بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی کتێب لە ناو دڵی دارەکانی شەقامی وەفایی لە لایان هونەرمەندە دەست ڕەنگینەکانی مەهاباد و مەریوان هەنگاوێکی زۆر شیاو و جێگای ڕێزە. خوڵقێنەری هونەرمەندانی کورد ڕووحی وەبەر ویشکەدار ناوە. کاک سەلاح حەسەنی هونەرمەندی مەریوانی و خاتوو ڕوئیا ئاسیابان هونەرمەندی بەزەوقی مەهابادی توانیویانە بە هونەرێکی ناوازە دارێکی ویشکەڵ و بێ قازانج بکەنە بەرهەمێکی هونەری پڕبایخ و هەرمان.
ئەو بەرهەمە فەرهەنگی و هونەرییە بە هاوکاری شۆڕای شار و شارەوانی مەهاباد بەڕێوە چووە کە دەستخۆشی لە گشت ئەندامانی هێژای شۆڕای شاری مەهاباد، کۆمیسیۆنی فەرهەنگی و شارەداری خۆشەویست دەکەم. هەنگاوەکانی بەپێزی شۆڕای شار بە بەرپرسیارەتی دکتور ئاڕەش شەهابی و بەڕێوەبەرایەتی شارەداری مەهاباد موهەندیس بابەک ڕۆستەم پوور لە بواری فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەرییەوە جێگای ڕێز و پێزانینە.
دیارە ڕوانگەی شۆڕای شار بۆ پەرە پێدانی فەرهەنگی کتێب خوێندنەوە هەنگاو بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونترە و مەهاباد کە چەند جار لە دەورانی پێشووی شۆڕا وەک بەربژێری بەهێز بۆ شاری «خلاق کتاب» و وەدەست هێنانی پلەی یەکەم لە ئاستی وڵات نزیک بۆتەوە؛ بەو هەنگاوانە خۆی دەگەیەنێتە ئەو جێگە و پێگەیەی شایەنی ناوی مەهابادە.
لەم پێوەندیەدا چەند ڕێکار و چالاکی شوێندانەر بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب و کتێب خوێندنەوە پێشنیار دەکەم:
- پشتگری لە هونەرمەندانی خوڵقێنەر وەک خاتوو ڕۆئیا ئاسیابان بە درێژەدانی بەرهەمهێنانی ئاسەواری پڕبایخ بە هەر شێواز و کەرەسەیەک و لە هەر شوێن و جێگایەک کە دەگونجێ. متمانە بە خەللاقیەت و خوڵقێنەری هونەرمەندان بەرهەمی نوێی بەدوادا دێ.
- کۆبوونەوەی بەرپرسانی شۆڕای فەرهەنگی گشتی شار و دایرە حکومی هاوپەیوەندەکان لەگەڵ نووسەران، ئەدیبان و توێژەران بۆ ڕێخۆشکەری چاپ و بڵاوکردنی بەرهەمەکانیان، بەکردەوە و نەک بە قسە!
- پاڵپشتی لە چاپەمەنییەکانی چالاکی شار مەهاباد و پشتیوانی ماڵی و مەعنەوی لە کارگێڕانی چاپەمەنییەکان
- بانگەواز بۆ ئەو کەسانەی بەرهەمەکانیان وەک کتێبی ڕۆمان، کۆمەڵە شێعر، وەرگێڕان و .... ئامادەی چاپە و بە هۆی نەبوونی ئێسپانسێر نەیانتوانیوە چاپ و بڵاوی کەنەوە و دابینکردنی پێویستیەکانی چاپی بەرهەمەکان
- پەرەپێدان بە کتێبخانە گشتییەکانی شار و دەوڵەمەندکردنی ئەوان بە کتێبی نوێ
- دامەزراندنی کتێبخانە یا نۆژەنکردنەوەیان لە قوتابخانەکانی شار و لادێ بە هاوکاری پەروەردە وبارهێنان، فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی و سەمەنی وەک ئەنجومەنی حامی بە پاڵپشتی خێرخوازان، دایک و بابان و بەرپرسان
- لایەنگری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی هاوپەیوەند بە خوێندنەوە و کتێب وەک کۆبوونەوە و کۆڕی ئەنجومەنی کاژە، ناوەندی جامی، ژووری دبالۆگی خاتوونەکان و ...
- بانگەوازی خێرخوازان بۆ پشتگری لە گۆڤار و بڵاڤۆکی وەک مەهاباد، بەیان، هۆژین، زانکۆ و....
- دامەزراندنی بەشی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و وەرزنامە لە لایان سەمەن، ئەنجومەنی خوێندکارانی زانکۆکان و...
- هاندانی خاوەن شوێنە گشتییەکان وەک تاناکۆڕا، بازاڕچە، پاساژ، نانەوەخانە، دوکانەکان، تێڕمیناڵ و هەر شوێنێکی قەرەباڵغ کە مەعتەل بوونی پێوەیە بە دامەزراندنی کتێبخانەی بچووک
- بانگەواز بۆ پێشکەشکردنی کتێبە کۆنەکانی ناو کارتۆن و ئەنباری ماڵەکان کە بێ کەلک ماونەتەوە و دابەش کردنیان لە کتێبخانە گشتییەکان
- بانگهێشتی بنەماڵەی نووسەر، شاعیر ، توێژەر و کەسایەتی ناودارەکانی شاری مەهاباد کە ئەگەر بەرهەمی چاپ نەکراویان هەبێ، لە چاپ درێن
- دابین کردنی کتێب و کەل و پەلی پێداویست بۆ ئێن جی ئۆ، ناوەند و بنکەی خێرخوازی کە بە شێوازی سەییار هات و چۆی دێهات و گەڕەکە حاشیەکان بکەن بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب خوێندنەوە
- سازکردنی کتێبی بچووک بۆ ناساندنی مێژو، فەرهەنگ، داب و نەریت، شوێنە گەشتیارییەکان و ناودارانی مەهاباد بۆ میوانان و دابەش کردنی ئەو کتێبە لە شوێنە گەشتیاری، هوتێل، بازار و.... بۆ ناساندنی مەهاباد بە گەشتیاران
- ڕازانەوەی دیواری قوتابخانەکانی ناوشار و گوندەکان بە کتێب. هەڵبەت لەوبارەوە هاڤکاری پەروەردەو بارهێنان، بەرێوەبەری قوتابخانەکان، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد و تەنانەت دایک و بابی قوتابێکان دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێ. چەند تەجروبەو ئەزموونی تاڵم لەو پەیوەندیە دا هەیە کە پێویست بکا ڕۆژی خۆی دەیهێنمە بەر باس.
- نووسرانی دیوارەکان بە شێعری شاعیرانی مەزن کە هاندەرن بۆ خوێندنەوە و نووسین، وەک مامۆستا هەژار دەفەرمێ: "کوردە هەر خوێندنە دەرمانی برین". هەڵبەت بیرەوەرییەکم لەو پەیوەندیەدا هەیە کە بریا نەمبوایە.
- جوانکاری و نوێژەنکردنی شوێنی کڕین و فرۆشتنی کتێبی دەستی دوو بە شێوازێکی کە گونجاوتر بێ. بەختەوەرانی شوێنەوارە مێژووییەکان نوێژەن دەبنەوە و باشە هەم دێکۆڕی دوکانەکانیش هاورەنگیان بکردرێن.
- پشتگری کتێبفرۆشی و تەرخانکرانی شوێنی تایبەت بۆ پێشانگای دایمی کتێب کە گشت کات داشکاندنی هەیە. هەڵبەت ئەو شوێنە بە نۆرە بدرێ بە کتێب فرۆشی یا کەسایەتی چالاکەکانی کتێب فرۆشی. بەداخەوە ئێستاکە بە هۆی کرێی زۆر و داهاتی کەم کتێب فرۆشی تەنیا لە ژێرخانە و باڵاخانەکانی ناوشار بوونیان هەیە و پێویستیان بە پشتگیریە.
- بەڕێوەچوونی هەڵمەتی کتێب خوێندنەوە لە لایان سەمەن و گرووپە ناحکوومییەکان بەڕێوە بچێ تاوەکوو پاشان کتێبەکان لە هۆڵە گەورەکان شرۆڤە و تاو و توێ بکردرێن.
- لە ئیدارەی وەک ماڵیات کە گشت ئەو پیشانەی خزمەتگوزاری خەڵک دەکەن و ماڵیات دەدەن پێشنیاری ئابوونە و کڕینی کتێب یا گۆڤارەکان بدرێ و لە شوێنی خزمەتەکانیان کتێبخانەی بچووک دامەزرێ
- پایانکاری شارەداری بۆ شوێنە ئیداری و تیجارییەکان، بە مەرجی سازکرانی کتێبخانەیەک هەرچەند چکۆڵە. بدرێت.
- شۆڕای فەرهەنگی گشتی بە بانگهێشت کردنی دادستانی شار پێشنیاری درانی سزای ماڵی بە قازانجی کتێب و کتێب خوێندنەوە لە جیات جەریمەی نەغدی لە لایان قازییەکانەوە بدرێ.
- سەمەنی خێرخوازانی کتێب و کتێبخانە چالاکتر بێتە مەیدان و سرنجی خێرخوازان بۆ لای گرینگایەتی پەرەپێدانی کتێب خوێندنەوە ڕاکێشێ.
- بەڕێوەبردنی کارگا، پێشانگا و سمینار و.... سەبارەت بە کتێب و خوێندنەوە. بۆ وێنە بە پاڵپشتی بنکەی وەک «ناوەندی جامی» بۆ بانگهێشت کردنی کەسایەتی کتێب خوێن وەک سروش صحت, اردشیر رستمی شرۆڤە و لێکدانەوەی کتێب لە هۆڵی وەحدەتی شارەداری مەهاباد بەڕێوە بچێ. هەڵبەت بۆخۆشمان کەسایەتی بەهێزی کتێب خوێنمان کەم نیە کە تاقمێکیان تەنانەت پادکەستی زۆر بەهێز سازدەکەن.
- پشتگیری لەشوێنەکانی وەک کافە کتێبی مانگ بدرێ وحەول بدەین تەنانەت لە قاوەخانەکان، کتێب جێگای قەننە بگرێتەوە وبە هاندانی خاوەنی قەلیانسەراکان سازکرانی کتێبخانەیان پێ پێشنیار بدەین.
- بۆ گەشەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی پێویستە خاتوونەکان کتێب بخوێننەوە، بۆیە ئەو شوێنانەی خاتوونەکان دەچنە وێ و پڕداهاتن وەک ئاڕایشگا و جوانکارییەکان، مەتەبی پزیشکەکان بۆ جوانکاری و پێست و... هەر لە کاتی وەرگیرانی «پروانە کسب»ەکانیانەوە بە کتێبخانە تەیار بکردرێن.
- یەکێک لە ئافەتەکانی ناو کۆمەڵگای ئەدەبی و هونەری ئێرەیی بردن و پێشوازی نەکردنی تاقمێک چالاکانی ئەو بووارە لە هەمبەر سەرکەوتن و چالاکییەکانی یەکتریە. بەداخەوە هەر هەنگاوێک دەبێتە ئامانجی ڕەخنە و تەخریب و داڕووخان و بەکەم گیرانی چالاکییەکان. ئەو کەسانەی دەبێ پشتگر و هاندەر بن، لەمپەر و ڕێگرن. خۆزگە پەندی گەورەپیاوانمان ڕەچاوکەین و ئەو دیاردە دزێوە لە ناو کۆمەڵگای فەرهەنگ و ئەدەب لە ناوبەرین.
- نێولێنانی گەڕەکەکانی تازە سازکراو یا خراپ نێولێندراو بە ناوی شاعیران و نووسەران، شەقامەکان بە ناوی کتێبەکانیان و کووچەکان بە ناوی شیعرەکانیان، بۆ وێنە کۆڵانی "مامۆستا هێمن"، شەقامی "تاریک و ڕوون" کووچەی "کیژی مەهابادی". دیارە داتوانرێ شوێنی تایبەت بە نووسرانی کورتەیەک لە ژیاننامەی شاعیر یا کتێب، تەنانەت دەقی شێعر بە هاوکاری گەرەکەکە جوانتریشی دەکات.
تێبینی۱: هەڵبەت ڕەنگە تاقمێک لەو ناوانە شیاوی نێولێنان نەبن و دەبێ ئەوان هەڵاوێردرین
تێبینی۲: ناوی بێ هێما و خونسا وەک "گلها" کە هەم بڵوارێکی موکریان و هەمیش گەڕەکێکی لای قەسابخانەی بە نێوکراوە زۆر شیاو نییە. یا ئەو هەمۆ کووچەی "هاتف" کە لە کوردی خۆش نایەتە سەر زار لە ۱ تا ۲۰ جوان نییە دەتوانێ ببێتە شەقامی سەعدی، کووچەی گوڵستان، بوستان و....
تێبینی ۳: بێجگە لە کتێب، دەتوانین لە کەسایەتی و ئەو کارانەی پەیوەندیان بە خوێندن هەیە، بۆ نێولێنان کەلک وەرگرین و شومارە کووچەکان بەو ناوانە بخەمڵێنین، بۆ وێنە کۆڵانی فەرهەنگیان، شەقامی «سلیمان شاطریان» کووچەی "بیرکاری" یا "جەبر" یا "هەندەسە"