تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۵ اسفند ساعت ۲۰:۵۲ بازدید: 2515      نظرات: 0      کد مطلب: 3276

ڕۆڵی زمانی دایکی لە بردنە سەرەوەی ئاستی زانست و پەروەردە

"ڕزگار بەھاری"



زمانی دایکی یەک لە سەرەکی‌ترین ناسنامەکانی گەل و نەتەوەیەکە و ئەگەر ناسنامەی خۆی نەپارێزێت؛ لەناو گەلانی باڵادەست دەتوێتەوە و زەوتی دەبێت. خوێندن بە زمانی دایکی باشترین ڕۆڵی لە پاراستنی دەبێت و بەپێچەوانە خوێندن بە زمانی دووھەم و نەبوونی میدیا و چاپەمەنی بە زمانی دایکیی، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بە لاوازبوونی.
تا ساڵی 1952ی زایینی کاتێک خویندکارانی شاری داکا لەپێناو زمانی دایکی خۆپیشاندانیان کرد و دەیان کەسیان لەلایان پۆلیسی پاکستان  کوژران، گرنگی ئەوتۆ بە زمانی دایکی نەئەدرا لێ پاش سەربەخۆیی بەنگلادش لە پاکستان بە پێتەختیی داکا و لەسەر داوای ئەو وڵاتە، یونسکۆ 21ی نۆڤەمبری ھەر ساڵێکی وەک ڕۆژی زمانی دایک دیاری کرد. پرسی زمان لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە گشتیی دۆخی ھەستیاری تێپەڕاندووە و لەگەڵ ئەم ھاوکێشە جیھانیە ڕاھاتوون. ھەروسا لە چەندین وڵاتی کەنداو ھاوشێوەی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی(کە وڵاتێکی پێشکەوتوو لەبواری تیجاریە)، خوێندنگای جیاواز بۆ زمانەکانی دیکەی وەک پاکستانی و ھێندی کراوەتەوە بەڵام لە وڵاتێکی مۆدێڕنی وەک تورکیا (کە ڕۆژلەدوای ڕۆژ لەلایان وڵاتان پەراوێز دەخرێت)؛ خۆی لە ئاستی ئوروپا دەبینێتەوە ھێشتا جەخت لە پەروەردە بە تاکە زمانی تورکی دەکاتەوە لەکاتێکدا لەو وڵاتە گەلانی وەک کورد و عەرەب و چەندین گەل بە زمانی دیکە بەسەر دەبەن. ئەگەر گەشتیارێک ڕوو لە تورکیا بکات کە وڵاتێکی گەشتیاریە دەبینێت ڕێنماییەکان و تابڵۆکانی سەر شەقام و کۆڵان و جادەکان تەنھا بە زمانی تورکی نوسراوە لەکاتێکدا دەبوا ھاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ بەزمانێکی گشتگیر وێنەی ئینگلیزی لە پاڵ زمانی ئەو وڵاتە بنووسرایە. ئەم جیاوازیە بەرچاوڕوونیە بۆئەوەی کە زمانی دووھەم و سێھەم نابێتە ھەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی وڵاتێک.
د.شەریعەتی دەڵێت: داگیرکەران بۆ لەناو بردنی زمانی دایکی "دیالێکتیکی سوردل" پەیڕەو دەکەن؛ بەو شێوەی کاتێک دایک لە منداڵەکەی دەدات و ھەڕەشەی لێدەکات، خۆف دەیگرێت و بۆئەوەی لە ھێرشی دایکی پارێزراو بێت، پەنا دەباتەوە بەر دایکی و داوێنی دەگرێت کە پێی دەڵێن دیالێکتیکی سوردل. ھەرکات زمان و ڕەگەزی زاڵ بیھەوێت گەلێک، نەتەوەیەک یا کەسێک بخاتە ژێر چەپۆکەی خۆی ھێندەی سووکایەتی پێ دەکات تا ئەو ڕادەی کە زمان، کلتوور، ئایین و بڕوا و ھزر و شارستانیەت و کەسایەتیەکانی و پێشینەی و ھەموو شتێکی بچووک دەکاتەوە. منداڵەکە بۆ ئەوەی سووکایەتی پێ‌نەکرێت و لێی نەدرێت، پەنا دەباتەوە بەر دایکی و داوێنی دەگرێت. بەوشێوە ئەو نەتەوانەی بچووک دەکرێنەوە، دەرباز بوونی خۆیان لە توانەوە لە زمان و کلتووری داگیرکەران دەبیننەوە
بەپێی بڕیاری یونسکۆ لەسەر زمانی دایک کە ھەرکەس نەتوانێت بە زمانی دایکی بخوێنێت و بنووسێت نەخوێندەوارە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە نەخوێندەوارە. بەھۆی ئەوەی زۆربەی زانیاری و بابەتەکان بە زمانی خوێندنگا لەبەردەستایە و خوێنەر بەسەریدا زاڵە، خۆی لە دەق و نوسراوەی کوردی دەبوێرێت کە زمانی دایکیەتی؛ ھەر بۆیە ھەندێک لە نووسەران پەرتووک و نووسراووەکانیان بە زمانێکی جگە لەزمانی دایکی بڵاو دەکەنەوە بەڵکو پێشوازی زیاتری لێ بکرێت. بۆ نەمانی بە تەواوەتی بەربەستی نێوان نووسەر و خوێنەری زمانی کوردی پێویستە ڕۆشنبیران و ڕێخراوەو زانایانی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی بە پەیڕەو تێبکۆشن و کلتووری ڕاھێنانی کۆمەڵگا بۆ پاراستنی زمانی دایک جێ بخرێت و بەکرداری بکرێتەوە. زمانی دایکی وەک پردێک نوسەر و خوێنەر بەیەک دەبەستێتەوە و وەک زانایانی دەروونناسی و کارناسانی بواری پەروەردە ئاشکرایان کردووە، خوێندن و ڕێنووس بە زمانی دایکی لە خوێندنگاکان، ئاستی زانست و پەروەردە دەباتە سەرەوە و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بەرھەم دەھێنێت. تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەباشترین ھەلەکانە بۆ مەشخ و ڕاھێنانی تاکی کۆمەڵگا لەسەر زمانی دایک و توانیویەتی ڕۆڵی ئەرێنی ببینێت و ڕۆشنبیران و رێخراوە مەدەنیەکان دەتوانن لەم سۆندەوە زیاترین کەڵک لە جێ‌خستنی کلتووری ڕێنووس و ئاخاوتن بەزمانی دایک وەر بگرن
دایک و کچانی کۆمەڵگا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە پاراستنی زمانی دایک. دایک نزیکترین کەسە کە منداڵ سەرەتایی‌ترین وشەکانی لێ فێر دەبێت بەڵام دیاردەی قسەکردن لەگەڵ منداڵ بە زمانێکی دیکە لە چەند گەورەشاری کوردنشین بە پاساوی ئاسانکاری بۆ منداڵ بۆ فێربوونی زمانی خوێندنگا، غەدرە لە پەروەردە و خۆی و منداڵەکەی چونکە ھیچ بەربەستێک نیە لە فێربوونی زمانی خوێندن لە خوێندنگاکان و منداڵ بە خێراترین شێوەکانی زانستی و ھەرەوەزی فێری دەبێت. ھەروەھا لەڕوانگەی زانستی و دەرون‌ناسیەوە کەسێک زمانی زیاتر بزانێت ئاستی وریایی و زانیاری بەرزتر دەبێت و دایکانێک کە ڕێ لە فێربوونی منداڵ بە زمانی دایکی دەگرن کاریگەریی نەرێنیان دەبێت لە داھاتوی منداڵ و کۆمەڵگا. ھەڵوێستی کچانی کۆمەڵگا ھێندەی ڕەگەزی پیاو لەسەر زمانی دایک کاریگەرە بۆ نموونە سکرتێرو کارمەندانی شوێنە گشتیەکان و تەنانەت باخچەی منداڵان کە دوای دایک، ئەرکێکی ھەستیارە لە ئەستۆیان بۆ پەروەردە کردنی منداڵان کە کچانی کۆمەڵگا لە ئەستۆی دەگرن.
ھێز و ئابوری دەسەڵات دەھێنێت و زمانی لایەنی دەسەڵاتدار بەسەر زمانی لاواز زاڵ دەبێت و ڕەنگە زمانی لاواز تێیدا بتوێتەوە بەڵام گەلێک کە پارێزگاری لە زمانی بکات نە دەسەڵات و نە چەک و نە ئابوری و نە توانەوەی بەسیستەم توانای لەناو بردنی نابێت. بەھۆی کاریگەریی بوونی ھێزی دەرەکیی لە وڵاتی ھێندستان لە ڕابردوو، ئێستاکە زمانی ئینگلیزی لەپاڵ ھێندستانی، زمانی سەرەکیی وڵاتی ھێندستانە و دانیشتوانی بە زیاتر لە 150زمانی دیکە ئاخافتن دەکەن و توانیان سەرەڕای ھەژمونی زمانی ئینگلیزی، ئەو ڕێژە زۆرە زمانەوانیە بپارێزن کە تا ئێستاش پێی ئاخافتن دەکەن. ھەروەھا سەرەڕای زوڵم و چەواسندنەوە و ژینۆساید ئاوارە کردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژ کردنی ملوێنان کوردی ناوچە کوردیەکان بە دەستی تورکیا، گەلی ئەو ناوچانە زمانی خۆیان پاراست و ڕێگەیان بە لەناوچوونی گرت. لە وڵاتی تورکیا کە تا ساڵی 90ی زاینی و زیاتر لە 35ساڵ پێشتر زمانی کوردی لە دامودەزگاکان و شوێنە گشتی و تەنانەت کەسێنیەکان قەدەغە کرابوو، کورد پاراستی و ئێستاکە زێدە لە ڕابردوو ئاخافتنی پێدەکات و شکستی بە پیلانی فاشیزمی دەسەڵاتی تورک ھێنا.
گەلێک کە زمانی خۆیان گۆڕی بۆ زمانێکی دیکە، ناسنامەی خۆیان دڕاندووە. تاک کە زمانی سەرەکیی خۆی گۆڕی بە زمانێکی دیکە، بێ ئەوەی بخوازێت، کلتوور و داب و نەریت و ناسنامە و جلوبەرگ و ھێمای دەگۆڕێت بەو زمانە و پشت لە خۆی و پێشینە و ناسنامەی دەکات. ئیدی دەبێت بەرگێکی نوێ بۆ خۆی بدورێت وخۆی بە کەسێکی دیکە بزانێت لە بەرگی دەستکرددا کە ئەوە ڕێکاری کەسانی خۆبەکەم زان و لاوازی نەفسیە کە دەکرێت پێوەندی بە تاک یا وەک سەرەتا ئاماژەی پێدرا "دیالێکتیکی سوردل"بێت.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد