تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۳ اسفند ساعت ۱۷:۳۷ | بازدید: 2408 نظرات: 1 کد مطلب: 3255 |
یوونس رەزایی
ئەو کێشەیە هەم بواری ئەدەبی داهێنەرانە دەگرێتەوە و هەم بواری وەرگێڕان. ئەوەی ئەدەبێ داهێنەرانە واتە دەقەکانی شیعر و رۆمان و کورتەچیرۆک و شانۆ و ... پێوستی بە بیری داهێنەرانە و سەرچاوەی دەوڵەمەندی مەعریفی و ...هەیە دەتوانێ پاساوێک بێ بۆ ئەو دەقە کزانەی لەو بوارە دا بەرهەم دێن، بەڵام بواری وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردیش قسەی لەسەرە و دیسان زۆر کەس تەنیا توانای ئاخاوتن بە زمانێک بۆ بوون بە وەرگێڕی ئەدەبی بە تەواو و کیفایەت دەزانن. ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بۆتە هۆی ئەوەی بە تایبەت لە دونیای ئێستا دا، بە دەیان و سەدان کەس دەست بکەن بە وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەکان بۆ سەر زمانی کوردی. بەڵام کە دەیان خوێنییەوە چێژ و هەستێکی ئەدەبی و هونەری هەست پێ ناکەی. بە داخەوە کاری ئەدەبی کوردی و بواری وەرگێڕان لەوەش خراپتری بەسەرهاتووە و ئیستاکە زۆر کەس تەنانەت ئەو تاقە مەرجەشیان نییە و دیسان دەقە بیانییەکان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی و چەشە و زەوقی خوێنەری کورد وبەردەنگی نوێی پێ تێک دەدەن. زۆرن ئەو کەسانەی بۆ وێنە لە زمانی فارسییەوە خەریکی وەرگێڕانن بەڵام فارسی نازانن. نموونە ئەوەندە زۆرن کە پێویست بە ناو زڕاندن ناکا. هەر بۆیە ئەگەر ناوی هەندێک وەرگێڕ بەردەوام دووپات دەبێتەوە ئەوە دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی توانایی قەڵەم و زمانی ئەوانە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو دەقانەی وەریان گێڕاوە پاش ساڵانێکی زۆریش دیسان هەر لە سەر زار و زمانی خەڵک بن
.نموونەی ناسراوی وەرگێڕانی "چوارینەکانی خەییام"ە بە خامەی مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی "هەژاری موکریانی". ئەو بەرهەمەی "مامۆستا هەژار" تا ئەو رادەیە بە هێز و چێژ بوو کە زۆر دەمەقاڵە و باس و خواسی ساز کرد و تەنانەت زۆر کەس بە بەرهەمی خودی هەژاریان زانیوە و پێیان وایە بە پێی ویستی خۆی کەشی هەندێک لە چوارینەکانی گۆڕیوە و راڤەی کردوون و راڤەی خۆی وەرگێڕاوەتە سەر قالبی چوارینە. تاقمێکیش پێیان شاکار و کاری بێ وێنە بووە و دەستی هەژاریان لە باسکی خەییام بە بێ هێزتر نەزانیوە. ئەو بۆچوونانە و زۆر بۆچوونی دی لە سەر بەرهەمی مامۆستا هەژار نیشاندەری ئەوەیە هەژار بە وەرگێڕانی چەند چوارینە توانی بۆ ماوەی چوار دەیە بەردەنگ و خوێنەری کورد بە خۆی و شیعری خەییامەوە سەرقاڵ کا و قەت واش نەبووە رابردنی زەمان لە چێژی قەڵەمی هەژرای کەم کردبێتەوە. واتە هەژار هونەرمەندانە و مامۆستایانە دەستی کردووە بە وەرگێڕان و نەهاتووە مل لەبەر ملی دەقێکی ئەدەبی بنێ و یەک بین تا تەوای نەکا دەستی لێ نەکێشێتەوە، بەڵکوو بە پشوو درێژی و بە پێی زەوقی خۆی وەریگێڕاون
.لە لایەکی دیکەوە "پیرە هەڵۆ"ی هەژار ئەگەرچی پێکهاتەی چیرۆکەکەی لە ئەدەبی گەلان وەرگیراوە، بەڵام لە داڕشتنەوەی دووبارەی لە زمان و خەیاڵی هەژاردا، هەم تێم و فەزای شیعرەکە ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە و هەم لایەنی ئەدەبییەتی ئەو دەقە بە پێی ئەو پێناسەی فۆڕمالیستەکان بۆ ئەدەبییەتی دەخەنە روو لە ئاستێکی بەرزدایە. هەژار لە وەرگێرانی شیعر دا بە هۆی ئەوەی خۆشی ئەو کاتانەی ویستوویەتی هەستی خۆی لە رێی شیعرەوە بۆ بابەتە گرینگ و هەست بزوێنەکانی وەک جوانی و خۆشەویستی دەرببڕێ دەستێکی باڵا و هەستێکی بە هێزی بووە، سەرکەوتووانە لە هەرێمی شیعر دا دەرکەوتووە. ئەو ئاماژانەی بە بە هێزی پەخشانی هەژرا لە بەرانبەر شیعری دا دەکرێ زیاتر لەسەر ئەو کۆمەڵە دەقە سوورن کە دەربڕی بیر و ئیدئۆلۆژییەکی سیاسی تایبەتن و لەوێ دا مامۆستا هەژرا تەنیا ویستوویەتی وەک راگەیەنەیەک لە قالبی شیعر کەڵک وەربگرێ و بەو چەکەوە بەربەرەکانی نەیارانی نەتەوە و ناهاوبیرانی سیاسی خۆی بکا. بەڵام هەر ئەو تایبەتمەندییە بۆ زۆر دەقی وەک "بەرەو موکریان" کە خۆی هەم لە تەکنیک و هەم لە واتاپەروەی دا بەرهەمێکی سەربەخۆیە، راست دەرناچێ. چون لە بەروە موکریان دا هەم جوانکارییە ئەدەبییەکان و هەم هەست و دەربڕینی سۆزدارانە لەو پەڕی خۆی دایە و کاریگەرییەکی بەقەوەت لەسەر بەردەنگ دادەنێین. هەر ئەو کاریگەرییە لە شیعر گەلی وەک "لەسەر چۆمی راین"یش کە گەڕانەوەیەکە لە غوربەتەوە بۆ نیشتمان و شیعرێکە پر لە "نۆستالێژیای شوێن" بە باشی دەردەکەوێ
.ئەوانە ئەگەر تەنیا لایەنێکی کاری هەژارن، لایەنی دیکەی درەوشاوە لە کار وبەرهەمی هەژرا دا وەرگێڕانەکانین کە بەمەبەست ئاوڕێکیان لێ دەدینەوە
.هەژار لە وەرگێڕانی هەموو ئەو دەقانەی کردوونییە کوردی، مەبەستی تایبەت و بەرنامەیەکی وردی بووە. واتە ئەگەر کەسانی بەتوانا لە وەرگێڕان دا؛ بۆ وێنە کەسیکی وەک "موحەمەد قازی" لە "بیرەوەرییەکانی وەرگیڕێک"دا دەڵێ بە پێشنیاری کەسانی دی و زۆر جار ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و ... دەستی داوەتە وەرگێڕانی دەقەکان، هەژار رێک بە پێچەوانە، رێیەکی دیکەی گرتووەتە بەر. هەڵبەت ئەوە بە واتای ئەوە نییە کاری قازی لە باری ئاستی ئەدەبی و زمانییەوە کەم نرخ بن، بەڵکوو هەموان دەزانین و وەکی لە کتێبی "گەرووی وەرگێڕان"ەوە دەردەکەوێ، قازی لە بواری وەرگێڕان دا بلیمەتێکی کەم وێنە بووە و ئەوی دەستیی داوەتێ رووحی وەبەر هێناوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە هەژرا بۆ مەبەستێکی زۆر مەزنتر لە خستنە گەڕی کاری ناشر و بەردەنگی ئەدەبی و ... دەستی داوەتە کاری وەرگێڕان؛ ئەوە مەبەست و نیازە گەورەیەش ئەوینی شوناس و بە هێز کردنی شوناسی نەتەوەیی، لە رێگای بەهێز کردنی چەند فاکتەری کاریگەری شوناس سازەوەیە. بۆ وێنە وەرگیڕانی هەژار لە بواری مێژوو دا و یەک لەوان "مێژووی ئەردەڵان" و "شەڕەفنامە"ی شەڕەفخانی بەدلیسی و هەموو ئەو کارانەی لە بواری مێژوودان، هەم زمانی کوردی لە ئاستێکەوە بەرەو ئاستێکی دیکە برد و هەم بەشێک لە مێژووی کوردی بە زمانی نەتەوەیی پێ گێڕاوە. نووسینی فەرهەنگی کوردیش واتە "هەنبانە بۆرینە" حەولێک بوو بۆ بووژاندنەوە و کۆکردنەوەی خەرمانی وشەی کوردی. وەکی خۆی لە پێشەکی هەنبانە بۆرینە دا دەڵێ: ئەم کتێبەی ئەو لەو بوارەدا لە کارە سەرەتایییەکانە و بێگۆمان کەموکووڕی دەبێ و پێویستە کەسانی دیش قۆڵی لێ هەڵماڵن و سواڵەی تر وەسەر یەک نین و خەرمانی زمانی کوردی پێ دەوڵمەند تر کەن. هەموو ئەو حەولانە هەستیار بوونی هەژار بە نیسبەت زمان و مێژوو و ئەفسانە و کەلەپووری کوردی دەردەخەن، ئەوانەش هەموویان لە فاکتەرە گرینگە شوناس سازەکانن و هەژار ئاگایانە و زانایانە حەولی بۆ داوە و تێشی دا سەرکەتووە بووە. ئەو بەش بە حاڵی خۆی ریزێکی دیکەی وە سەر شوورەی گێڕانەوەی مێژووی کورد نا. گوڵێکی دیکەی خستە سەر خەرمانی وەرگێڕانی شیعر، زمانی کوردی بردە هەرێمە پیرۆزەکان و دەقی ئاسمانی پێ وەرگێڕا و هەموو راوێژ و چیرۆک و زاراوە ئایینییەکانی پێ ناساند و ئەوەی دەرخست کە دەکرێ بەو زمانەش سنوورەکانی دیکەی گێڕانەوە و نووسین تاقی بکرێتەوە
.بێشک ئەو نووسینە تەنیا بیر هێنانەوەیەکی قەڵەمیکی کەڵەگەت لە مێژووی کورددایە و ئاوڕێکی خێرایە لە بەرهەمهکانی و دوان و شیکاری هەر کام لەو بابەت و بەرهەمانە دەرفەتی هەراوی دەوێ
...بە بەراوەرد لەگەڵ سەردەمی هەژار و دۆخی ئێستا دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا ئێمە لە دۆخی وەرگێڕانی کوردی دا دەیبینین زۆر ئاماژەی مەترسیداری تێدایە. وەرگێڕەکانی کورد کەمتریان بەر لە هەموو شتێک بە سەر زمانی کوردی دا زاڵن و کەلێن و کولێنی زمان دەناسن و دەزانن و شارەزای قووڵایی زمانی کوردین. بەڵکوو بە پێی دەقەکانی خۆیان زانیارییان ئاستێکی رواڵەتی و تەنکی هەیە و ئەو زانیارییە ئەدەبی و زمانییەی ئەوان لە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی لە زمان و ئەدەب تێناپەڕێ. تاقمێکێش جودا لەوە، زمانی دووهەمیش نازانن و تەنیا ئاگادارییەکی ناپوختیان لێی هەیە و بۆ وەرگێڕان پەنا بۆ فەرهەنگە فارسی و کوردییەکان دەبەن. لێرەش دا تووشی کێشە دەبن، چون یەکەم مانایەک کە فەرهەنگ گرتوویەتی دەکەنە واتای وشەیەکی که لە دەقەکەیان دا بۆی دەگەڕێن و زۆر جار ئەو واتایە فڕی بەسەر واتای ئەو دەقەوە نییە کە وەرگێڕدراوە. ئەگەر نموونەیەک بێنمەوە دەتوانم ئاماژە بە واتای "پروانە" بکەم لە شیعرێکی "سوهراب سپێهری" دا کە وەرگێڕێکی بەڕێز لە گۆڤاری "رامان" دا بە "گوێ رەشی" وەرگێڕاوە. ئەو وەرگیڕە بێ ئەوەی شیعری سوهرابی ناسیبێ و زمانی فارسی زانیبێ و ... دەستی داوەتە فەرهەنگی دێهخودا و ژێر نێرتکی "پروانە"ی خوێندوەتەوە
:پروانه . ]پ َرْ ن َ / ن ِ ] (اِ) حیوانی گوشتخوار شبیه به یوز که در شمال آفریقا زید و گویند که پیشاپیش شیر رود و آواز کند تا جانوران آواز او شنیده خود را بر کنار کشند و شیر را با او الفتی عظیم است و پس مانده صید شیر خورد. فرانق . فرانک . فرانه . سیاه گوش . برید. قره قولاخ
دواتر هەر گوێی نەداوەتە ئەو واتایەنەی دیکەی بۆ "پەروانە" هاتوون و فەرهەنگەکه گرتوونی. کەچی هەر راست "سوهراب" مەبەستی ئەوان بووە و پهروانە لەو مانایە دا تەنانەت بۆ خودی فارسەکانیش نامۆیە.لە دۆخێکی ئاوەها دا؛ بیر لەو دەقانە دەکەمەوە سەردەمێک ئێمە مانان گوێمان داونەتێ و خوێندومانەتەوە. لە وەرگێڕانی شیعر و چیرۆک و ...دا. ئەو دەقانە کەم بوون. دەست نەدەکەوتن و ... بەڵام چێژ بەخش بوون و تا ئێستاش نموونەی بەرزی وەرگێڕانن و بونەتە بەشێک لە راوێژی ئەدەبی کوردی. وەکی کوتم وەرگێرانەکانی هەژار و شیحری هێمن و شیرکۆ و زۆر کەسی دیکەش لەو کۆمەڵە دەقەن. یەکی دیکە لەو نموونانە وەرگێڕانی "ناسری حیسامی" لە شیعرەکانی "ئەحمەدشاملوو"یە
.زمانی ناسری حیسامی لەو دەقانە دا دەوڵەمەند و پتەوە. تێگەیشتنی لە شیعری شاملوو تێگەیشتنێکی بە هێزە و لە فۆڕم و تەکنیکیش دا تا دەق رێگای دابێ توانایییەکانی دەقی سەرەکی لە بەرچاو بووە و کارێکی کردووە کەم وێنە. جا رەنگە لەو وەرگێڕانانە دا جار و بار بە زەروورەت رستەیەکیشی بە جێ هێشتبێ یان بە هەر هۆکارێک وەرینەگێڕابێ. ئەو دەقانە بەشێک لە بیرەوری ئەدەبیی نەسلی ئێمەن و بە داخەوە ئێستا لە نێو کەشی ئاڵۆزی وەرگێڕانی کوردی دا ون بوون
.لە کاتێک دا بەروە پیری رۆژی زمانی زکماکی دەچین کە دەرفەتی نووسین و بڵاو کردنەوە بەو زمانانە لە هەموو کاتێک لەبارتر و هەل لە هەمیشە رەخساوترە. هەم کەشێکی لەبار بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی جۆراوجۆر بە زمانی دایکیی هاتۆتە ئارا و هەم سەرچاوەی زانستی بە بەرەکەتی کتێبخانە مەجازییەکان بە لێشاوە. بەڵام بەداخەوە بە هۆی قووڵ نەبوونەی بەشێک لە خوێندەوارنی ئێستا لە خوێندنەوەی دەقەکان و هەروەها وردبین نەبوون لە نووسین و وەرگێڕان دا، زۆر هەڵەی کەڵە دێنە سەر رێگای نووسین بە زمانی کوردی و کۆی ئەو هەڵانەش لە هەر دوو بواری رێزمان و وشەسازی دا، رێژەیەکی بەرزیان هەیە کە شیاوی ئاوڕ لێدانەوە و پلان داڕێژانێکی تایبەتە بۆ کەم کردنەوەی خەسار و راست کردنەوەی ناڕێکییەکانی
|