تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۵ اسفند ساعت ۱۷:۵۳ بازدید: 956      نظرات: 0      کد مطلب: 3275

وت‌ووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ هونەرمەند "جەعفەر ماملێ"


گۆرانی یه‌کێک لە سەرەکی‌ترین لایه‌نه‌کانی فۆلکلۆری کوردستان ئەژمار دەکرێت کە زۆر هونەرمەند بە دەنگی بە سۆزی خۆیان له دەوڵه‌مه‌ند کردن و پاراستنیدا دەوریان گێڕاوە.

 

یەکێک لەو بنەماڵانەی کە لەو بەشەدا کاریان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە بنەماڵەی "ماملێ"یە کە لە مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی کوردیدا دەستێکی باڵایان هەبووە.

کاتێک کە مامۆستا هێمن دەفەرمووێ:

"لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ

لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتــــــــــارێ"

دیارە کە سۆز و دەنگ خۆشی ئەوان جێگایەکی تایبەتی لە نێو ئەدەبی کوردیشدا به خۆی تەرخان کردووه.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە تێکۆشەر و هونەر پەروەرە مامۆستا "جەعفەر ماملێ"یە کە هەستی هونەری گۆرانی ڕەسەن لە نێو دیدە و دڵیدا خۆی دەنوێنێ. مامۆستا "جەعفەر ماملێ" ساڵی 1319 له مەهاباد لە دایک بووە و بە هۆی دەنگ خۆشی بنەماڵەکەیان و گاڵەی گۆرانی گووتن لە نێو خۆیاندا بەڕێزیشیان ئەو ڕێگایەیان گرتۆتە بەر.

لە سەر بانگهێشتی پێگەی هەواڵی هاژە وەک پێزانینێک لە خزمەتی هونەری به‌ڕێز "جەعفەر ماملێ" و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێگای ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی دانیشتنێکی لەگەڵ به‌ڕێزیان پێکهێناوە کە سرنجی ئێوەی بەڕێز بۆ ئه‌م وت‌ووێژه ڕادەکێشین:

هاژه ـ به‌ڕێز مامۆستا ماملێ، زۆر سوپاس که  لە به‌شداریتان، بۆ خوێنه‌رانی هاژه بفەرموون له چ کاتێکه‌وە بە شێوەی فه‌رمی پێتان لە نێو دنیای هونەر ناوە؟

کاتێک کە کاک محەممەدی برام نەخۆش که‌وت و نەیدەتوانی لە بۆنە و مەڕاسیماندا گۆرانی بڵێت، لە سەر داواکاری و ئیزنی خۆی ئەمن دەچووم و ئێستاش هەر بەردەوامە.

هاژه ـ هۆی ئەوە چ بوو کەوا درەنگ و دوای کۆچی مامۆستا محەممەد ماملێ دەستان بە هونه‌ری گۆرانی کرد؟

لە لایەکی نەک ئەمن، بەڵکوو هەموو براکان به هۆی ڕێز و حورمەتێک کە بۆ هونەره‌کەی کاک محەممەد و خودی خۆی وەک برا گەورەیەک هەمان بوو خۆمان له قەرەی دنیای هونەر نەدا. لە لایەکی دیکەش ڕا بە هۆی ئەوەی کە پیشه‌‌ی سەرەکیم تاجری بوو و لە نێو بازاڕدا خەریکی مامه‌ڵه بووم نەمدەتوانی وەدوای کاری هونەر کەوم.

هاژه ـ لە کام شوێن و وڵات کاری هونەریتان بەڕێوە بردووه؟

لە وڵاتی سوید لە گەڵ هونەرمەند "عەزیز شاروخ" کۆنسێرتم کردووە و لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد چەند گۆرانییه‌کەم تۆمار کردووە و هەر وەها لە باشووری کوردستان به‌شداری چەند به‌رنامه بووم. لە مەهاباد و پیرانشاریش کۆنسێرتم بەڕێوە بردووە کە بە گشتی نزیکەی 50 ئاهەنگم تۆمار کردووە.

هاژه ـ شێعری چ شاعیرانێکتان بە گۆرانی گوتۆته‌وە؟

شێعری مامۆستایانی وەک وەفایی، هێمن، هەژار، سەید کامیلی ئیمامی (ئاوات)، حەقیقی‌، گۆران و.. بە گۆرانی گوتۆته‌وە.

هاژه ـ ئایا لەگەڵ مامۆستا محەممەد ماملێ پێکەوە گۆرانیتان گوتووە؟

بەڵێ، لە زۆر شوێنانی وەک (ماڵی خۆمان، لاجان، زمزیران) پێکەوە گۆرانیمان گوتووە. بەڵام تا بۆخۆی پێی نەگووتبم و بانگی نەکردبایەم، هیچ کات نەمگوتووە. ئەگەر گۆرانیشمان پێکەوە گووتووە، قەت دەنگم وەسەر دەنگی کاک محەممەدی نەخستووە، چوون وەک گەورەیەک هەمیشە ڕێز و حورمەتی لە لای ئێمە هەبوو.

هاژه ـ دەگوترێ کە مامۆستا محەممەد ماملێ چەند بەرهەمێکی ئێستا بڵاونەبوونەوە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

لەگەڵ ڕێزمدا، ئەو قسەیە کە دەڵێن کاک محەممەد ماملێ چەند گۆرانییەکی ماون کە بڵاو ببنەوە، ئەوە وانیە و هەمووی بڵاو بوونەوە. ئەو گۆرانیانەی کە لە ماڵی حاجی عەزیز خاڵندی تۆمارکراون، بۆخۆم لە سێ بەرناماندا لە گەڵ کاک محەممەدی هەم. بە ئەرخه‌یانییەوە ئەو گۆرانییەی کە کاک محەممەد لەوێ گوتوویەتی، لە زۆر شوێنی دیکە هەر ئەو گۆرانییەی گوتۆتەوە، شایەد ئاهەنگێکی لەوێ زۆر گووتبێ و لە شوێنێکی دیکە کەمی گوتبێ. بەڵام، هیچ ئاهەنگێکی ئەوی نەماوە کە بڵاونەبووبێتەوە.

هاژه ـ له بیرەوەرییه‌کانی خۆتان لەگەڵ کاک محه‌ممه‌د ماملێ بۆمان باس بکه‌ن؟

خۆشترین بیره‌وەری من لەگەڵ کاک محەممەد، زەماوەندی دێهاتێکی لای لاجانێ بوو کە کاکە حەسەنی براشم لەوێ بوو. کاتێک کە لە ماڵێکی دانیشتبووین کاک محەممەد "جانانەیەکی" شێعری مامۆستا وەفایی گوت و کاک حەسەن کە لەو دیوی دیکە دانیشتبوو و گوێی لە دەنگی کاک محه‌ممەدی بوو، هەر بەو شێعرەی مامۆستا وەفایی بە گۆرانی وڵامی دەداوە و ئەوە بۆ من خۆشترین بیرەوەری بوو کە دوو برا وا بە هاودەنگی و بە جوانی گۆرانی دەگوت.

هاژه ـ هونەری گۆرانی له بنەماڵەی ماملێ، بە تایبەتی قەتار لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

ئەو هونەرە  بە تایبەتی "قەتار" لە بابم "سەعید ماملێ" سەرچاوە دەگرێ و کاک حوسێن و کاک محەممەدی برام هەر شاگردی بابم بوون و لەویڕا فێربوون. هەر گۆرانییەکیش کە دەگوترا دەسپێکەکەی شێعری وەفایی بوو، چون بابم زۆر هۆگری شێعری وەفایی بوو و ئێمە ئێستاشی لە گەڵ‌ بێ لە شێعری وەفایی کەڵک وەردەگرین.

هاژه ـ چۆنه هۆنه‌ری ئاواز و گۆرانی له بنەماڵەی "ماملێ"دا له سەر یه‌ک شێوازه؟

ئەوە لە نێو بنەماڵەی "ماملێ"‌دا لە کۆنەوە تا ئێستا هەر وەک سونەتێک وابووە کە خەت و شوێنەکەی لە بابم "سەعید ماملێ" ڕا دێت و ئێمەش هەر ڕێچکەیەی ئەومان گرتۆتە بەر و پێیدا دەڕۆین.

هاژه ـ پەیوەندی بنەماڵەی ماملێ و وەفایی لە کوێڕا سەرچاوە دەگرێت؟

ئەو پەیوەندییە لە سەعید ماملێ ڕا سەرچاوە دەگرێ. بە هۆی ئەوەی کە هەر دوو بنەماڵە هاتووچۆیان بووە و بابم دەنگێکی خۆشی تایبەتی هەبوو و زۆربەی شێعرەکانی مامۆستا وەفایی بە گۆرانی دەگوتەوە. هەر لە سایە سەری ئەو پەیوەندییە پتەوەی هەر دوو بنەماڵە، هەر کات باسی هونەری ماملێ دەکرێ، هەمیشه دەگوترێ "وەفایی و ماملێ".

هاژه ـ داخوا هونه‌ر له بنه‌ماڵه‌ی "ماملێ"دا درێژه‌ی دەبێ و نه‌وێ نوێ حه‌ول دەدەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی؟

بە دڵنیاییەوە ئەو جەوهەرەیان تێدایە ئەگەر بیانهەوێ بیکەن. بەڵام، دڵەکەی خۆم دەڵێ ناکرێ، چون دنیا بەرەو گۆڕانی جۆراوجۆر هەنگاو دەنێ و بەرەو پێش دەڕوا، هەروەها قسەی ناحەز و تانە لێدان لە هونه‌رمه‌ندان بۆته هۆی ئەوە کە لە بڕیاری هاتنە نێو دنیای گۆرانی گوتن پاشگەز بنەوە.

هاژه ـ باسی شەو دانیشتنە هونەرییەکانی سەردەمی زوو و ئێستامان بۆ بکه‌ن.

بەداخەوە شەو دانیشتنەکانی ئێستا، تام و بوونی ڕابردوویان نەماوە، چون ئەودەم خەڵک دڵی خۆشتر بوو، کار و کاسپی هەبوو، سەفا و گەرم و گوڕی لە هەمان کاتدا ڕێز و حوڕمەت گرتن، گەورەیی و چوکەیی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەوانە بەرەو کاڵ بوونەوە ڕۆیشتوون.

لە لایەکی دیکەوە لە بەر ژیانی ناخۆشی ئێستا و هەڵات هەڵاتی ڕۆژانە و ماندوویەتی و دڵ ناڕاحەتی خەڵک بۆتە هۆی ئەوەی کە هونەر تێداچێ و جێگای جارانی نەمێنێ.

هاژه ـ سوپاس بۆ ئێوەی به‌ڕێز که به دڵیکی فراوانەوە وڵامی پرسیارەکانی ئێمه‌تان داوه.

سوپاس بۆ ئێوە‌ش که قەدری هونه‌رمەندان دەگرن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد