و غەیرەڕەسمی، دەرسی دەکوتەوە و وەک یەکێک لە بنیاتنەرانی ئامووزش و پەروەریشی مەهاباد لە مێژووی پەروەردەی ئەم ناوچەیەدا، شوێن پەنجەی بەرچاو و دیارە.
عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادە، دوای ئەم ماوەیە، لەساڵی 1315 هەتا 1326 لە وەزارەتی فەرهەنگ وەک "خطیب سیّارِ وزارتی" و وەک نووسەری کتێبی دەرسیی دەبیرستانەکانی ئێران، لە وەزارەتخانە و هەروەها لە شارەکانی ورمێ و مەشهەد و تەورێز سەرقاڵی خزمەتی فەرهەنگی و زانستی دەبێ.
ساڵی 1326 هاوکات لەگەڵ بنیاتنانی زانستگای تەورێز، وەک یەکێک لە بنیاتنەرانی سەرەکیی ئەم زانستگایە، هاوڕێ لەگەڵ دوکتۆر عەبدوڕڕەسووڵ خەیامپوور، دانیشگای تەورێزیان دامەزراند و هەر لەم ساڵەوە تا ساڵی 1351 وەک مامۆستایەکی بلیمەت و هەڵکەوتە و زانا و بێهاوتا وانەکانی ئەدەبی فارسی و عەڕەبی و فەلسەفە و حیکمەتی لەم زانستگایە گوتووەتەوە و زانایی و توانایی و لێهاتوویی و پسپۆڕی و شارەزایی لەڕادەبەدری ئەو لە سەرجەم زانستە ئەدەبییەکان و لە فەلسەفە و حیکمەت و فارسی و عەڕەبی و هەروەها مرخی شاعیرێتی و زمانپاراوای و وتاروێژی و وێژاوەریی ئەم زاتە، بۆتە هۆی سەرسامی و موعجیببوونی تێکڕای خوێندکاران و مامۆستایانی ئەم زانستگا گەورە و نێوبەدەرەوەیە، تا ئەو جێگایەی کە شەهریاری شاعیری گەورەی سەردەم بە زمانی شێعر بە مامۆستا تورجانیزادە دا هەڵدەڵێ و بە شاعیر و زانا و ئەدیبێکی بێهاوتا ناوی لێ دەبا.
ساڵی 1351ـی هەتاوی مامۆستا تورجانیزادە بە پلەی "استاد ممتاز"، هەڵدەبژێردرێ، کە پلەیەک لە "استاد تمام"(=پروفسوری) سەرووترە و ئێستا به هۆی نەمانی کەڵە زانایانی لە چەشنی تورجانی زادە و فڕووزانفەر و مەلیکوشوعەڕای بەهار و ....ئەم پلەیە لە سیستەمی هەڵسەنگاندنی پلە و پایەی زانستیی مامۆستایانی زانستگاکانی ئێراندا هەڵگێراوە و نەماوە.
سەرەنجام لە ڕۆژی چوارشەممە، 2ـی ڕەزبەری ساڵی 1359ـی هەتاوی عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی زادە، لە نێوان پەژارەی کۆڕی دۆستان و یاران و قوتابیان و هاوڕێیان و مریدانی، لە تەورێز و لە تەمەنی 79ساڵی دا و لە کاتێکدا کە تاقمێک لە کتێبەکانی کتێبخانەکەی لەباوەش گرتبوو و بۆیان دەگریا کە تازە چاوی بە کتێبەکان و بە کتێبخانە پیرۆز و مەزنەکەی ناکەوێتەوە، چاوی لێکنا و بەرەو دونیا هەرماو گەڕایەوە و لە گۆڕستانی وادی ڕەحمەت ئەسپەردەی خاک کرا.
تورجانی زادە، شاعیرێکی هەرە زانا و توانا و زمانپاراو و خاوەندەسەڵات بووە و دیوانی شیعره فارسییەکانی لە ساڵی 1395ـی هەتاویدا چاپ و بڵاو بۆتەوە و لە سەرجەم ناوچەی موکریاندا شاعیری ئاوا زمانپاراو و زانا و توانا و خاوەندەسەڵات لە شیعری فارسیدا نابیندرێ و شاعیرێکی بێهاوتای شێعری فارسییە لە مێژووی سەدساڵەی ئەدەبیی ئەم ناوچەیەدا.
عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادە، جیا له دیوانی شێعر، 25 بەرهەمی دیکەی هەیە کە 10 بەرهەمی لە شێوازی کتێبدا چاپ و بڵاوبۆتەوە کە ناودارترینی ئەم ئاسەوارانە بریتین له :"شرح معلقات سبع"، "تفسیر جزعم و شگفتیهای آفرینش"،"تاریخ ادبیات عرب".
هەروەها سەرجەم وتارە زانستی و لێکۆڵینەوەییکانی فارسیی تورجانی زادە، لە لایەن ڕێزدار محەممەد عەبدولی کۆکراوەتەوە و لە لایەن "نشرمیراث مانا "، تا ئێستا 3 جار چاپ و بڵاو بۆتەوە کە هەرکام لەم وتارانە خۆیان شاکارێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیی لەئەژمار دێن.