تاريخ: ۱۴۰۳ يکشنبه ۱۹ فروردين ساعت ۱۶:۰ | بازدید: 1075 نظرات: 0 کد مطلب: 22864 |
دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده
زستان ڕابرد و سه‌ربورده‌ی سه‌رما و سۆڵه‌ی وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان، په‌ڕه‌ی په‌ڕتووکی به‌فر و بۆرانی چلوان(دوو چله‌گه‌وره و چووکه‌ڵه)ی هه‌ڵدایه‌وه و له وێستگه‌ی سێ‌ڕۆژه‌ی زوقم و زه‌لان و زووخاوهه‌ڵهێنانی زه‌مهه‌ریر خاتوونه‌وه
به‌ره‌و سیپاره‌ی سێ‌شه‌شی هه‌یاسان په‌ڕییه‌وه.
«سێ شه‌ش و سێ چوار، له‌دوادا بوهار
شه‌شی بایه و شه‌شی بۆرانه، شه‌شی سێبه‌ری ژێر دارانه!»
(فۆلکلۆر)
سه‌رمای سه‌هه‌نده، ته‌زووی تیژی به‌سته‌ڵه‌کی به‌فرانبار و شووره‌ی شه‌خته‌به‌ندانی ڕێبه‌ندان، له شنیانی سروه و سرته‌ی ڕه‌شانگی ڕه‌شه‌مێدا شلک و خاو بوونه‌وه و باب و باندۆریان بڕایه‌وه. شه‌خته‌ی دڵی شێخاڵی کاوان و گه‌رداڵی هه‌ورازان له‌ژێر باڕشتی به‌فره‌خۆرکه و په‌پووله‌باران، به‌شێنه‌یی شل‌وشوێر بوونه‌وه و له شۆڕابه‌ی شه‌تاوی به‌فراواندا زه‌نگوڵ‌زه‌نگوڵ و تنۆک‌تنۆک ڕژانه نێو ڕێژاوگه‌ی سۆڵاڤ و تاڤگه و قه‌ڵبه‌زان.
«وەفراوان هۆرزا، شەتاوان ماڵا وەفر لانسار بەردەن وە باڵا
نەورۆزگوڵ کریاش تاسەی سەراوان بەڕەزا نەپای ڕێزەی وەفراوان»
(بێسارانی)
هه‌ناسه‌ی سریوه و بای بسکان، ته‌وژمی زریان و زه‌لانی به‌ره‌و زندۆڵان و به‌رزاییه‌کان هه‌ڵنا و له‌نیا و پرشنگی ئاوی هه‌ڵدێرانی، دانگه‌ڕێزه، به‌ره‌و جۆگه و ڕه‌ندۆڵانی بناران و پێده‌شتان دابه‌زاند. شه‌تاو و به‌فراوی دوند و شاخان، کارێز و کانیاوه‌کانی هه‌ڵقوڵاند و ئه‌ستێرک و ئاوزێڵه‌کانی به ئاوی ڕوون و ڕه‌وانی سه‌رکاوان تێر و ته‌ژی کرد. شلوێ و زه‌پۆشه‌ئاوی چیاوی چیاوان به‌خوڕ به‌ربوونه‌وه ناو دڵی بوومدڕ و ڕه‌هۆڵان و هه‌موو کونج و که‌لێن و قوڵکه و که‌نده‌ڵانیان سه‌رڕێژ و پاراو کرد.
«ئەوا هات مانگی خۆشی خاکەلێوە نەما سەرما و بۆران و کڕێوە
پەڵە‌ی ڕەش کەوتە کوێستانی وڵاتمان بە با و باران و لەنگێزە و شڵێوە»
(هێمن)
به شریخه و گرمه‌ی گه‌واڵه هه‌وران، خه‌ونی خوماری و خه‌مۆکی له سه‌روچاوی خاک و خۆڵ و دار و دره‌ختان ڕاچه‌نی و سستی و داهێزراویی سه‌رمای جستان له له‌ش و که‌له‌شیان شرت‌وگوم بوو. ڕێژنه و ڕه‌هێڵه‌ی پاش تریشقه و چه‌خماخه‌ی هه‌وران، کزه و سۆزی زاری زه‌وینی شکاند و سورم و ساکۆی ڕووته‌ن و بێ‌به‌رگ و ئه‌نوای پۆشته و په‌رداخ کرده‌وه. کرک و کێڵگه‌کان به کوڵه‌کوڵ و هوون‌ڕژانی چاڤکانی و کانیلان، که‌لاو و واژاو ده‌بن و که‌وڵ و کرۆکیان به سه‌وزه‌زاری ته‌ڕلان و که‌یلان که‌وه‌لا و که‌سکه‌پۆش ده‌کرێت. له‌م که‌ش و ڕه‌وشه‌دا، ئه‌نگۆره و جه‌نگه‌ی جوانی، هاوڕێ له‌گه‌ڵ لووتکه و ته‌شقی له‌وه‌ندی و شه‌نگۆیی، به تێکهاڵان، تووز و موتوربه ده‌بن و خۆنیای خانومان و خه‌نده‌رانی به‌هاری کورده‌واری خویا ده‌که‌ن.
«جوانی و بوهار و باغ و مەحبووب ئایا د دنێ چ مایە مەتلووب؟»
(مه‌م و زین، خانی)
بازره‌قه و فیچقه‌ی زنه و کانیلان، جه‌سته و جه‌نده‌کی خڕ و که‌لان و زوورک و زه‌نوێر و نواڵه و بستووکه‌ی دابێژدابێژ کرد و خوست و دامێنی هه‌موو زۆنگ و زه‌مه‌ند و بژوێنی به جه‌وزه‌ی به‌فراو و شه‌تاوی کوێستانان گه‌وزاند. خوێنجمانی کێڵگه و مه‌زرا و ئاژه‌ڵان و هه‌ڵاڵه‌پڕژانی شینکه و ڕووه‌کان، تۆ‌و و و تۆره‌مه و هه‌ڵم و هاڵاوی ژینئاژۆیان، خه‌رامان‌خه‌رامان، له هه‌موو خێوێکی ئه‌م خۆنیا خۆزا و خۆڕسکه‌دا پڕژ و په‌خشان کرده‌وه و زیبک و بڕستێکی نرت و نوێیان وه‌به‌ر گشت گیانله‌به‌ر و ژینه‌وه‌ران هێنایه‌وه. گژه‌با و باهۆزان، بڵاوه‌یان به گۆرمێن و په‌ڵه‌هه‌وران کرده‌وه و زریزه‌ی چۆڕه و دڵۆپه‌ی باران له ڕێچکه و ڕاگه‌ی لاسامه و لاتیران هاتنه سه‌ما و له‌نجه‌ولاران.
«شریقەی هەورە، گرمەی ڕەعدە، هاڕەی ئاوە، هاژەی با
هوجوومی لەشکری سێڵاوە، جەنگەی کانی تۆقینە»
(حه‌قیقی)
له گه‌ردوگوڵ و کاوده‌مانی ژووژیانه‌وه‌ی ژیانی زه‌ویندا، چووزه‌ڵه و چڵاکی گژوگیا و گوڵپه‌ڕان، تارای تاریکی خاکی شه‌دار، شه‌قارشه‌قار ده‌که‌ن و جینگڵ و جمشتی سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رده‌رهێنان ده‌ست پێ ده‌که‌ن. گوڵۆپه و بڵێسه‌ی ئاگری گوڵه‌سووران و ئاورینگ و ئایسانی هه‌ڵاڵه‌برمان گڕ و کڵ له ده‌شت و نزاران به‌رده‌ده‌ن و به ڕایه‌خی «شەبەندەڕۆژی سەد تەرزە ڕەنگ»، هۆبه و هه‌رێمی هه‌واران به هه‌زار ڕه‌نگ که‌وه‌لا و گوڵپۆش ده‌که‌ن.
«گەرمیی و تەڕیی بەهارە کە پشکۆ کوژایەوە
پشکۆی گوڵاتەشین بە نەسیم بوو گەشایەوە»
(نالی)
گوڵکاری نه‌خشبه‌ند و ده‌سڕه‌نگینی سروشت له هه‌ر ڕه‌نگه‌و گوڵێک ده‌چێنێت و به بۆن و به‌رامه‌ی وه‌نه‌وشه و نێرگزان چیمه‌ن و دیمه‌ن گوڵاوپژێن ده‌کات. هه‌ر له کازیوه و گوڵسووی به‌یانه‌وه هه‌تا ڕه‌شکه‌وپێشکه‌ی بوو‌لێڵه و
زه‌رده‌ی زه‌رده‌په‌ڕی خۆرئاوا، گوڵبنی گوڵ‌ئه‌رخه‌وان و خه‌نده‌ران، قه‌تاره‌ی هه‌ڵاڵه و شه‌وبۆ و شیلان و شلێران به شنه‌ی سروه و سۆزه‌ی بای به‌یان، ده‌که‌ونه هه‌زاره و که‌روێشکه و ده‌سته‌ملان و ده‌سگیران، به که‌شم‌ونه‌شم و شاخوبه‌ڵه‌که‌وه ئاهه‌نگی گۆڤه‌ند و دیلان ده‌گێڕن.
«بۆی وەنەوشە و سونبولە سەحرا سەراسەر تۆ دەڵێی
بای سەبا عەنبەر دەبارێنێ لە دەشت و کۆهسار
باغ دەڵێی مەیخانەیە، پیری موغان گوڵ، مەیفرۆش!
لالە سەرخۆش، ئەرخەوان پەیمانەکەش، نێرگس خومار»
(وه‌فایی)
ڕۆندکی زه‌رد و سپی و سوورئاماڵی گوڵانی واسار، له ناخی ئاخی پێده‌شانه‌وه په‌نگ ده‌خۆنه‌وه و به به‌رکۆشی شینایی شی‌و و دۆڵ و خه‌ره‌ند و هه‌رداندا هه‌ڵده‌پڕژێن. شه‌به‌نگی چرۆ و پشکۆی دار و لێڕه‌وار، گوڵمتکی گردۆکه و که‌مه‌ره‌ی کێوان و قه‌دپاڵی قایمه‌به‌ردانیان به ڕه‌نگاڵه‌ی گوڵگه‌ز و په‌مه‌یی و مه‌یله‌وئاڵ خه‌مڵاندووه و به «ئه‌لوانی گوڵئامێز و شه‌که‌ربێز» هه‌موو به‌نده‌ن و بنار و که‌ناریان هه‌ڵسواندووه.
«نازک تەدارەک فەسڵی وەهاران شیرین ئارایش هەردە و کۆساران
گوڵ چون ڕووی ئازیز نەزاکەت پۆشان وەفراوان چون سەیل دیدەی من جۆشان»
(مه‌وله‌وی)
له که‌ڕه و هه‌ڕه‌تی هه‌رمێ‌پشکوواندا، ڕووه‌ک و شینکه‌ی پێده‌شت و لانساران له ڕکێف و ڕه‌پاڵی یه‌کتردا باڵا ده‌که‌ن و هه‌رکامه‌و ڕه‌نگامه و به‌رامه‌یه‌ک به دیاری به هه‌وا و هه‌واری به‌هاری ده‌به‌خشن. سوێسن و سوێلانه، گوڵه‌گه‌زیزه و گوڵه‌باخیله، به‌یبوون و بۆنخۆشکه، ڕێحانه و ڕه‌نگه‌ڕژیله، حاجیله و ده‌رزیله، شه‌سپه‌ڕ و سێپه‌ڕه، کراوی و که‌نێره، زه‌ره‌ند و له‌وه‌نده، خوازما و بیزا، زریسک و زیوا، مینا و مه‌تۆرێ، ئاسۆ و ئاگرین، چنوور و چه‌وین، سه‌مه‌ن و پژمین، ڕه‌به‌نۆک و چاوڕه‌شۆک، خوه‌ردۆس و خه‌نده‌ران، گیابه‌ند و گیائاران، حه‌ریر و گوڵ‌نیشان، سه‌رپاکی ده‌شت و ده‌وه‌ن مه‌ست و که‌له‌لای عاره‌قه و له‌وه‌نته‌ی خۆیان ده‌که‌ن. سریوه و شنه‌ی نه‌وبه‌هار، ماره‌قه و ده‌نکۆڵه‌ی ئه‌م گوڵبه‌ند و گوڵزارانه به ده‌شت و ده‌را ده‌هه‌ژێنێن و شیله و ئاوباره‌ی گوڵان و ئاونگ و گوڵنمی سه‌ر په‌لکان، هه‌موو هه‌نگ و مه‌ل و مێرووان نازاو و تووناو ده‌که‌ن.
«مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
بە تیشکە تێک شکا سپای کڕێوە هەواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە
فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ»
(هه‌ژار)
له‌ژێر پرشنگی گزنگ و پرشه‌ی سه‌روه‌شێن و سۆلاڤدا، پنگ و ئاڤیلان، نه‌عنا و کووزه‌ڵه و ڕێحان له که‌نار و به‌ستێنه‌وه شین ده‌بن و دیمه‌نێکی ده‌شه و ڕه‌نگ و ڕێسه‌یه‌کی دڵڕفێن ده‌ڕسکێنن. له به‌ره‌یه‌کی دیکه‌وه، شینکه و کۆمه‌گیای ده‌مساڵی به‌هار، ته‌ڵان‌ته‌ڵان، کۆژیل و کۆزیلکه‌یان به‌ستووه و که‌زی و بسک و په‌رچه‌میان به‌ده‌م شنه‌ی باوه هه‌ودا و په‌خش و په‌رێشان کردووه. گیابه‌ند و زه‌ره‌ند، هه‌ڵز و گۆزروان، مه‌ندێ و گێلاخه، جاتره و قازیاخه، مه‌رزه و به‌ڕه‌زا، شنگ و لووشه، کارگ و کنیواڵ، که‌نگر و ڕێواس، سمڵ و سالمه، پیچک و خوژه، هه‌زبێ و په‌ڵپینه، پیشۆک و مه‌ندۆک له به‌رۆکی ڕژد و چێنکه‌ی چیاوه هه‌تا ڕووبه‌ری ده‌شت و قه‌راخان هه‌رکامه‌و له شوێنه‌زایه‌ک، خۆزا و خۆڕسک له‌نگه‌ریان گرتووه و ڕه‌خته و تۆکمه، بنج و بنه‌تاریان داکوتاوه.
«نەورۆزە لە‌نۆ هاتە دەر لە خاک ڕووی زەوی گوڵ‌گوڵ بە وێنەی ئەفلاک
سوورهەڵاڵ خێزا لەپای بەفراوان ڕێحانە سەرمەست لە گۆی شەتاوان
دێوجامە گوڵ‌گوڵ پارێز بە پای ڕێز گا چاو لە جەیران گا لە کەوت و خێز»
(قانع)
له ساماڵی پاش لێزمه‌باراندا، ئه‌ستوون و که‌وانی حه‌وت‌ڕه‌نگی په‌لکه‌زێڕینه و چلووره‌واران به تاقی ئاسمانه‌وه هه‌ڵده‌به‌سترێ و ته‌م‌ومژ و مۆران، گۆپک و ترۆپکی سه‌رکه‌شی کوڕه و شاخه سه‌ربزێوه‌کان ده‌ته‌نێته‌وه. تووکه‌تووک و پرووکه‌پرووکی باڕێزه و خوناوکه، خوڕه‌ی شه‌پۆلی ڕووباران و چرپه‌ی چاوگه و چۆمان و په‌ناران، لرفه‌ی لێمشت و لافاو و هاژه‌ی شه‌تاوان، هه‌موویان ده‌نگ و ئاوازێکیان لێ ده‌ترازێ و تێکه‌ل به ئاهه‌نگ و سرته‌ی سروشت، سروودێکی سه‌وداییان لێ ده‌ڕازێ. پۆل‌پۆل په‌ڕه‌سێلکه‌ی ڕه‌ش و سپی به بزوان و تاودان له باسکه‌وباسکی دارانه‌وه به‌ره‌و ته‌وقه‌نه و ته‌شقی ئاسمان له شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌ن و فرته‌ی فڕین و زینگه‌ی باڵیان به په‌ڕپه‌ڕۆچکه‌وه ده‌زرینگێته‌وه.
«به ئاسمانه‌وه ئه‌ستێره‌م دیوه له باخچه‌ی به‌هار گوڵم چنیوه
شه‌ونمی دره‌خت له ڕووم پژاوه له زه‌رده‌ی زۆر که‌ل سه‌رنجم داوه
په‌لكه‌زێڕینه‌ی پاش بارانی زۆر چه‌ماوه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر به خۆر»
(گۆران)
مه‌کۆ و مه‌ڵبه‌ندی ئه‌م وه‌رزه گه‌شین و له‌زگینانه، لانکه و لاوێنی که‌ژ و کێو و چیا و هه‌ردانه، ئه‌و کێوانه‌ی له بنکی به‌رکاو و بناره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن، به‌ره‌و گه‌وه و لاپاڵ هه‌ڵده‌به‌زن، به لێژ و که‌ندڕدا سه‌ر ده‌که‌ون، له زینۆ و مله و پانکه‌دا خۆ ده‌گرنه‌وه و به هه‌ڵه‌ت و هه‌ڵه‌مووتدا تێده‌په‌ڕن و به‌ره‌نجام له به‌نگه‌ژی به‌ردی لووتکه و قووچکه‌دا قوت ده‌بنه‌وه. ئه‌م که‌ژه سه‌خت و گه‌رده‌نکه‌شانه، گه‌رچی پڕ له لێژ و هه‌ڵدێرن و به تووشی مه‌غار و زنار و هه‌زاربه‌هه‌زار له‌مپه‌ڕ و ته‌ریده بۆ ڕێگا و ڕه‌پۆشه هه‌ڵده‌خه‌ن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وراز و به‌روارانه به که‌ڵه‌که‌کردنی که‌ویه کڵێڵه‌ی کاوان و ڕمه به‌فری لاپاڵان، ها‌ش و هێورزه‌ی زاری زه‌وین ده‌شکێنن و به هه‌ڵگڵۆفینی هه‌ور و پرواندن و په‌ستاوتنی ته‌متوومان، ئاوی ئاوه‌نیا و دژاوان ده‌دێرن و ڕه‌پسته و ڕووه‌کان خومارشکێن و پاراو ده‌که‌ن.
«به تیری عه‌شقی به‌رد
زامداره و گرفتار
ئه‌م مێژووه عاشقه‌م...»
(شێرکۆ)
سروشت له هارمۆنیا و هاوئاهه‌نگیی خۆیدا، دژکاریی و مه‌ودای هه‌وراز به پانتاو، په‌سار به په‌سێو، زنار به زه‌مه‌ند و چه‌خت به چێنکه ده‌به‌ستێته‌وه و به تێهه‌ڵکێش‌کردنی ته‌با و ته‌کووزی له ته‌ونۆکه‌ی ناته‌باییه‌کاندا، هاوخشتی و هاوته‌ریبیی ته‌یار ده‌کات. ئه‌م هاوسه‌ری و گرێدراوییه به واته‌ی مه‌وله‌وی داب و ده‌ستوورێکی بنۆس و بنه‌ماییه:
«گوڵ عادەتشەن بێ خار نمەبۆ،
گەنج ڕەویەشەن بێ مار نمەبۆ».
هه‌ر له که‌ونه‌وه ئه‌م کۆهه‌ڤبوونه، زاکوون و قانوونێکی موکوم و قایم بووه. زایه‌ڵه‌ی ئه‌م ڕێزک و ڕێسایه له هۆنراوه‌ی مه‌حویدا به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه:
«لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنە خەیمەی تان و پۆ شینە
لە سایەیدا شەرابی بەزمی عوشرەت گریە جۆشینە».
دوانه‌کانی سروشت وه‌کوو گلاره‌ی هه‌وری ڕه‌ش و په‌لاره‌ی هه‌وری سپی، گه‌واره‌ی به‌رێ ویشک و به‌رێ تاو، گورگه‌زێی تیرێژ و باران، زۆزان و ئاران، ده‌شت و ته‌لان، نه‌رمان و به‌رده‌ڵان، که‌ند و له‌ند، ئانفای باران‌گر و ئه‌نوای باران‌نه‌گر، هه‌تاو و نسار، ستاڤ و تاوگاز، هامار و هه‌وراز، به‌رین و بانۆلکه، پڕایی و پاناوکه، زۆنگ و شۆنه، ناوشاخ و سه‌رشاخ، چ له دووجه‌مسه‌ریی دژاودژی لێک‌خێرنه‌دیودا ناگرسێنه‌وه، به‌ڵکوو هاوزا و هاوژینی هه‌تاهه‌تایی یه‌کدین و به تان‌وپۆته‌نینه‌وه له‌م ناکۆک و دژیار و به‌ره‌نگارانه، ڕاسته‌وچۆپه، هه‌ودای هۆنراوه‌ی ژیان هه‌ڵده‌به‌ستن و به تێکهاڵانی گه‌رمه‌شین و نه‌رمه‌شێنه‌یی، ڕایه‌ڵه و ته‌نراوه‌ی هه‌ڵبه‌ستێکی ده‌لال و ژیکاڵ ده‌هۆنێنه‌وه.
«هەی داد هەی بێداد، بێداد جەورشەن هەرجا گوڵێ هەن، خار وە دەورشەن
ئەگەر خار نەبۆ وە پەڕچین گوڵ گشتکەس مەوەرۆ دەوای دەرد دڵ
هەی داد هەی بێداد، لێی بێدادیمن قەڵای خەم نە دەور حوقەی شادیمن»
(سه‌ی یاقۆ ماییده‌شتی)
هه‌موو ئه‌م زیوان و ڕاژان و گۆڕانه که خاکه‌لێوه‌ی لێوان‌لێو کردووه له ڕه‌نگامه و به‌رامه و دیمانه، ئاماژه‌یه بۆ ژاڤێنی ژیله‌مۆی ژیان که به ڕابوون و ڕاپسکان، قه‌قنه‌س‌ئاسا ده‌گه‌شێته‌وه و شنه و شاییی ئه‌م ڤه‌ژیان و بووژانه له هه‌ناوی هه‌ژمه‌ت و که‌سه‌ری که‌سیره‌ی سه‌رما و کزه و کسپه‌ی سۆزانه‌وه هه‌ڵده‌ڕاسێنێ. ڕه‌وتی ڕه‌وه‌نده‌ی ڕۆژیار و ژیوار، وێڕای هه‌موو ئاسته‌نگ و ئاریشه‌کان، نه‌بڕ له گه‌ڕیانی بێ‌گه‌ڕانه‌وه و سووڕیانی به‌تین‌وتاو دایه. ژیان له‌م ته‌ڤگه‌ر و ڤه‌گه‌ڕیانه په‌یتاپه‌یتا و بێ‌پسانه‌وه‌یه‌دا، وه‌گه‌ڕ ده‌که‌وێت و هات‌ونه‌هات دابڕ ده‌کات و به‌سه‌رهات ده‌گێڕێته‌وه.
«ڕۆژ لـــه ئـــاســـۆی ســوور شه‌وق ئـــه‌داته‌وه ده‌ڵـــێ ئـــــه‌مــساڵیش نــــه‌ورۆز هــــاتــــه‌وه
سـروشت سه‌رپـاکــی جــوانــی ئـــه‌نــوێــنێ وه‌ک بـــووکـــی ڕازاو خـــۆی ئـــه‌خــه‌مڵێنێ
ده‌شـــت و کـوێستان و لووتکه‌ی به‌رزی کـێو بــزه‌ی بـــه‌هـــاریــان کـــه‌وتـــۆته سـه‌ر لێو»
(ڕه‌حیم لوقمانی)
به‌هار وه‌بیرمان دێنێته‌وه که له‌م گه‌ڕیان و گینگڵدان و لڤین و جمینه‌دا تاک و ته‌نیا نییه و ده‌سته‌ودامانی هه‌وێنی هاوین و خه‌زه‌ڵوه‌ری خه‌زان و زیڕه و زکۆمی زستانه. به‌رامه‌ی بێ‌وازی به‌هار، ئاکامی بارۆشک و به‌سته‌ڵه‌کی به‌فرانباری زستانه، هه‌ربۆیه شکۆ و به‌رز و ته‌رزی هه‌ر وه‌رزێک، وزه و پرزه‌ی دیکه‌ی وه‌رزه‌کانی وێکڕا له‌ته‌کدایه. د‌رگای هه‌ر هه‌ن‌هه‌ن و هه‌نگامه‌یه‌ک بگار و به‌رده‌بازی گه‌یشتن به به‌رۆک و به‌رواری هه‌نگاوه‌کانی تره، بۆیه به‌هار له گه‌ڕی دۆنادۆن و جلگۆڕاندا، له بڕگه و دۆنه‌کانی هه‌ڵئاوسانی هاوین و په‌ڵه‌ی پاییز و زه‌مهه‌ریری زومستاندا خۆ ده‌نوێنێت.
«ئێستا چ وەرزە؟
لێم نادیارە؛
هەر کات کە خونچەی دەمی تۆ پشکووت
بۆ من بەهارە... »
(مارف ئاغایی)
ده‌با له‌م گوڵوسی وه‌رز و گوڵووکی دار و جاڕه‌دا، له‌گوێن نالی، که داغداری سه‌رچاوه و دێوانه‌ی دار و ده‌وه‌نه و غونچه‌ی دڵی به ته‌شریفی نه‌وبه‌هار ده‌پشکوێ، ئه‌گه‌رچی به‌ته‌ن جوێ، به‌دڵ یه‌کڕه‌نگ و یه‌کگرتوو بین و خده‌ی خه‌یاڵی خۆکردی و په‌ره‌ی په‌ره‌نگی پێگه‌یشتن بده‌ین. به هه‌ست و هاڤه‌نێکی گوڵئامێزه‌وه «گوڵ به دڵ په‌رژین بکه‌ین»: به بێده‌نگی دڵخواز به ده‌نگی مه‌عنا و به ناڵین و جمین داخواز به سۆلین و په‌ره‌نگی گوڵ بین.
«دنیا کە گوڵگوڵیی بووە، قوربان، ئەتۆش وەرە...
داخواز به گوڵ بە، قەیدی چییە گوڵ گوڵی بوێ!»
(نالی)