تاريخ: ۱۴۰۲ دوشنبه ۲۸ اسفند ساعت ۲۱:۳۲ بازدید: 423      نظرات: 0      کد مطلب: 22804

ڕاپۆرتی خوێندنەوە و لێکدانەوەی لێژنەی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد لەسەر کتێبی «هێشوەکانی تووڕەیی»خوشەهای خشم «جان ئێشتاین بێک»


لە دوا ڕۆژەکانی مانگی زستان و بەرەبەری نورۆز ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ی کوردی چلەمین کۆڕی شڕۆڤەو لێکدانەوەی کتێبی «هێشووەکانی تووڕەیی» لە نووسینی"جان ئێشتاین بێک" لە ژووری تایبەتی لێژنە ئەدەبیەکان بە هاوڕێیەتی ئەندامانی ژووری دیالۆگ بەڕێوەچوو.
لەو دانیشتنەدا کۆڕگێڕ و بەڕێوبەری لێژنە «چرۆ پەرویزنیا» وێرای پیرۆزبایی سەری ساڵی تازە و نورۆزی کوردەواری بەخێرهاتنی سەرجەم میوانان و بەشداربووانی کۆڕەکەی کرد و ساڵێکی پڕ لە هێمنی و دەسکەوت و زانیاری بۆ هەموو گەڵی کورد و مرۆڤایەتی بەئاوات خواست. پاشان ئاماژەیەکی خێرایی لەسەر ژیان و کەسایەتی نووسەر و بەرهەمانەی کە پێشکەشی کتێبخانەی جیهانی کردووە ئاراستە کرد. دواتر کۆنداکتۆری دانیشتنەکەو سەردێڕی بابەت و وتارەکانی لەسەر ئەم کتێبە ئامادە کرابوو، بۆ بەشداربووانی شێ کردەوە کە بریتی بوون لە:
۱. شڕۆڤەی ڕۆمانی «هێشووەکانی تووڕەیی» لە لایان بەڕێز «یۆسف بابەکی» کەسایەتیەکانی ڕۆمان.
۲. «لێکدانەوەی پەڕتووکی هێشووەکانی تووڕەیی لە نوسینی جان شتاین بەک لە لایان پەروین دانش پەژوو».
۳. «گەلاوێژ بەیگ نیا وتارێک لە ژێر ناوی هێشووەکانی پڕ لە تووڕەیی تابڵۆی تراژیک مرۆڤ و مرۆڤایەتی»
٤. «تروسکە بەرخانە» بە ڕوونکردنەوەی هێماکان پەیوەندی داستان لەگەڵ کۆمەڵگای نووسەری هێنایە بەرباس و هێشۆکانی تووڕەیی بە تراژیدی مرۆڤ ناو برد.
۵. «عیشرت موشفێق» بە سەرنج لە سەر ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسییەی ڕۆمانەکەی هێشووەکانی تووڕەیی تێدا خۆڵقاوە خستە بەر تیشکی ڕەخنە و بە خوێندنەوەیەکی مارکسیستی
نیشانە گەلێک لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی بە مەبەست گرت تا کارتێکەری ئایدئۆلوژی
نووسەر لە سەر ئەو ڕۆمانە بسلمێنێت.
۶. «خوێندنەوەیێکی کورت لە لایان فەوزیە یاهو لەسەر کتێبی هێشووەکانی تووڕەیی»
۷. «لالە ڕیحانی وتارێک لە ژێر ناوی وەستانی ئابووری ئامریکا لە دەیەی ۱۹۲۳ تا ۱۹۳۵».
٨. «چرۆ پەرویزنیا وتارێک بە سەردێری دەڵاقەیەکی کۆمەڵناسی لەسەر کتێبی هێشووەکانی تووڕەیی».
«لە کتێبی زمان، ئەدەب و ناسنامە بەڕێز دوکتور «هاشم ئەحمەدزادە‌» باس لە دییاسپۆرا و ئەدەبیاتی تاراوگە دەکات و دەڵێن مرۆڤی تاراوگەیی گەسێکە دوور لە وڵاتی خۆی دەژیت. ئەم مرۆڤە لەبەر زۆر هۆکار خولیای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆ هەیە. خۆشەویستی وڵاتی بە جێ هێشتراو هەردەم کەڵکەڵەی زەینییەتی و ڕووح و جەستەی بەدوو ئاقاری جیاوازدا مڵ دەنێن. نووسینی مرۆڤی تاراوگەیی لە ڕاستیدا دەربرینی ئەم ئەزموونە تایبەتییەیە کە حەسرەتی گەڕانەوە و دۆزینەوەی زمان و کەلتووری ون بوو تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم ئەزموونە پێک دەهێنن. ئەم ئەزموونە دەتوانێ لە شێوەی شیعر، بیرەوەری نووسین و ڕۆمان و ئەدەبی داستانیدا خۆی دەربخات. تۆ بیر لە خۆشەویستەکەت، کە لێرەدا بەپێی پێویست وڵاتە، دەکەیەوە. ئیتر ڕابردوو لێرەدا دەبێت بەو بەستێنەی کە تۆ لە چوارچێوەی خەیاڵدا دەیژێنییەوە و فەزای فانتێزیەکانت لە شێوەی داستانی و بیرەوەری نووسیدا دەبن بەو ئامرازی کە ئاوڕ لە دەرگا داخراوەکانی وڵات دەداتەوە. تۆ ئەگەرچی دەستت بە وڵات ڕاناگات، لە جیهانی خەیاڵدا دەیکەی بە هەبوونێکی نەمر. لێرەدا وڵات ئەو جوانییەیە کە وەک ژیان لە مردندایە و نووسین ئەو هونەرەیە کە ئەم جوانییە ڕزگار و نەمر دەکات. هەبوونی تۆ وەک مرۆڤی تاراوگەیی هەبوونێکی پارچەپاڕچەکراوی لە شکاندایە و تۆ بە گەڕانەوە بەرەو سەرچاوەی بوونت، لە هەناوی خۆتدا، نیشتیمانی ون بوو، وڵاتی ون بوو و بیرەوەری ون بوو و کانیاوی خەونەکانت دەدۆزییەوە، دەیاننەخشێنی و مانایەکی تازە لە سەر پێشینەیەکی کۆن بە هەبوونت دەدەی. ئەدەبی داستانی ئەو کەرەسەیەیە کە بە هێزی خەیاڵ یارمەتیت دەدات شتە نادیارەکان لە خۆت و لە جیهاندا بدۆزییەوە. لێرەدا فانتێزی دەبێت بە ماسولکەی ڕۆح و بەرهەمی فانتێزییاییش دەبێت بە پانتاییەک کە تێیدا ڕایەڵەکانی ژیانی خۆیان دەردەخەن. تۆ لە تاراوگەدا هەردەم لەبەر لاساریی پرسیارێکدا دەستەوەستاوی، پرسیاری کێ بوونت. لە یەک کاتدا کوردی، ئێرانی، ئوروپایی، ڕۆژهەڵاتی، موسڵمانی، و هتد و لە هەمان کاتیشدا هیچ کامیان نیت. ئەم پرسی ناسنامەیە ماکەی هەموو ئەو هەراوهۆریایەیە کە گۆڕەپانی زەینت دەکات بە شوێنی هەڵبەزدابەزی کێ بوونت. تۆش ڕەنگە لە پەنا بردن بە بیرەوەرییەکانت هیچ دەرەتانی ترت بۆ پێناسەی خۆت نەبێ. ئاوارە بوون لە کاتێکدا هێشتا هەر لە وڵاتی خۆتدا دەژی. یان کاتێک خۆت خاوەنی خۆت نیت. ئەگەر ئەدەبی تاراوگە بریتی بێ لە ئەزموونی نامۆیی و دووری لە وڵات، کاتێک تۆ لە وڵاتیش بی و هەست بکەی بێگانە بووەتە خاوەن ماڵ و خاوەن ماڵیش بووەتە بێگانە، هەمدیسان ئەوەی دەیئافرێنی لە چوارچێوەی ئەدەبی تاراوگەییدا جێ دەگریت».
پاژێکی تری دانیشتنەکە، بە کۆبەندێک لە بیر و بۆچوونی جیاواز لە لایان بەشداربووانی کۆڕ سەبارەت به کتێبەکە، کۆڕەکە دەوڵەمەندتر و پڕپیتر کرد!
هەر لەم کۆبوونەوەدا لێژنەی دیالۆگ دوو مامۆستا و میوانی خۆشەویست و لێزان بەشداری ئەمجارەمان بوون «مامۆستا و ڕێزدار ڕەحیم سوڵتانی وانەبێژی زمانی کوردی فێرگەی سۆما» ناسراو بە هەژێن کوردوستانی، بە خوێندنەوەی شێعرێک کۆڕی ئێمەیان سەد ئەوەندە دەوڵەمەندتر کرد و هەر وەها دوکتور «خالق جەلیل نیژاد»یش لە سەر ناوەڕۆکی کتێبی هێشووەکانی تووڕەیی لێدوانێکی چڕ و پڕیان پێشکەش بە ئەندامانی لێژنە کرد.
هەر لێرەوە لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی دیالۆگ، سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی مامۆستایان و میوانانی کۆڕ و خاتوونانی ژووری دیالۆگ بۆ بەشداری بە گڕو تینیان دەکەین و هیوادەخوازین ئەم چەشنە کۆڕە فەرهەنگی و ئەدەبیانە ڕۆژبەڕۆژ گەرمگوڕتر و خوێندنەوەکان قۆناخی جیاوازتر ببڕن!
شایانی باسە وتار و لێدوانەکانی ئەم دانیشتنە بەتەواوی لەسەر کاناڵی دیالۆگ بڵاو دەکرێنەوە!
«لێژنەی بەڕێوبەرایەتی ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد»




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد